ڕوانینی سەلەفییەکان بۆ پرسی نەتەوایەتی

لوقمان مۆئمینی

لە پێوەندی لەگەڵ پرسە نەتەوایەتییەکان‌دا، سەلەفییەکان بە گشتی لە هەوڵی لاوازکردنی هەستی نیشتمانی لەنێو کۆمەڵگەدان و دژایەتی دەگەڵ هەڵوەشانەوەی هەر حکوومەتێکی ئیسلامی دەکەن جا لە هەر نەتەوەیەک بێت. ئەوان لە پارچەپارچەبوونی وڵاتانی ئیسلامی ناڕازین و دەیانهەوێ ئوممەتی ئیسلامی واتە هەموو موسڵمانانی جیهان بەبێ لەبەرچاوگرتنی جیاوازییە ڕەگەزی، نەتەوەیی، زمانی و کولتوورییەکان لەژێر ئاڵای یەک دەسەڵاتی ئیسلامیدا کۆببنەوە. لە راستیدا ئەمە شتێک نییە جگە لە پان ئیسلامیزم کە دەگەڵ مۆدێڵ و شێوازەکانی حوکمڕانیی ئەمڕۆدا ناگونجێ و ناتەبایی هەیە. بەنیسبەت سەلەفییەکانی کوردستانیش بەهەمان شێوەیە، گەلی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان زیاتر لە سەدەیەک بە سەرۆکایەتیی ڕێبەرانی ئایینی وەک مەلا و شێخە گەورە و بەنفوزەکانی کوردستان بۆ ڕزگاریی گەلی کورد و دروست‌کردنی کیانێکی سیاسی بۆ کورد لە کاتە جیاجیاکانی مێژوودا تێکۆشاون.

ڕێبەرانی ئایینی وەک، شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری، شێخ سەعیدی پیران، شێخ عەبدولسەلام بارزانی، شێخ مەحموودی حەفید، پێشەوا قازی محەممەد و مەلا مستەفا بارزانی و زۆری تر جیا لەوەی کە ڕێبەری ئایینی بوون، سەرۆکی نیشتمانی و نەتەوەیی گەلی کورد بوون کە بۆ دەسەڵاتێکی سیاسیی سەربەخۆی کورد سەرۆکایەتیی نەتەوەکەیان دەکرد. کەچی لەلای سەلەفییەکانی کوردستان نموونەی فکر نین و بە ئۆلگوو داناندرێن، لەحاڵێکدا، ڕێبەرە میللی مەزهەبییەکانی کورد هەریەکە و لە سەردەمی خۆیدا توانیوەتی ڕوحی دادپەروەریی ئیسلامی لە ژیانی نەتەوەکەیاندا پەیڕەو بکەن، خودی گەلی کوردیش لە ڕاستیدا لە بڕواهەبوون بە ئایینەکەیدا لە نەتەوە هەرە بە ئیمان و خواناسەکانی دونیای ئیسلام بووە. سەلەفییەکان لە قالبی حیزبی ئیسلامیدا هیچ ڕابردوویەکی شۆرشگێڕی و خەباتگێڕی نەتەوەییان نەبووە و خاوەن فکرەکانیان لە ئاست هەموو نەهامەتییەکانی کە بەسەر گەلی کورددا هاتووە بێدەنگ بوون، ئەوان زیاتر پەنایان بردۆتە بەر بیروباوەڕی شۆڤینیستیی عەرەب و بڕوای زانایانی ئایینی شۆڕشگێری کوردیان قبوڵ نەبووە.

 

ئاوڕدانەوەیەکی کورت لە سەلەفییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

دوای هاتنەسەرکاری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران دوو ڕەوتی ئیسلامی دروست بوون کە ئەمە لە مێژووی جووڵانەوەی ڕزگاریخوازیی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی نیشتمان یەکەم جموجۆڵەکانی ڕەوتە ئیسلامییەکان بوون. واتە پێش ئەم دوو ڕەوتە هیچ ڕێکخراوێکی ئیسلامی سیاسی نەبووە و تەنانەت هیچ کوردێکی ڕۆژهەڵاتیش نەبووە لەسەر ئیسلامی سیاسی و چالاکیی ئایینی گیرابێ و لە دژی حکوومەت تێکۆشانی هەبووبێ.

“ئەحمەد موفتیزادە” ساڵی ١٣٥٧ی لە مەریوان لەژێر ناوی قوتابخانەی ئایینی دەستی بەکار کرد کە دواتر وەک ڕەوتێکی رێکخراو بە ناوی “مەکتەبی قورئان” و بەم ناوە چالاکیی دەکرد و ئێستاش لە نێوخۆ بوونیان هەیە و وەک دوو باڵی زۆرینە و کەمینە جموجۆڵیان. لەساڵی ١٣٥٩ی هەتاویش، ڕێکخراوێک بە سەرۆکایەتیی “ماموستا شێخ جەلالەدینی حوسێنی” بە ناوی “سازمانی خەباتی نەتەوایەتی و ئیسلامیی کوردستانی ئێران” دەستی بە چالاکی کرد کە دواتر پاشگری ئیسلامییان لەسەر ڕێکخراوەکەیان هەڵگرت.

