ئەندامێکی لەمێژینە و دڵسۆزی حیزبی دێموکراتی کوردستان کۆچی دوایی کرد

ڕۆژی ھەینی ٢٠ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی، خاتوو “نازدار مەحموودزادە” ئەندامی دڵسۆزی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان و هاوسەری فەرماندەی کۆچکردووی حیزب “مەلابرایم دۆڵەگەرمی”، لە تەمەنی ٧٤ ساڵی و بەهۆی وەستانی دڵ، لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری “ئۆرێبرۆ”ی وڵاتی سوئێد کۆچی دوایی کرد.
خاتوو “نازدار مەحموودزادە” کچی کوێخا “حوسێنی قووڵەسوێروێ” و ‎خوشکی شەهیدی رێگای رزگاری کوردستان شەهید “محەممەد محمودزادە”، ساڵی ١٩٤٧ی زایینی لە گوندی “قووڵەسوێروێ” ناوچەی “بوڵفەت”ی سەردەشت لە بنەماڵەیەکی کوردپەروەر و دێموکراتدا چاوی بە ژیان هەڵێنا و دواتر لەگەڵ فەرماندە و خەباتکاری دێرین و نەسرەوتی رێگای کوردایەتی کاک “مەلابرایم مەسڵەحەت” ناسراو بە “مەلا برایمی دۆڵەگەرمی” ژیانی هاوبەشی پێک هێناو ساڵانێکی دوورودرێژ لە هەموو قۆناغەکانی ژیان و خەباتدا یاری وەفادار و پشتیوانی بوو .
‎بنەماڵەی کوێخا “حوسێنی قووڵەسوێروێ” یەکێک لەو بنەماڵە بە ناوبانگانەی ناوچەی “سەردەشت”-ن کە بە پێشکەشکردنی شەهید و بریندار و کەسی دیاری لەنێو ریزەکانی خەبات حیزبی دێموکراتدا وێردی سەر زاری دۆست و دوژمنن.
خاتوو “نازدار” بە هەستکردنی بە بەرپرسایەتی لە هەمبەر نەتەوەکەی و لەسەر رێبازی باب و باپیرانی و لە ژێر رێنوێنییەکانی هاوسەری کۆچکردووی، تاکوو کۆتاهەناسەکانی ژیانی ئەندامێکی دڵسۆزی حیزبی دێموکراتی کوردستان و یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستان بوو و وەفادار بە ڕێبازی پڕ لە سەروەریی شەهیدان مایەوە و دڵسۆزانە لە خزمەت حیزب و نەتەوەکەیدا بوو.
بەم بۆنەوە ناوەندی راگەیاندنی حیزبی دێموکراستی کوردستان، پرسە و سەرەخۆشی خۆی پێشکەش بە بنەماڵەی بەڕێزی “مەحموودزادە” و “مەسڵەحەت” و هەموو خزم و کەسوکاری و ئازیزانیان لە دەرەوەی وڵات و نێوخۆی وڵات دەکات و لەم خەمەدا خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێ..
ناوەندی راگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان- دەرەوەی وڵات

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*