مستەفا مەولوودی: هەڵبژاردنەکان لە ئێران نە ئازاد و دێموکراتیکن، نە هیچ کاریگەرییەکی ئەرێنییان دەستەبەری ماف و ئازادییەکانی خەڵکی ئێران هەیە

دیمانە: عەلی بداغی

ئاماژە: ڕەوتی ڕووداوەکان لە کوردستان، ئێران و جیهان تیژپەڕن و کاریگەریی خۆیان لەسەر کۆمەڵگە بەجێ دێڵن. لەو ماوەیەدا کۆمەڵگەی جیهانی جارێکی دیکە بە پرسی ئەتومی و مووشەکیی ئێرانەوە مەشغوولە و هەوڵی بووژاندنەوەی بەرجام دەدرێ. لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست شەڕی حەماس و ئیسڕائیل دەستی پێ کردووەتەوە، ئێران بەرەو هەڵبژاردن دەچێ و کۆرۆنا و قەیرانە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان تەنگیان بە خەڵک هەڵچنیوە. “کوردستان” بۆ تاوتوێی ئەو بابەتانە دیمانەیەکی لەگەڵ کاک مستەفا مەولوودی، جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان پێک هێناوە.

 

 

بەڕێز کاک مستەفا لە ئاڵوگۆڕە نێودەوڵەتییەکانەوە دەست پێ دەکەین. هێزەکانی هاوپەیمانان بڕیاریان داوە لە ئەفغانستان دەکشێنەوە و بینیمان کە بەشێک لەوان سووریەیان بەجێ هێشت. پێتان وایە ئەوە نیشانەی لە بایەخ کەوتنی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە بۆ وڵاتانی ڕۆژاوایی؟ یان ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە قۆناغی نوێ لە ململانێیەکاندا تێ دەپەڕێ؟

ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ناوچەیەکی ئاڵۆزە و پێک هاتووە لە نەتەوە، ئایین، مەزهەب، فەرهەنگ و کولتووری جۆراوجۆر  و خاوەنی ژێئۆجوغرافیا و ژێئۆپۆلۆتیکی تایبەت بە خۆیەتی و دەوڵەمەندە بە کانگای ژێرزەویی جۆرراوجۆری وەک نەوت و زێر و ئاو و گاز و شتی تریش. ئەوە بووەتە هۆی ململانێ و حزووری هێزە دەرکییەکان بە تایبەت زلهێزەکان و ڕاستەخۆ و ناڕاستەوخۆ  دەستیان هەیە لە کێشە و ئاڵۆزییە سیاسی و حقووقییەکان و ڕکەبەری و ململانێ لە بواری ئابووریشەوە.

پێشێلکردنی مافەکانی گەلانی ناوچەکە لەلایەن دەوڵەتەکانیانەوە بە پشتیوانیی زلهێزەکانی خاوەن بەرژەوەندی و نەبوونی دێموکراسی و حکوومەتی گەلی و نەتەوەیی کێشەکانی لە ناوچەدا هێندەی دیکەش ئاڵۆزتر کردووە. هەربۆیە لە دێر زەمانەوە تا ئەمڕۆ زۆربەی گەلانی ئەم ناوچەیە ڕووی ئاسوودەییان بەخۆیانەوە نەدیوە و کێشەکان هەروا بەردەوامن و هەر ڕۆژە بە شێوەیەک لە شوێنێک سەر هەڵدەدەنەوە کە ئەوەش ڕێگەی بۆ دەستێوەردانی وڵاتانی زلهێز و خاوەن بەرژەوەندی خۆشتر کردووە و تەنانەت ڕەواییەتی بەو دستێوەردانەش داوە.

 

یانی پێتان‌وایە ئەم حزوور و دەستێوەردانە لە قازانجی خەڵکی ئەم وڵاتانە بوون؟

ئەمن پێم‌وایە بوونی ئەو هێزانە و هاتن و دەستێوەردانەکانی بەشێک لە زلهێزەکان هەمووشی هەر بە زیانی گەلان لە ناوچەکەدا نەبووە،  بەڵکوو هێندێک جاریش یارمەتیدەر بوون بۆ بزووتنەوەی ئازادیخوازی و بەگژداچوونەوەی دیکتاتۆری لە ناوچەدا. بۆ نموونە هاتنی لەشکری سوور بۆ ئێران و پشتیوانیی سۆڤییەت لە دوو کۆماری کوردستان و ئازەربایجان، هاتنی هاوپەیمانان بۆ ئەفغانستان و دوورخستنەوەی تاڵیبان و دواجار ڕووخاندنی حکوومەتی بەعسی عێراق. بۆیە ئەگەر ئێستاش دەسەڵاتدارانی ئەفغانستان بەشێویەکی دروست دەوڵەتداری بکەن و لە هەموو زەرفییەتەکان سوود وەربگرن، بوون و مانەوەی هێزەکانی بێگانە بە قازانجی سەقامگیری و دێموکراسی خەڵکی ئەو وڵاتەیە.

 

بەڵام ئێستا باس لە کشانەوە لە ئەفغانستان دەکرێ.

