سەرکۆمارێکی تاوانباری سەپێنراو

مەنسوور مروەتی

 

هەڵبژاردنەکانی دەوری سێزدەهەمی سەرکۆماریی ئێران لە زۆر بوارەوە بێوێنە بوو. یەکەم بەرەی بەهێز و هەمەگیری بایکۆت و بە تایبەت دەنگ‌هەڵبڕین و هەڵوێستی بایکۆت ئەم جارە نەتەنیا لە دەرەوەی وڵات، بەڵکوو ئەو هەڵوێستە لە نێوخۆی ئێران و تەنانەت لەنێو خودی ڕێژیمیش بابەتێکی مێژوویی سەیروسەمەرە بوو. لە لایەکی دیکەشەوە دەسەڵات هەندێ لە مۆرە گرینگەکانی خۆی وەکوو لاریجانی لا دا و لەوەش مێژووییتر هەڵوێستی سەرکۆمارە بەحەیس‌وباس و قەیرانخوڵقێنەکەی پێشووتری مەحموود ئەحمەدی‌نژاد کە کار گەیشتە ئەو جێگایەی ئەویش گوتی دەنگ نادەم و دوایەش بە تانەوتوانج لە خامنەیی گوتی بەداخم بۆ ئەوەی کە ئەو هەڵبژاردنە بە سەرکەوتن ناو دەبا و ئەوە بەڕاستی بۆ پێکەنین دەبێ. جا کە هەڵبژاردنێک وای لێهات کە ئەحمەدی نژادیش تێیدا ڕەئی نەدا و دواتر پێکەنینی بە ئاکامەکەی بێ، ئیتر دیارە چییە و چی کراوە. بەڵام لەگەڵ ئەوەدا چەند بابەتێک لەم هەڵبژاردنانە و ئاکامی هەڵبژاردنەکە دەردەکەوێ کە لە لایەک لە نێوخۆی وڵات و لە لایەکی دیکەوە کۆماری ئیسلامی لە دەرەوەی وڵات تووشی کێشەی جیددی دەکا.

کەسی هەڵبژاردەی خامنەیی و ئاڵقەی تەسکی دەسەڵات کەسێکە جیاوازتر لە سەرکۆمار و بەرپرسەکانی پێشووتری حکوومەت. ڕاستە ئەحمەدی‌نژادیش کاتی خۆی هەروەک برایم ڕەئیسی بە سەر خەڵکدا سەپێنرا و ڕووداوەکانی ساڵی ٨٨ و دواتری لێکەوتەوە، لانیکەم ئەو دوای ‌دانانی وەک سەرکۆمار ڕووبەڕووی کێشە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان بوویەوە، بەڵام سەرکۆماری تازە سەپێنراو هەر لە جێوە و تەنانەت ڕابردوو و پاشخانەکەی خاوەنی کۆمەڵێک تایبەتمەندی و خاڵی نگەتیڤە کە زۆر خراپتر لە ئەحمەدی نژاد بە سەر ڕێژیمدا دەشکێتەوە. بە واتایەکی تر برایم ڕەئیسی کەسێکە لە بەر دەست‌تێداهەبوونی لە کوشتاری بە کۆمەڵی زیندانیانی سیاسی لە ساڵی ٦٧، وەک جینایەتکارێک دەناسرێ هەتا سەرکۆمار و دیپلۆماتێکی کۆماری ئیسلامی ڕوو بە دنیای دەرەوە. ڕەئیسی هەر لە جێوە لە بەر ئەو جینایەتانەی پێشووی و لە بەر پێشێل‌کردنی مافی مرۆڤ لە دەورانی سەرۆکایەتیی دەزگای قەزایی تەحریمی لە سەرە و تەنانەت ڕاپۆرتێری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان داوای کردوە کە لە سەر ئەو تاوانانەی کە کردوویەتی لێکۆڵینەوەی لێ بکرێ. لە لایەکی دیکەشەوە جگە لە هەندێ وڵاتی هاوپەیمانی ئێران هەتاکوو ئێستاش زۆرێک لە وڵاتان وەک لە عورفی دیپلۆماتیکدا باوە، پیرۆزباییان لە برایمی ڕەئیسی نەکردووە.

