بناژۆخوازیی ئیسلامی و داهاتووی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست

وریا ڕەحمانی

بیژەن جەزەنی لە ڕوخسارە دیارەکانی چریکی فیدایی، لە وتارێک‌دا کە ساڵی ١٣٥٢ لە زیندان‌دا نووسیویەتی، دەڵێ: وڵاتی ئێران حکوومەتێک بە ئاخوندی شیعە قەرزدارە.

جەزەنی لەم وتارەدا باس لە دەور و کاریگەریی گرینگ و مێژوویی مەزھەب و ئاخوندی شیعە لە جومگە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگەی ئێران بەتایبەت ڕەوتی سیاسیی وڵاتدا ئەویش لە دوای سەفەوییەوە دەکا. ناوبراو دەڵێ ئەو دەورە شوێندانەر و کاریگەرییە بەرفراوانە لە درێژەی مێژووی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئێران‌دا بەردەوام ڕوو لە گەشە بووە و ناکرێ تا سەر ھەر بەم جۆرە بمێنێتەوە، بەڵکوو دواجار لە وێستگەیەکی مێژوویی‌دا ئیتر خۆی مەیدانداری دەکا و ڕکێفی بەڕێوەبەرایەتیی وڵات دەگرێتە دەست. تەنیا دوای ٥ ساڵ لە نووسینەکەی ناوبراو پێشبینییەکەی وەدی ھات و ئاخوندی شیعە دەسەڵاتی سیاسیی ئێرانی بەدەستەوە گرت.

ڕۆحی بۆچوونەکەی جەزەنی لەوەدا خۆی دەنوێنێ کە لە پرۆسەی ڕەوتی سیاسی و کۆمەڵایەتیی وڵاتان‌دا کاتێک کە ئیدیۆلۆژییەکی تایبەت دەستی باڵا دەگرێ و لەسەر بابەت و جومگە جۆراوجۆرەکانی وڵات‌دا شوێندانەر دەبێ، ئیتر تا سەر بە پەراوێزنشینی ڕازی نابێ و لە شوێنێک بەولاوە لە پێگەی بەدەستەوە گرتنی دەسەڵات‌دا دەردەکەوێ. وێدەچێ کە ئەم بۆچوونە نەک ھەر تەنیا بۆ وڵاتێکی وەک ئێران، بەڵکوو بۆ ھەموو وڵاتانی دیکەی ھاوشێوەش ھەر وا بێ.

کۆمەڵگەی ڕۆژئاوایی دەمێکە لەم قۆناغە تێپەڕیوە و کاریگەریی دەسەڵاتی ئاینیی، کاتی خۆی، بە ھەموو وجوودەوە ھەست پێ کردووە. بۆیە زۆر سەختە تازە جارێکی دی بۆ ئەو قۆناغ و  سەردەمە بگەڕێتەوە و ئێستا تەنیا وەک گوزارێکی مێژوویی دەیخوێنێتەوە. کەچی هەنووکە ڕووی کێشەکە لە وڵاتانی ڕۆژھەڵاتی نێوەڕاستە کە ڕۆژ بە ڕۆژ بیری فێندەمێنتالیزمی ئیسلامی تێیدا پەرە دەستێنێ. بەداخەوە کۆمەڵگە دواکەوتووەکان تا خۆیان شتێکیان بەسەر نەیەت ھەستی پێ ناکەن و کەمتر ھەوڵ دەدەن لە ئەزموونی کۆمەڵگەی جیهانی لەپێناو بەرژەوەندیی خۆیان کەڵک وەرگرن.

پەرەی بەردەوام و ڕوو لە گەشەی بناژۆخوازیی ئیسلامی لە ناوچەی ڕۆژھەڵاتی نێوەڕاست بە چەشنێکە کە بۆ ھەموو کون و کەلەبەرەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی بە ھەموو ڕەھەندەکانی خۆیەوە شۆڕ بۆتەوە و، ئەگەر مشووری ژیرانەی لێ نەخورێ بەدوور نییە کە دواجار ھەر ئەوەی لێ بکەوێتەوە کە لە وڵاتی ئێران‌دا دیتمان.

خەڵکی ئەو ناوچەیە بەگشتی دوو جۆر لە دەسەڵات لە پێناسەیەکی گشتی‌دا دەناسن؛ ئیسلامی و عیلمانی. زۆربەی حکوومەتە عیلمانییەکانیش لە یەک سەدەی ڕابردوودا یا وەک بەعسی عێراق و سووریە چەپی سۆسیالیستی، یا وەک میسر و لیبی و یەمەن میلیتاری بوون و بەگشتی لەڕێی کۆدەتایەکی سەربازییەوە بە دەسەڵات گەیشتبوون. خاڵی ھاوبەشی ھەمووشیان دیکتاتۆڕی و ئیدیۆلۆژیک‌بوونیانە کە ڕێک لێرەدا لەگەڵ ئیسلامی سیاسی و دەسەڵاتی ئایینی‌دا یەک دەگرنەوە. کەچی ئەو حەقیقەتە بەھۆی ئەزموون‌نەکردنیان بەلای بەشی زۆی خەڵکی ئەو کۆمەڵگەیانەوە شاراوەیە و نایبینن.

لە ئێستادا زێدەپەرەسەندن و بەردەوامیی بیری بناژۆخوازیی ئیسلامی لە زۆر لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە حاڵێک‌دایە کە خەڵکی ئەم وڵاتانە بارودۆخی خەڵکی ئێران و ئەفغانستان نابینن تا بزانن لەژێر ڕکێفی دەسەڵاتی ئیسلامیی ئەو وڵاتانەوە چ بەڵایەکیان بەسەر ھاتووە! بۆیە ئەو پەرە ھەمەلایەنەیەی فێندەمێنتالیزمی ئیسلامی کە لە ئێستای ناوچەکەدا دەبینرێ ئەگەر بە شێوەیەکی گونجاو پێشی پێ نەگیرێ، دواجار لە چوارچێوەی پڕۆژەی ئیسلامی سیاسی‌دا بەرەو بەدەسەڵات گەیشتنی کۆمەڵێک حیزبی ئیسلامی دەکێشرێ کە ڕەنگە کاریگەریی خەسارەکانی چەندین نەوەی یەک لە دوای یەک لەوا کۆمەڵگەیانەدا بگرێتەوە.

بەداخەوە بەشی زۆری حکومەتەکانی ئەو ناوچەیە لە پێگەی بەرپرسایەتی بەرانبەر بە خەڵک و داھاتوودا ناجوڵێنەوە. ھەر بۆیەش پشکی سەرەکیی قورسایی ئەو ئەرکە دەکەوێتە سەر شانی ڕووناکبیران و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کە ئایین بۆ پێگە حەقیقییەکەی خۆی بگەڕێننەوە و لە بەستێنی کۆمەڵگەوە بەرەو بەستێنێکی کەسی ڕێنوێنیی بکەن.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*