“سروە”ی هێمن، قوتابخانەیەک بە پانتایی کوردستان

ناسر باباخانی

“سروە”ی هێمن، قوتابخانەیەک بە پانتایی کوردستان

(گه‌ڕان به‌دووی ناسنامه‌دا: له‌ نیشتمانه‌وه‌ بۆ سروه‌)

(٢-١)

 

ئاماژە:

[ئه‌م وتاره‌ ده‌قی قسه‌كانی كاك “ناسر باباخانی”یه‌ كه‌ له‌ وێبیناری یادی سه‌د ساڵه‌ی مامۆستا هێمن‌دا پێشكه‌ش كراوه‌. به‌ حوكمی ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌قی وتاره‌كه‌مان ڕاسته‌وخۆ دابه‌زاندووه‌، ده‌سكارییه‌كی ئه‌وتۆ له‌ قسه‌كاندا نه‌كراوه‌. ده‌قی قسه‌كان لە دوو به‌شدا ئاماده‌ كراوه‌، به‌شی یه‌كه‌م “گه‌ڕان به‌دووی ناسنامه‌دا: له‌ نیشتمانه‌وه‌ بۆ سروه‌” و بەشی دووهه‌م و كۆتایی “له‌ شاخه‌وه‌ به‌ره‌و شار” كه‌ له‌ ژماره‌ی داهاتوودا بڵاو ده‌بێته‌وه‌. شایانی باسه‌ ئه‌م وێبیناره‌ له‌ لایه‌ن ڕێكخراوی جیهانی كورد له‌ سه‌ره‌تای مانگی بانه‌مه‌ڕی ئه‌م ساڵدا به‌ڕێوه‌چووه‌.]

 

ئەم بابەته‌ی کە من هەڵمبژاردووە له‌ژێر سه‌ردێڕی: “سروەی هێمن، قوتابخانەیەک بە پانتایی کوردستان”، لە ڕاستیدا دوو ئامانجی سه‌ره‌كی ده‌پێكێ. یه‌كه‌م زۆر جاران دەگوترێ مامۆستا هێمن مرۆڤێکی سیاسی نەبووە و هێمن ئەدیب بووە و ئه‌مه‌ بە جۆرێک دەکرێ بڵێین غەدرە لە کەسایەتیی هێمن و من لام‌وایه‌ هێمن كه‌سایه‌تییه‌كی ته‌واو سیاسییه‌ و مه‌به‌سته‌كه‌ی تریشم شوێندانه‌ریی گۆڤاری سروه‌یه‌ له‌سه‌ر په‌روه‌رده‌كردنی جیله‌كانی سه‌رده‌می هێمن و پاش كۆچی دوایی هێمن له‌سه‌ر بنه‌مای زمان.

با سه‌ره‌تا به‌م پرسیاره‌ ده‌ست پێ بكه‌ین: هێمنی سیاسی یان ئەدیب؟

بە باوەڕی من لە دوو ڕوانگەوە دەکرێ سەیری ئەم پرسیاره‌ بکەین. یەکه‌م هێمن وەک ئەندامێکی ڕێبەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان، دووهه‌م هێمن وەکوو بیردۆز یان باشتره‌ بڵێم وه‌ك بیركه‌ره‌وه‌یه‌كی سیاسی. (ڕەنگە لەسەر وشه‌ی بیردۆز بڕێکمان جیاوازی هەبێ به‌ڵام وشەیەکی ئەوتۆم نەدۆزییەوە، چون بیردۆز بە مانای “نظریەپرداز” دێ بۆیه‌ پێموابێ بیرکەرەوە ڕەنگە چاکتر جێ بگرێ.) كه‌وابوو ئەو هێمنەی له‌ قەواره‌ی حیزبێکی سیاسی یان ئۆرگانیزێشێنێكدا جێ دەگرێ له‌گه‌ڵ هێمنێك وه‌ك بیركه‌ره‌وه‌یه‌كی سیاسی جیاوازه‌، بۆیه‌ دەبێ ئەم دوو ڕوانینه‌ لەیەکتر جیا بکرێتەوە. ئەگەر ئەم دوو ڕوانگه‌یه‌ پێك بگرین ئەو کات بۆمان دەردەکەوێ کە ئەو بۆچوونە کە پێی‌وایە هێمن مرۆڤێکی سیاسی نەبووە و لە قالبی حیزبێکی تایبەتیدا بووە، لەگەڵ ئەو بۆچوونە کە پێی‌وایە هێمن مرۆڤێکی سیاسییە، بەڵام بە مانا بیرکه‌ره‌وه‌ییه‌كه‌ی بۆمان دەردەکەوێ کە هێمن مرۆڤێکی یەکجار سیاسیش بووە.

