جەوهەری هەڵبژاردن و هەڵبژاردن لە ئێران‌دا

شاهۆ مەتین

هەڵبژاردن هێزی گیانبەخش بە هەر سیستمێکی دێموکراتیکە، چۆن ڕەخسێنەری دانوستان لە مژاری گشتی، فۆرم‌بەخشین بە بەرنامە و دروشم‌گەلی سیاسی، دەست‌نیشانکەری نوێنەران و بەرپرسانی گشتی، کارتێکەری لە دابەش‌کردنی هێز لە حکوومەتە .

میکانیزمی هەڵبژاردنیش لە پێوەرەکانی خەڵکی‌بوونی سیستمێکی سیاسییە کە خەڵک لەو ڕێگایەوە دەتوانن مافی زاتی و سروشتیی خۆیان لە کۆمەڵگەدا لە چوارچێوەی هەڵبژاردنی جۆری سیستمی سیاسی و یاسا و ڕێساکانی، بە هەڵبژاردنی دەسەڵاتداران و نوێنەرانی خۆی بەدی بێنن. بۆیە هەڵبژاردن فۆرمێکە لە پڕۆسەی بڕیاردان لە کۆمەڵگە کە تێیدا ئەو کەسانەی دەنگ دەدەن، بڕیاریش دەدەن کە کام حیزب یا نوێنەر بەرپرسیارێتیی ئیدارەی کاروباری گشتی بگرێتە دەست. واتە هەڵبژاردن ئامراز و دامەزراوەیەکە بۆ ڕاوێن‌کردنی گشتی لەمەڕ هەڵبژاردنی جۆری نیزامی سیاسی و دەسەڵاتدارانی.

لە ئێران دوای شۆڕشی گەلانی مافویستی ئێران دژی ڕێژیمی پاشایەتی و دەست‌بەسەرداگرتنی شۆڕش لە لایان مەلاکان لەژێر هێژمۆنی و ڕێبەرایەتیی شەخسی خومەینی بە پاڵاوتن و تێرۆر و وڵات‌بەدەرکردنی نەیارانی خۆی کە بڕوایان بە مافی خەڵک هەبوو، لە کودیتایەکی نەرم و لە ڕێگای هێزی سەخت و مۆنۆپۆلی جومگە گرینگ و هەستیارەکانی ئابووری، ئەمنییەت و میدیایی وڵات؛ ویست و ئارمانجەکانی شۆڕشی ئێران کرانە قوربانیی بەرژەوەندییەکانی ئاخوندەکان و دیکتاتۆریی پاشایەتی بۆ دیکتاتۆڕی و فاشیزمی ئیسلامی گۆڕدرا.

دواتر بە پاساوی ئایین و خۆ بە نوێنەری خوا زانینی خومەینی لەسەر عەرز و زاڵ بە سەر وڵات و کۆمەڵگەی ئێران بۆ دەرباز کردن و پەڕینەوەی ئێران لە ئانۆمیی دوای شۆڕش، بە یەکدەست‌کردنی وڵات و داڕشتنی یاسای بنەڕەتیی وڵات لەژێر خوێندنەوە و تێڕامانی خومەینیزم، یاسای بنەڕەتیی وڵاتی ئێران لە کەشێکی هەڵخەڵەتان و غەیرە دێموکرتیک‌دا بە پەسند گەیەندرا. مەخابن دەنگ و متمانەی خەڵک لە گەمەیەکی هەڵخەڵەتاندن‌دا کرا بە بژیوی شەرعییەت و ،چارەنووسی وڵات کەوتە دەست کەمینەیەکی بچووک و، خەڵک بە سەر دوو بەرەی خودی و غەیرەخودی دابەش کرا. دەسەڵاتدارانی ئەم سیستمە پاوانخواز و دیکتاتۆڕە بە دروست‌کردنی دەسەڵاتی سێبەر و میلیتاریزەکردنی هەموو جومگەکانی وڵات، خەڵکیان خستە دەرەوەی بازنەی بەرژەوەندییەکانیان. هەڵبژاردن لە مانا و جەوهەری خۆی بەتاڵ و بەشی بەڕواڵەت هەڵبژاردەی نێو حاکمییەت (دەوڵە و مەجلیس) بێ‌دەسەڵات کرا. چونکی هەڵبژاردنێک دەکرێ ئەم ناوەی لەسەر بێ و هەڵگری ئەو واتایە بێ کە بە بەشداریی هەمووان و نوێنگەی ئیرادەی گشتیی هەمووان بێت و لە کەش‌وهەوایەکی ئازاد و دێموکراتیک و بە بەشداری زۆرینەی سیاسی، ئاگایانە و ژیرانەی هاونیشتیمانیان بە جێبەجێ‌کردنی ئوسوول و پێوەرە جیهان‌داگرەکان بەڕێوە بچێ. بەڵام لە هەڵبژاردنەکان لە ئێران خەڵک (دەنگدەر) و دەنگەکانیان هیچ کاریگەرییەکیان لەسەر بڕیار و گۆڕانکارییەکانی وڵات و چارەنووس و بارودۆخی خۆیان نییە و هەموو شتێک هەر بە ویست و مەیلی بازنەی تەسکی دەسەڵاتداران دەچێتە پێش.

هەڵبژاردنێکی تایبەت کە لە دوو دەیەی ڕابردوودا لە ئێران دەکرێ، هەڵبژاردنەکانی شووڕا و گوندەکانە. بێگومان شوڕاکانی شار و دێ دەتوانێ وەک بەربڵاوترین و بەربەرینترین زەنجیرەی دامەزراوەی مەدەنی و وەڵام بۆ پێویستییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان سەیر بکرێ. هاوکات ئەم هەڵبژاردنانە لە وڵاتانی دێموکراتیک‌دا دەتوانێ زۆرترین کاریگەریی لەسەر جڤات و حکوومەت و هاوکات تەمرینی دێموکراسیی ڕاستەقینە لە کۆمەڵگە هەبێت. بەڵام لە پێکهاتەی کۆماری ئیسلامیی ئێران‌دا هەم ئەرک و سەڵاحییەتەکانی شوڕا سنووردار کراوە و هەم گەندەڵی کە سەرتاپای نیزامی سیاسی و بەڕێوەبەریی وڵاتی داگرتووە، ئەم پێکهاتەیەشی لە مانای ڕاستەقینەی خۆی بەتاڵ کردووەتەوە.

ناتەباییەکانی یاسای بنەڕەتیی وڵات لە بەشەکانی کۆماری و ئیسلامی (خەڵکی و ئیلاهی)، نادێموکراتیكبوونی پڕۆسەکانی هەڵبژاردن، میکانیزمەکانی وەک شوڕای نیگابان و “نیزارەتی ئیستسوابی”، دەستێوەردانەکانی ناوەندە ئەمنیەتییەکان و ڕوونتر لە هەموو شتێک داننانی کاربەدەستانی هەرە پایەبەرزی پێشووی دەسەڵات کە بەڕواڵەت بە دەنگی خەڵک هەڵبژێردراون -وەک سەرکۆمار و نوێنەرانی مەجلیس_ بە بێ‌دەسەڵاتی و تەداروکات‌چی بوونیان لە پێکهاتەی دەسەڵات‌دا، جێگای هیچ شک و گومانێک لە بێ‌نێوەرۆک‌بوونی هەڵبژاردنەکان لە ئێران ناهێڵێتەوە.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*