ڕەوتی جیابیرکوژی لە نیزامی کۆماری ئیسلامی

دیاکۆ دانا

 

کۆماری ئیسلامیی ئێران کە بەرهەمی شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ بوو، لەگەڵ ئەوەی هەر لە سەرەتاوە هەموو خەسڵەت و تایبەتمەندییەکانی ڕێژیمی پێشووی لە سەرکوتی ماف و ئازادییەکان بە میرات وەرگرتبوو، بۆخۆیشی داهێنەرانە کەوتە قایمکردنی بناغەی دەسەڵاتەکەی و بۆ ئەوەش هەموو مێتۆدێکی ڕێژیمێکی دیکتاتۆر و توتالیتێری گرتەبەر. یەک لەو مێتۆدانە کپ‌کردنی هەر دەنگێکی ناڕەزایەتی و نەهێشتنی هیچ ڕایەکی جیاواز بە هەموو نرخ و تێچوویەک بوو، کە ئەو ڕەوتەی سەرکوتی جیابیران و کپ‌کردنی دەنگی گۆڕانخوازان لە فۆڕمی جۆراوجۆردا ئێستاش درێژەی هەیە.

سروشتییە کە خەڵکی جیابیر لە هەر کۆمەڵگەیەکی مرۆییدا هەبێ و لە سیستمە دێموکراتیکەکاندا ئەو دەنگانە هەم گوێیان لێ دەگیرێ و هەم دەتوانن بە دروست‌کردنی گوشار و کاریگەری لەسەر شەقام و بیروڕای گشتی، لەسەر بڕیارەکانی ناوەندی دەسەڵاتیشدا شوێنکاریان هەبێ. بەڵام لە نیزامە دیکتاتۆرییەکاندا -کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ نموونە- کە هەبوونی جیابیری و دەنگە جیاوازەکان کە خوڵقێنەری دۆخ و هەلومەرجەکانن، بە مەترسی بۆ سەر ئیدۆلۆژی و بەرژەوەندییەکانی دەسەڵاتی سیاسی دادەنرێن و لەو سۆنگەیەوە بە توندترین شێوە سەرکوت دەکرێن.

لەبارەی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی بەنیسبەت جیابیرییەوە سێ شت گرینگە باس بکڕین: یەکەم ئەوەی کە ڕەوتی سەرکوتی جیابیران لە نیزامی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا زۆر توندوتیژ بووە، کەم نین ئەو جیابیرانەی گیانیان لەپێناو دەربڕینی باوەڕەکانیان داناوە، یان سزای زیندانی درێژخایەنیان بەسەردا سەپاوە، یان بەهۆی گوشاری لەڕادەبەدەری ناوەندە ئەمنیەتییەکان بەناچار و بۆ پاراستنی گیانیان زێد و وڵاتیان بەرەو هەندەران جێ هێشتووە. دووهەم ئەوەی کە ڕەوتی نوخبەکوژی و سەرکوتی بیری جیاواز لە کۆماری ئیسلامیدا تایبەت بە بڕگەیەکی مێژوویی تەمەنی ئەم ڕێژیمە نەبووە. ڕێژیمی خومەینی هەر لە یەکەم ڕۆژەکانی پاڵدانەوە بە دەسەڵاتەوە پشتی لە هەموو وادە و بەڵێنەکانی پێش سەرکەوتنی شۆڕشی پشتگوێ خست و بە پشتیوانی هەست و کەفوکوڵەکانی دوای شۆڕش کەوتە قەڵتوبڕی هێزە سیاسییە دژبەرەکان -لە چەپ و ڕاست و هێزە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان وتەنانەت ئیسلامییە میانەڕەوەکان- و پاکتاوکردنی دەنگ و بۆچوونە جیاوازەکانی کۆمەڵگە.  سێهەم ئەوەی ڕێژیم بۆ ئەو قەڵتوبڕ و پاکتاوەش هەموو چەکێکی -بەتایبەت تێرۆر- دەکار کردووە و هیچ سنوورێکیشی نەناسیوە و لە نێوخۆ بە دەست‌ئاوەڵایی زیاترەوە و لە دەرەوەی وڵات بە پێشێلکردنی هەموو پڕەنسیپێکی دیپلۆماتیک و نێونەتەوەیی جیابیران و دژبەرانی سیاسیی خۆی لەسەر ڕێ لابردووە.

