ئەوەی گرفتە ئێرانە، نەوەک ڕێککەوتنی ئەتۆمی

و: کەماڵ حەسەن‌پوور

 

 

 

 

ئەوەی گرفتە ئێرانە، نەوەک ڕێککەوتنی ئەتۆمی

 

ئاتلانتیک-جەیمز جێفری و دێنیس ڕاس

وەرگێڕان لە ئینگیزییەوە: کەماڵ حەسەن‌پوور

 

هەڵبژێرانی ئیبراهیم ڕەئیسی وەک سەرکۆمار جێگای سەرسووڕمان نەبوو. هەموو ئەوانی کە لەوانەبوو بۆ هەڵبژێرانی ئەو ‌هەڕەشە بن وەلا نرابوون. ئەو هەڵبژێراوی سەرۆکی گەورە، عەلی خامنەیی بوو و ئەوە شتێکی سەیر نییە: کەم کەس دەتوانێ باشتر لە ناوبراو ڕوخساری ئایدیۆلۆژی کۆماری ئیسلامیی بێ. ئەو ئێران بەرەوڕووی دنیای دەرەوە ناکاتەوە و بێگومان بە هیچ شێوەیەک بە تەمای ئاسانکاریی بۆ وڵاتە یەکگرتووەکان نییە. لە پێوەندیی لەگەڵ ڕەفتاری ئێران لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاستدا، ئەو بە ئاشکرا گوتوویەتی “بۆ وتووێژ نابێ.”

کێشەی ئیسرائیل – حەماس لە مانگی ڕابردوو، ئەوەی بیر خستینەوە کە هەموو شتێک لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست پێوەندیی بەیەکەوە هەیە و کاتێک ئێمە لە سەر مووشەکەکانی حەماس، کارەساتی هەنووکەیی لە یەمەن یان ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران بدوێین، دەوری ناسەقامگیرکەری تاران هۆکارێکی هاوبەشە.

ئێمە تێ‌دەگەین بۆچی سەرکۆمار بایدن هەوڵ دەدا بگەڕێتەوە نێو بەرجام. وڵاتە یەکگرتووەکان دەبێ بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران بگەڕێنێتەوە دواوە و پاشان کەڵک لە کاتی بەردەست، پێش کۆتایی کاتی دیاریکراو وەرگرێ تا، یان بگاتە ڕێککەوتنێکی دوورودرێژتر و بەهێزتر کە بەڕێوەبەرایەتیی بایدن بەتەمایە، یان هێزی چاوترسێن‌کردنی خۆمان بەهێزتر بکەین بە شێوەیەک کە تاران تێ بگا کە وڵاتە یەکگرتووەکان پێش بە ئێران دەگرێ بۆوەی نەبێتە وڵاتێکی خاوەن چەکی ئەتۆمی.

بەڵام ئەگەرچی ئێمە لە بایەخی سنووردار کردنی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران تێ‌دەگەین، بەڵام ئەوە بەس نییە. پێویستە بەڕێوەبەرایەتیی بایدن بەرپەرچی هەوڵەکانی ئێران بۆ بەرز کردنەوەی ئاستی کێشەکان لە ناوچە بداتەوە: بەڵام سووک‌کردنی ئابلۆقەکان کە ئاکامی گەڕانەوە بۆ بەرجامە، سامانەکانی گێرەشێوێنیی تاران زیاد دەکەن. کەمپەینی “ئەوپەڕی زەخت”ی دۆناڵد ترامپ سامانەکانی ئێرانی کە دەگەیشتنە دەست تاقمە میلیشیاکان وەک حیزبوڵڵای لوبنان، میلیشیا شیعەکانی عێراق و ڕێکخراوە فەلەستینییەکانی وەک حەماس و جیهادی ئیسلامیی، سنوردار کرد، بەڵام هەرگیز هەوڵەکانی ئێرانی بۆ ڕاهێنان، پڕچەک‌کردن و یارمەتیی دیکەی کەرەسەیی و تەکنیکی نەوەستاند.

