هەڕەشەی فڕۆکەی بێ‌فڕۆکەوانی حەماس دژی ئیسڕائیل، دەستی ئێرانی لە پشتە

و: کەماڵ حەسەن‌پوور

ئورشەلیم پۆست- سێت جەی فرانتزمەن

ئیسڕائیل بە شێوەی پەرەئەستێن ناچار بووە لەگەڵ هەڕەشەکانی فڕۆکەی بێ‌فڕۆکەوانی حەماس هەڵسوکەوت بکا و ڕۆژی پێنج‌شەممە گوتی فڕۆکەیەکی بێ‌فڕۆکەوانی خستووەتە خوارەوە کە لە غەززەوە هاتبووە نێو خاکی ئیسڕائیل.

ئەو هەڕەشە نوێیە لە لایەن حەماسیشەوە لە گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە لەسەر ئینتەرنێت دەستاودەستی پێ دەکرێ و لەوێدا ئەوە ئاشکرا دەکرێ کە ئەو تاقمە تێرۆریستییە فەلەستینییە لە غەززە چەند فڕۆکەی بێ‌فڕۆکەوانی بە قەبارەی مامناوەندی لەبەر دەست دان. حەماس دەڵێ ناوی ئەو فڕۆکە نوێیانە “شەهاب” ــە.

پسپۆڕانی فڕۆکەی بێ‌فڕۆکەوان وەک نیک واتەرز و ئەوانی دیکە ئاماژەیان بە پێوەندیی نزیکی نێوان “شەهاب” ــی حەماس و ئەبابیلی ئێران کردووە.

هێزەکانی بەرگریی ئیسڕائیل گرتەیەکی ڤیدیۆییان بڵاو کردۆتەوە کە لەویدا فڕۆکە بێ‌فڕۆکەوانەکە دەفڕێ و لەلایەن ئەوانەوە دەخرێتە خوارەوە. وێدەچێ ئەو فڕۆکانە لە ڕووی فڕۆکەی ئەبابیلی ئێرانی دروست کرابن، مودێلێک کە نموونەکەی بۆ حوسییەکانی یەمەنیش هەناردە کراوە و، حوسییەکان دروستیان کردوون و دژی عەڕەبستانی سعوودی کەڵکی لێ وەردەگرن. وڵاتە یەکگرتووەکان چەند ساڵە لەمەڕ هەڕەشەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئێران هۆشداریی داوە، لە نێویاندا فڕۆکەی بێ‌فڕۆکەوانی ئێرانی لە واشینگتۆن پیشان دراون. ڕۆژی چوارشەممە هێزەکانی بەرگریی ئیسڕائیل (IDF) ڕایگەیاند کە “هێرشی کردۆتە سەر تاقمێک تێرۆریست کە خەریکی کار کردن لە شوێنی بەڕێ‌کردنی فڕۆکەی بێ‌فڕۆکەوانی خۆتەقێنەری ڕێکخراوی تێرۆریستیی حەماس لە غەززە بوون. ئەو تاقمە لە کاتێکدا کەوتنە بەر هێڕش کە خەریکی ئامادە کردنی بەڕێ‌کردنی ئامێری ئاسمانیی بێ‌فڕۆکەوان بۆ نێو خاکی ئیسڕائیل بوون.”

ئیسڕائیل بە هەمان شێوە ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند کە سیستەمی پارێزگاریی ئاسمانیی “گومبەزی ئاسن”، ئامێرێکی ئاسمانیی بێ‌فڕۆکەوانی حەماسی دیت کە لە غەززەوە بەرەو خاکی ئیسڕائیل دەهات. وەزارەتی بەرگریی ئیسڕائیل گوتوویەتی کە سیستەمی گومبەزی ئاسن توانایی نوێی هەن، کە لە ماوەی چەند ساڵ گەشەیان پێدراوە و کەڵکیان لێ وەردەگیرێ، کە دژی فڕۆکەی بێ‌فڕۆکەوان کاریگەرن.

بۆچی هەڕەشەی فڕۆکەی بێ‌فڕۆکەوان گرینگە؟ چونکە ئەوان دەتوانن تەقەمەنی هەڵگرن و لەسەرخۆ بڕۆن و مانۆڕ بدەن. زۆربەی فڕۆکە بێ‌فڕۆکەوانەکان لە شێوەی ئێرانی، کە پێیان دەگوترێ فڕۆکەی بێ‌فڕۆکەوانی “هەڵگری تەقەمەنی” یان “کامیکازە”، بە شێوەیەک کار دەکەن کە بەرەو مەنزڵێک دەفڕن و پاشان بە سەر شوێنەکەدا بەردەدرێنەوە.