لە لێدوان و قسەکردنی بەرپرسانی مەیدانیی هاوپەیمانان لەو ناوچەیە دەردەکەوێ کە هێزەکانی هاوپەیمانان لە ناوچە (ئەفغانستان-سووریە-عێراق) بە تەواوی ناکشێنەوە، بەڵکوو فۆڕم و جۆری مەئموورییەت و چەندوچۆنیی مانەوەیان لەو ناوچەکەدا دەگۆڕن. بۆیە پێچەوانەی بۆچوونی جەنابت لە پرسیاری سەرەتادا، بە بڕوای من، یەکەم، ئێستاش ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بایەخی ژێئۆپۆلۆتیک و ژێئۆستراتیژی خۆی لەدەست نەداوە. دووهەم ناوچەیەکی دەوڵەمەندە و ئەوە ئەگەر وەک ڕابردووش نەبێ، چاوی تەماحی وڵاتانی هەر بەسەرەوەیە. هاوکات کێشەکانی ناوچەکەش چارەسەر نەکراون و هەروک خۆیان ماونەتەوە و بگرە هێندێکیان ئاڵۆزتریش بوون. سێهەم، گەلانی ناوچەکە بە مافە سیاسی، نەتەوەیی و کۆمەڵایەتییەکانیان نەگەیشتوون، حکوومەتی گەلی و دێموکراتیک نەهاتوونەتە ئاراوە و زۆر لە گەلانی ناوچەکە خاوەنی ماف و دەسەڵاتی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیی خۆیان نین. بۆیە ئەو ناوچەیە لە بایەخ نەکەوتووە هیچ، بەڵکوو ئێستاش لە ڕابردوو زیاتر پێویستی بە چاودێری هاوپەیمانیی بەرپرس هەیە. پێویستە کار بکرێ بۆ کەمکردنەوەی کێشە و ئاڵۆزییەکان چونکە ئەگەر ناوچەکە بەو هەموو کێشە و ئاڵۆزییەوە بە حاڵی خۆی بەجێ‌بێڵن ئەوە نەک هەر بە زیانی خەڵکی ناوچەکە تەواو دەبێ، بەڵکوو ئاڵۆزی و کێشەکان پەلوپۆ داوێن و ناوچە دوورەکانیش بەهۆی بەرەوپێشچوونی خێرای تێکنۆلۆژی و پێوەندییە ئابووری و بازرگانی و کۆمەڵایەتییەکان دنیای ئەوەندە بچووک کردۆتەوە کە بێگومان ئەو ئاڵۆزییانە وڵاتانی دیکەی جیهانیش دەگرێتەوە، بۆ نموونە سەرهەڵدانی ئەلقاعیدە و داعش لە وڵاتانی جیهاندا.

 

لە ئەگەری کشانەوەی یەکجاری یان شوێندانەری ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان لە ئەفغانستان، چەندە دەور و نەخشی ئێران لە هاوکێشەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەراست زیاتر دەکا؟

لەو ناوچەیەدا دەور و ڕۆڵ و دەستێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە تەواوی ڕوون و بەرچاوە. ئەگەر لە سەرەتای شۆڕشدا کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی باسیان لە ناردنەدەرەوەی شۆڕش (صدور انقلاب) دەکرد کە ئێستا ئاکامی ئەو دروشمە لە وڵاتانی ئەفغانستان، سووریە، بەحرەین، لوبنان، عێراق، سووریە و فەلەستین و هێندێک ولاتی دیکە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دەرکەوتووە؛ کاربەدەستانی ڕێژیم کۆماری ئیسلامی لە ئێستادا بە ئاشکرا دان بەو دەستێوەردانانە دەنێن و بە ستراتیژیی باڵای خۆیانی ناو دەبەن. گەلان و وڵاتانی ناوچەکەش بەو دەستێوەردانانە تووشی کێشە و نائەمنیی زۆر بوون و بەشێک لە ئەرک و مەئموورییەتی هاوپەیمانان بۆ بەرپەرچدانەوەی سیاسەت و پلان و پیلانەکانی کۆماری ئیسلامی لەو ناوچەیە تەرخان کراوە.

کۆماری ئیسلامی وێڕای پێش‌پێگرتن و جڵەوکرانی لەلایەن هاوپەیمانان ئاوا بێشەرمانە خەریکی دەستێوەردان و پیلانگێرییە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، ئەگەر بێت و هاوپەیمانان ناوچەکە بەجێ بێڵن بێگومان مەیدانی تەڕاتێنی کۆماری ئیسلامی لەو ناوچەیە خۆشتر و بەربڵاوتر دەبێ. بۆیە بە بڕوای من لەو حاڵەتەدا ناوچەکە ڕووی ئاسوودەیی و ئارامی بەخۆیەوە نابینێ.

 

ئەو پیلانگێری و دەستێوەردانەی کۆماری ئیسلامی کە باسی دەکەن چۆنە و بە چ شێوەیەکە؟

کۆماری ئیسلامی لە بۆشایی سیاسی – مەزهەبیی گەلان و جیاوازی و جۆراوجۆرییەکان لەو ناوچەیەدا بۆ نانەوەی دووبەرەکی لە نێوان دەوڵەتان و گەلانی ناوچەکە کەلک وەردەگرێ و وا دەکا زیاتر لە ئێستا بەگژ یەکدا بچنەوە و کێشە سیاسی و مەزهەبی و دینی و کۆمەڵایەتییەکان زیاتر قووڵ بکەنەوە. ئەو ڕێژیمە بەهۆی سیاسەتی پیلانگێری و ئاژاوەنانەوە، داهاتی خەڵکی ئێران و ئابووریی ناوچەکەش بۆ بەرژەوەندییەکانی دەخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە و هێز و گرووپ و میلیشای گوێ لە مستی خۆی زیاتر دەکا. بەوەش ئەم ناوچەیە دەکاتە مەیدانی شەڕ و پێکهەڵپڕژانی گەلان و لایەن جۆراوجۆرەکان و ناوچەکە هەروەک وڵاتی ئێران لە هەموو بوارەکاندا بەرەو دواوە دەباتەوە. ئەمە کارنامەی کۆماری ئیسلامی لە چوار دەیەی ڕابردوودا بووە.

