پێشمەرگەی وێژمانساز

شەمزین ئەحمەدنەژاد

 

ئادریان هێستینگێز لەو باوەڕە دایە نەتەوەی مۆدێڕن لەژێر کاریگەریی زمانی دایکی و ئیرادەی دەوڵەتێک دروست دەبێت. لەدرێژەدا باس لەوە دەکات ئەوکاتەی زمانی دایکی گەلان لە فۆڕمی سینگاوسینگ و گێڕانەوە بۆ فۆڕمی نووسینەوە باز دەدا و لە ئاستی ئەوەدا کە بۆ بەرهەمهێنان و نووسینەوەی مێژوو و ئەدەبیات کەڵکی لێ‌وەرگیرێ، ئۆتۆماتیک قەوم دەبێ بە نەتەوە. ئەوەی باس کرا لەبەر هەستیاریی بابەتەکەیە کە چەندە لای بیردۆزانی نەتەوە گرینگی پێدەدرێ، ئەگینا کەوتنە داوی ململانێی دووانەی قەوم و نەتەوە وەک فێلێکی تیۆریی داتاشراوی فارسەکان بۆ بەتاڵان‌بردن و ماندووکردن و لێدان لە حەقیقەتی شوناسی نەتەوەییمان هیچ بارێکی لۆژیکی پێوە دیار نییە.

بۆچوونەکەی هێستینگێز دەکەمە بیانوو بۆ ئەوەی ئاوڕێک لە کۆبەرهەم و کتێبەکانی کاک برایم چوکەڵی بدەمەوە کە وێڕای ئەوەی فەرماندەیەکی بەوەجی نیزامیی حیزبە، هاوکات بە نووسینەوەی ئەو شەڕ و ڕووداوانەی وەک پێشمەرگەیەک تێیاندا بەشدار بووە، ئاگایانە پێ دەنێتە مەیدانێکی دیکەی پڕبایەخی دروست‌کردنی نەتەوە. بە هەڵوێستەکردن لەسەر کتێبی “دشواریهای راە مبارزە” کە لەو ڕۆژانەدا پەردەی لەسەر لادرا، دەردەکەوێ شۆڕشگێرێکی بەباوەڕ ڕۆ دەچێتە قوڵایی مێژووییەک کە بۆخۆی یەکێک لە ئەکتەرە دیارەکانیەتی. کلیل وشەکانی ئەدەبیاتێک کە دەتوانێ  وێنایەکی دروستی ئەو ڕۆژانەمان بداتێ. پێشمەرگە، شەڕگە، حەماسە، گیانبازی، کایە بە مەرگ کردن، جەسارەت، خوێن، شەهید، کەم ئەندام، ئەمەگ، وەفا، ئیرادە، شکاندنی سیکلی عادەتە عاتفیەکان و ئیرادەن.

 

نووسینەوەی بیرەوەری، مێژوویەک بۆ وێژمان سازی

ئەگەر چەمکی شۆڕش بە واتای بەکارهێنانی مێتۆدی توندوتیژیی ڕەوا بۆ خەبات دژی ڕێژیمە خۆسەپێن و دیکتاتۆرەکان دەکار بکەین، بێگومان تەمەنێک خەباتی پێشمەرگانە مڵکی بەباڵا بڕاوی ئەو چەمکەیە.  پڕۆسەی داگیرکاریی کۆماری ئیسلامی لە ڕۆژهەڵات بەردەوامە و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هەورازی زیاتر لە چەند دەیە ململانێی نەرم و سەخت دەگەڵ ئەم دەسەڵاتە تۆتالتێرەدا هەنگاو دەنێ. شەڕی پێشمەرگانە لە فۆڕمە سیستماتیکەکەی ڕاگیراوە و وەک دەگوترێ لە قۆناغی دەرگیریی “یەخ‌زەدە” داین. چ بکرێ بۆ ئەوەی وانەکانی قوناغی خەباتی سەخت تەنیا لە بیرەوەریی نەوەی ئەنجامدەری ئەو شۆڕشەدا نەمێنێ و نەوەکانی هەرسێ دەیەی ٦٠، ٧٠ و ٨٠ ئاشنا بەو ڕۆژانە بن؟ بێگومان ەوڵامی ئەو پرسیارە لەلای فەرماندە چوکەڵی و “دژوارییەکانی ڕێگەی خەباتە”.

کاک برایم چوکەڵی بە زمانێکی سادە و پاراو جگە لەوەی بە نووسینەوەی ئەو ڕۆژە پڕ لەسەروەرییانە بەردێکی گران لەسەر بەردی سەرچاوەمەندکردنی ڕۆژژمێری ئەو ڕۆژانە دادەنێ، هاوکات هەوڵ دەدا ئیمپاتی و هاودڵیی نەوەی نوێی ڕۆژهەڵات و بەشدارانی بزاڤی سیاسیی ئاشکرامان بۆ حیزب و تێکۆشانی نەتەوەیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرز بکاتەوە.

میرۆسلاو هێرۆش لە خوێندنەوەیەکدا کە بۆ بزووتنەوە نەتەوەییەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی ئورووپا کە دابەشی سێ قۆناغی دەکا، دەڵێ: قۆناغی سێهەمی نەتەوەسازی ئەو کاتەیە کە چەمکی نەتەوە بچێتە نێو قوڵایی دڵ و زەینی خەڵک. کاک برایم چوکەڵی لێرەدا وەک ملیتانێکی نەتەوەیی بە پیرۆزکردنەوەی خەبات بۆ ڕزگاریی نەتەوەیی و بێمنەت‌کردنی ماندووبونی پێشمەرگەی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بۆ گەلەکەی دەبێتە نوێنەرێکی ڕاستەقینەی ئەم رێبازە و ئەکتەرێکی زیندووی وێژمانسازی ناسنامەیی.