بە شێوەیەکی گشتی دەتوانین گرووپە ئیسلامییە چالاکەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لە ئێستادا لە نێوخۆ جموجۆڵیان هەیە، لە سەر ئەساسی تێڕوانین یان بەستراوەیی سیاسییان بەسەر سێ دەستە یان جەریاندا دابەش بکەین.

١- ئەو گرووپانەی کە هەمیشە بانگەوازی توندوتیژی دەکەن و هەوڵ دەدەن لە ڕێگا و مکانیزمی ڕادیکاڵەوە ڕوانگە و بیری خۆیان بسەپێنن کە بە سەلەفییە جهادییەکان دەناسرێن. وەک گرووپی جەماعەتی “مەلا محەممەد عەلەوی” ناسراو بە “یەکشەوە” و “سەعید عالی” بە نازناوی “مەلا تریشقە”.

٢- ئەوگرووپانەی کە بە ڕواڵەت باوەڕیان بە توندوتیژی نییە و میانەڕەوانە خۆ دەردەخەن و لە ڕێگای جۆراوجۆر وەک کۆڕ و کۆبونەوە و تەبلیغ کردن مەرامە سیاسیەکانی خۆیان دەبەنە پێش، وەک گرووپی “دەعوەت و ئیسلاح” بە سەرۆکایەتیی “عەبدوڵرەحمان پیرانی”.

٣- رەوتی زۆرایەتیی مەکتەبی قورئان ڕەوتێکی دیکەی ئیسلامی سیاسیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. ئەم ڕەوتە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕووی مێژووییەوە لەوانی دیکە کۆنترە و وا نیشان دەدەن کە لە هەموو چالاکییەکی سیاسی خۆ بەدور دەگرن و وا خۆ دەردەخەن باوەڕیان بە ڕوحانییەت و مەعنەوییەتی دین هەیە و پێیان وایە دین بۆ تەزکییەی ڕوحی و ڕەوانیی کۆمەلگەیە. مامۆستا مەلا سەعدی قوڕەیشی سەرکردایەتیی ئەم ڕەوتە دەکا.

٤- ڕەوتی کەمینەی مەکتەبی قورئان بە سەرۆکایەتیی مەلا حەسەن ئەمینی کە ئەم ڕەوتە لەڕووی سیاسی و مێدیاییەوە پتر مانۆڕ دەدەن. هەردوو باڵەکەی مەکتەبی قوڕئان زیاتر لە ناوچە سوننی‌نشینەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چالاکن.

ئەم چوار ڕەوتە فکرییە ئیسلامییەی ئێستا لە ڕۆژهەلاتی کوردستان مەجال و دەرفەتیی ئازادیی تێکۆشانیان هەیە و بە شێوەیەکی گشتی لە دوو سەرچاوەڕا بژیوی فکری و تەشکیلاتی وەردەگرن: ئیخوانولموسلیمین و ئەلقاعیدە. هەر چەندە مەکتەبی قورئان خاڵی هاوبەشی لەگەڵ هەردوو ئەو لایەنانە هەیە، بەڵام زۆر کەس پێی‌وایە تەشکیلاتێکی سەربەخۆیە. ڕەوتی یەکەمیش کە ئاماژەمان پێ کرد نوێنەرایەتیی بنیادگەرای ئیسلامی دەکا و ڕەوتی دووهەم وەک بۆخۆیان بانگەشەی بۆ دەکەن نوێنەرایەتیی بیروباوەڕی نوێگەرایی ئیسلامی دەکەن.

ئەو گرووپانە بەپێی تاکتیک و بیرکردنەوەیان لەگەڵ یەک کۆک نین و دژایەتیی یەکتریش دەکەن، بەڵام لە ستراتیژیدا هەموویان بە دوای دروست‌کردنی ئوممەتی واحدی ئیسلامی، یان بەجۆرێکی‌تر دامەزراندنی ئیمپراتۆریی ئیسلامین.

هێزە ئیسلامییەکان لە واقعی ئێستای کوردستاندا بەهۆی ئەو بەربەستانەی لەبەردەم حیزبە نەتەوەیی، سێکۆلار و نیشتمانییەکان دروست کراوە و دەرفەتی ئازادیی تێکۆشانیان لێ گرتوون، هەروەها بە هۆی خوێندنەوەی ژوورە فیکرییەکانی کۆماری ئیسلامی کە بەهێزیبوونی ڕەوتە ئیسلامییە کۆنتڕۆڵکراوەکان پێش بە گەشەی بیری نەتەوەیی دەگرێ کە ئەوان بە مەترسیی سەرەکی بۆ سەر خۆیانی دەزانن؛ توانیویانە جموجۆڵەکانی خۆیان بەرنە پێشێ و وەک ئەکتەرێکی نوێی سیاسی دەربکەون.

