وەزارەتی دەرەوەی دەوڵەتی فیدراڵی ئوتریش وەڵامی نامەی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێرانی دایەوە.

لە درێژەی لەقاودان و گەیاندنی دەنگی کوردانی رۆژهەڵات سەبارەت بە هەڵکوتانی ئەم دواییانەی ناوەندە ئەمنییەتییەکانی رژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆسەر چالاکانی سیاسی و مەدەنی و دەستبەسەرکردنی کوردانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە گشتی، ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران، بە مەبەستی ئیدانەکردن و ئاگادارکردنەوەی کرداری ناڕەوای ناوەندە ئەمنییەکانی رژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، نامەیەکیان بە زمانی ئوتریشی بۆ سەرکۆمار، سەرۆکی حکومەت، بەرپرسانی فراکسیۆنەکانی ناو پەرلەمان و هەروەها بەشیکی زۆر لە کەسایەتییەکانی ئەم وڵاتە نارد..
لە بەشیكی ئەم نامەیەدا، ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران داوا دەکەن کە حکومەت و خەڵکی ئوتریش وشیار بن کە هەل بۆ کۆماری ئیسلامی نەڕخسێت تا لە وڵاتەکەیان وەک شوێنی بەرنامەڕێژی و پلانی تێرۆریستی کەڵک لێ وەربگرن و بێ وەبەرچاوگرتنی یاسا وڕێسا نێونەتەوەییەکان، هەروا تیرۆریستەکانی لە بەرگی دیپلۆماسیدا رمبازێن بکەن و ببنە مەترسی بۆ سەر گیانی تێکۆشەرانی ئازادیخوازی کورد و ئێرانی و شێواندنی ئاسایشی وڵاتی ئوتریش و ئووروپا. هەر لەم پەیوەندییەشدا وەک وەبیرهێنانەوە، ئاماژەیان بە کەیسی “ئەسەدوڵڵا ئەسەدی” کە بەناو دیپڵۆمات لەوڵاتی ئوتریش لە باڵوێزخانەی ئێران کاری کردووە، لە بلژیک لە دادگایەکی سەربەخۆدا لەگەڵ دارودەستەکەی سزا دران. ئەم بڕیارە ئەوە دەگەیەنێ کە دادگای بلژیک، دادگایەکی عادڵ و سەربەخۆیە و رێز لە گیان، ژیان و مافی مرۆڤەکان دەگرێ، بەڵام لە وڵاتی ئوتریش دوای تێپەڕبوونی ٣٠ ساڵ بەسەر تیرۆری دکتور “عەبدوڵڕەحمان قاسملوو” و هاوڕێیانیدا، ئێستاشی لەگەڵ بێ بۆ هێنانەوەی پەروەندەی ئەو تیرۆرە سیاسییە بۆ سەر مێزی دادگا، هیچ هەنگاوێکی ئەرێنی نەهاوێژراوە. بەدوای گەیاندنی ئەو نامەیە بۆ لایەنە بەرپرسەکانی وڵاتی ئوتریش، وەزارەتی دەرەوەی دەوڵەتی فیداڵیی ئوتریش، وەڵامی نامەی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێرانی دایەوە کە ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی:
لە لایەن: وەزارەتی دەرەوەی دەوڵەتی فیدراڵی، بەرپرسی کاروباری ئورووپا و نێودەوڵەتی
کاک
دکتور عەلی مازووچی
نامەی ژمارە:2021-0.176.528
وییەن، دووەمی مانگی ئاپریلی ٢٠٢١
بەڕێز دکتور عەلی مازووچی!
گەلێگ سوپاس بۆ ئەو نامەیەی کە لە لایەن ناوندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بۆ ئێمەتان ناردبوو. لەسەر داوای جەنابتان ئەو نووسراوەیەمان گەیاندە دەستی بەڕێز وەزیری دەروە ئاغای “ئەلکساندیر شالینبێرگ”.
ئەمن شانازی و ئیزنی ئەوم پێ دراوە بە نوێنەرایەتی وەزارەتی دەوڵەتی فیدراڵی و بەرپرسی کاروباری ئورووپا و نێودەوڵەتی، وەڵامی نامەیەی ئێوە بدەمەوە.
ئێوە دەبێ لەوە دڵنیا بن کە هەوڵ و تێکۆشانی وڵاتی ئوتریش بۆ دەستپێکردنەوەی وتووێژەکانی ئەتۆمی “بەرجام”، بە هیچ شێوەیەک دەگەڵ هەوڵ و تێکۆشانی ئێمە بۆ پاراستنی مافی مروڤ، ماڤی ژنان و مافی کەمینەکان هاوسەنگ نییە.
جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی “بەرجام” کە کۆنتڕۆڵکردنی تەواوی بەرنامە ئەتۆمییەکانی ئێرانی لە لایەن ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمییەوە بە دواوە دەبێ و پێش بە دەستڕاگەیشتن بە هێزی ئەتۆمیی ئێران دەگرێ، دەبێتە بەشێک لە ناوەرۆکی ئەو دیالۆگانەی کە لە هەموو ئاستەکاندا دەگەڵ ئێران دەکرێ.
وەزارەتی دەرەوەی ئێمە بە هاوکاری هاوپەیمانەکانمان لە یەکێتی ئوروپادا، چاوەدێری تەواو دەخەینە سەر دۆخی مافی مروڤ و بە تایبەتی بارودۆخی کوردەکان (بە ژن و پیاوەوە).
ئێمە لە پێوەندییە دوولایەنەکانماندا بەردەوام دەگەڵ ئێران لەسەر مافی مروڤ دەدوێن و هوشدارییان لەسەر پێشێلکردنی مافی خەڵک و توندوتیژی پێ دەدەین. هەر ئەو کارەش لە ناوەندە نێونەتەوەییەکاندا، بۆ نموونە رێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان، بە ڕێوە دەبەین.
داواکاریی پێویست بۆ باشکردنی مافی مروڤ لە لایەن وڵاتی ئوتریشە لە سی و چوارمین ساڵڕۆژی گرووپی کاری کونترۆڵی جیهانی Universal Periodic Review-UPR رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ساڵی ٢٠١٩ بە ئاشکرا بە دەوڵەتی ئێران راگەیەندراوە.
وەکێ ئێوە بۆ خۆشتان ئاگادارن، ناوەند و کەسانێکی زۆری ئێرانی کە لە پێشێلکردنی مافی مروڤ لە وڵاتدا دەستیان هەیە، لە لایەن یەکێتی ئوروپاوە گەمارۆ و سزایان بەسەردا سەپاوە.
من بە پێی ئەو بەڵگانەی کە لە سەرەوە بۆم باس کردن، ئێوە دڵنیا دەکەمەوە کە ئوتریش هەم لە ئاستی پەیوەندییە دوو لایەنەکانییەوە و هەم لە رێگای پەیوندییە نێونەتەوەییەکانییەوە دەگەڵ بەرپرسانی پلەباڵا بۆ دیفاع لە مافی مروڤ لە وڵاتی ئێراندا ئاکتیو دەبێ و بەردەوام دەگەڵی خەریک دەبین.
وێڕای جوانترین سڵاو
راسپێردراوی وەزارەتی دەرەوە
ماجستێر گێڕۆڵت ڤۆڵمێر
بەرپرسی بەشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دراوسێکانی باشووری ئورووپا

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*