جیاوازییەکانی سیستمی دێموکراتیک و مۆبۆکراتیک

شۆڕش شاباز

 

ڕۆژی ٢٥ی مانگی مەی ساڵی ڕابردوو (٢٠٢٠) لە ئەمریکا کەسێک بە ناوی جۆرج فلۆید بە دەستی پۆلیسێکی ئەم وڵاتەوە کوژرا. دیمەنی گرتن و ئەشکەنجە و گیاندانی فلۆید کە لەلایەن ڕێبوارانەوە وێنەی گیرابوو، نەک بیروڕای گشتیی ئەمریکا بەڵکوو دنیاشی هەژاند. ڕۆژی دوای ڕووداوەکە ئەو ئەفسەرەی پۆلیس کە ببووە هۆی کوژرانی فلۆید دەسبەسەر و بەڕێی دادگای تاوان کرا و ئێستا دوای ١٣ مانگ لەو ڕووداوە، دادگای تاوانەکانی ئەمریکا ناوبراوی بە ٢٢ ساڵ و ٦ مانگ زیندان سزا داوە.

مردنی فلۆید لەوکاتدا بوو بە بیانووی هێرش بۆ سەر ئەمریکا لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، کار گەیشتە ئەو جێیەی کە خامنەیی بۆخۆی هاتە قسە و گوتی: “جینایەت دەکەن، خەڵکی خۆیان دەکوژن، داوای لێبوردنیش ناکەن و زمانیشیان درێژە.”

ئەو قسە ورووژێنەرانەی خامنەیی بەڵام لە نەشارەزایی و کورت‌بینییەوە سەرچاوەی دەگرت، چونکی یەک ڕۆژیشی بڕ نەکرد و وەڵامەکەی لە دەزگای داد و قانوونی سزادانی ئەمریکا وەرگرتەوە. ڕاستە لەو ڕووداوەدا پۆلیسێکی ئەم وڵاتە بووە هۆی گیان‌لەدەستدانی مرۆڤێک و ئەمە تا هەتایە لە ویژدانی بەخەبەر و زیندووی ئەم وڵاتەدا دەمێنێتەوە، بەڵام دەسەڵاتی قانوون و بەڕێوەبەرانی حکوومەتی ئەمریکا لە بەدواداچوون بەو بابەتەدا نیشانیان دا قانوون و دادپەروەری لە سەرووی هەموو شتێکە و واباشە خامنەیی دەستی چەوری خۆی بە خەڵکانی دی نەسڕێ! دیارە خامنەیی بە بیانووی مردنی فلۆید بە دەستی ئەفسەرێکی پۆلیس دەیویست ئەو پەیامەش بە هێزە چەکدارەکانی خۆی بدا کە مادام لە ئەمریکای دێموکراتدا کوشتن هەیە، ئێوەش دەتوانن لە هەر کوشتن و جینایەتێک دەست نەپارێزن و ئەمە بۆ ئێوەش ڕێگەپێدراوە.

١٣ مانگ دواتر قانوون لە ئەمریکا بڕیاری یەکلاکەرەوەی دا و پۆلیسی تاوانبار سزای قورسی سەرپێچییەکەی وەرگرت. ئەمە وەڵامیک بوو بە کەمپەینی “ناتوانم هەناسە بدەم”ی سۆسیال مێدیاکان کە ناوەکەی لە دواقسەکانی فلۆید وەرگیرابوو، هەروەها وەڵامێک بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران و دەزگای دادەکەی کە تاوانی دەیان هەزار جینایەتیان بە تەوێڵەوەیە و پەروەندەی ئەم تاوان و جینایەتانە هەروا کراوەن. ئەم بڕیارەی دەزگای دادی ئەمریکا ئەو وەڵامەی لە دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی دەوێ کە پەروەندەی کۆمەڵکوژییەکانی دەیەی ٦٠ گەیشتە کوێ؟ لە گرتنگەکانی “کەهریزەک” چ باس؟ ئاخری نەتانگوت لە خۆپیشاندانەکانی بەفرانباری ٩٦ و خەزەڵوەری ٩٨دا چەندەتان کوشت و چەندە ئێستاش لە گرتنگە و لەژێر ئەشکەنجەدان؟ پەروەندەی فڕۆکە ئۆکڕاینییەکە کە بەئانقەست بەرتان دایەوە بوو بە چی؟ ڕۆژ نییە هێزەکانیان لە کوردستان و بەلووچستان خەڵکی مەدەنی و کاسبکار نەکوژن، کوا کێتان سزا داوە؟ مەگەر ئەوە نییە بکوژانێکی وەک ڕەئیسی، قالیباف و ئێژەیی مزی جینایەتەکانیان دەدرێتێ و پلە و بەرپرسایەتیی حکوومەتییان بەرز دەکرێتەوە و، خەڵکی بێتاوان کە بۆ ناڕەزایەتی‌دەربڕین بە گرانبوونی “بێنزین” دەڕژێنە سەر شەقام بە “داردەستی بێگانە” ناو دەبرێن و دەدرێنە بەر گوللە؟

