وتاری بەڕێز کاک خالید عەزیزی لەکۆبونەوەی گرووپی کاری کوردان لە ئێس ئای

بەڕیز لویس ئەیالا، سکرتێری گشتی سوسیالیست ئینترناسیونال.
هەڤاڵانی بەڕێزی لیژنە کاریی دۆزی کورد لە ئینترناسیۆناڵ سوسیالیست!
پێمخۆشە بە دەربڕینی هەستی خۆشحاڵی و پێزانینەوە بۆ دەرفەتی گفتوگۆ لەسەر پرسی کورد لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست دەست پێ بکەم. ناوچەی خۆرهەڵاتی نێوەڕاست پڕە لە ناکۆکی و قەیران. تێرۆریزم و تووندئاژۆیی ئایینی هەڕەشەی مەزنن بۆ سەر ئاشتی و سەقامگیریی ئەو ناوچەیە. لە هەمان کاتدا زنجیرەیەک دەرفەت بۆ نەخشەڕێگایەکی بەربەرین و گشتگر بۆ داهاتوویەکی گەش لە ناوچەکەدا خەریکی دەرکەوتنن و لەو چوارچێوەیەدا، کورد وەک فاکتەرێکی حاشا هەڵنەگر بۆ سێناریۆیەکی لەو چەشنە، یەکێک لەو دەرفەتانەن.
ئەمڕۆ پرسی کورد لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست فاکتەرێکی گرینگە، بە تایبەتی لەو وڵاتانەدا کە نەتەوەی کورد بەسەریاندا دابەشکراوە. ناوەرۆکی ئاشتییانەی خەباتی کوردان کە ڕیشەی قووڵی لە پرەنسیپە گەردوونییەکانی ئازادی، مافەکانی مرۆڤ، دێموکراسی، مافە مەدەنی ونەتەوەییەکان دایە، دەبێ وەک دەرفەتێک بۆ ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە سەیر بکرێ.
گەلی کورد لە ئێران، کە دەیان ساڵە بۆ مافە ڕاواکانی و مافەکانی مرۆڤ خەبات دەکا، همیشە بڕوای بە ڕێگا چارەیەکی ئاشتییانە بۆ پرسی کورد هەبووە. بەڵام کۆماری ئیسلامی هەمیشە بە پێچەوانە جووڵاوەتەوە. دوای شۆڕشی گەلانی ئێران (لە ١٩٧٩)، جووڵانەوەی سیاسی کورد داوا ڕەواکانی گەلی کوردی بە شێوەی ئاشتییانە پێشکەش کردن، بەڵام ڕێژیم ڕێزی بۆ هەڵوێستی ئاشتییانەی کوردان بۆ وتووێژ دانەنا. بە پێچەوانە، ئەو بە هێزی سەربازیی هێرشی کردە سەر کوردستان و شەڕێکی دوورودرێژ و خوێناوی بەسەر گەلی کورددا سەپاند کە تەنانەت تا ئەمڕۆ بە شێوەی جۆراجۆر درێژەی هەیە.
لە ماوەی زیاتر لە چوار دەیە، کۆماری ئیسلامی سیاسەتی نەگۆڕی دژی گەلی کورد ڕەچاو کردووە کە پێکهاتووە لە: سەرکوت، تێرۆر، ئیعدام، دەستبەسەر کردن و سەپاندنی حوکمی قورس بەسەر چالاکانی سیاسی و کۆمەڵگەی مەدەنی، و لە هەمان کاتدا بە ئامرازی ئەمنییەتی کوردستان هەڵاواردە دەکا.
جووڵانەوەی کورد و حیزبی دێموکڕاتی کوردستان زەرەر و زیانێکی بەرچاوی لە سیاسەتی کۆماری ئیسلامی بەرکەوتووە، بەتایبەتی لە ئاکارە تێرۆریستییەکانی. جووڵانەوەی کورد هەمیشە سیاسەتی ناتوندوتیژیی ڕەچاو کردووە و پێی وا بووە وتووێژ باشترین ئامراز بۆ دیتنەوەی ڕێگاچارەیەکی دێموکڕاتیک بۆ پرسی کوردە. حیزبی دێموکڕاتی کوردستان وەک ئەندامێکی ئینترناسیۆنال سوسیالیست، بڕوایەکی قووڵی بە دێموکراسی و ئازادی هەیە و هەمیشە ڕێزی بۆ گیانی مرۆڤ، پێکەوە ژیان و مافی یەکسان بۆ هەمووان هەبووە.