 

گەڕی نوێی شەڕی حەماس و ئیسڕائیل چووەتە حەوتووی دووهەم. قائانی، فەرماندەی سپای قودسی کۆماری ئیسلامی و خەڵکی ئێران لە کوێی ئەم شەڕەدا جێ‌دەگرن؟

کۆماری ئیسلامی خۆی بە حکوومەتیكی بەهێزی ناوچەکە دادەنێ و دەیەوێ دەستڕۆیشتوویی و ئۆتۆریتەی خۆی بە دەستێوەردان و ئاژاوەگێڕی و چاوسوورکردنەوە لەم و لەو لە ناوچەکەدا بسەپێنی و لە جیاوازییە نەتەوەیی، دینی و مەزهەبییەکان بە قازانجی شوومی خۆی کەلک وەردەگرێ. ئەو چارەنووسەی کە زیاتر لە حەوتوویەکە خەڵکی نەواری غەززە تێی‌کەوتووە دەتوانێ یەکێک لە هۆیەکانی دەستێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامی بێ لەو ناوچەیە لەنێوان فەلەستین و ئیسڕائیلدا. لە ساڵانی ڕابردوودا چەند دەرفەتێک بۆ ئاشتیی نێوان فەلەستین و ئیسڕائیل هاتنە ئاراوە  تاکوو بەڵکوو بە دیالۆگ کێشەی نێوانیان چارەسەر بکەن و فەلەستینییەکان بە بەشێک لە مافەکانی خۆیان بگەن و ئەوەش بە پشتیوانیی نێودەوڵەتی تا ڕاددەیەکی زۆر پرۆسەکە بەرەوپێش چووبوو کە کۆتاییەکەی بە دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین بە دراوسێیەتیی وڵاتی ئیسڕائیل کۆتایی دەهات، بەڵام دەستێوەردانەکانی ئێران بوون بەهۆی ئەوەی کە ئەم پرسە پەکی بکەوێ و بە چارەسەر نەکراوی بمێنێتەوە و ئاکامەکەی بوو بە ئەم شەڕ و ماڵوێرانییەی کە ئەمڕۆ بە بەرچاوی دنیاوە خەڵکی سڤیل بە مووشەکی ئێرانی و فڕۆکە و بۆمب گیانیان لەدەست دەدەن و وڵات وێرانتر دەکەن.

هەر ئەم دەستێوەردان و پیلانگێڕییەی کۆماری ئیسلامی بوو بەهۆی ئەوەی کە بەهۆی ناکۆکییەکانی لایەنە فەلەستینییەکان، “نەواری غەززە” لە فەلەستین داببڕێ و ڕاپەڕینی (انتفاصە) فەلەستینییەکان لە غەززە دژی ئیسرائیل لە بەردهاویشتنەوە بوو بە مووشەک‌بارانی ئیسرائیل لە لایەن حەماس و کوشتنی خەڵکی سڤیل لە نەواری غەززە کە هەمووان دەزانن و بۆخۆشیان دانیان بەوە داناوە کە مووشەکەکان دروستکراوی کۆماری ئیسلامین و ئەو ڕێژیمە داویەتی بە حەماس. ئەوەش بووەتە هۆی وێرانی و شەڕێکی گەورەی مووشەکی و پێکهەڵپڕژانی دوو گەلی ئیسرائیل و فەلەستین. کۆماری ئیسلامی لە پێناو تێکدانی پرۆسەی ئاشتی ئەو دوو گەلەدا بە میلیارد دۆلاری خەرج کردووە و بەجیی یارمەتییە ئینسانی و خۆراکی و دەرمانییەکان موووشەک و چەک و تەقەمەنی بۆ یەکێک لە لایەنەکان بەڕێ دەکا و ڕۆژبەڕۆژ ئاگری شەڕ و دووبەرەکی لەو ناوچەیە زیاتر پەرە پێ دەدا. کۆماری ئیسلامی هاوکات لەو شەڕ و پێکدادانانە بۆ هەندێ مەرامی سەربازیی خۆیشی کەڵک وەردەگرێ، ئەویش تاقیکردنەوەی مووشەک و کەرەستەکانی دیکەی شەڕ کە دەبێ لە شوێنێک تاقییان بکاتەوە.

 

کەواتە زەرەرمەندی ئەسڵیی دەستێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامی خەڵکی فەلەستینن؟

دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران کە ئەو بە یارمەتی ناوی دەبا نەک هەر هیچ سوودیکی بۆ فەلەستینییەکان نەبووە بەڵکوو بۆتە هۆی ماڵوێرانی خەڵکی فەلەستین و لە لایەکی دیکەوە هەژاری و برسیەتی هەرچی زیاتری خەڵکی ئێرانیش.

