“پیتێر شتائێر” بە نوێنەرایەتی جێگری سەرۆک وەزیرانی ئوتریش، وەڵامی نامەی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێرانی دایەوە

لە درێژەی لەقاودان و گەیاندنی دەنگی کوردانی رۆژهەڵات سەبارەت بە هەڵکوتانی ئەم دواییانەی ناوەندە ئەمنییەتییەکانی رژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆسەر چالاکانی سیاسی و مەدەنی و دەستبەسەرکردنی کوردانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە گشتی، رۆژی ٧ی مارس، ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، بە مەبەستی ئیدانەکردن و ئاگادارکردنەوەی کرداری ناڕەوای ناوەندە ئەمنییەکانی رژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەروەها ئاماژەدان بە بێدەنگیکردنی دەوڵەتی ئوتریش لە هەمبەر کەیسی تیرۆری دکتور “عەبدولڕەحمان قاسملوو” و هاوڕێیانی، نامەیەکیان بە زمانی ئاڵمانی بۆ سەرکۆمار، سەرۆک وەزیران، بەرپرسانی فراکسیۆنەکانی ناو پەرلەمان و هەروەها بەشیکی زۆر لە کەسایەتییەکانی ئەم وڵاتە نارد..
بەدوای گەیاندنی ئەو نامەیە بۆ لایەنە بەرپرسەکانی وڵاتی ئوتریش، وەزارەتی دەرەوەی دەوڵەتی فیدراڵیی ئوتریش پێشتر وەڵامی ئەو نامەیەی دابوویەوە و چەند رۆژ پێش ئێستاش “پیتێر شتائێر” بە نوێنەرایەتی جێگری سەرۆک وەزیرانی ئوتریش، وەڵامی نامەی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێرانی دایەوە کە ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی:
لە وەڵامی نامەی ئێوە لەسەر هەلومەرجی کوردەکانی ئێران، وێرنێر کۆگلێر، جێگری سەرۆکوەزیران، لەمەڕ نامەکەی ٧ی مارسی ٢٠٢١، پڕ بەدڵ سوپاسی ئێوە دەکات کە ئێمەتان لە هەلومەرجی نالەباری کوردەکان لە ئێران ئاگادار کردووەتەوە.
تیروری هەیئەتی وتووێژکاری حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە ساڵی ١٩٨٩ لە شاری “وییەن”، وەک بیرەوەرییەکی تاڵ هەر لە مێشکی جێگری سەرۆکوەزیراندایە. باسکردنی هەلومەرجی خراپی ئێستای ئێرانی لە لایەن ئێوەوە دەریدەخا کە ئەو رژێمە چەند کاراکتەرێکی غەیرە ئینسانی و خەراپی هەیە.
لە هەر هەلومەرجێکدا کە ئێمە بۆمان بڕەخسێ، جا چ لە مەیدانی نێونەتەوەییدا بێت و چ لە پێوەندی دوو لایەنەدا، ئێمە بە توندی داوا لە ئێران دەکەین کە مافی مروڤ بە تەواوی رەچاو بکات و رێزی بۆ دابنێ. لە هەمان کاتیشدا لەوە غافڵ نابین کە فشاریان بخەینە سەر بۆ دابینکردنی مافە رەواکانی کوردکان بە ژن و پیاوەوە.
پرسی بۆمبی ئەتومی دەگەڵ ئێران مەسەلەیەکی زۆر گرینگە بۆ ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا. ئەو مەسەلەیە کێشەیەکی گەورەی یەکێتی ئورووپا و ئەمریکا لەگەڵ ئێرانە. ئێمە هیوادارین ئەگەر وتووێژەکانمان لە سەر رێککەوتنی ئەتومی بە ئاکام گەیشتن، کارکردی باشی لەسەر هەلومەرجی مافی مروڤ بە تایبەت لەسەر بارودۆخی کوردەکان هەبێ. دەبێ ئەوەشمان لەبیر بێ کە سەرکەوتن لەو ئامانجەدا، پێویستی بە کار و ماندوبوونێکی زۆر هەیە و زۆریش ئاستەمە.
ئێمە هیوای سەرکەوتن بۆ زحمەتەکانی ئێوە دەخوازین و سڵاوێکی دۆستانەتان پێشکەش دەکەین.
“پێتێر شتائێر”، وەزیری هونەر، کلتوور و وەرزش
ئیدارەی جێگری سەرۆک وەزیران
شایانی باسە، “وێرنێر کۆگلێر” ئەندامی حیزبی سەوزی ئوتریشە و جێگری سەرۆک وزیرانە و بۆ خۆشی وەزیری هونەر، کلتوور و وەرزشی وڵاتی ئوتریشە.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*