لە كۆمه‌ڵه‌ی ژێکافەوە بگرە لە ساڵی 1944، واته‌ لەگەڵ دەرچوونی دووهەم ژمارەی گۆڤاری نیشتمان ئۆرگانی ژێکاف، تا دەرچوونی ڕۆژنامەی “کوردستان”ی سەردەمی كۆمار و دواتر سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێران و ڕۆژنامەی “کوردستان”ی سەردەمی حیزبی دێموکراتی کوردستان، هێمن لە ته‌واوی ئەو قۆناغانەدا چالاكانه‌ بە نووسینی وتار یان بە لێدوان حزووری هەیە.

کەوابوو ئەو پێناسه‌یه‌ کە تۆ دێنی کەسایەتییه‌کی دیكه‌ لەنێو حیزبێکی سیاسیدا كه‌ وه‌ك هێمنیش چالاك نییه‌ و به‌ سیاسی ده‌زانی به‌ڵام هـێمن بە کەسێکی سیاسی نازانێ، تەنیا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر جیاوازی ئه‌م دوو ڕوانگه‌ی باسم لێوه‌كرد ئه‌ویش لە قۆناغێکی زەمەنی تایبه‌تدا.

ڕەنگە ئەو جیاوازییە بگاتە ئەو ئاسته‌ی کە تۆ پێت وابێ، کەسایەتیی بەرامبەری تۆ هەڵە بێ. بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە کە کەسایەتییەکە سیاسی نییە، هەموو کەسایەتییه‌کی سیاسی بۆی هەیە لە هەموو قۆناغێکی ژیانیدا تووشی هەڵە بووبێ. کەوابوو من پێم‌وانییە ئەو بۆچوونە لەسەر هـێمن ڕاست بێ و من هێمن بە مرۆڤێکی لە سەداسەد سیاسی دەزانم، بەو هۆکارەی کە دەمەوێ لەم وتارەدا ئاماژەی پێ بکەم.

ئەوەی ڕاستی بێ کەڵکەڵه‌ی سەرەکیی هێمن زمانه‌، لە ماوه‌ی ئه‌م چل و دوو ساڵه‌دا، لە دوای ئەوەی کە لە گۆڤاری نیشتمان یه‌كه‌می بابەتی بڵاو دەکاتەوە تا لە ورمێ کۆچی دوایی دەکا، زمان دڵه‌ڕاوكێی هێمنه‌. بەم مانایە کە سەیر دەکەی هەر لە یەکەم نووسینی كه‌ بە شێوەی فەرمی بڵاو دەبێتەوە لە “نیشتمان”دا، واته‌ “خۆت بناسە”، بەردەنگه‌که‌ی بەردەنگێکە بە ناوی نەتەوەی کورد. یانی هەر لە سەرەتاوە دڵەڕاوکێی سەرەکیی هێمن به‌ جۆرێک لە جۆرەکان دەگەڕێتەوە سەر چەمکی ناسنامەیی.