ئەوان لەسەر هێڵێکی ئاسنەوە بەڕێ دەکرێن و دەکرێ بە لۆری یان تەنانەت بە بەلەمێک بگوازرێنەوە و بەو شێوە بخرێنە کار. ئەوان موتۆڕێکی پانکەداریان لە پشتەوە هەیە و، تێکنەلۆژیی جایرۆسکۆپی کەڵک لێوەرگیراو لەو فڕۆکانەدا بۆ ڕێنوێنی کردن، بەڵگەی هەناردەکرانی فڕۆکە بێ‌فڕۆکەوانەکان لە لایەن ئێرانن کە بۆ یەمەن، عێڕاق، سووریە و تەنانەت بە گوێرەی هێندێک ڕاپۆرت، بۆ ئەولاتریش بۆ کەڵک لێ وەرگرتن لە شوێنی وەک سوودان، ئەفغانستان و ڤێنێزوئێلا نێردراون.

ئێران لە سێپتامبری ٢٠١٩ کەڵکی لە فڕۆکەی بێ‌فڕۆکەوان بۆ هێرش‌کردنە سەر دامەزراوەی پاڵاوتنی نەوتی ئەبقەیق وەرگرت کە وێدەچوو هۆشدارییەک بێ بە ئیسڕائیل. ئێران هەروەها  لە ٢٠١٨ کەڵکی لە فڕۆکەیەکی بێ‌فڕۆکەوان بۆ هێرش کردنە سەر ئیسڕائیل وەرگرت کە لە بنکەی T-4 ـــەوە فڕیبوو. ئەو فڕۆکەیە هاتە ئاسمانی ئیسڕائیل و بە هێلیکۆپتەر خرایە خوارەوە. ئێران بە هەمان شێوە ئامۆژگاریی حیزبوڵڵای کردبوو تا تیمێکی “فڕۆکەی بێ‌فڕۆکەوانی کوشندە” بنێرێتە ناوچەیەک لە نزیکی بەرزاییەکانی گوڵان لە ٢٠١٩، کە دیارە ئیسڕائیل هێرشی کردە سەر تیمەکە.

چەند ڕووداوی فڕۆکەی بێ‌فڕۆکەوان لە سنووری لوبنان قەوماون و، هەروەها چەند دانەیەک لە سنووری سووریە. جگە لەوە، دوژمنانی ئیسڕائیل هەوڵیان داوە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئیسڕائیل بخەنە خوارەوە. لە مانگی مارس، هێزەکانی بەرگریی ئیسڕائیل ڕایگەیاند “لە چالاکییەکی ڕۆتینی ئامێری ئاسمانیی بێ‌فڕۆکەوان لە سەر لوبنان، بە مووشەکی دژی ئاسمانی تەقە لە ئامێرەکە کرابوو. فڕۆکەکە نەپێکرا و درێژەی بە ئەرکە پلان بۆ داندراوەکەی دابوو.” مانگی ڕابردوو ئیسڕائیل گوتی کە هێزەکانی ئەو وڵاتە فڕۆکەیەکی بێ‌فڕۆکەوانیان خستووەتە خوارەوە و یەکی دیکەیان دیتووە کە “هی ڕێکخراوی تێرۆریستیی حیزبوڵڵای لوبنان بوون کە لە لوبنانەوە هاتبوونە نێو ئاسمانی ئیسڕائیل.”

هێزەکانی بەرگریی ئیسڕائیل لە مانگی ژانوییە فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانیان خستە خوارەوە کە لە لوبنانەوە هاتبوو و یەکی دیکەش کە هەر لەوێوە هاتبوو لە مانگی نۆڤەمبەر خرایە خوارەوە. جگە لەوە لە مانگەکانی جولای و ئاگوست فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان دزەیان کردبووە نێو ئاسمانی ئیسڕائیل. هەروەها، ئیسڕائیل گوتی کە لە مانگی سێپتامبر هێرشی کردۆتە سەر بنکەیەکی فڕۆکەی بێ‌فڕۆکەوان کە هی حەماس بوو. لە سێپتامبری ٢٠١٩ ئیسڕائیل ڕایگەیاند کە “فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان لە غەززەوە خۆی خزاندۆتە ئاسمانی ئیسڕائیل و بۆمبێکی خستۆتە سەر ئوتۆمبێلێکی سەربازیی.”

سەرجەم ئەوانە ئاماژە بە پەرەگرتنی تواناییەکانی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی حەماس دەکەن و، کێشەی ئەم حەوتوویە چەند ئاماژەی بە ئامێری ئاسمانیی بێ‌فڕۆکەوانی حەماسی تێدان.

ئیسڕائیل کەڵک لە چەند دەستەواژە بۆ فڕۆکەی بێ‌فڕۆکەوان وەردەگرێ، زۆرجار کوادکۆپتەری بچووک بە ڕاخفانیم ناو دەبا و، بە فڕۆکەی بێ‌فڕۆکەوانی مەزنتر دەڵێ مالاتیم، بە مانای ئامێری ئاسمانیی بێ‌فڕۆکەوانە.

