مستەفا مەولوودی: خەڵکی کوردستان بە هەموو بیر و باوەڕی ئایینی، سێکۆلار و نەتەوەیی لەسەر یەک ئامانج کۆکن، ئەویش خەبات بۆ ئازادی و ڕزگاریی نەتەوەیی

کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پرسی گرینگی دانانی سەرکۆمارێکی زۆر نیزیک لە خامنەیی بۆتەوە و بە دیاریکردنی ئێژەیی وەک سەرۆکی داد، تیمێکی تەواو ئەمنیەتی و سەرکوتگەریان لە لوتکەی دەسەڵاتدا دروست کردووە. هاوکات دانیشتنەکانی ژیاندنەوەی بەرجام هێشتا بە ئاکام نەگەیشتوون و لەنێوخۆی وڵاتیشدا قەیرانە ئەمنیەتی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانیش هەر لەجێی خۆیانن. “کوردستان” بۆ هەڵسەنگاندنی دوا بارودۆخی سیاسیی ئێران و کوردستان وتووێژێکی لەگەڵ بەڕێز مستەفا مەولوودی، جێگری سکرتێری گشتیی حیزب پێک هێناوە.

 

ئێران بەرەو کوێ دەڕوا؟ دەبینین ڕەییسی بە هەموو قیمەتێک دەکرێتە ڕەئیسی دەوڵەت و جینایەتکارێکی دیكەی وەک ئێژەیی بە سەرۆکی داد دادەنرێ. سەرۆکی مەجلیسیش کە فەرماندەیەکی سپای پاسدارانە. بەرنامەکانی کۆماری ئیسلامی چین؟

هەر جۆری بیرکردنەوە و ڕوانگە و سیاسەتی ئەو کەسانە و هاوبیرەکانیانە کە وڵاتی دەوڵەمەندی ئێران و خەڵکی ئەم وڵاتەی بەو ڕۆژ و چارەنووسە گەیاندووە و ئاکامی ئەو سیاسەتەش بووەتە هۆی گەلێک نەهامەتی بۆ خەڵکی ئێران لە هەموو بوارێکدا. هەر ئەوەشە کە دابڕانێکی قووڵی لە نێوان خەڵکی ئێران و  دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا دروست کردووە کە من پێم‌وایە بە هیچ شێوەیەک ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئەو کەلێنەی بۆ پڕ نابێتەوە و لە دەرفەتی گونجاودا خەڵکی ئێران چارەنووسی خۆیان لەگەڵ ئەو نیزامە یەکلا دەکەنەوە. ئەوەش کە بازنەی دەسەڵات لە کۆماری ئیسلامیدا ئاوا خۆی بچووک و یەکدەستتر دەکا، هەر لەوەڕا سەرچاوە دەگرێ.

ئەو یەکدەست‌كردن و تەنگەبەربوونەوەی ئاڵقەی متمانەی خامنەیی بە دەورووبەری  هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئێستا ڕێژیم پتر لە هەموو دەور و قۆناغەکان تووشی کێشە و قەیرانی جۆراوجۆری سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و … بووە. مادام توانای چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانیشیان نییە، زۆرتر و یەکدەست‌تر و بێ‌باکتر لە ڕابردوو بۆ دڕیژەدان بە دەسەڵاتیان بە هیدایەتی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی و بە گوێ لە مستی زیاتریان بۆ خامنەیی بیر لە کۆنترۆڵ و سەرکوت‌کردنی زیاتری خەڵک دەکەنەوە. لە ئێستادا سێ کوچکەی خامنەیی، ڕەئیسی و ئێژەیی پتر لە هەموو کاتێک تەعبیر لە دەسەڵاتێکی سەرکوتگەر و خوێنڕێژ دەکەن و ئاکامی ئەوەش دەبێتە هۆی بێزراویی زیاتری کۆمەڵانی خەڵکی ئێران لە کۆماری ئیسلامی و هیچ دوور نییە هەر ئەوەش ببێتە هۆی جموجۆڵی زیاتری خەڵکی ناڕازی و ڕاپەڕینی گشتی و سەرانسەری لە ئێراندا.

