بەڕیوەچوونی وێبینارێک بەبۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ لە وڵاتی نۆروێژ

بەبۆنەی ٢٢ی پووشپەر، سی و دووهەمین ساڵوەگەڕی شەهیدبوونی دوکتور قاسملووی نەمر و هاوڕێیانی، کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی نۆروێژ بە کەڵکوەرگرتن لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تیمس، وێبینارێکی پێک هێنا.
رۆژی سێشەممە ١٣ی مانگی ٧ی ٢٠٢١ کە هاوکاتە لەگەڵ ٢٢ی پووشپەڕ، وێبینارێک بەبۆنەی ساڵوەگەڕی شەهیدکرانی دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی بەرێوە چوو.
وێبینارەکە بە سرودی نەتەوایەتی “ئەی ڕەقیب” و ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان و بە تایبەت شەهیدانی ڤییەن دەستی پێکرد. پاشان بەرێوەبەری بەرنامە، رێزدار حەسەن غەمبار، ئەندامی کۆمیتەی نۆروێژ، دوای خوێندنەوەی قەتعەیەکی ئەدەبی، داوای لە بەریز هاشم رۆستەمی بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە نۆروێژ کرد تا پەیامی کۆمیتەی نۆروێژ بەو بۆنەوە پێشکەش بکات.
بەرپرسی کۆمیتە لە پەیامەکەیدا وێڕای سپاسی ئەندامانی حیزب بۆ بەشدارییان لەم وێبینارەدا، باسی لەوە کرد کە کارنامەی زیاتر لە چل ساڵەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی پرە لە تیرۆر و جینایەت، لەم سۆنگەیەشەوە ئێستا ئەو ڕێژیمە هەم لە نێوخۆی ئێراندا و هەم لە کۆمەڵگای نێونەتەوییدا بە تەواوی بێزراوە و وەک ڕێژیمێکی تێرۆریست دەناسرێت.
ناوبراو لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وێڕای بەرز نرخاندنی کەسایەتیی دوکتور قاسملووی سەرکردە و رێبەر، باسی لەو هەوڵانە کرد کە بۆ وەسەریەک خستنەوەی حیزبی دێموکرات لە ئارادان و هیوای خواست کە ٢٢ی پووشپەڕی ساڵی داهاتوو لە حیزبی دێموکراتی یەکگرتوودا، هەموو دێموکراتەکان بە یەکەوە هەم ڕێز لە خەباتی پر لە شانازی ڕێبەرانیان بگرن و هەم ئاسەوارێک لە دەسەڵاتی ڕەشی کۆماری ئیسلامی نەمابێت.
لە بڕگەیەکی دیکەی وێبینارەکەدا، بەرێز مێدیا سولەیمانی پەیامی هاوبەشی یەکیەتیەکانی لاوان و ژنانی دێموکراتی لە وڵاتی نۆروێژ پێشکەش کرد. لەو پەیامەدا باسی ڕۆڵی کاریگەری شەهیدی رێبەر دوکتوور قاسملوو کرابوو کە بە نیسبەت ژنان و لاوانەوە هەیبووە. یەکیەتی لاوان و یەکیەتی ژنان لەو پەیامەدا بەڵێنیان دووبارە کردەوە کە شیلگیرانە وێرای تێکۆشەرانی دێموکرات، بۆ ئامانجە نەتەوایەتیەکانی شەهیدی رێبەر، دوکتور قاسملووی نەمر تێبکۆشن.
بڕگەی سەرەکی وێبینارەکە تەرخان کرابوو بۆ باسێک لەسەر کەسایەتی دوکتور قاسملووی نەمر و رۆڵی ئەو لە حیزبی دێموکرات و بزووتنەوەی کوردا، کە لەلایەن بەرێز خالید حەسەنپوور ئەندامی رێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە پێشكەش کرا. رێزدار حەسەن پور کە کۆڕگێری سەرەکی ئەم وێبینارە بوو، لە باسێکی پڕ نێوەرۆکدا ئاماژەی بە کۆمەڵێک خاڵی جێگەی سەرنج لە ژیانی سیاسیی دوکتور قاسموو کرد و بە هێنانەوەی فاکت و بەڵگە باسی لە مۆدێرن‌بوون و دووربینیی ئەو رێبەرە بلیمەتە کرد. هەروەها ئاماژەی بە رۆڵ و نەخشی شەهیدی رێبەر کرد لە زیندووکردنەوە و وەگەڕخستنەوەی تەشکیلاتی حیزب کە سەردەمایەک تووشی جۆرێک پەرتەوازەیی ببوو.
چەمکەکانی دێموکراسی، مافی دیاریکردنی چارەنووس، دیفاع لە مافی ژنان، گرینگیدان بە لاوان، لێک‌گرێدانی خەباتی نەتەوایەتی و دابینکردنی عەداڵەتی کۆمەڵایەتی و … لەو خاڵانە بوون کە رێزدار حەسەن پوور وەک میراتی بە نرخی شەهیدی سەرکردە، ئاماژەی پێکردن.
لە کۆتاییدا وێرای مەحکوومکردنی کردەوە تیرۆریستیەکانی کۆماری ئیسلامی و رێزگرتن لە هەموو ئەو خزمەتانەی کە شەهید دوکتور قاسملووی نەمر پێشکەشی حیزب و خەڵکی کوردستانی کردووە، یادی خەبات و تێکۆشانی شەهید عەبدوڵا قادری ئازەری ئەندامی رێبەریی حیزبی بەرز نرخاند کە مخابن ئەویش لە جینایەتی ڤییەندا بە دەستی دیپڵۆمات تیرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی شەهید بوو.
شایانی باسە کە نێوئاخنی ئەو بەرنامەیە کۆمەڵێک سروود و شێعر و پەخشان بوون.
لە کۆتایی بەرنامەکەشدا، بەڕێز هاشـم رۆستەمی پەخشانە شێعرێکی بە نێوی “قاسملوو لە ڕێبازدا زیندووە” خوێندەوە.

حیزبی دێموکراتی کوردستان  کۆمیتەی نۆروێژ

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*