دیارە له‌م وتاره‌دا واته‌ زمانی یه‌كگرتووی ئەدەبی، بەردەنگی هێمن بەگشتی خەڵکی ڕەشۆکی نییە، به‌ڵكوو بەردەنگی هێمن چینێکی تایبەتە، چینێکی خوێندەوارە و هه‌ر بۆیە دەبێ ئەم دیکۆدەكردنه‌ لە لایەن ئەوانەوە بکرێ. بۆیە بە باوەڕی من لەو شوێنانه‌ی باسی وڵاتی فرەنەتەوە دەکا یان باسی زمان گەلی جیاواز دەکا یان باسی زەبروزەنگی سیاسی دەکا، ڕێک بەپێچەوانەی خوێندنەوەی فه‌رمی کۆماری ئیسلامی بۆ زمان دێته‌ گۆ، تەنانەت هەر لەو ژمارەیەدا لە لاپەڕەی یەکەم ئەسڵی 15ی یاسای بنەڕەتیی ئێران داده‌نێ کە خوێندنی زمانە خۆجێیەکان دەبێ ئازاد بێ.

ئه‌گه‌ر بێتوو له‌ وتاری زمانی یەکگرتووی ئه‌ده‌بی، وشه‌ی ئه‌ده‌بی لێ بقرتێنین واته‌ زمانی یه‌كگرتوو، زێدەڕۆیی لە قەلەم نادرێ ئه‌گه‌ر بڵێم هیچ جیاوازییەک لە نێوەرۆکی وتارەکەدا ساز نابێ چون ڕێك به‌پێی ستاندارده‌كانی زمانێكی یه‌كگرتوو نووسراوه‌. وتارێك پشت‌ئه‌ستوور و به‌ڵگه‌مه‌ند به‌ نموونه‌ له‌ نه‌ته‌وه‌كانی‌تر كه‌ بۆچی هێمن ده‌یه‌وێ ئه‌م زمانه‌ ببێته‌ زمانی یه‌كگرتووی كوردی. به‌هه‌رحاڵ به‌ باوه‌ڕی من پاش ئەم هەموو ساڵە ئەو پتانسییه‌لە تیۆریکییانەی هەیە کە ئێستاش لەنگەری لەسەر بگری.

ئه‌وه‌ی هێمن كردی دەیهێنێته‌ خانه‌ی ڕووناکبیری ئۆرگانیکه‌وه‌ نه‌ك ڕووناکبیری سوننه‌تی، واته‌ ڕووناکبیرێکی شوێندانەر و شوێن‌وەرگر. هەم له‌ پڕۆسەی داهێناندا هەم له‌ پڕۆسەی شوێندانەریدا.

بێگومان پڕۆسەی داهێنان لە فەزایەکی تاکەکەسیدا دەخوڵقێ، بەرهەمی فەزایەکی زه‌ینیی تاکەکەسە. شێعر، چیرۆک، ڕۆمان له‌وه‌ها كه‌شێكدا ده‌خوڵقێن. بەڵام دواجار هێمن وه‌ك ڕووناکبیرێکی ئۆرگانیک شوێندانەریی خۆی لەسەر خەڵک داده‌نێ. شوێندانەریی هێمن بە باوەڕی من جگە لە بابەتە ئەدەبییەکان و شێعرەكانی كه‌ دەبن بە شانۆنامە کە دەبن بە ئاواز و گۆرانی، کە دەبن بە وێردی زمانی خەڵک، كه‌ ئه‌مانه‌ ڕاده‌ی چوونه‌ نیو قووڵایی دڵی خەڵک نیشان ده‌ده‌ن، ئه‌مه‌ش به‌م جۆره‌ ڕوو ده‌دا كه‌ زمانی فاخیر و زمانی سەقیلی شێعری لە شێعر داده‌ماڵێ. به‌ باوەڕی من هێمن به‌ دەرکردنی “سروە”، توانی زمانی کوردی به‌رێتە نێو تەواوی ماڵەكانی کوردستانەوە. ئەوە بزووتنەوەیەک بوو، شۆڕشێك بوو كه‌ دەکرێ بڵێین ته‌واوی ئەو کەسانه‌ی کە دواجار په‌یوەست بەم جەریانه‌ بوون، لە قوتابخانەی “سروە”دا پەروه‌ردە بوون.

