بەشداری هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ڕێورەسمی بە خاکسپاردنی خاتوو “نازدار مەحموودزادە” دا

رۆژی پێنجشەممە 26ی خاکەلێوەی 1400ی هەتاوی، هەیئەتێکی کومیتەی حیزب لە وڵاتی سوئێد پێکهاتوو لە بەڕێزان “کەریم جاف” بەرپرسی بەشی تەشکیلات و “نەبەز عەلیدوست” ئەندامی هەیئەتی ئیجرایی، بە نوێنەرایەتی کومیتەی سوئێدی حیزبی دیموکراتی کوردستان و بەڕێز “سولێمان سەعیدی” بەرپرسی کومیتە ناوچەی “ئۆرەبرۆ” و کۆمەڵێکی بەرچاو لە ئەندامان و لایەنگرانی حیزب، لە رێوڕەسمی بە خاکسپاردنی هاوڕێێ کۆچکردوو خاتوو “نازدار مەحموودزادەدا بەشدارییان کرد.
ئەگەرچی پێشتر بنەماڵەی بەڕێزی خاتوو “نازدار”، بە لەبەرچاوگرتنی رێنماییە تەندروستییەکان و پاراستنی گیانیان و خۆپاراستن لە ئەگەری تووشبوون بە کۆڕۆنا، داوایان لە هاوڕێیان و خزم و دۆستان کردبوو لە هاتن بۆ رێورەسمی ناشتن و حزوور لە فەزای بەرتەسکی ماڵێدا خۆ ببوێرن، بەڵام دەگەڵ ئەوەشدا ھەیئەتیی کۆمیتەی سوئێد لەگەڵ ھەردووک لە ئەندامانی ڕێبەریی حیزب هاوڕێیان سەعید بیگزادە و کاک حەمەڕەسووڵی کەریمی لە گۆڕستانی شاری “ئۆرەبرۆ” حازر بوون.
پاش بەجێ‌هێنانی رێورەسمی ئایینی لە لایەن هاوڕێی تێکۆشەر مامۆستا “سیروان حەفیدی”، هاوڕێ “نەبەز عەلیدوست” بە نوێنەرایەتی کومیتەی سوئێد وێڕای گەیاندنی پرسەو سەرەخۆشیی کومیتە بە هەر دوو بنەماڵەی “مەحموودزادە” و “مەسڵەحەت”، لە چەند وتەیەکدا تیشکی خستە سەر ژیان و خەباتی شەهیدی کۆمار “کوێخا مەحموودی قووڵە سوێروێ” و نەمر “کویخا حوسێن” و خاتوو “نازدار”ی کچی و شەهیدی رێگای رزگاری شەهید “محەممەد”ی کوڕی “کوێخا حوسێن” و خاتوو “نازدار”. هاوڕێ “نەبەز” ئاورێکی لە خەباتی فەرماندەی بەوەج کاک “مەلابرایم مەسڵەحەت” هاوسەری کۆچکردووی خاتوو “نازدار” دایەوە و باسی لە خاتوو نازدار وەک پشتیوانێکی مەعنەوەی بۆ کاک “مەلا برایم” و کاک مەلا برایم وەک مامۆستای وانەی شۆڕشگێری بۆ خاتوو “نازدار” کرد .
دواتر لە لایەن بنەماڵەکانی “مەسلەحەت و مەحموودزادە”وە سوپاسی بەشداربووانی ڕێورەسمەکەی کرد .
دواتر خاتوو “شۆعلەی قادری” پەیامی هاوبەشی کومیتەی “ئۆرەبرۆ”ی یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستان و کۆمیتەی سوئێدی حیزبی دێموکراتی کوردستانی پێشکەش کرد.
لە کۆتاییدا هاوڕێ کەریم جاف بە نوێنەرایەتی کومیتەی سوئێد، بە مەبەستی رێزلێنان لە خەبات و تیکۆشانی چەندین ساڵەی ئەو خاتوونە نیشتیمانپەروەر و شۆڕشگێڕە، چەپکە گوڵی رێزلێنان و وەفاداری لەسەر گڵکۆی ئەو نەمرە دانا و بە دوای ئەودا بەشدارانیش بە دانانی تاجەگوڵێنە و گوڵی وەفا و خۆشەویستی ماڵئاوایان لەو خاتوونە کۆچکردووە کرد .
حیزبی دێموکراتی کوردستان – کۆمیتەی سوئێد

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*