گەلانی ئێران لەم پێوەندییەدا بێجگە لە برسیەتی و نەهامەتی لە هیچ شوێنیکی ئەو کێشەیەدا نین. کۆماری ئیسلامی بە هاوکارییە سەربازییەکانی بە گرووپەکانی وەک حەماس و جیهادی ئیسلامی لەگەڵ ئەوەی بووەتە هۆی ئاڵۆزکردنی پتری ناوچەکە و بەدیاری هێنانی بەدبەختی و چارڕەشی بۆ دانیشتووانی ئەو ناوچەیە، لە لایەکی دیکەشەوە بووەتە هۆی بێ‌ئێعتبار کردنی ئێران و قووڵکردنەوەی ناکۆکی لە نێوان خەڵکی ئێران و گەلانی دیکەی ناوچەکە.

 

کاک مستەفا بێینە سەر باسەکانی نێوخۆی ئێران. ئێران بەرەوە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک‌کۆماری و شوڕاکان دەچێ، دوای ئەزموونی چوار دەیە لە هەڵبژارن لە ئێران هەڵبژاردن لەو وڵاتە چ مانایەکی هەیە؟

هەڵبژاردن لە ئێراندا هەڵبژاردنێکی ڕواڵەتییە. بەپێی یاسای هەڵبژاردنی کۆماری ئیسلامی و ئەو چوارچێوە و ڕێوشوێنە کە بۆیان دیاری کردوە، هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بەڕێوە دەچێ و ڕێژیمیش پروپاگەندەی زۆری پێوە دەکا و مانۆڕی پێ لێ دەدا. بەڵام ئەزموونی بە ڕواڵەت هەڵبژاردنەکانی ئێران لە ماوەی چوار دەیەدا بۆ ئێمە و خەڵکی ئێران و خەڵکی شارەزا لەم بوارەدا دەرکەوتووە کە هەڵبژاردنەکان لە ئێران نە یاسایین، نە ئازاد و دێموکراتیک و خەڵکین و نە هیچ شوێندانەری و کاریگەرییەکی ئەرێنییان لەسەر بەرەوپێشچوون و خۆشبژیویی خەڵکی ئێران هەیە. هەڵبژاردن تەنیا سێناریۆیەکە کە بە بڕیاری کۆمەڵێک کاربەدەستی ڕێژیم بەڕێوە دەچێ بۆ ئەوەی خەڵک بێننە سەر سندووقەکانی دەنگدان ئەویش بۆ ڕێکلام و ڕەواییدان و شەڕعییەتدان بە دەسەڵاتی دژی گەلیی خۆیان.

بەپێی یاسای کۆماری ئیسلامی، کەسێک کە خۆی بۆ سەرۆک‌کۆمار بەربژێر دەکا هیچ حیزب و هێزێکی نییە هەتا ئەو بەڵێنانەی کە بە خەڵکی دەدا جێبەجێی بکا و ناچارە هەر لە چوارچێوەی ئەو ڕێوشوێنانەدا کار بکا کە بەپێی قانوون و یاسای ڕێبەر بۆی دیاری دەکرێن. لە هەڵبژاردنەکانی پێشوودا دیتمان کە محەممەد خاتەمی چەند بەڵێنی بە خەڵک دان بەڵام نەیتوانی جێبەجێیان بکا و دواجار لە لێدوانێکدا گوتی: “سەرۆک‌کۆمار لە ئێران لە تەداروکچییەک بەولا زیاتر نییە.” هەربۆیە لە سەرەتاوە تا ئێستا هەڵبژاردن لە ئێران بێجگە لە شانۆگەری و  شەرعییەت وەرگرتن لە خەڵک بۆ کۆماری ئیسلامی و ڕاگرتنی وەزعی مەوجوود هیچی دیکەی بۆ خەڵکی ئێران پێ نەبووە.

 

حیزبی دێموکراتی کوردستان وەک ئەندامێکی ناوەندی هاوکاری ئەم هەڵبژاردنەی بایکۆت کردووە. بەشداری یان بایکۆت چۆن و چەندە دەتوانێ کاریگەریی لەسەر ڕەوتی گۆڕانکارییە سیاسییەکان هەبێ؟