پاش کێشەی ئەو دواییانە دەگەڵ ئیسڕائیل، ڕێبەرانی حەماس گەلێک سپاسی تارانیان کرد بۆ ئەو شتانەی پێی دابوون و ئێمە لە فایلە دەنگییە دزەپێکراوەکەوە دەزانین کە وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران، محەممەد جەواد زەریف لە سوپای قودس تووڕە بوو کە بەردەوام ئەو ئامانجانەی بێ ئاکام دەکردن کە ناوبراو بە تەما بوو بە هۆی دیپلۆماسییەوە دەستەبەریان بکا. جگە لەوە، خامنەیی دەیهەوێ نیشانی بدا کە گەڕانەوە بۆ بەرجام بەو مانایە نییە کە ئەو دەست لە ئایدیۆلۆژی بەرخۆدان هەڵدەگرێ، کەوابوو ئێمە دەبێ چاەڕوانی پەرەئەستاندنی ئێران لە یەمەن، عێراق، سووریە و لوبنان و هەروەها هەڕەشە لە وڵاتانی دراوسێ بین.

ئەو ترسە لە بەرنامەی ناوچەیی ئێران بەشێکی زۆر لە دژایەتی بەرانبەر بە بەرجام شی دەکاتەوە، هەم ئەو کاتی کە واژۆ کرا و هەروەها بە درێژایی ئەو ساڵانە تا ئەوڕۆ. ژمارەیەکی زۆر لە کۆنگرەی وڵاتە یەکگرتووەکان و هەروەها ڕێبەرانی وڵاتانی خۆرهەڵاتی نێوەڕاست ئەوکاتی نیگەران بوون، هەر وەک چۆن ئێستا نیگەرانن، کە بەڕێوەبەرایەتی و هاوبەشانی ئەورووپایی بە هەڵە لە پرسی ئێران وەک پرسێکی “داخراو” دەڕوانن، چونکە ئەوان بە شێوەیەکی بەرتەسک دەڕواننە هەڕەشەی ئێڕان و تەنیا لە پرسی ئەتۆمیدا کورتی دەکەنەوە. بەڵام ڕخنەگرانی ناوچە، ڕابردوو وەک فووی چێشتێ سەیر دەکەن: هەر وەک چۆن ئێران دوای ڕێککەوتنی بەرجام گەلێک چالاکتر و شەڕانشۆتر بوو، ئێستاش کاتێک وڵاتە یەکگرتووەکان و ئێران بگەڕێنەوە بۆ جێبەجێ‌کردنی بەرجام، چاوەڕوانی ئاکارە مەترسیدارەکانین. دروست یان نا، بەشێکی بەرچاو لە ناوچە دڵنیان کە بەرێوەبەرایەتیی ئۆباما لەبەر نیگەرانیی لە مەترسی‌کەوتنی جێبەجێ کرانی ڕێککەوتنەکە، شەڕانشۆیی ئێرانی پاشگوێ خست.

ڕوانگەی ناوچەیی لەبارەی ئێران ئاکامی ئەزموونی ئەو ڕێبەرانە دەگەڵ کۆماری ئیسلامییە. بۆ ئەوان، پرسی سەرەکی لە ئێڕان، وەک هێنری کیسینجێر گوتەنی، ئەوەی کە ئاخۆ وڵاتێکە یان پرسێک. بەڵگە بۆ ئەوەی دواتر بەهێزە و ڕەگی قووڵی داکوتاوە: ئێرانی شۆڕشگێڕ کەڵک لە وێژمانی ئیسلامیی شیعە و دژی کۆلۆنیالی بۆ ڕەواییدان بە بەرنامە دەستدڕێژیکارانە و ناسیۆنالیستییەکەی وەردەگرێ. دەسبەجێ دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئێران، ئێعدام‌کردنی هەزاران بەرهەڵستکاری ڕاستەقینە و خەیاڵیی ڕێژیم دەستی پێ کرد و پشتیوانی لە تاقمە تێرۆریستییەکان لە سەرانسەری ناوچە، هەڕەشەی نەگۆڕ لە بوونی ئیسڕائیل، دژە هێرشی مەترسیدار بۆ نێو عێراق لە هەشتاکانی زایینی، هێرشی ١٩٨٣ بۆ سەر وڵاتە یەکگرتووەکان لە لوبنان و شەڕی نەوت‌هەڵگران دەگەڵ ئەمریکا، هەموو ئەوانە سروشت و هەڕەشەی ئێرانیان ئاشکرا کرد.