فڕۆکە بێ‌فڕۆکەوانەکانی حەماس کە وەک ئەبابیل دەچن وێدەچێ کڵاوی جەنگییان لە پێشەوە هەبێ و شێوە سیستەمێک بۆ ڕێنوێنی‌کردن. ئەوان دوو جوت باڵیان هەن، جووتێکیان بەرەو دواوە و جووتێکی بچووکتر لە پێشەوە، وەک ماسیی باڵدار دەچێ. ئەوان لە کەسێکی ئاسایی کەمێک درێژترن.

وێدەچێ دیزاینەکە بۆ دروست‌کردن کەمێک ساکار بێ چونکە حوسییەکان تێیدا بوونە پسپۆڕن و کەڵک لە فڕۆکەی بێ‌فڕۆەکەوان وەردەگرن تا هێرشی تێرۆریستی بکەنە سەر عەڕەبستانی سعوودی. هێندێک لەو فڕۆکە بێ‌فڕۆکەوانانە هەر دێتوو مەودایەکی زۆرتر بڕ دەکەن. نیگەرانییەکان لە ژانوییە کاتێک پەرەیان گرت کە فڕۆکەیەکی بێ‌فڕۆکەوانی نوێی حوسییەکانی یەمەن توانی ٢٠٠٠ کیلۆمیتر مەودا ببڕێ، کە دەگاتە ئەیلات.

ئێران دەمێکە خۆ ڕادەنێتەوە کە فڕۆکەی بێ‌فڕۆکەوانی هەن کە هەزاران کیلۆمیتر دەبڕن و، گوتوویەتی تەقەمەنییەکی زۆرتر لەو فڕۆکانە بار دەکا. ئەوە بەو مانایەیە کە ئێران سوپایەکی فڕۆکەی بێ‌فڕۆکەوانی هەیە کە تەقەمەنیی زیرەک وەک هی مووشەکی دەریاییان لێ بار دەکا. فڕۆکە بێ‌فڕۆکەوانەکان دەکرێ بە پۆل بخرێنە کار.

ئێران بە هەمان شێوە هەوڵی داوە فڕۆکەی بێ‌فڕۆکەوانی ئەمریکایی لە جۆری پرێداتۆر و سەنتینەل کۆپی بکا، و هەر وەک ڕیپەری ئەمریکایی ڕێژەی تەقەمەنییەکانی زیاد بکا. بەڵام ئێران لەوەدا بە تەواوی سەرکەوتوو نەبووە. ئەو هەروەها لە دابینکردنی فڕۆکەی بێ‌فڕۆکەوان بۆ حوسییەکان، حەماس، حیزبوڵڵا و میلیشیا عێراقییەکان کە توانایی ناردنی ڤیدیۆی فڕینەکە و گەڕانەوەیان بۆ بنکەکانیان هەبێ، سەرکەوتوو نەبووە. ئەوە بەو مانایەیە کە فڕۆکە بێ‌فڕۆکەوانەکانی ئێران هێشتا گەلێک دواکەوتوون و هاوپەیمانەکانی وەک حەماس فڕۆکەی بێ‌فڕۆکەوانی ئەوتۆیان هەن کە تواناییەکانیان بەڕۆژ نین.

فڕۆکە بێ‌فرۆکەوانەکانی حەماس بۆیە هەڕەشەن چونکە دەتوانن مانۆڕ بدەن و بە شێوەی نەوی بفڕن، بەڵام هێشتا تێکەڵاوێکن لە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی V-1ی ئیسڕائیلی هی هەشتاکانی زایینی و مووشەکی دەریایی. بەڵام، گومان لەوەدا نییە کە ئێران تەکنەلۆژییەکەی هەناردە دەکا. ئێران یەکەمجار لە هەشتاکانی زایینیدا دژی عێراق لە شەڕی ئێران-عێراق کەڵکی لە ئەبابیل وەرگرت. ئەوان لە کارخانەی فڕۆکەسازیی ئێران لە ڕووی مودێلێک دروست کران کە هی کۆمپانیای تێکسترۆن بوو، کە پێش ١٩٧٩ هێلی کۆپتەری Bell 214ی دروست دەکرد.

ئەمڕۆ سوپای پاسداران زۆر جار کەڵک لە فڕۆکەی بێ‌فڕۆکەوانی ئەبابیل وەردەگرێ و ئەوە ڕێی تێدەچێ چونکە سپای قودس لەدەرەوە پشتیوانی لە حەماس، حیزبوڵڵا و حوسییەکان دەکا. گریمانەی ئەوە دەکرێ کە میلیشیاکانی عێراقی سەر بە ئێران چەند جار کەڵکیان لە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان لە دژی بنکەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان لەو وڵاتە وەرگرتووە. ئەوە ئاماژەیەکە بە شەڕێکی بەربڵاوتری فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان لە لایەن ئێرانەوە دژی ئیسڕائیل، عەڕەبستانی سعودی و وڵاتە یەکگرتووەکان و ئەوانی دیکە.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*