 

ئێژەیی سەبارەت بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ هەم لەلایەن یەکیەتیی ئورووپا و هەم ئەمریکاوە خراوەتە لیستی گەمارۆکانی دژی ئێرانەوە. بەڵام خامنەیی دەیکا بە سەرۆکی دەزگای داد و دەڵێ هیوادارە ناوبراو “بە دانانی هێزی جیهادگەر” لە کاروبارەکاندا  گۆڕانکاری دروست بکا. چ خوێندنەوەیەک لەو حوکمەی خامنەیی دەکا؟

لەپێشدا هەم یەکیەتیی ئورووپا و هەم ئەمریکا زۆر درەنگ ئەو بڕیارەیان دا و، دەتوانین بڵێین ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش لەو پێوەندییەدا سەبارەت بە خەڵکی ئێران جەفایان کردووە، چونکی هەر لە سەرەتای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی لە ئێراندا زۆر زوو بە کردەوە ماهییەتی ئەو نیزامە نیشانی دا کە ئەو ڕێژیمە پێبەندی هیچ بنەمایەکی ئینسانی، ئەخلاقی، دینی، حقوقی نێونەتەوەیی، ماف و حقووقی بەشەر نییە. بۆ سەپاندنی خۆیان بەسەر خەڵکی ئێراندا دەستیان بۆ هەموو جینایەتێک برد بە جۆرێک کە بەڕاستی جینایەتەکانیان لە ئەژمار نایەن؛ لە گرتن، کوشتن، ئێعدام، سووتاندن و وێران کردنی شار و گوندەکانەوە بگرە هەتا دەگاتە، خەوشدارکردنی غروور و کەرامەتی ئینسانەکان و بەو جۆرە لە ئێران جەهەننەمێکیان بۆ خەڵک دروست کردووە. سەیر ئەوە بوو کە ئەو جینایەتانە بە بەرچاوی دەوڵەتان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕوویان دەدا، بێجگە لەوەی ئەو ئیقدامە زۆر درەنگ و سنووردار کراوە، بەڵام پێویست و بەجێ و دروست دەبوو ئەگەر کۆی گشتیی کۆماری ئیسلامی خرابایە نێو لیستی گەمارۆکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەو ئێقدامەش بە جیددی جێبەجێ کرابا. ئەوکات ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەوەندە دەست‌ئاوەڵا نەدەبوون و  نەیاندەتوانی دەرحەق بە خەڵکی ئێران ئەو هەمووە تاوانە بکەن و بۆ دنیای دەرەوەش بەو شێوەیە ببنە سەرئێشە.

من پێم‌وایە خامنەیی بە دانانی موحسین ئێژەیی کارێکی سەیروسەمەرەی نەکردووە، لەبەر ئەوەی هەموو پیاوەکانی کۆماری ئیسلامی و کاراکتێرەکانی ئەم ڕێژیمە بە شێوەیەک لە شێوەکان دەستیان لە سەرکوت‌کردنی خەڵکی ئێراندا هەیە و دەستیان بە خوێنی خەڵک سوورە. دانانی ئێژەییش درێژەی هەمان سیاسەت و کردەوەی جینایەتکارانەیە و ئەوە ماهییەت و سروشتی کۆماری ئیسلامییە کە دەبێ بە دەستی کەسانی خوێنڕێژ و جینایەتکار و دژی خەڵکی هەڵسووڕێندرێ. بۆیە من پێم‌وایە ئێژەیی وەک بڕواپێکراوی خامنەیی ئەرکی ئەوەیە  کە لە دەزگای داد بە بێدادی دەنگە ئازادیخوازەکان سەرکوت بکا و ئەوەی ئێژەیی لە سەری دەڕوا، هەر هەمان شتە کە بە دڕێژایی تەمەنی کۆماری ئیسلامی لە دەزگا ئەمنییەتی و بە ڕواڵەت دەزگای قەزاییدا دەرحەق بە خەڵکی ئێران بینیومانە. واتە بەردەوامیی گرتن، ئێعدام، سەرکوت و کوشتوبڕ.