کاتێک، لە ٢٠٠٥، بەرنامەی گەشەپێدانی چەکی ئەتۆمیی ئێران ئاشکرا بوو، لە پێشدا وەک کەرەسەیەکی ئەگەرچی مەترسیداری ئێران لە سیاسەت بۆ دەسەڵات سەیر کرا. لەبەر ئەو هۆیە، بەڕێوەبەرایەتیی بوش و ئۆباما ڕایانگەیاند کە وڵاتە یەکگرتووەکان بۆ پێشگرتن بە ئێران بۆ گەشەپێدانی چەکی ئەتۆمی، کەڵک لە هێز وەردەگرن، هەڕەشەیەک کە بەرەوڕووی ئەفریقای باشوور، لیبی، هیندوستان یان پاکستان نەکرا کە هەرکام لەوانە لە کاتی جیاجیادا چەکی ئەتۆمییان بەرهەم هێنابوو. لە ڕوانگەی خۆرئاواوە ئەوە پرسێکی مەترسیدار بوو، ئێران وەک پەلاماردەرێکی خۆڕسک هەڵسوکەوتی لەگەڵدا کرا.

بەڕێوەبەرایەتیی ئۆباما بەحەق نیگەرانی ئەوە بوو کە ئەگەر بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران نەکرێ بە شێوەی دیپلۆماتیک پێشی پێ بگیرێ، ببێتە هۆی کێشەیەکی بەربڵاوتر، یان بە دەستپێشخەریی ئیسڕائیل، کاتێک هەست بە هەڕەشە لە بوونی خۆی بکا، یان وڵاتە یەکگرتووەکان، کە دەزانێ کێبڕکێی وەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست چ مەترسییەکی مەزنە، کردەوەیەک لە خۆیان نیشان بدەن. پەنا بردن بۆ دیپلۆماسی وەک ئامرازی گۆڕینی ئاکاری ئێران نە تەنیا بە هۆی لۆژیکی بەڵکوو بە زۆر هۆ ڕێبازێکی پێویستە کە دەبێ ڕەچاو بکرێ. بێگومان، ئەوە بەو مانایە دەبوو کە ئێران ئیتر پرسێک نییە بەڵکو وڵاتێکە، کە خولیا ئەتۆمییەکانی، و ڕەنگبێ بەولاوەتر، هەڕەشە ناوچەییەکەی، دەکرێ بە دیپلۆماسی کۆنباوی گێزەر و قامچی، دەستەمۆ بکرێن.