حیزبی دێموکراتی کوردستان هەر لە سەرەتاوە “نا”ی بە کۆماری ئیسلامی گوتووە و بێجگە لە یەک دوو هەڵبژاردن، هەڵبژاردنەکانی دیکەی هەموو بایکۆت کردووە، لەبەر ئەوەی کە پێی وابووە بە هەڵبژاردنی ئەو بەربژێرانەی کە لە پاڵوینەی شوڕای نیگابان و ڕێبەریی کۆماری ئیسلامی ڕەت دەبن، ناتوانن و ناشیانەوی هیچ گۆڕانکارییەک بە قازانجی گەلانی ئێران بکەن. ڕەفتاری خەڵکی ئێران بە هەڵبژاردنەکانیش تەواو سیاسی بووە. زۆرجار خەڵکی ئێران خوێندنەوەیەکی دیکەیان بۆ هەڵبژاردنی بەربژیرێکی بۆ نموونە وەک محەممەد خاتەمی کردووە و پێیان‌وابوە کە بە هەڵبژاردنی ناوبراو دەتوانن گۆڕانکاری دروست بکەن و حیزبی دێموکراتیش داوای بایکۆت‌کردنی لە خەڵک نەکردووە و ئەو ڕیگایەشی تاقی کردۆتەوە، یان هێندێک جار هەڵبژاردنی ئەندامانی پارلەمان و شوڕاکانی لە هەڵبژاردنی سەرۆک‌کۆماری جیاکردۆتەوە و پێی وابووە کە هێندێک لە بەربژێرەکانی شوڕاکان یا پارلەمان دەتوانن بە جۆرێک خزمەتێک بە خەڵکی ناوچەکەی خۆیان بکەن و نەهامەتییەکانی خەڵکی ناوچەکەی خۆیان لە کۆبوونەوە جۆراوجۆرەکاندا بێننە بەرباس. جاری وا هەبووە کە چوونی خەڵک بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان، بۆ نووسینی دەنگی “نا” بووە بە کۆماری ئیسلامی و ئەوەش ڕێگایەک بووە بۆ دژایەتیی ڕێژیم و جۆرێک بووە لە خەباتی مەدەنی یان بە دەنگدان بە کەسێک کە ڕکەبەری بەربژێرێکی نزیکتر یا ئاڵقەبەگوێی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی بووە و ڕێژیم خۆی ویستوویەتی بێتە سەر کار. بۆ نموونە ئەوە لە هەڵبژاردنی بەربژێرەکانی وەک مەحموود ئەحمەدی نژاد و مەهدیی کەڕوبی و میرحوسێن مووسەوی بە ئاشکرا دیار بوو و کێشە و خۆپێشاندانی گەورەشی لێ ساز بوو.

بەڵام ئەزموونی ئەو هەڵبژاردنانە لە ئێراندا پێمان دەڵێ کە هەڵبژاردن لەو نیزامەی ئێستادا هیچ سوودێکی بۆ خەڵک نییە و تەنیا دەسکەوتێکی تەبلیغاتییە بۆ ڕێژیم و هەر بۆیە حیزبی ئێمە و “ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران” ئەو هەڵبژاردنەیان بایکۆت کردووە. هیوادارم گەلانی ئێران بە گشتی و گەلی کورد بە تایبەتی بە پیل ئەو بانگەوازەی ناوەندی هاوکاری و ئەو حیزب و لایەن و کەسایەتییانەوە بێن کە شانۆگەریی هەڵبژاردنەکانیان بایکۆت کردووە بۆ ئەوەی مەیدانی مانۆڕ لە ڕێژیم بەرتەسک بکەنەوە و ئەو کارتەش لە دەست کاربەدەستانی ڕێژیم دەربێنن.

 

ئەگەر بەشداریی خەڵک بە بنەما بۆ شەرعییەتی سیاسی دابنێین، ڕێژیمی ئێران لە هەڵبژاردنەکانی پێشووی مەجلیس‌دا ئاستی کەمتر لە سەتا ٤٠یشی ئەزموون کرد و شتێکی ئەوتۆ ڕووی نەدا. لەوانەیە ئەمجار کەمتریش بێ، کەواتە ئاستی بەشداری دەکرێ چ خوێندنەوەیەکی بۆ بکرێ؟

مەشرووعییەتی نیزامی سیاسی بەپێی یاسای هەر وڵاتێک کۆمەڵێک ڕێسا و ڕێوشوێنی یاسایی و پێوانەی تایبەت بەخۆی هەیە بۆ ئەوەی دەرکەوێ کە ئەو نیزامە خاوەن شەرعییەتە یان نا. بۆ ئەوەش هەڵبژاردن و دەنگی خەڵک و بەشداریی خەڵک یەکێکن لە پێوانەکان. کردەوە و هەڵسوکەوتی نیزامیش کاریگەرییان لەسەر ئەم مەسەلەیە هەیە. کۆماری ئیسلامی بێ ئەوەی خەڵک بچن یا نەچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان مەشرووعییەتی نییە و تەنیا لە ڕێگەی سەرکوت و زەبروزەنگەوە مەشرووعییەتی بەخۆی بەخشیوە و خۆی بەسەر خەڵکدا سەپاندووە.

بەپێی قانوونی بنەڕەتی، نیزامی ئێران نیزامی هەموو دانیشتووانی ئەو وڵاتە نییە، بە زۆر بیانووی دینی، مەزهەبی، سیاسی و نەتەوەیی خەڵکی لە زۆر ماف بێبەش کردووە و  زۆر شتی لێ قەدەغە کراوە، کەوایە هەر بەپێی ئەو یاسا و ڕێسایانە ڕێژیم ڕەواییەتی خەڵکی ئێرانی لە پشت نییە. دەسەڵاتی تاکەکەس واتە ڕێبەر هەر سێ دەسەڵاتی یاسادانان، جێبەجێ‌کردن و دادوەری خستۆتە ژێر چنگی خۆی و سەڵاحییەت و مەشرووعییەتی هەموویانیشی خستۆتە ژێر پرسیار. جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و ڕۆڵ و دەوریان بۆ پاراستنی مافی خەڵک و کار و ژیان و، دیفاع لە مافەکانیان ناتەبایە لەگەڵ نیزامی حقووقی و خەڵک‌پەسەند کە یەک کەس لەم وڵاتەدا بە ناوی ڕێبەر هەموو دەسەڵاتەکان بکاتە پاوانی خۆی و، بە حوکمێک بتوانێ هەر کام لە یاساکان ڕابگرێ، هەڵی وەشێنێتەوە یان پەکی بخا. هەر بەم هۆیانە چوونی خەڵک بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان تەنیا ڕەواییدانی ڕواڵەتییە بەو ڕێژیمە و هیچی‌تر.