تا پرسی گرووپە ئەتنیکییەکان ( لەناویاندا کورد)، مافەکانی ئازادی و کۆمەڵایەتی خەڵک جێبەجێ نەکرێن، ئێران ئاشتی و سەقامگیریی بە خۆیەوە نابینێ. لەبەر ئەو هۆیە، پێویستە پرسی کورد لە ئێران، نەوەک هەڕەشەیەک بەڵکو وەک دەرفەتێک بۆ ئاشتی و سەقامگیریی سەیر بکرێ. چاوەڕوانیی کەمینە ئەتنیکییەکانی ئێران، لە پێش هەموویانەوە گەلی کورد و حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە کۆمەڵگەی ناونەتەوەیی، بە تایبەت ئینترناسیۆنال سوسیالیست، ئەوەیە کە لە بەرانبەر ڕێژیمێکدا کە هیچ بەرپرسیارییەک بەرانبەر بە خەڵکی خۆی و یاسا ناونەتەوەییەکان ناگرێتە ئەستۆ، پشتگیریی لە گەلانی ئێران بکەن.
کۆماری ئیسلامی بەتەمایە لە پرسی ئەتۆمی وەک کارتی فشار دژی کۆمەڵگەی ناونەتەوەیی کەڵک وەرگرێ و لەو گەمەیەدا، خەڵکی ئێران، کۆمەڵگاکەی و وڵاتی بە بارمتە گرتووە. ڕێژیمی ئێران پێشتر نیشانی داوە کە لە بەرجام تەنیا بۆ خۆ دەرباز کردن لەو قەیران و ناکۆکییانە کەڵکی وەرگرتووە کە لە ئاستی ناونەتەوەییدا هەڕەشە لە مانەوەی دەکەن.
وەک حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە پێشدا ڕایگەیاندووە، هەڵوێستی خۆمان دووپات دەکەینەوە کە بەرجام و پرسی ئەتۆمی ئاجێندایەکی ناونەتەوەیین، بەڵام پرسی سەرەکیی ئێران قەیرانی ناوخۆیی و ناکۆلی نێوان خەڵک و ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییە. ئێمە لەسەر ئەو بڕوایەین کە پرسی سەرەکیی، ڕێژیمێکی سیاسییە کە دەسەڵاتی بەسەر خەڵکی وڵاتەوە هەیە کە مافەکانیان پێشێل دەکا و حاشا لە ماف و ئازادییە گەردوونییەکانیان دەکا.
جەخت کردنی لە ڕادەبەدەری کۆمەڵگەی ناونەتەوەیی و مێدیا لەسەر وتووێژە ئەتۆمییەکان بە تەنیایی، بە داخەوە سەرنجی ناونەتەوەیی لە پێشێلکارییەکان دژی مافەکانی مرۆڤ و دۆخی سیاسی و ئابووری ناوخۆی وڵات دوور کردۆتەوە. لە هەمان کاتدا پەتای کۆرۆنا و لێنەهاتوویی ڕێژیم لە هەڵسوکەوت کردن لەگەڵ دۆخەکە، قورساییەکی زۆرتری خستۆتە سەر شانی خەڵک.
ئێمە داوا لە هەڤاڵانمان لە ئینترناسیۆنال سوسیالیست دەکەین کە چاودێریی هەڵسوکەوتی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ کوردان لە ئێران بکەن و پرسی کورد بۆ ئاستی ناونەتەوەیی بەرز بکەنەوە. ئێمە داوا لە ئینترناسیۆنال سوسیالیست دەکەین کە دەورێکی کاراتر لە پرسە هەنووکییەکانی ناوچە بگێڕن و پشتتیوانی پرسی کورد لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست بن. ئێمە بە لەبەرچاو گرتنی بایەخەکان و پێڕەوی ناوخۆی ئەو ڕێکخراوە، پێشنیار دەکەین کە ئینترناسیۆنال سوسیالیست کۆبوونەوەیەک لە نێوان سەرجەم ئەندامان، لەناویاندا حیزبە کوردییەکانی ئەندام لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست، ڕێک بخا تا باس لە ناکۆکییەکانی ناوچە بکەن.
سپاس بۆ سەرنجتان!
خالید عەزیزی
سکرتێری گشتی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*