پووچەڵبوونەوەی پیلانێکی دیکەی کۆماری ئیسلامیی ئێران

عەلی عەزیزپوور

کۆماری ئێسلامیی ئێران بە درێژایی ٤٢ ساڵی رابردوو، وێڕای دژایەتی زۆرێک لە بەها نەتەوەیی و ئینسانییەکان، دژی جێژنی نەورۆز، چوارشەممە سووری و سێزدەبەدەری و …. بووە و تەنانەت هەندێک لە ئاخوندەکان، خوازیاری ئەون کە کۆماری ئێسلامی نەورۆز لە رۆژژمێری فەرمیی ئێران دەرهاوێژێ بە جێگەی ئەو، رۆژ پیرۆزە ئایینییە ئیسلامییەکان بە تایبەت مەزهەبی شیعە وەک رۆژی فەرمی دەستنیشان بکرێت .
کۆماری ئێسلامی لە سەرەتای هاتنەسەرکارییەوە بە رواڵەت زۆر بایەخ بە ئایین و هێما ئایینیییەکان دەدات، بەڵام دەگەڵ ئەوەشدا بە کردەوە رۆژ لەگەڵ رۆژ لە ئایین و هێمای ئایینییەکان دوور دەکەوێتەوە .
ئاستی گەندەڵی و دەزیی کاربەدەستانی کۆماری ئێسلامی و بنەماڵەکانیان هەتا دێت زۆرتر دەبێت. زۆربەی بەرپرسانی کۆماری ئێسلامی لە ئایین وەک ئامرازێک بۆ بەڕێوەبردنی دەستەڵات و کۆکردنەوەی سەرۆت و سامان کەڵک وردەگرن .
لە ڕاستیدا ئەمە بەرهەمی سیستەمی دیکتاتورییە و تایبەت بە ئێرانی ئاخوندی نییە.
ئاکامی دەستەڵاتی دیکتاتۆری بۆ کۆمەڵگای مروڤایەتی بریتیە لە فەساد، کوشتن، بەندیخانە، ئاوارەی و ماڵوێرانی.

ئامانجەکانی کۆماری ئیسلامی لە قەدەغەکردنی سێزدەبەدەری ١٤٠٠ی هەتاوی:

١- مەترسی لە یەکگرتوویی و یەکڕیزی خەڵک:
کۆماریئیسلامی بەهۆی ئەوەی کە نوێنەری ڕاستەخۆ خەڵک نییە و ڕێژیمێکی سەرەڕۆ و دیکتاتور ، هەموو کاتێک لە کۆبوونەوەکانی خەڵک ڕێکخراوە مەدەنی و ژینگەپارێزەکان دەترسێ . ئەویش هۆکارەکەی ئەوەیە
کە لە کۆبوونەوی خەڵکدا، بە دڵنیاییەوە باس لە هەموو ئەو گەندڵی و قەیرانە ئابووری و سیاسییانە دەکرێ کە هۆکاری سەرەکی سیستەم و بەرپەرسانی کۆماری ئیسلامییە.
لە یەکەم رۆژەکانی هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامییەوە، خەڵک دژی ئەو سیستەم و نیزامە بوون و بە زەبری چەک و توندوتیژی خۆی بەسەر خەڵکدا سەپاندووە و بە دەیان و سەدان حیزب و رێکخراو و چالاکی سیاسی و مەدەنی دژ بە نیزامە لە خەبات و تێکۆشاندان و کەمپینی جۆراوجۆر دژ بە نەمانی ئەو نیزامە رێک خراوە و خەڵک رژاونەتە سەر شەقامەکان و ناڕەزایەتی خۆیان نیشان داوە و لەو پێناوەشدا بە سەدان و هەزاران خەڵک گیانی خۆیان لە دەست داوە و بوونەتە قوربانی یاخود کەوتوونەتە سیاچاڵەکانی ئەو نیزامەوە. هەر بۆیە ئەوەی لە بەرژەوەندی خۆی بێ، ئەوە پشتیوانی لێ دەکات و ئەوەی لە بەرژەوەندی خۆشی نەبێ، رێگای پێ نادات و دژی هەر چەشنە کۆبوونەوە و ناڕەزایەتی و رێوڕەسمێک رادەوەستی.

٢- ترس لە شادی خەڵک:
کۆماری ئێسلامی بەپێی ماهییەتی دژی ئینسانی و دژی گەلییانەی خۆی و خوێندەوەی بۆ بارودۆخی کارەساتباری ئەمڕۆی ئێران، دژی هەر چەشنە شادی و خۆشییەکی خەڵکە و دەزانێت قەیرانی سیاسی و دارایی و ئابووری و پەتای مەترسیداری کۆڕۆنا تەنگی بە خەڵکی ئێران هەڵچنیوە و کاریگەری نەگەتیڤی لەسەر کۆمەڵگا داناوە و خەڵک وەزاڵە هاتوون، بۆیە شادییەکانی خەڵک و لێک کۆبوونەوەیان بە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر خۆی دەزانێت.

٣- لاوازکردن و رووخانی خەڵک لە باری دەروونناسی و سایکۆلۆژییەوە :
کۆماری ئێسلامی بە درێژایی تەمەنی خۆی، خەریکی فیتنەگەری لەنێو کۆمەڵگا ئێران و جیهاندایە .
دەستەڵاتی کۆماری ئیسلامی، لەسەر بناخەی زەبروزەنگ، درۆ ، گەندەڵی، دژایەتی لەگەڵ مافی مرۆڤ، دژایەتی لەگەڵ مافە نەتەوایەتییەکانی گەلانی ئێران و حوکمی پەت و سێدارە دامەزراوە و بۆ درێژەدان بە دەستەڵاتی نگریسی خۆی و ئامانجە سیاسییەکانی، خەریکی رووخاندنی ئیرادەی خەڵکی ئێرانە و تەنانەت لەو پەتا جیهانییە واتە کۆڕۆنا کە داوێنگیری کۆمەڵگای مرۆڤایەتی بووە، وەک ئامرازێک بۆ بێدەنگکردنی خەڵکی توڕە لە دەستەڵات و مەرامە سیاسییەکانی خۆی کەڵک وەردەگرێت و خۆی لە پەرەپێدانی ئەو پەتایەدا دەستی هەیە و دژبەرانی بە ناوی نەخۆشی کۆڕۆنا لە ناو دەبات و گیرۆدەیان دەکات.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*