بە باوەڕی من زمان سەرەکیترین توخمی پێناسه‌ی نەتەوه‌ییه‌، بۆیه‌ ده‌بێ وه‌ك سیاسیترینیش سه‌یری بكه‌ین. هێمن هەر لە سەرەتاوە ئەو ڕێچکەیەی گرتۆتە بەر هەتا ئەو ڕۆژەی سەر دەنێتەوە. واته‌ لە سەرەتای “نیشتمان”ی ژێکافەوە هەتا دەگاتە “سروه”‌، وه‌ك دوامه‌نزڵگەی ئەم ستراتیژییە کە بە باوەڕی من گەورەترین و کاریگەرترین دەوری گێڕا، كه‌ زمانی کوردی بەرێتە نێو ماڵەکانی کوردستان. با ئەوەش بە بوێری بڵێین ئەو کاره‌ی کە هێمن کردی، بناغەی ئەو کارەی کە هێمن دایڕشت – له‌ كه‌وانه‌دا دیارە نابێ لە هاوکاریی ئەو هاوڕێیانەی کە لەگەڵی بوون و بەتایبەتی دواتر مامۆستا ئه‌حمەد قازیی نەمر کە ئەو ئەرکه‌ی وەئەستۆ گرت چاوپۆشی بكه‌ین – ئەو کاره‌ی کە هێمن له‌ “سروە” کردی واته‌ پەروه‌ردەکردن و فێرکردن و بارهێنانی جیله‌كان، بێوێنه‌ بوو. هه‌ر ئێستا من هەر لەم وێبینارەی خۆماندا دوو سێ کەسی پەروەرده‌ی ئەم سیستمه‌ ده‌بینم، کە دواجار بوون بە قەڵه‌می جیددی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و، بوون بە ڕێفڕێنس و سەرچاوە. دەکرێ بڵێیم ئه‌وانه‌ ئەگەر غەدرم نەکردبێ بە شێوەیەک لە شێوەکان بەرهەمی پەروه‌ردە لە “سروە”دا بوون و بابه‌تەکانیان سەرەتا لە “سروە”دا سه‌ریان هه‌ڵدا و دواتر وردە وردە بەرەو پێكهاته‌یه‌كی چوارچێوەدارتر و بەرەو شێوازێکی مێتۆدۆلۆژیکتردا ڕۆیشتن، بەڵام لە هەمووی ئەوانەدا “سروە”یە کە دەوری پەروه‌ردە دەگێڕێ.

ئەوە ڕاستە کە هێمن لە ماوەی هەمووی ئەو ساڵانەدا له‌ زمان وەک کەرەسەیەک بۆ دەربڕینی باوەڕەکانی، بۆ دەربڕینی شیعر، بۆ دەربڕینی بابەتە ئەدەبییەکانی کەلکی لێ وەرگرت، بەڵام بە باوەڕی من کارکردی سەرەکیی ئەم کەرەسە په‌یوەندییە بۆ هێمن سەلماندنی بوونی ئەو گەلە بوو کە بە قەولی خۆی “حاشا ده‌كه‌ن لێی و هه‌شه‌.”

لە “سروە”ی ژمارە سێ و چواردا بابەتێک بڵاو دەکاتەوە بە ناوی: “زمانی یەکگرتووی ئەدەبی”، کە دواتر من لەگەڵ دۆستان قسەم کرد گوتیان، مامۆستا هێمن بۆخۆی دواجار ئه‌م بابه‌ته‌ی ئێدیت کردووە. (هه‌رواشه‌ چون شێوازی په‌خشانه‌كه‌ و كرۆكیی بۆچوونه‌كان سه‌لمێنه‌ری قه‌ڵه‌می مامۆستا هێمنن). وتارێکی دوورودرێژ كه‌ له‌ دوو ژمارەدا بڵاوە دەبێتەوە كه‌ من وەک “مانیفێستی مامۆستا هێمن” سەیری دەکەم، مانیفێستێک بۆ زمان، بۆ زمانێک کە مەبەستێتی ئەو زمانە بگوازرێتەوە بۆ تەواوی کوردستان و تەنانەت پەلکێشی دەکا بۆ کوردەکانی خۆراسان کە لە درێژەی قسەکانم‌دا باس دەکەم کە چۆناوچۆن بەو شێوازە مەبەستی بووه‌ کە زمان وەکوو ڕوحی نەتەوەیی بکا بە بەری ئەو لەشەی کە لە کوردستانی ئێران و لە شوێنەکانی دیکە کە کورد تێیدا په‌راكه‌نده‌یه‌، ئەو ڕوحە بخاتە ئەم لەشەوە.