جیاواز لە دنیای نێودەوڵەتی لە لایەکی دیکەوە ئەوەی کە گرینگ بوو دەنگ هەڵبڕینی خەڵک و کەسان و جەریانەکانی نێوخۆی وڵات بوو کە ئەم بەشەی دەبێ بە گرینگیەوە لێی بڕوانی. لەم نێوەشدا ئەوەی کە گرینگ و جەوهەرییە هەڵوێستی خەڵکی کوردستان و حیزب و لایەنەکانی نێو بزووتنەوەی کوردستانە. ئەگەرچی هەڵوێستەکانی بزووتنەوەی کورد و نیشاندانی سەنگ و مەحەکی ئەو بزووتنەوەیە و بە تایبەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ هەموان ڕوون و ئاشکرایە و ئەوەندەی ویستبێتی و بۆی کرابێ، توانیویەتی لە هەندێ لەو هەڵبژاردنانە توانایی و هێزی خۆی تێدا نیشان بدا، بەڵام سەرەڕای ئەوەش ئەم دەورەیە لە کوردستان هەندێ هەڵوێستی ئاشکرا و تازە هاتنە ئاراوە کە بە جۆرێک تازە بوو و بۆ ئەوە دەبێ کە بزووتنەوەی سیاسیی کورد ئاسایی بەلایدا تێ‌نەپەڕێ.

ئەم دەورەیە جگە لە حیزب و جەریاناتی سیاسیی کورد کە سەرکردایەتییەکەی لە دەرەوەی وڵاتە هەندێ جەریانی دیکەش وەکوو بەرەی یەکگرتووی کورد و باڵێک لە مەکتەب قورئانی کوردستان و هەندێ کەسی دیاری نێو کۆمەڵگەی کوردستان بە دەرکردنی ڕاگەیاندراوی ڕوون ڕایانگەیاند کە بەشداری لەو هەڵبژاردنانەدا ناکەن و تەنانەت هەندێ لەو هەڵوێستانەش بە زمانێکی توند ڕوو بە دەسەڵات ڕاگەیندرا. بە گشتی دەتوانین بڵێین هەڵوێستی سیاسیی کورد لەم بوارەشدا یەکدەست و یەکڕیز بوو کە ئەمەیان یەک لەو خاڵانەیە کە بزووتنەوەی سیاسیی کورد دەبێ هەڵوەستەی لە سەر بکا.

خاڵی جیاکەرەوەی بزووتنەوەی سیاسیی کوردستان لە گەڵ جەریاناتی سیاسیی ئێرانی ئەوەیە کە بزووتنەوەی کوردستان بزووتنەوەیەکی شوناس‌ویست و مافخوازانەیە و بۆ ئەو مەبەستە پێویستە خەڵک و بەتایبەت لایەنە سیاسییە جۆربەجۆرەکانی کوردستان هەرچی زیاتر یەکڕیز و یەکگرتوو بن. ئەمەی لە هەڵبژاردنەکانی ئەم جارەدا دیتمان نموونەیەکە کە دەکرێ بە گرینگیەوە وەربگیرێ و کاری زیاتری لە سەر بکرێ. ڕاستە لە کوردستان هەندێ لایەنی تێدایە کە ڕەنگە لە باری فکری و تەنانەت ئیدئۆلۆژییەوە لە یەک دوور بن بەڵام لایەنە نەتەوەییەکەی زۆر بەرچاوتر و بەربڵاوترە، تا ئەو جێگایەی کە دەکرێ بگوترێ بیری نەتەوەیی و ناسیونالیزمێکی مەدەنی و بە کوردییەکەی کوردایەتیەیکە بووەتە خاڵی کۆکەرەوە و هاوبەشی هەموان. ئەوڕۆ لە کوردستان لە چەپەوە تا ڕاست و لە نەتەوەییەوە بگرە تا مەزهەبی هەموان لە یەک ڕوانگەوە هاوفکرن، ئەویش ئەوەیە کە کورد لە ئێران مافەکانی پێشێل کراوە و پێویستە بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی نەتەوەکەیان تێبکۆشن. بەڵام ئەوەی کە لەم مەیدانەدا گرینگیەکی تایبەتی و جەوهەریی هەیە ئەوەیە کە بزووتنەوەی مافخوازانەی کوردستان لە هەر کات و دەورانێکدا و هەرکەس و لایەنێک لە تاران لە دەسەڵاتدا بێ، پێویستە یەک دەنگ و یەکگرتووانە کار بۆ ئەم بابەتە بکەن.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*