سیاسەتی زەبروزەنگ و تۆقاندنی ڕێژیم لە هەموو بەستێنە سیاسی، کولتووری و مەدەنییەکان  قوربانیی لە جیابیران وەرگرتووە کە کوشتنەکانی دەیەکانی ٦٠، ٧٠، ئەو قەڵتوبڕانەی بە “قەتڵە زنجیرەییەکان” ناوی دەرکرد و تێرۆرەکانی پاریس و ڤییەن و بیرلین چەند لوتکەیەکی ئەو ڕەوتی جیابیرکوژییەن کە کۆماری ئیسلامی وەک سیاسەتێکی نەگۆڕ دەیباتە پێشێ. لەو نێوەدا بڕیاری دادگای مێکونووس ئەگەرچی پاشەکشەیەکی کاتیی بە تێرۆر و نوخبەکوژییەکانی کۆماری ئیسلامی لە دەرەوەی وڵات کرا و پلانەکانی ئەم ڕێژیمەی بە شێوەی کاتی وەستاندووە، بەڵام لە نێوخۆی وڵات و بە تایبەت لە دژی ئۆپۆزیسیۆنی کورد ئەم سیاسەتە هەروا درێژەی بووە.

پرسیار ئەوەیە کە ئاخۆ هیچ ڕێژیمێکی دیکتاتۆر هەبووە بتوانێ لەو ڕێگەیەوە دەسەڵاتەکەی هەمیشەیی بکا؟ لەو نێوەشدا ئایا کۆماری ئیسلامی توانیویەتی بەو سیاسەت و ڕەفتارە بێدەنگی و خەفەقان بەسەر کۆمەڵگەی ئێراندا زاڵ بکا و خۆی لە شوێنکاری بیری ڕەخنەگرانەی نوخبەکانی کۆمەڵ بدزێتەوە و بە ئارخەیانی دانیشێ و حوکمی خۆی بکا؟ ڕەوتی بەردەوامی ناڕەزایەتییەکان لە ئێران و پڕکاریی ناوەندە ئەمنیەتییەکان لە گرتن و سزادانی جیابیران و چالاکانی شوێندانەر لەسەر کۆمەڵ پێمان دەڵێن کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لەو سیاسەتەیدا سەرکەوتوو نەبووە. ئەویش هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە یەکەم کۆمەڵگەی ئێران –کوردستان بەتایبەت” کۆمەڵگەیەکی زیندوویە و پاشخانێکی دەوڵەمەندی لە خەبات و مافخوازی هەیە و لە بەرامبەر ستەم و بێعەداڵەتیدا بەچۆکدا نایە، “قانع” گوتەنی:

“گرتن و کوشتن و لێدان عامیلی ئازادییە

قوڕ بەسەر ئەو دوژمنەی هیوای بە بەندیخانەیە”

دوهەم ئەوەی فۆڕمی پێوەندییە سیاسییەکان لە چاخی ئێستا و شوێندانان و کاریگەرییان لەسەر یەکتری یارمەتیی یەکگرتوویی و بەردەوامی ژیانی جیابیری دەدا و کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش بە هەموو توانای زەبروزەنگ و پۆلیسی و ئامرازەکانی سەرکوتی خۆیەوە ناتوانێ بەگژیدا بچێتەوە.

ماوە بڵێین ئەم ڕەوتی جیابیرییە و ئەم پۆتانسیەلی گۆڕانخوازییە کە لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا سەرەڕای هەموو ئەو سەرکوت و زەبروزەنگ و پەراوێزخستنە بەرگەی گرتووە و لە گۆرەپانەکەدا ماوەتەوە، چۆن دەتوانێ ڕەوتی گۆرانکارییەکان لە ئێران لە بەرژەوەندیی خەڵکدا خێراتر بکا؟ گرینگترین فاکتۆڕ لەو پێوەندییەدا لیک‌نیزیکی و هاوپێوەندیی فکریی هەموو زەرفییەتانەیە کە دەتوانن خەڵک لە دژی حاکمییەتی سیاسی ڕێک بخەن. دواتر بەشدارییان لە دروست‌کردنی ئەقڵییەتێکی سیاسیی مۆدیڕندا کە ئێرانی داهاتوو بە هاوبەشیی هەموو پێکهاتەکانی ئەم وڵاتە دروست بکرێتەوە و سیاسەتی دووچاوەگی و دابەشکاری لە سەر بنەماکانی نەتەوەیی، ڕەگەزی، زمانی و ناوچەیی نەمێنی.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*