 

لە تەنیشت ئەو ڕووداوە نێوخۆییانە، ئەمریکا هەر جارێ هیندێک لە سزاکانی سەر ئێران سووک دەکا و بەوە دەست‌ئاوەڵایی کۆماری ئیسلامی پتر دەکا. ئەمە چ کاریگەرییەک لە سەر دۆخی خەبات و تێکۆشانی خەڵک دادەنێ؟

من پێم‌وانیە ئەو کۆمەڵە سزایانەی کە لە قۆناغی جۆراوجۆر و بە بیانووی جۆراوجۆر لە لایەن ئەمریکاوە خراونەتە سەر حکوومەتی ئێران وا بە ئاسانی لابچن و کۆتاییان پێ بهێندرێ، لەبەر ئەوەی کە ئەوانە بە مەبەستی تایبەت و بە ڕێوشوێنی تایبەتیی یاسایی و حکوومەتی لە ئەمریکا قەرار و بڕیاریان لەسەر دراوە. پێویستە ئەو مەبەستانەی کە ئەو سزایانەیان بۆ لەبەرچاو گیراوە زۆر و کەم بێنە دی کە ئەوەش زۆر هاسان نییە. جیا لەوەش ڕێوشوێنەکانیش ئاڵۆزن و حکومەتی ئەمریکا و خەڵکی ئەمریکا لەو پێوەندییەدا یەکدەست و یەک‌هەڵوێست نین. بەڵام خۆ ئەگەر بەشێک لەو سزایانەش لابردرێن ئەمە کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر سیاسەتەکانی حکوومەتی ئێران و بارودۆخی خەڵکی ئێران نابێ:

یەکەم، لە کاتی سەرۆک‌کۆماریی ئۆبامادا ئەمریکا سەبارەت بە ئێران ئەو کارەی کرد، بەشێک لە سزاکانی سەر ئێرانیان سووک کرد و ڕادەیەکی زۆریش دۆڵار و پارە بلۆکە کراوەکان بە کاش کەوتنەوە دەست ئێران.

دووهەم، لەبەر ئەوەی ئەو پووڵ و پارەیە لە ئاوەدانی و خۆشگوزەرانیی خەڵکی ئێران خەرج نەکران. هیچ گۆڕانێکی لە ژیانی خەڵکدا دروست نەکرد و سەرباری ئەوە گرانی و بێکاری و ئاوسانی دراوی و ئابووری لە ئێراندا هەردەم لە بەرزبوونەوەدا بووە.

سێهەم، ڕێژیم ئەو دەرفەتەی قۆستەوە و ئەو پارە زۆرەی  کە لە ڕێگەی سووک‌کردنی سزاکانەوە دەستی کەوتبوو، لە دروست‌کردنی مووشەک و چەک‌و چۆڵی نیزامیدا خەرجی کرد و بە دەستوەردان لە کاروباری وڵاتانی دەوروبەر سەنگ و قورسایی ئێرانی لە دنیای دەرەوەدا پتر هێنایە خوار و بوو بەهۆی ئاڵۆزیی زۆرتری ناوچەکە. بۆیە من پێم‌وایە بەو ئەزموونەی کە لەسەر سووک‌کردنی سزاکان لەسەر حکوومەتی ئێران هەمانە و ڕەفتارێک کە ڕێژیمی ئێران لە خۆی نیشانی داوە، لابردنی گەمارۆکان کار ناکەنە سەر گۆڕینی سیاسەت و ڕەفتاری کۆماری ئیسلامی بە لایەنی ئاوردانەوە لە کێشە و قەیرانە نێوخۆییەکانی وڵات و کەمکردنەوەی گرژی لەگەڵ دنیای دەرەوە.