شانۆگەریی هەڵبژاردانەکان لە ئێراندا هەر جارە بە مەرامێک سوودی لێ وەرگیراوە. ئەمجارەیان بەپێی ڕاپرسی و پێشبینییەکان خەڵکێکی زۆر کەم بەشداری لە هەڵبژاردندا دەکەن و ڕەنگە ڕێژیم بۆ نەچوونی خەڵک بۆ سەر سندووقەکان بیانووی پەتای کۆرۆناش بێنێتەوە. بەمجۆرە ڕێژیم کەسێکی جێگەی پەسەندی خۆیان لە سندووقەکان دەردەکێشێتە دەرێ و دەیکاتە سەرۆک‌کۆمار و بیروڕای گشتیی پێ چەواشە دەکا.

 

مستەفا تاج‌زادە یەکێک لە بەربژێرەکانە کە دیارە تا ئێستا دیار نییە شیاوییەکەی قبووڵ دەکرێ یان نا. ئەو وەک بەربژێرێکی سەرۆک کۆماری بۆ دەرچوون لە قەیرانەکان داوای پێداچوونەوەی بە یاسای بنەڕەتی ئێراندا دەکا. بە فەڕزی مەحاڵ و بەپیی یاسای بنەڕەتیی ئێستا، خۆ ئەگەر ئەو ببێتە سەر کۆمار و خۆ ئەگەر ئەو بڕیارەش بدرێ، ئەمە چ گۆڕانکارییەکی لێ دەکەوێتەوە؟

مستەفا تاج‌زادە لەبەر ئەوەی کە بەهۆکاری ئەمنییەتی لە ئێران زیندانی کراوە ڕەنگە هەر ئەوە وەک بەڵگەیەیەک بۆ ڕەتکردنەوەی سەڵاحییەتەکەی بەکار بێنن. لە فەڕزی مەحاڵدا دەڵێن فەڕزی مەحاڵ مەحاڵ نییە، من پێم‌وانیە مستەفا تاج‌زادە دەنگ بێنێتەوە و ڕێبەری کۆماری ئیسلامی و ڕێژیمەکەی ڕێگە نادەن لە ئێستادا کەسێکی ئاوا ببێتە سەرۆککۆماری ئێران. ئەگەر دیسانیش بڵیین فەڕزی مەحاڵ مەحاڵ نییە و وەک محەممەدی خاتەمی مستەفا تاج‌زادە ببێتە سەرۆک کۆماریش هیچی لە دەست نایە و هەر دەبێ گوێڕایەڵی عەلی خامنەیی و لەژێر هەیمەنەی سپای پاسداران‌دا بێ و وەک ئەوانی‌تر دارولەلەی بۆ دیاری دەکەن. ناوبراو لە کاتی خۆ بەربژێرکردنی باسی لە گۆڕینی یاسای بنەڕەتی ئێران کرد بەڵام ئەگەر ناوبراو ببێتە سەرۆک‌کۆمار ناتوانێ نەک هەر لە یاسای ئێراندا بەڵکوو لەو نیزامەدا هیچ گۆرانکارییەک پێک‌بێنێ. من پێم‌وانییە کە کەسێکی وەک تاچ‌زادە بکرێتە سەرۆک‌کۆماری ئێران. ئەوە تەنیا خەون و خەیاڵی تاج‌زادەیە و تەنانەت بووەتە هۆی ئەوەی کە ڕێژیم تەبلیغیشی پێوە بکا و بە چەواشەکردنی بیروڕای گشتی بڵێ لە نیزامی کۆماری ئیسلامیدا کەسانی دژبەری نیزامیش دەتوانن خۆیان بەربژێر بکەن و تەندووری هەڵبژاردنەکانی پێ گەرمتر بکەن و هیچی‌تر.

دەنا بەر فەڕزی مەحاڵ ئەگەر هەر ئێستا خامنەیی بەوەش ڕازی بێ، دەی بەپێی قانوون بۆ گۆڕانکاری و پێداچوونەوە بە قانوونی ئەساسی هەیئەتێک پێویستە. ئەم هەیئەتە بریتین لە شووڕای نیگابان کە هەر دوازدە ئەندامەکەی لەلایەن ڕێبەرەوە دیاری کراون، سەرۆکی سێ دەزگای سەرەکیی وڵات کە ڕوونە یەکیان ڕاستەوخۆ  دوو دانەکەی دیکەش ناڕاستەوخۆ ڕێبەری دیاری کردوون، ئەندامانی هەمیشەیی کۆڕی دیاریکردنی بەرژوەندییەکانی نیزام کە هەرهەموویان ڕێبەر دایناون، پێنج کەس لە ئەندامانی مەجلیسی خیبرەگان، دە کەس بە هەڵبژاردنی ڕێبەر، سێ کەس لە کابینەی دەوڵەت، ٧ کەس لە دەزگای داد، دە کەس لە نوێنەرانی مەجلیس و سێ مامۆستای زانکۆ. ئەوە گریمان ئەو هەیئەتەش پێک‌هات، دەی سروشتییە کە ئینتیما و ئاراستەی ئەو هەیئەتە چی دەبێ و خەڵک لە هیچ کوێی ئەو پێکهاتەیە و هاوکێشەیەدا نییە. بۆیە بە فەڕزی مەحاڵیش ئەگەر ئەو بڕیارەش بچێتە بواری جێبەجێ‌کردن هیچ شتێکی بە قازانجی خەڵک لێ ناکەوێتەوە.