حکوومەتی ئەمریکا بەرپرسایەتیی سەرپێچیی ئەفسەرێکی خۆی گرتە ئەستۆ و دەزگای دادی وڵاتەکەش سزای شیاوی ئەم تاوانەی بەسەر تاوانباردا سەپاند، بەڵام کوا لە مێژووی ٤٢ ساڵە دەسەڵاتدارەتیی ئێوەدا بەرپرسایەتیی کام تاوان و جینایەت و کۆمەڵکوژییەکتان گرتۆتە ئەستۆ، سەیر ئەوە کە لە پرسی ڕوونبوونەوەی چارەنووسی هەموو ئەو کەتن و جینایەتانەدا، لەبری لێپرسینەوە و دادپەروەری کار دەگاتە جێیەک کە یەک لە بەربژێرەکانی سەرۆک‌کۆماری (عەبدولناسر هیممەتی) بڵێ “ئەگەر ببمە سەرکۆمار پێتان دەڵێم کە لە خەزەڵوەری ٩٨دا چەندەمان لێ کوشتن!” ئەوە کۆی هەموو ئەو وەڵام و بەرپرسایەتییە کە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی لە خۆیاندا شک دەبەن.

ڕەهەندێکی دیکەی پەروەندەی جۆرج فلۆیدی بەڕەگەز ئەفریقی قەرەبووکردنەوەی بنەماڵەکەی بە ٢٧ میلیۆن دۆلارە و سەرۆک‌کۆماری ئەمریکا لە دانیشتن لەگەڵ بنەماڵەکەی دڵنوایی کردوون و هیوای خواستووە ڕووداوی دیکەی ئاوا لەو وڵاتە دووپات نەبێتەوە. بەڵام دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە تاوان و جینایەتەکانی خۆی چیی کردووە. وەڵامەکەی ڕوونە: کۆماری ئیسلامی کوڕ و کچی خەڵک دەکوژێ و تەرمەکانیشیان شوێن‌بزر دەکا. بە عاڵەم ئاشکرا مووشەک لە فڕۆکەی مەدەنی دەگرێ و زۆر بەئاسان حاشاش دەکا، لە زینداندا پێش ئێعدامی بەندیی سیاسی دەستدرێژی دەکەنە سەری و ڕۆژی دوایی کەلوپەلەکەی بە قوتووە شیرینییەک دەدەنەوە بنەماڵەکەی! و ئەم چیرۆکە درێژە…

لەوێ کۆمیتەی “پۆلیتزر” خەڵاتی تایبەتیی ڕۆژنامەنووسی دەداتە ئەو مێرمنداڵە تەمەن ١٨ ساڵەیەی ڕووداوەکەی کوژرانی جۆرج فلۆیدی تۆمار کرد و نەیهێشت مافێک بفەوتێ، بەڵام لە ئێران ئەوانەی گەندەڵی و تاوانەکانی کاربەدەستان ئاشکرا دەکەن، دەگیرێن و دەخرێنە بەندیخانەوە کە “یاشار سوڵتانی” یەک لەوانە…

دێموکراسیی ئەوان و مۆبوکراسیی ئێران لەکوێ؟ نیزامی مۆبۆکراسیی کۆماری ئیسلامی قەت ناتوانێ لەو قاوغ و هۆوییەتەی بێتە دەرێ و ئەم ڕێژیمە سیاسییە بوونەکەی نە شایانی خەڵکی ئێرانە و نە مانەوەی لە بەرژەوەندیی کۆمەڵگەی جیهانی.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*