 

ڕوحانی لە دوا دەرکەوتنەکانیدا وەک سەرۆکی دەوڵەت دەڵێ هۆکاری هەموو قەیرانەکانی ئەم ساڵانە کۆرۆنا و تەحریمەکانی ئەمریکا بووە. لە مونازیرەکانیشدا کێشەکان یان حەواڵە بە گەواڵە دەکران یان دەخرانە ئەستۆی ڕوحانی و دەوڵەتەکەی. ئەدی نیزامی مودیرییەتی ئەم وڵاتە کێیە و کێ دەبێ بەرپرسایەتییەکان بگرێتە ئەستۆ؟

سرووشتیە کە کۆرۆنا و گەمارۆکانی ئەمریکا شوێنەواری نەگەتیڤ لەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵک و موودیرییەتی دەوڵەت و حکوومەت لە هەر وڵاتێک بۆ نموونە ئێران دابنێن، بەڵام خۆ کێشەکانی ئێران ئی ئەو چەند ساڵەی سەرۆکایەتیی تڕامپ و بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی کۆرۆنا نین. کۆرۆنا دنیای بە خۆیەوە خەریک کرد و بینیمان زۆر وڵات و دەوڵەت بە ئیمکاناتی زۆر کەمتر لە ئێران مودیرییەتی قەیرانەکەیان کردووە. بەڵام ئەمە لە کەس شاراوە نییە کە مودیرییەتی لاواز و ناعەقلانیی کۆماری ئیسلامی زۆر دەمێکە داوێنگیری خەڵکی ئێران بووە و پێوەندیی بە کۆرۆنا و گەمارۆکانیشەوە نییە، بەڵکوو لە توانای ئەو حکومەتەدا نییە کە ئیدارەی دروستی ئەو وڵاتە بکات. بۆیە لە هەموو بەشەکاندا ئەو حەواڵە بە گەواڵە کردنە و دەست بە دەست کردنە لەو نیزامەدا تازە نییە. نەک لە دەوڵەت، لە بەشەکانی دیکەی وڵاتیشدا ئەمە دەگوترێ. ئەگەر شاهرودی دەسەڵاتی دادوەریی لە یەزدی وەرگرت، گوتی: “وێرانەیەکم وەرگرتووە”. ئەوانەی دوای ئەویش هەر یەکەی بە جۆرێک دووپاتی ئەو قسانەیان کردۆتەوە و دواجار کە ئەو ڕەئیسی‌یە بوو بە سەرۆکی دەزگای داد، هیچی بە لاریجانییەوە نەهێشت. بۆیە لە گشتییەتی خۆیدا نیزامی کۆماری ئیسلامی نیزامێکی ناکارامە و ناسەرکەوتووە. ئوسوولەن ئەو جۆرە حکومەت‌کردنە سەردەمی بەسەر چووە کە کەسێک وەک ڕێبەر بەو خوێندنەوە و باوەڕێک کە هەیەتی فەرمان بدا و وڵاتێکی گەورەی وەک ئێران بە حەشیمەتێکی زیاتر لە هەشتا میلیۆنیەوە ئیدارە بکات. بۆیە ئاو لە سەرچاوەوە ڵێڵە و گۆڕین و حەواڵە بە گەواڵە کردن هیچ لە مەسەلەکە ناگۆڕێ.

 

خەڵک بەشداریی باشی لە هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەدا کرد. مەبەستم لە بەشداری، خۆدیتنەوە و نەخشی خەڵک لەو پێشبڕکێیەی نێوان خەڵک و دەسەڵات بوو. کاتێک بە قسەی کاربەدەستانی دەوڵەت سەتا ٤٠ی خەڵک دەچنە سەر سندووقەکان و یەک لە چواری دەنگەکانی سندووقیش باتڵە بوون، ئەمە یانی خەڵک ڕۆڵی خۆیان لەو هەڵبژاردنانەدا بینیوە. خوێندنەوەی ئێوە بۆ ئەم ڕوانگە و کردەوەیەی خەڵک چییە؟

لە وڵاتانی دێموکرات و پێشکەوتوودا زۆر جاران زۆری و کەمیی بەشداری خەڵک لە هەڵبژاردندا کەمتر پرسیار هەڵدەگرێ، لەبەر ئەوەی وڵات بۆتە وڵاتی قانوون و یاسا سەروەرە و خەڵک هیچ دڵەڕاوکێ و نیگەرانییان نییە. بەڵام لە وڵاتێکی بەڵالێدراوی وەک ئێراندا هەموو شتێک مانای تایبەت پەیدا دەکا. بۆیە ئەو بەناو هەڵبژردنە بۆ کۆماری ئیسلامی و خەڵکی ئێران و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی زۆر پەیامی تێدابوو و پێویستی بە خوێندنەوەی هەمەلایەنە هەیە. لەپێشدا خەباتی مەدەنی لە وڵاتی ئێراندا پێشینەیەکی مێژوویی هەیە، کە نموونەی بەرچاوی خەبات و تێکۆشانی خەڵكی ئەو وڵاتە لە دژی ڕێژیمی پاشایەتی لە پێش شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاویدا دیار و بەرچاوە.