 

کۆمەڵگەی ئێران هەتا وەرزی زستانی دوو ساڵ لەمەوبەر قۆناغێکی زۆر تایبەتی لە ناڕەزایەتی دەربڕینیەکان ئەزموون کرد کە بەشداریی کەمی خەڵک لە هەڵبژاردنەکانی مەجلیس دەتوانێ یەکێک لە دەرکەوتەکانی بێ، بەڵام دواتر سەرەرای بارودۆخی نالەباری خەڵک هەست بە داکشانی ناڕەزایەتییەکان دەکرێ، ئایا کۆرۆنا هۆکار بوو یان هۆکاری دیکەی لە پشتە؟

بۆ گردبوونەوە و ناڕەزایەتی‌دەربڕینی خەڵک ڕێوشوێنێکی ئەمنییەتی توند گیراوەتە بەر و کۆرۆناش یەکێک لە هۆکارەکان بووە کە ڕێژیم سوودی زۆری لێ بینیوە. بەڵام بێ ئەوەش چۆنیەتیی کۆنتڕۆڵ‌کردنی خەڵک  و سەرکوت و گوشاری لەڕادەبەدەر بڕستی لە خەڵک بڕیوە و هەر خۆپێشاندانێک بە هەر مەبەستێک و بۆ هەر داواکارییەک لەگەڵ کوشتن و سەرکوت بەرەوڕوو بووە. جیا لەوانەش برسیەتی، هەژاری و بێکاری یەکێکی دیکە بوون لە هۆیەکانی کەمبوونەوەی ناڕەزایەتییەکان و لە کاتی برسیەتیدا خەڵک زیاتر بە دوای نان‌دا دەگەڕی تا ئەوەی بە دوای ئازادیدا بگەڕێ و زۆرتر بیر لە تێرکردنی زگی منداڵەکانیان دەکەنەوە. بەڵام سەرەرای هەمووی ئەوانەش خەڵك بێدەنگ نەبووە و  هیچکات نەیانهێشتوە ڕێژیم بێ خەیاڵ بێ و ڕۆژ نییە لە شار و شارۆچکەکانی ئێران بەجۆرێک خەڵک خۆی نیشان نەدا و ناڕەزایەتی دەرنەبڕێ. ڕاستە خۆپێشاندانەکان سەرانسەری و گەورە نین، بەڵام هەمیشە هەر بەردەوامن و زیندانەکانی ڕێژیم و ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ باشترین شاهیدی ئەم ناڕەزایەتییانەن.

هەمووی ئەو نەهامەتیانە بوونەتە ڕقێکی پەنگ‌خواردوو لە سینگی خەڵکدا و هیچ دوور نییە خەڵک ڕۆژێک هەموو پێکەوە بڕژێنە سەر شەقامەکان و تەخت و بەختی ڕێژیم تێکەوەپێچن.

 

پێگەی پرسی مافخوازیی خەڵک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا چۆن دەبینن؟

پرسی نەتەوەیی و مافخوازیی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئێستا بە پرسێکی لەسەر هەست و دیار و شوناسخوازیی سیاسی و کوردانە دەبینم. دیارە ئەوە هەر هی ئەمڕۆ و تازە نییە، ئەگەر ئاوڕێک لە مێژوو بدەینەوە، لە هەر دەرفەتێک کە هاتووەتە ئاراوە ئەو پرسە بەربلاوتر و زەقتر خۆی دەرخستووە و خەڵکی کوردستان لەم پێناوەدا تێچوویەکی زۆری گیانی و ماڵی‌یان داوە. ئەوەی کە ئێستا دەیبینین بەرهەمی خەبات و تێکۆشانی خەڵکی کوردستانە بۆ وەدەستهێنانی مافە نەتەوایەتی و سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانیان. خەباتی جۆراوجۆری چەکداری، مەدەنی، سیاسی، ژینگەپارێزی، کولتووری و فەرهەنگی هەمووی هەر لە پێناو ئامانجێک‌دایە کە ئەویش پرسی شوناسخوازی و دابینکردنی مافی نەتەوایەتییە و من خەباتی فرەڕەهەندی گەلەکەمان بە شوێندانەر دەبینم. کۆی ئەم شیوە خەباتانە دەری خستووە کە خەڵکی کوردستان چەندە لەسەر هەستە و چەندە لەبەرانبەر مافە پێشێلکراوەکانیدا هەست بە بەرپرسایەتی دەکا. خەباتی گەلی کورد لە ئێراندا لەچاو باقی ناوچەکانی ئێران جێگە و پێگەیەکی جیاواز و دیار و بەرچاوی هەیە و لە زۆر کات و بواردا ڕێژیمی توششی شکست و بەرگژەی توند کردووە و کاربەدەستانی ڕێژیم بە نیگەرانییەوە سەیری بەرهەڵستکاری و خەباتی گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا دەکەن.