ئێمە دەزانین پەروەردەی ڕێژیمی ئێران و بۆرۆکراسیی حکومەتی و دەزگا سەربازییەکانی لەسەر بنەمای بێ‌ئیرادەکردن، شکاوی کەسایەتی و بێ‌مێژوو کردنی کوردستان هەنگاو دەنێن و دەیانەوێ کاراکتێرێکی بێ‌هەستی بێدەنگ لە کۆمەڵگەی کوردستان درووست بکەن، واتە وێژمانی شکان. ئانتی تێزی ئەو وێژمانە زمانی ئاگرینی پێشمەرگەیەکی قەڵەم بەدەستە کە بە نووسینەوەی دژوارییەکانی ڕێگەی خەبات و نیشاندانی ئەو هەموو قارەمانێتیەی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات نواندوویانە دەبێتە بەشێک لە پڕۆسەی تێکشکاندنی وێژمانی شکان و ئێلێمێنتەکانی وێژمانی سەرهەڵدێری لە دووتوێی نووسینەوەی بیرەوەریکانیدا بەگژ گیانی کز و لارەوەبووی دوژمنیدا دەکا. لەولاش دۆزێکی بێوێنەی بوێری و پێشەنگ بوون بە شادەمارەکانی کۆمەڵگەی کوردستاندا دەکاتەوە. چونکی ئەو کاتەی لاوانی کورد بیرەوەرییەکانی پێشمەرگەیەکی بەبیروباوەڕ دەخوێننەوە، هەستی نەتەوەیی هاوبەشیان لەلا دروست دەبێ.

ڕەنگە مانگ و ساڵی بەسەرداچووی ئەو بیرەوەرییانە زۆر نەبن، بەڵام بە بەرزکردنەوەی وشیاریی سیاسی گەل، دەبنە بەشێک لە پڕۆسەی ئالنگارسازی ئانتی هەژمۆنیک بۆ دەوڵەت نەتەوەی دوژمنی ماف و ئازادییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دروست‌بوونی ناسنامەیەکی دژە هێژمۆن.

کاک برایم بە نووسینی ئەم کتێبە و وەرگێرانی بۆ سەر زمانی فارسی دەگەڵ دوو بەردەنگ دەکەوێتە گفتوگۆ. بەردەنگی یەکەم خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و بەردەنگی دووهەم ئەویتری ئەو گەلەیە. ئەوانەی حاشا لە ناسنامەی کورد دەکەن و قایل بە بوونی حاکمییەتی سیاسیی ئەو نەتەوەیە لەسەر خاکی خۆی کە کوردستانە نین. کاک برایم وەک ئەکتەرێکی چالاکی وێژمانساز بە وەبیرهێنانەوەی ستەمی کۆماری ئیسلامی و تاوانەکانی سوپای پاسداران و لە لایەکی دیکە بە نیشاندانی جەزرەبەی پێشمەرگە لە بەرابەر ئەم دەسەڵات و هێزە تاوانکارە سنوورێکی وێژمانی دیاری دەکا و پێشمەرگایەتیی ئەو سنوورە دەکات. ئۆستوارت هال لە پێناسەی وێژماندا دەڵێ: کۆمەڵێک ئەزموونی لەپێشدا شکڵ گرتوویە و ئامادەیە بۆ ئەوەی لەڕێگەی زمانەوە ڕێکوپێک بکرێ و نمایش بدرێ. لێرەدا پێشمەرگەی نووسەری کتێب دژوارییەکانی ڕێگەی خەبات هەنگاوێک زیاتر دەچێتە پێش و بیرەوەرییەکانی دێنێتە سەر لاپەڕەی کاغەز و لەو ڕێگەوە هەست و تێگەیشتنەکانی دەگەڵ کۆمەڵانی هەراوی خەڵک هاوبەش دەکاتەوە و لاوانی شۆڕشگێری کوردستان هان دەدا گیانبازی کردن بۆ ئازادی تاڵ نیە چێژبەخشە، ڕێگەی خەبات ناهەمواریش بێت ئازادی شیرینترە و ئازادی بە ئاسایش و ئەمنیەت و فەردییەتێکی ئاسوودە معامەلە ناکرێت و ئەگەر بشکرێ سەودایەکی نابەرابەرە و کاڵای ئازادی لە قیمەت نایە.

دەستخۆشی‌کردن لە کاک برایم بۆ ئەو کارەی کەمترین ئەرکە، لەو سۆنگەیەوە کە هەستی بەرپرسایەتی بەرامبەر گەلەکەی و مێژووی خەباتی حیزبەکەی حەجمینی لێ هەڵگرتووە و، هیوادارم بەردەوام بێت لە نووسین و هاوڕێیانی دیکەی پێشمەرگەی سەردەمی خەباتی چەکداریش بێنە مەیدان و نەهێڵن قارەمانیەتیی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکڕات تەنیا لە حافزەی ئەواندا بمێنێتەوە و بە نووسینەوەیان و هاوبەشکردنیان دەگەڵ چین و توێژە جیاجیاکانی گەلەکەمان قارەمانەتییەکان ببەنە نێو حافیزەی نەتەوەییمان و کورد ڕەمز و هێماکانی خۆی بناسێت.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*