وێبنارێک به بۆنەی ١٠ی خاکەلێوە رۆژی شەهیدانی کوردستان لە بریتانیا بەڕێوەچوو

ئێوارەی رۆژی یەکشەممە ٤ی ئاپریلی ٢٠٢١ی زایینی، بە بۆنەی ١٠ی خاکەلێوە، رۆژی شەھیدانی کوردستان، کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان له بریتانیا، بە بەشداری کۆمەڵێکی بەرچاو لە ئەندامان و لایەنگرانی حیزب و نوێنەرانی لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان، وێبینارێکی بۆ هاوڕێی “سمایل شەڕەفی” ئەندامی رێبەری و بەرپرسی کۆمیسیۆنی تەشکیلات بەڕێوە برد.
وێبینارەکە بە ساتێک بێدەنگیی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێ کرد و دواتر بەڕێوەبەری وێبینارەکە هاوڕێ “کاوە مۆددەڕەسی” پاڕچە شیعرێکی بەم بۆنەوە خوێندەوە و بەخێرهاتنی سەرجەم بەشداران و هاوڕێ “سمایل شەڕەفی” و نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکانی کرد.


لە بەشی یەکەمی وێبنارەکەدا بەڕێز “سمایل شەڕەفی” باسی لە قۆناغی ئەزموونی ژیانی پێشەوای کوردان “قازی محەممەد”ی نەمر کرد کە هاوکات لەگەڵ بینینی بارودۆخی میللەتەکەی، لە تەمەنی لاوێتیدا سەرقاڵی خۆپەروەردەکردن و قووڵ‌بوونەوە لە زانستە جۆراوجۆرەکان و لە هەمووی گرینگتر وردبوونەوە لە دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتیی خەڵکەکەی بووە و خزمەت بە گەل دەکاتە ئامانجی ژیانی خۆی و دواتر هەلومەرجی لێکەوتەی شەڕی دووهەمی جیهانیی ئەو دەرفەتە بوو کە پێشەوا قازی محەممەد تێیدا بیری لە جۆری کەڵک لێوەرگرتن بە قازانجی میللەتەکەی لێ دەکردەوە.
بەڕێز “شەڕەفی” لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: “دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان کە “قازی محەممەد” دامەزرێنەر و پێشەوای بوو، نوختەگۆڕانێک بوو لە مێژووی خەباتی لەمێژینەی گەلی کورد و سەرەتایەک بوو لە پێکهاتنی رێکخراو و حیزبی سیاسیی پێشکەوتوو و مودێرندا.” گوتیشی: “دامەزرانی سوپای میللی (هێزی پێشمەرگە)، هەڵکردنی ئاڵای پیرۆزی کوردستان، بە ڕەسمی ناساندنی زمانی کوردی، سەروەریی نەتەوەیی لە چوارچێوەی بەڕێوەبەریی ئیدارەی کۆماری کوردستان و… هەر هەموویان ئەو هێما و سەمبولانەن کە ئەمڕۆ و دوای زیاتر لە ٧٥ ساڵ، بوونەتە پێناسە بۆ خۆدەرخستنی نەتەوەییمان.”
بەڕێز کاک “سمایل شەڕەفی” لە بەشی کۆتایی قسەکانیدا، بەسەرهاتی پیشەوا “قازی محەممەد” لە چۆنیەتی بەرەو پیلی مەرگەوەچوون و دادگاییکردن و لەسێدارەدانی کە وانەیەکە لێوانلێو لە دەروەستبوون، وەفاداری، گەلدۆستی، ئازایەتی و نەمری بۆ بەشداربووان شی کردەوەو گوتی: “پێشەوا قازی زۆر باش دەیزانی مەرگ چاوەڕوانیەتی…ڕاستە کە پێشەوا “قازی” نەدەبا بەو ئاسانییە خۆی رادەستی دوژمن بکا، ئەویش دوژمنێک کە ئەو زۆر باش دەیزانێ کە چەندە فێڵباز و دڕندەیە، بەڵام “قازی محەممەد” ئەو کارەی بۆ پاراستنی خۆی نەکرد، بەڵکوو ئەو مەسئولییەتە گەورەیە کە سەبارەت بە گەلی کورد هەیبوو، پێشەوای بۆ ئەو کارە هان دا.”


لە دوای قسەکانی کاک “سمایل شەڕەفی”، پێشمەرگەی هونەرمەند کاک “محەممەدئەمین کەریمی” باوکی شەھید “ناسر کەریمی”، یەکێک له شەھیدەکانی شەوی یەڵدای خۆێناوی، بە دەنگە خۆشەکەی خۆی سرودی “ئەی شەھیدان”ی بەم بۆنەوە پێشکەش کرد.
پەیامی حیزبە کوردستانییەکان بەم بۆنەوە، بەشێکی دیکە لەو وێبنارە بوو کە پەیامی پارتی دێموکراتی کوردستان لە لایان بەڕێز “جەلال شوانی” كارگێڕی رێکخستنی لێژنەی ناوچەی لەندەن و پەیامی بزوتنەوەی گۆڕان لە لایان بەڕێز “فەرھاد مەعڕوف” بەرپرسی پەیوەندییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان لە بریتانیانەوە خوێندرانەوە.
لە کۆتاییدا هاوڕێ ” ئەدیسۆن فەرامەرزی” بەرپرسی کۆمیتەی بریتانیای حیزبی دێموکراتی کوردستان، لە وتەیەکی کورتدا، سوپاس سەرجەم بەشدارابوون بەتایبەت هاورێ سمایل شەڕەفی و نوێنەرانی پارتی دێموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕانی کرد کە لەو وێبینارەدا بەشدار بوون و زەحمەتیان کێشا.
وێبنارەکە بە پرسیار و وڵامدانەوەی لە لایەن بەڕێز کاک ” سمایل شەڕەفی” کۆتایی پێ ھات.
حیزبی دێموکراتی کوردستان-کۆمیتەی بریتانیا

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*