 

لەو ماوەیەدا لە دوو شاری کوردستان کۆمەڵێک کردەوەی توندڕۆی لایەنێکی ئیسلامی بیندران. حیزبی دێموکرات چۆن لەو دیاردەیە دەروانێ؟

باوەڕی ئایینی لەنێو موسڵمانان و پێڕەوانی هەر ئاینێک پیرۆزیی تایبەت بەخۆی هەیە. حیزبی دێموکراتی کوردستان وەک حیزبێکی دێموکرات و مافخواز ئەم واقعییەتە دەبینێ و ڕێز لە هەموو ئایین و پێڕەوانی بیروباوەڕەکان بە ئیسلامی و غەیرە ئیسلامییەوە دەگرێ. هەڵبژاردنی هەر بیروباوەڕێک بۆ هەر تاکێک بە ڕەوا دەزانێ و عیبادەت و خواپەرەستیش یەکێکە لەوان. هەر ئایینێک ڕێزی لێ دەگیرێ بەو شەرتەی کە بە زۆر و لە ڕێگەی کوشتن و هەڕەشە و تۆقاندنەوە بەسەر خەڵکدا نەسەپێندرێ، ئازادییەکانی خەڵکی دیکە پێشێل نەکا و نەبێتە هۆی کێشە و ئاڵۆزی و تێکدانی کۆمەڵگە و پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و ڕیزەکانی گەل تێک نەدا.

کۆمەڵی کوردەواری خاوەنی ئایین و بیروڕای جۆراوجۆرە و کولتووری بەیەکەوە هەڵکردن لەنێو یەکدابوون مێژوویەکی کۆنی هەیە و هەموو ئایین و مەزهەب و بیروڕاکان لە کوردستان لە پەنای یەک و بەیەکەوە بوون. بۆیە کۆمەڵگەی کوردستان زەرفییەتی ئەوەی نییە ڕێگە بە توندڕۆیی و میلیتاریزەکردنی کۆمەڵ لەلایەن هیچ گرووپ و تاقمێکی سیاسی و ئایینیەوە بدا. ئایینی ئیسلامیش کە لەنێو کوردا مێژوویەکی دوورودریژی هەیە و پێشەنگانی ئەو ئایینە هەوینی بەیەکەوە ژیان بوون لەگەڵ ئایینەکانی دیکە. زۆر لە کەسانی ناوداری ئایینیی کورد دژ بە زوڵم و زۆری داگیرکەرانی کوردستان ڕاوەستاون و لەپەنا بەجێ گەیاندنی ئەرکە دینی و ئایینییەکەیان، بۆ مافەکانی گەلەکەمان تێکۆشاون و لە هەوڵی دەستەبەر کردنی مافی نەتەوەیی دابوون و تا ئێستاش زۆر کەسی لە ڕیزی خەباتکارانی گەلەکەمان‌دان. لەنێو  ڕیزەکانی بزووتنەوەی کورددا و بە تایبەت لەنێو ڕیزی حیزبی دێوکراتی کوردستاندا کەم نەبوون ئەو مامۆستا ئایینیانەی کە لە دامەزراندنی حیزبی دێموکراتەوە تا ئەمڕۆش لە ڕیزی تێکۆشەرانی حیزبەکەماندا بوون و کەسانێکیش هەن کە تا ئێستا هەر بەردەوامن.

ئێمە خەڵکی کوردستان بە خەڵکێکی باوەڕمەند دەزانین و ئەوەی لەم ماوەیەدا ڕووی دا بە هیچ شێوەیەک گوزارشت لە بیروباوەڕی موسوڵمانانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناکا. هیوادارم مامۆستایانی ئایینی و کەسانی شارەزا لەم بوارەدا بە هەڵوێست و تەوسییە و ئامۆژگاری  و وتار بتوانن ڕێگەی کوردانە و پڕ لە بەخشەندەیی بگرنە بەر و بتوانن وەڵامیان بۆ پووچەڵکردنەوەی ئەم پیلانە دەبێ کە هیچ دوور نییە دەستی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی تێدا بێ. ئەوان لەسەریانە هەوڵ بدەن بە ئامۆژگاری و پێشاندانی ڕێگەی دروست نەهێڵن کە ئەو ڕەفتارانە لەنێو کۆمەڵی کوردەوارییدا ببێتە کولتوور و بەیەکەوەژیانی کۆمەڵگەی کوردەواری خەوشی تێ کەوێ.

 

دوا پرسیار و پرسیارێکی هەمیشەیی کە پرسیاری هەموو کات و هەر لەسەر زاری خەڵکیشە. یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان گەیشتە کوێ و چی تازەی هەیە؟

بۆ یەکگرتنەوەی دوو لایەنی دێموکرات یان دێموکراتەکان ڕیگایەکی زۆرمان پێواوە، قۆناغێکی سەخت و دژوارمان تێپەڕ کردووە. ئێستا گەیشتووینە سەر ڕێچکە و ڕێگایەکی ئاسان و پێم‌وایە هەردوو لامان چاوەڕوانیی خەڵک و زەروورەتی یەکگرتنەوەکە هەست پێ دەکەین.

لە قۆناغی وتووێژ و قسە و باسی جیددی داین، وامان کردووە پرسەکە نەوەستێ و قۆرتی تێ نەکەوی، بەڵام کاریشمان ماوە بۆ ئەوەی هەموو بەربەستەکان ببڕین کە ئەوەش پێویستی بە کات و کاری زۆر هەیە. بەڵام هیوادارم خەڵکی کوردستان و تێکۆشەرانی دێموکرات زۆر لە چاوەروانیدا ڕانەگرین.

 

کاک مستەفا زۆر سپاس بۆ ئەوەی کاتت بۆ ئەم وتووێژە دانا.

سپاس بۆ ئێوەش و ماندوو نەبن.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*