بە بڕوای من خەڵکی ئێران بە گشتی پەیامێکی ڕوونی دا بە حکوومەتی کۆماری ئیسلامی کە خەڵکی ئێران ئەو حکومەتەیان ناوێ. ئەو نیگەرانییە هەر لە پێش ڕۆژی شانۆی هەڵبژاردن بە ڕێبەری کۆماری ئیسلامییەوە دیار بوو. بە پێشێلکردنی ئەو ڕێوشوێنەی کە خۆشیان دایانناوە کە ژن بەبێ پیاوی مەحرەم نابێ لە ماڵێ دەرکەوێ، بەڵام خامنەیی فتوای دا کە ژنان بەبێ ئیزنی پیاوەکانیش دەتوانن بچنە سەر سندووقی دەنگدان و دەنگ بدەن. تەنانەت گوتی کە یەک دەنگیش گرینگە. جیا لەوەش دەنگی سپیشی بە حەرام زانی. بەڵام بەو حاڵەش دیتمان بە پێی ڕێژەیەک کە خۆیان بڵاویان کردۆتەوە و ڕوونیش نییە چەند دروستە، خەڵکێکی کەم لە هەڵبژاردندا بەشداریی کردووە و  زۆر کەسیش دەنگی سپیی داوە. ئەو کەسەی کە هەموو ساز و کاڕێکی بۆ بوون بە سەرۆک‌کۆماری ئێران بۆ ڕیک‌خرابوو، تەنیا بە زیاتر لە دوو میلیۆن دەنگ لە ٤ ساڵ پێش کە دۆڕاندبووی بوو بە سەرۆک‌کۆمار. بۆیە پێم‌وایە خەڵکی ئێران ئەو جارە پەیامێکی زۆر ڕوونیان بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دا. ئەو یەک دەست‌کردنەی حکوومەتیش هەر بۆ دابڕانی خەڵک لە حکومەت دەگەڕێتەوە، بەڵام ئەوە ناتوانێ خەڵکی ئێران بێدەنگ بکا و لە فریای ڕێژیمی بێزراوی کۆماری ئیسلامی ناکەوێ.

 

 ڕێژیمی پێشوو بە مانگرتنە سەرانسەرییەکان ڕووخا. لە ئێرانیش مانگرتنەکان لە فۆڕمی جۆراوجۆردا سەریان هەڵداوە. چۆن دەکرێ و دەبێ مانگرتنەکان و ناڕەزایەتییەکان بەربڵاوتر بن و ئۆپۆزیسیۆن لەو پێوەندییەدا چ ئەرکێک بۆخۆی دادەنێ؟

خەباتی مەدەنی لە ئێراندا لانیکەم مێژوویەکی سەد ساڵەی هەیە و هەروەک لە پرسیارەکەدا هاتووە ڕێژیمی پێشوو بە مانگرتن و خەباتی مەدەنی ڕووخا. خەڵکی ئێرانیش لەو بارەوە ئەزموونێکی زۆر و باشیان وەسەریەک ناوە. هەر بۆیە دەبینی ڕێژیم هەرچەندە هەوڵ دەدا بەربەست بۆ ئەو جۆرە خەباتە دروست بکا، بەڵام خەڵكی وڵات کۆڵ نادەن و بە شێوەی گونجاو و جۆراوجۆر، ڕۆژانە لە نێو توێژی جۆراوجۆری کۆمەڵ و لە نێوشار و شەقامەکاندا شاهیدی ئەو جۆرە لە خەباتین و ئەوەش ڕێژیمی تەواو نیگەران کردوە. بۆیە لەو چەندین ساڵەدا دەبینین بە شێوەی جۆراوجۆر لە بەرامبەر ئەو جۆرە خەباتە ڕاوەستاوە کە بە خۆشییەوە زەفەری پێ نەبردووە و نەیتوانیوە کپ و بێدەنگی بکات و ئەو شێوە خەباتەش بۆتە بەشێک لە فەرهەنگ و کەلتووری خەڵکی ئێران کە نموونەی لەو بەناو هەڵبژاردنەی ئەو جارەدا بۆ سەرکۆماری و شۆڕای شار و گوندەکان زۆر بە ڕوونی و زەقی خۆی نیشان دا.