هێندێک کەس لە بەڕێوەبەرایەتیی ئۆباما لایان وابوو بەرجام دەتوانێ سیگناڵی سیاسیی “گۆڕینی ڕێژیم” بێ. چاوەڕوانی دەکرا بە دیتنی ڕێز و متمانەی خۆرئاوا، ئێران باوەشی بۆ دنیای بە جیهانیبووی دەسکردی ئەمریکا بکاتەوە. ئەگەر گرەوەکە ئەوە بوو، ئاکامێکی ئەوتۆی نەبوو. لە ٢٠١٣، کاتێک وتووێژی جیددی لە گەڵ دەوڵەتی ئێران دەستی پێ کرد، تا ٢٠١٨، کاتێک ترامپ ڕێککەوتنەکەی جێ هێشت، ئێران ئاکاری میانڕەوانەی ڕەچاو نەکرد. لە جیاتیان، دەستدرێژییە ناوچەییەکانی پەرە پێدا، کەڵکی لە ناسەقامگیریی دوای بەهاری عەڕەبی و هەروەها سەرهەڵدانی داعش، بۆ پەرە پێدانی دەسەڵاتی خۆی وەرگرت. بۆ زۆر لایەنی ناوچە، وانەکە ئاشکرا بوو: ئێران بۆ متمانەپێکردن نابێ، چونکە بەرنامەی ئەو وڵاتە زاڵبوون بەسەر خۆرهەڵاتی نێوەڕاستە.

بە بێ لەبەر چاو گرتنی ڕوانگەی ئیسڕائیلیەکان، سعودییەکان، ئیماڕاتییەکان و ئەوانی دیکە لە بارەی بەڕێوەبەرایەتیی ئۆباما، هەڵوێستی بایدن بەرانبەر بە ئێران بە ئاشکرا لە هی ئۆباما جیایە. بۆ وێنە بڕوانە ئەو نیشانانە کە تیمی بایدن بەرانبەر هەڕەشەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی ئێران دەستەوەستان نابن: هێرش بۆ سەر ئەمبەر ئەوبەری سنووری عێراق-سووریە، لە جوابی هێرشی مووشەکیی میلیشیا شیعەکانی سەر بە ئێران دژی بنکەیەکی عێراقیی کە هێزەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان لێی جێگیر بوون؛ پێشگرتن بەو بەلەمانە کە چەکوچۆڵی ئێرانی دەبەن بۆ یەمەن؛ سەرەڕای زەخت، پشتیوانیی لێبڕاوانە لە مافی ئیسڕائیل بۆ داکۆکی لە خۆی لە بەرانبەر مووشەکەکانی حەماس. لە هەمان کاتدا، کاربەدەستانی ئەمریکایی لە وتووێژی نائاشکرا بەڵینی بە هاوپەیمانانی ناوچە دەدەن کە ئیزن نادەن پرسی ئەتۆمی ئاڵوگۆڕ بەسەر ئەوشتانەدا بێنێ کە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمریکا لە ئێرانیان قەبووڵ دەکا.

ئالنگارییەکە ئەوە دەبێ کە درێژە بەو هەنگاوە سەرەتاییانە بدرێ و، کاتێک هەردوو لایەن گەڕانەوە بۆ جێبەجێ‌کردنی بەرجام، کە ئێمە هەردووکمان لەسەر ئەو بڕوایەین ئەوساڵ دەقەومێ، نیشان بدرێ کە بەڕیوەبەرایەتیی بایدن دەگەڵ هاوپەیمانانمان کار دەکا و کاتێک ئێران ڕاستەوخۆ یان بە یارمەتیی بەکرێگیراوانییەوە هەوڵی پەرە پێدانی دەسەڵات و هەڕەشە لە لایەنەکانی دیکە بکا، دژی بوەستێتەوە. گاڵتەجاڕییەکە ئەوەیە، بۆ ئەوەی دیپلۆماسی کاریگەر بێ، چ لە پێوەندی لەگەڵ پرسی ئەتۆمی بێ یان پرسە ناوچەییەکانی دیکە، تاران دەبێ بزانێ ئەو هەڵوێستە هێزی لە پشتە. ئەگەر زەخت نەبوایە، بەرجام نەدەهاتە ئاراوە و ئەگەر بمانهەوێ پێش بە ئاکارە خراپەکانی ئێران بگرین، دەبێ بتوانین بە ڕێبەرانیان بسەلمێنین کە ئەوان دەبێ تێچووەکەی بدەن.

