بە پێی هەواڵی گەیشتوو لەشاری مهاباد بە داخەوە دۆکتور سەلاحی ئیسلامی پزیشکە خەمخۆر و جێگای متمانەکەی شاری مەهاباد و دەوروبەری بە هۆی نەخۆشی کۆچی دوایی کرد.

دوکتور سەلاحی ئیسلامی یەکێک لە پزیشکە خاوەن بڕواکانی گەلەکەمان بوو کە هەتا ئاخرین هەناسەی ژیانی وەفادار  بەو سوێندە مایەوە کەلە کاتی وەرگرتنی بڕوانامەی پزیشکی خواردبووی، هەر بۆیە وەک دوکتۆر هەوڵیدا لە تەواوی ئەو ماوەیەدا لە ئەوپەڕی خاکەڕایی و گەل دۆستیدا بە بێ دانانی فەرق و جیاوازی لە خزمەتی هەموو چین و توێژەکانی  کۆمەڵانی خەڵک بە تایبەت توێژی کەم داهات و بێدەرەتانی  کوردستاندا دابێ.

ئەو وێڕای بەربەرەکانی دەگەڵ  گوشار و بەربەستەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ خوێندنی پزیشکی، لێبراوانە قۆڵی هیممەتی هەڵماڵی و بوو بە دوکتۆرێکی گەلیی و بێ وچان خزمەتی نیشتمان و گەلە چەوساوەکەی کرد. خەڵکی بە ئەمەگی مەهاباد و دەوروبەری بۆ کۆچی دوایی دۆکتور سەلاح تازیەبار بوون.

.دوکتور سەلاح برا بچووکی سوورە( محەممەد) ئیسلامی یاریزانی بە ناوبانگی تۆپی پێی شاری مەهاباد و هەروەها برای خوشکە مەلیحا ئیسلامی هاوسەری کاك سەلاح گادانی بوو .

ناوەندی راگەیاندنی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە دەرەوەی وڵات، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی خۆی پێشکەش بە بنەماڵەی بەرێزی  ئیسلامی  و گادانی  و خەڵکی مەهاباد و دەوروبەر دەکات و خۆی بە شەریك و بەشداری  خەمیان دەزانێ.
ناوەندی راگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان- دەرەوەی وڵات

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*