لەبەر ئەوە پێویستە پێشکسوەتان و پێشەنگانی خەبات و ئۆپۆزیسیۆنی بەرپرس لە ئێراندا گرینگیی ئەو خەباتە باشتر دەرک بکەن و بە شێوەیەکی دڵخۆشکەر هیدایەتی بزووتنەوەی دێموکراسیخوازی و ماف‌ویستی گەلانی ئێران بکەن کە سەرکەوتنی خەڵكی ماف‌ویستی ئێران و گۆڕانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لێ بکەوێتەوە.

 

لەو ماوەیەدا کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی لە حوسێنی عەلا ڕا بگرە هەتا دەگاتە ئەحمەدی‌نژاد، لە موحسین ڕەزایی ڕا بگرە هەتا دەگاتە عەلی یونسی هەموو باس لە نفووزی بەربڵاوی ئیسڕائیل تەنانەت هەتا بن گوێی خامنەیی دەکەن. ئایا ئەوە بە مانای بردنە ژێر پرسیاری “ئەمنییەت” لە کۆماری ئیسلامییە یان دەکرێ سیناریۆیەک بێ بۆ هەندێ پاکانە حیساب؟

وەک خۆم پێم‌وایە دەکرێ هەر دووکیان بێ. یەکەم ئەوە ڕاستییەکی حاشا هەڵنەگرە کە دەزگای زانیاریی وڵاتان بە تایبەت ئیسرائیل زۆر باش نفووزی لە زۆربەی دامودەزگای ئەمنییەتی و نیزامی ئەو وڵاتەدا کردووە. کاتێک بەڵگەنامەی زۆر نهێنی ئەو دەوڵەتە بە ڕێژەیەکی زۆر بەرچاو بە تۆن لەو وڵاتە دەچێتە دەرەوە، کاتێک کە زانا ئەتۆمییەکانی ئێران دەکوژرێن و دوژمن هیچ شوێن پێیەکی بەجێ نامێنێ و وەک بەرزەکی بانان بۆی دەرباز دەبێ، کاتێک هەر ناوەندێکی وزەی نهێنی لە وڵات بە هەموو قایمکارییەکەوە دادەمەزڕینرێ، بەڵام هەر لە سەرەتاوە بەرپرسانی ئیسرائیل شوێن و جێگای ئاشکرا دەکەن ڕوونە کە دەزگا گرینگەکانی ئەو وڵاتە نفووزی تێیدا کراوە و ناکرێ بشاردرێتەوە، بۆیە نەیارەکانیش لە دژی یەکتر کەڵکی لێ وەردەگرن.

دووهەم ئەوە دەتوانێ وەسیلەی باش بێ بۆ پاکانە حیسابی نەیارەکان لە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ یەکتر بەو بیانووە و سێناریۆیانەوە و ئەو کەسانەی بە خودییان نازانن لە مەیدان وەدەریان بنێن  و  بێ‌سەروشوێنان بکەن.