له‌ وتاره‌كه‌دا هێمن ده‌ڵێ: “زمانەکەمان هەروەک نەتەوەکەمان زۆر هەژارە، وە هەتا بڵێی لەدواوەیە، ئاخر کوا خزمەتی کراوە، کوا بایەخی بۆ داندراوە، کوا بە زمانیان زانیوە، ئەگەر نەتەوەکانی دیکە بێجگە لەوانه‌ی کە ژێرچەپۆکە بوون و هەن دەیان و سەدان ساڵ خزمەتیان بە زمانەکەیان کردووە و شێعر و چیرۆک و پەخشان و بابه‌ته‌ زانستی و فەرهەنگییه‌کانیان پێ نووسیوە، کەنگێ و لە کوێ بۆ بووژانەوەی زمانی کوردی هەوڵ دراوە. زمانی کوردی نەک هەر خزمەتی پێ نەکراوە و بەرەو تەکامول نەڕۆیشتووە، بەڵکوو بەرەو فەوتانیش چووە”.

ئەم وتانه‌ لە سەردەمێکدا دەنووسرێ کە “سروە”ی ژمارە سێ و ژمارە چوار دەردەچێ. هەستیار بوونی ئەو قۆناغە زەمەنییەی کە بزووتنەوەی کوردی لە شەڕێکی ڕاستەوخۆدایە لەگەڵ ده‌سه‌ڵاتی کۆماری ئیسلامی و، دەربڕینی ئەم قسانە لە لایەن مامۆستا هێمنەوە زۆر زۆر سەرنجڕاکێشە. وتاری زمانی یەکگرتووی ئەدەبی زۆر دوورودرێژە و بێگومان دەرفەتی خوێندنەوەی لێره‌ نییە، بەڵام وەک عەرزم کردن لەم مانیفێسته‌دا چەند کلیل وشەیەکم لێ هەڵکڕاندووە کە پێم خۆشە سووکەلەنگەرێکی لەسەر بگرم:

مامۆستا هێمن لەم بابەتەدا باس لە “زمان و دەسەڵاتی سیاسی” دەکا. ئه‌مه‌ یه‌كێك له‌ چه‌مكه‌كانه‌. باس له‌ “وڵاتێکی فرەنەتەوە” و “زمان گەلی جیاواز” ده‌كا كه‌ ئەو ڕێک بەپێچەوانەی خوێندنەوەی ڕەسمی کۆماری ئیسلامی و تەنانەت ڕێژیمی پاشایەتییە کە باوەڕیان بە یەک زمان، یەک نەته‌وە و یەک میللەت هەبوو.

ئەوانەی لەژێر دەسەڵاتی دیکتاتۆریدا، لەژێر دەسەڵاتی زەبروزەنگی سانسۆڕدا کاری ڕۆژنامەگەریان کردووه‌، زۆر جاران زیرەکانە هێندێک شت دەدەنە دەرێ، بۆ ئەوەی کە خوێنەران بۆشاییەکانی ئەو بابەته‌ی کە نووسەر نووسیوێتی پڕی كه‌نه‌وه‌، یان بیاندۆزنەوە یان دێکۆدەیان بکه‌ن، ڕێك ئه‌و كاره‌ی هێمن لێره‌دا بوێرانه‌ ده‌یكا!

بۆیە دەکرێ لەو وتارەی هێمن ئەم کۆدانەی لێ هه‌ڵێنجی کە نەتەوەیەی كورد زمانەکه‌ی خەریکە بەرەو فەوتان دەچێ، دەسەڵاتی سیاسی خەریکە زمانەکه‌ی لەنێو بەرێ و زۆر زیرەکانە ئاماژە بەوانه‌ دەکا.

(بەشی دووهەم و کۆتایی ئەم وتارە لە ژمارەی داهاتووی “کوردستان”دا بخوێننەوە).

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*