پەیامی پیرۆزبایی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی بەبۆنەی جێژنی ڕەمەزان

پەیامی پیرۆزبایی بەبۆنەی جێژنی ڕەمەزان
خەڵکی موسڵمانان و بڕواداری کوردستان!
بەبۆنەی هاتنەوەی جێژنی ڕەمەزان لەلایەن خۆم و بە نوێنەرایەتیی سەرجەم کادر و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان جوانترین پیرۆزبایتان پێشکەش دەکەم. هەروەها هیوادارم ڕۆژانی جەژنتان بە شادی و خۆشی تێپەڕ بکەن.
خەڵکی کوردستان و ئێران لە هەلومەرجێک‌دا بەرەوپیلی جێژنی ڕەمەزان دەچن کە لە سۆنگەی بەردەوامیی قەیرانی کۆرۆنا و سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی لە بارودۆخێکی زۆر سەخت‌دا دەژین. سامان و سەرچاوە زۆروزەوەندەکانی وڵاتی ئێران لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە لەجیاتی ئەوەی بۆ ئاوەدانی و چارەسەری کێشە و گرفتەکانی خەڵك خەرج بکرێ، دەکرێتە بژیوی سیاسەتی زێدەخوازی، شەڕەنگێزی و قەیرانخوڵقێنی لە ناوچەدا. هەربۆیەشە خەڵکی ئێران ئەگەر لەلایەک لە ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکانیان بێبەش کراون، لەلایەکی دیکەش سفرەی هەژارانەیان ڕۆژ بە ڕۆژ بچووکتر دەبێتەوە ، بێکاری، گرانی و بێدەرەتانی بڕستی لێ بڕیون.
لەو بارودۆخەدا کە ڕێژیم بە هەموو نرخ و شێوەیەک مانەوەی خۆی لە بەرزیی دەسەڵات‌دا ‌لە پێشەوەی گشت کێشەکانی کۆمەڵگەدا دادەنێ، خەڵکی کوردستان و گەلانی دیکەی ئێرانیش دەتوانن بە ئیرادەیەکی پتەو و یەکگرتووانە لە خەبات و تێکۆشانی لەپێناو وەدیهێنانی مافەکانیان بەردەوام بن. بێگومان سه‌رکه‌وتنی خەباتی مافخوازانەی کورد و قورسایی پێگەی کورد لە هاوکێشەکانی ئێستا و داهاتووی ئێران‌ لە گرەوی یه‌کڕیزی‌ حیزبە سیاسییەکان و هاوپێوه‌ندیی نەتەوەیی و نیشتمانیی هه‌موو چین و توێژه‌کانی کوردستان‌دایە.
بەو هیوایە کە جێژنی پیرۆزی ڕەمەزان هۆی تەبایی و یارمەتیدەری ئەم لێک‌نیزیکی و هاوپێوەندییە بێت.
جارێکی دیکەش جێژنتان پیرۆز.
خالید عەزیزی
سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
٢2ی بانەمەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*