بەڕێوەچوونی خۆپێشاندانێکی هاوبەش لەلایەن کۆمیتەکانی هەر دوو لایەنی حیزبی دێموکرات لە ڤییەن

لە ٣٢هەمین ساڵوەگەڕی شەهیدانی ڤییەن بۆ ڕێزگرتن لە ڕێبەری مەزن دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی شەهیدی و هەروەها هەرچی زیاتر نیشاندانی ڕووی دزێوی کۆماری تروریستی ئیسلامیی ئێران بەرنامەیەکی هاوبەشی کۆمیتەکانی حدکا و حدک لە وڵاتی ئۆتریش لەژێر ناوی “کۆمیتەی حیزبی دیمۆکرات”دا بەڕێوەچوو.
لە شاری ڤییەن پێتەختی وڵاتی ئوتریش و لە بەر دەرگای ئەو باڵەخانەیەی کە ٣٢ ساڵ لەمەوبەر دیپلۆمات تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕێبەری مەزنی گەلی کورد دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانیان شەهید کرد، خۆپێشاندانێکی هاوبەشی کۆمیتەکانی دوو لایەنی حیزبی دێموکرات بەڕێوەچوو.
بەرنامەکە بە سروودی نەتەوایەتی “ئەی ڕەقیب” و ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان و بەتایبەتی شەهیدانی ڤییەن دەستی پێکرد. پاشان لەلایەن دوکتور “جەزا ساڵحی “وەک نوێنەری هەر دوو کۆمیتەی حیزبی دێموکرات بە زمانی ئاڵمانی پەیامێک پێشکەش کرا. دواتر بەڕێز “حەمەکەریم” نوێنەری یەکیەتیی نیشتمانی کوردستان و هەروەها بەڕێز “دانا” نوێنەری مەڵبەندی کوردی لە شاری ڤییەن پەیامەکانی خۆیان پێشکەشی هاوڕێیانی بەشداربوو کرد.
شایانی باسە لەلایەن ئەندامان و دڵسۆزانی حیزب و گەل، چەپکەگوڵی ڕێز و ئەمەگناسی لە شەهیدانی ڤییەن لەسەر مۆنۆمێنتی شەهیدان دانرا.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*