 

هەشت ساڵ دەوڵەتی “بەمشوور”ی ڕوحانی ڕۆژەکانی ئاخیری تێدەپەڕێنێ. ڕوحانی لەو ٨ ساڵەدا چەندە مشورخۆری کوردستان بوو؟

ڕاستی نەک ئەو هەشت ساڵەی دەوڵەتی بەمشووری! ڕوحانی هیچ مشوورێکی لە کوردستان نەخواردووە، بەڵکوو لە هەموو ئەو ٤٢ ساڵەدا کۆماری ئیسلامی هیچ مشوورێکی لە کوردستان نەخواردووە.  کوردستان لە پێشدا تەواو میلیتاریزە کراوە و تا ئێستاش هەر ئەمنییەتییە. لەو ماوەدا لە کوردستان شاهیدی زۆر ڕووداوی ناخۆش و تراژێدی بووین. لەو ماوە زۆرەدا خەڵکی کوردستان بەدەست هەڵاواردن، ئەمنییەتی کردنی شار و گوندەکان، بێکاری، گرانی و کۆڵبەری و سنووردار کردنی ژیانیان لە هەموو ئاستێکی ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە دەناڵێنێ. بۆیە هەر لە سەرەتاوە ئەو حکوومەتە بۆ خەڵکی کوردستان بێگانە بووە و بە چاوی نەیار چاوی لە خەڵکی کوردستان کردوە. بۆ بێدەنگ کردنی خەڵک لە هیج هەوڵێک کۆتایی نەکردووە و لە بەرامبەردا خەڵکی کوردستان بە هەموو شێوەیەکی گونجاو بە دژی نابەرابەری و نەهامەتی کە حکوومەتی کۆماری ئیسلامی بۆی بە دیاری هێناون ڕاوەستاون و خەباتیان کردووە و نایان بەو ڕێژیمە گوتووە. ڕاستی هیچ چاوەڕوان نین کە ڕێژیمی ئێران مشووریان بخوا. بەڵکوو خەبات دەکەن بۆ پاراستنی غرووری نەتەوەیی و کەرامەتی ئینسانی و پاراستنی نیشتمان. هەر ئەوە شاهیدێکی ڕوونە کە چالاکانی مەدەنی کە بە دار و خاک و خۆڵ خەریکی کووژاندنەوەی ئاور لە دارستانەکانی کوردستانن، دەڵێن هیچ چاوەڕوانیمان لە ڕێژیم نییە. دەبێ خەڵکی کوردستان بۆخۆیان هیممەت بکەن و وڵات بپارێزن و ئاور بکووژێننەوە کە ئەوە زۆر مانادارە و ئەو پەیامەی تێدایە کە خەڵکی کوردستان چاوەڕوان نین ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی مشووریان بخوا.

 

لە هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەدا تەیفێکی بەربڵاو لە چالاکانی سیاسی، مەزهەبی و نوخبەکانی کۆمەڵگە بەشداری ئەم هەڵمەتە بوون کە ئاکامە چاوەڕوانکراوەکەی هەڵبژاردنەکانی لێ کەوتەوە. ناوەندی هاوکاری، یان بزووتنەوەی سیاسیی کورد چۆن دەروانێتە ئەم زەرفییەتە؟

کۆمەڵگەی کوردستان کۆمەڵگەیەکی باوەڕمەندە و خاوەنی فەرهەنگ و کولتووری جوان و بەخشەندەیە. ئەگەر لە ڕوانگەی ئایینیشەوە سەیری ئەو کۆمەڵگەیە بکەین، کەم نەبوون ئەو کەسانەی کە لە ڕوانگەی پیرۆزی ئایینییەوە شەڕی ماف و ژیان و کەرامەتی خەڵکی کوردستانیان کردووە و بۆی تێکۆشان و لە پێناویدا گیانیان فیدا کردووە. لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی و ماف‌ویستیی خەڵکی کوردستاندا باوەڕمەندان بە ئایین بەشداریی چالاکانەیان هەبوو، جێ پەنجەیان دیار و بەرچاوە و بوونی کەسایەتییە ئایینییەکان لە حیزبی دێموکراتی کوردستاندا نموونەی بەرچاوی ئەو ڕاستییەیە. ئێستا کە توێژ و چینی جۆراوجۆری کۆمەڵگە بە ڕەنگ و ئایدۆلۆژی جۆراوجۆر لە کوردستان دیار و پڕ ڕنگترە بەڵام شتێک کە جێگەی دڵخۆشییە ئەوەیە کە خەڵکی کوردستان بە هەموو بیر و باوەڕی ئایینی، سێکۆلار و نەتەوەیی لەسەر یەک ئامانج کۆکن، واتە خەبات و تێکۆشان بۆ وەدەست خستنی مافی خەڵکی کوردستان و بۆ  دابین کردنی دێموکراسی و بە ئاشتیانە ژیان لە کوردستانی ڕزگارکراودا.