ئێستا کە ئیسڕائیل دەگەڵ باقی خۆرهەڵاتی نێوەڕاست، بەشێکە لە ناوچەی ژێر بەرپرسیاریی فەرماندەیی ناوەندیی وڵاتە یەکگرتووەکان، بەرێوەبەرایەتیی بایدن دەبوو هاوبەشە عەڕەبەکانمان  لێک کۆ بکاتەوە تا بژارەی دیاریکراو دەسنیشان بکەن و پلانی ئامادەیان بۆ هەڵسوکەت‌کردن دەگەڵ هەڕەشەکانی میلیشیا شیعەکان هەبێ. بەڕێوەبەرایەتیی بایدێن دەبێ بە هەمان شێوە دەوڵەتانی کەنداو هان بدا تا باشتر پشتیوانی لە دەوڵەتی عێراق بکەن؛ کەڵک لە سامانە هاوبەشەکانمان وەرگرین تا زەختی زۆرتر بخەینە سەر هەناردەکردنی چەکوچۆڵ لە لایەن ئێرانەوە بۆ بەکرێگیراوانی و پشتیوانی لە بەردەوامیی هێرشەکانی ئیسڕائیل دژی هەوڵەکانی ئێران بۆ دروست‌کردنی ژێرخانی سەربازیی و گەشەپێدانی توانایی مووشەکی ڕێنوێنی‌کراو بۆ میلیشیاکانی سوورییەیی و حیزبوڵڵا بکەین.

لە ماوەی بەڕێوەبەرایەتی ترامپ، واشینگتۆن کەڵکی لە ڕێکاری جیاواز، لە وڵاتانی جیا جیا لە سەرانسەری خۆرهەڵاتی نێوەڕاست وەردەگرت، بەڵام بە گشتی زەختی سەربازیی، ئابووری و سیاسی دەخستە سەر ئەو وڵاتە تا پێش بە بەروپێشچوونی ئێران بگرێ. ئاکارەکانی لە لایەن هاوپەیمانانی ناوچەیی پشتگیریی دەکرا کە لە کۆتاییدا بووە هۆی پەیمانی ئیبراهیم. پەرە پێدانی ئەو ڕێککەوتنانە نە تەنیا لە ڕوانگەی نزیک بوونەوەی عەڕەب لە ئیسڕائیل بۆ هاندانی ئەو وڵاتە تا بۆ ئاشتی دەگەڵ فەلەستینییان هەنگاو بنێ شتێکی عەقڵانییە، بەڵکوو لە ڕوانگەی بەهێزتر کردنی هاوپەیمانییەک کە بۆ بەربەرەکانی دەگەڵ ئێران پۆشتە کراوە.

بۆ سەرکەوتن، بەڕێوەبەرایەتیی بایدن پێویستی بە کارکردن دەگەڵ هاوبەشە عەڕەب، ئیسڕائیلی و تورکەکان لە پێوەندی دەگەڵ پرسە ناوچەییەکانی ئێران و پاراستنی زەخت بۆ سەر تاران و ئەو دەوڵەتانە هەیە کە وەسوەسەی ملکەچ بوون بۆ ئێرانیان هەیە. هەڵوێستێکی ئەوتۆ دیپلۆماسی وەلا نانێ؛ بە پێچەوانە، برەوی پێ دەدا. بە ڕاستی، ئەگەر بە شێوەی دروست جێبەجێ بکرێ، لەوانەیە ئێمە ببینە هۆی ویستی ئێران بۆ وتووێژ.

لە کۆتاییدا، ئەگەر وتووێژە ناوچەییەکان دەگەڵ تاران شانسی کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچە و لاواز کردنی پۆتانسیەلی کێشە و شێواندنیان هەبێ، دەبێ ببنە هۆی وەها پاشەکشە پێکردنێک لە ناوچە کە بیانوویەک بدەنە ئێران تا بە ڕەفتاری خۆیدا بچێتەوە.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*