بە وردبوونەوە لە کار و تێکۆشانی دەیان ساڵەی ئەم گرووپانە دەردەکەوێ کە ئیسلامی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە گشتی دژی خەباتی نەتەوایەتییە و ئەوەش مەترسییەکە بۆ سەر بزووتنەوەی کورد. هەروەها ئیسلامی سیاسی دژی مۆدێرنیتە و چەمکەکانی دێموکراسی و سێکۆلاریزم و ناسیونالیزمە کە بەشیكن لە ئامانجەکانی کورد. ئەوان دژی حکوومەتی میللی و نەتەوەیین، دژی نیزامی سیاسیی دێموکرات و سێکۆلارن، دژی قانوونی مەدەنی، ئازادی، سیستمی حیزبی و دێموکراسی و خەڵک‌سالارین؛ چونکی بناژۆخوازیی ئیسلامی پێی‌وایە ئیسلام و خەڵک‌سالاری و نیزامی خەڵکی ناتەبا و دژی یەکترین. ڕەوتەکانی ئیسلامی سیاسی خۆیان لە بەرامبەر دوو بنەمای بەهێزی سێکۆلاریزم و مۆدێرنێتەدا دەبینن و بۆ ئەوەش لەسەر دوو توێژی “لاو” و “کەم ئاگای” کۆمەلگە کار دەکەن. ڕەوتە ئیسلامییەکان هەڵگری بەیداخی “قەرائەتی سیاسی” لە ئیسلامن لە بەرامبەر “قەرائەتی سوننەتی”دا. ئەوان دەڵێن قەرائەتی سوننەتی لە دین پاسیف بووە و نەیتوانیوە چارەسەری کێشە و شکست و کەمایسییەکانی دنیای ئیسلام بکا، بۆیە پێویستە قەرائەتی سیاسیی ڕادیکال لە ئیسلام و گیانبازیی خەڵکی موسوڵمان قەرەبووی هەموو ئەوانە بکاتەوە.

 

هۆکارەکانی گەشەکردنی ئیسلامی سیاسی و سەلەفیزم لە کوردستان

لە ساڵانی ڕابردوودا ئیسلامی سیاسی وەک باس کرا گەشەی بەرچاوی لە کۆمەڵگەی کوردستان‌دا بەخۆیەوە بینیوە کە ئەمە دەتوانێ چەند هۆکاری هەبێ، وەک: سوننی بوونی زۆرینەی خەڵکی کوردستان کە دەتوانێ هاندەری نفووزی سەلەفییەکان بێت. ساڵانێکی دوور و درێژ تەبلیغ و چالاکیی ئازادیی ئیسلامی سیاسی و سەلەفییەکان لە کۆمەڵگەبە بێ رێگریی حکومەت و تەزادی نێوان شیعە و سوننی لە ناوچە تێکەڵەکانی وەک پارێزگای کرماشانیش دەتوانێ هۆکارێکی دیکە بێت. لەگەڵ ئەوانەدا سەرکوتی سونییەکان لەلایەن دەسەڵاتی ناوەند و دووربوونی هێزە میلی‌گەرا و ناسیونالیستەکان لە تەنیشت هەژاری و بێکاری و سیاسەتی بێ شوناس‌کردنی لاوان کەشێکی خوڵقاندووە  کە بەشێک لە کۆمەڵگە ئەم شوناسە لە ئیسلامی سیاسی و سەلەفیزمدا بدۆزنەوە.

 

ئەنجام

وەک گوترا ئەم ڕەوتە سیاسییە ئیسلامییانە بۆ تێکشان و هەڵسووڕانیان لە کوردستان ئازادن، کەمترین کۆسپ و تەگەرەیان بۆ دروست ناکرێ، مەگەر ئەوەی لایەنی سەلەفی جیهادییەکان بیانەوێ لە دەسەڵاتی تاران وەرگەڕێنەوە. بۆیەش کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی ناوەندە ئەمنیەتییەکانیەوە توانیویەتی چاودێری بەسەر هەموو چالاکییەکانیاندا بکا و مودیرییەتیان بکا.

کۆماری ئیسلامی لە نێوان خۆی و ئەم ڕەوتانەدا بەرژەوەندییەکی تاکتیکی و هاوبەش دەبینێ کە ئەویش بوونی هێزەکانی ڕۆژئاوا لە نیزیک سنوورەکانی و هەروەها بوونی حیزبە کوردییە نەتەوەییەکانە. هەتا ئەوکاتیش ڕەوتە ئیسلامییە سیاسییەکان دژایەتیی ڕۆژئاوا و حیزبە کوردییەکان بکەن، پشتیوانی و سپۆنسەریی کۆماری ئیسلامییان هەیە. بەڵام ئەو پشتیوانییە وەک گوترا تاکتیکییە، چونکی شیعیزمی جیهانی کە کۆماری ئیسلامی سەرۆکایەتیی دەکا، لە ستراتیژیی خۆیدا ناتەبایی زۆری لەگەڵ ئیسلامی سیاسیی سوننی هەیە و خۆی بە هاوخەباتیان نازانێ.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*