سروشتییە ناوەندی هاوکاری و بزووتنەوەی سیاسی کوردستان بە تایبەت حیزبی دێموکرات دەبێ ئەو ڕاستییە بزانێ و زەمینەی کۆکردنەوەی هەموو زەرفییەتەکان بۆ بەهێز کردنی بزووتنەوەی مافخوازی خەڵکی کوردستان دروست بکا و لە بیری هەماهەنگی و هاوکاری بە یەکەوە خەبات کردن دابێ بۆ دابین کردنی دێموکراسی لە وڵات و وەدەست خستنی مافی ڕەوای سیاسی و کۆمەڵایەتی خەڵکی کوردستان.

 

لە ئاستی گشتیی وڵاتیشدا ئۆپۆزیسیۆن چۆن دەبێ مامەڵە لەگەڵ ئەو زەرفییەتە بەربڵاوە لە وزە و خەباتگێڕییەی خەڵک بکا. پێتان وایە ئەو بایکۆت و ئەو “نا” گەورەیەی خەڵک چۆن دەبێ لە مەیدانە جۆراوجۆرەکانی خەبات دژی کۆماری ئیسلامیدا بەکار بهێندرێ؟

ئۆپۆزیسیۆنی ئێران ئەزموونێکی باشی لە خەباتی جەماوەری و مەدەنی خەڵکی ئێران هەیە کە ئەگەر بە دروستی هیدایەت بکرێ دەتوانێ ئاکامی باشی هەبێ. نموونەی هەرە بەرچاوی خەباتی خەڵکی ئێران لە دژی ڕێژیمی پاشایەتی و سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی‌دایە.

بە هاتنە سەرکاری ڕێژیمی تازە، کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی دەزانن دەبێ چ بەسەر خەڵکی ئەو وڵاتە بێنن، لەبەر ئەوەی ئەزموونی خەبات و مودیرییەتی شۆڕشی ١٣٥٧ یشیان هەبوو، دیتبوویان مودیرییەتی خەباتی جەماوەری چ کاریگەرییەکی لەسەر بزووتنەوەی خەڵک دادەنێ هەر بۆیە لە ڕۆژی یەکەمەوە کە کەوتنە ویزەی خەڵک و بە هەموو شێوەیەک نەیار و ئۆپۆزیسیۆنێ ئەو نیزامەیان سەرکوت کرد و ئەوەندەی بۆیان کرا پڕش و بڵاویان کردن.

تا ئێستا زۆر جاریش لێکۆلەرەوان و ئەوانەی بەدواداچوونیان بۆ ئێران و هەلومەرجی ئێران و خەڵکی ئێران و نیزامی کۆماری ئیسلامی کردوە، بەو ئەنجامە دەگەن کە درێژە و مانەوەی  کۆماری ئیسلامی لە ئاکامی نەبوونی نۆپۆزیسیۆنێکی یەکگرتوو و کاریگەر لە دژی ئەو ڕێژیمە دایە. بۆیە پێویستە ئۆپۆزیسیۆنی ئێران ئەو کەمایەسییە گەورەیە هەست پێ بکات کە من پێم‌وایە هەستی پێ کردووە و لەبیری چاک کردنی دابێ. سروشتییە مادام چارەنووسی سیاسیی خەڵکی کوردستان لە ئێران لەگەڵ خەڵکی هەموو ئێرانە، کەوایە پێویستە هێزە سیاسییەکانی کوردستان کە ڕێکخراوترن لەبیر پێوەندی و بەهێز کردنی ئۆپۆزیسیۆنی دێموکرات لە ئێراندا دابن کە باوەڕی بە ئێرانی فیدراڵ و دێموکراتیک و مافی گەلان لە ئێران و بە تایبەت خەڵکی کوردستان هەبێ.

 

زۆر سپاس کە کاتتان بۆ ئەم دیمانەیە دانا

سپاس بۆ ئێوەش، ماندوو نەبن

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*