به بۆنەی ١٠ی خاکەلێوە رۆژی شەهیدانی کوردستان، کۆمیتەی ئاڵمانی حیزب وێبینارێکی بەڕێوە برد.

سەرلەئێوارەی رۆژی شەممە ١٤ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی، بە بۆنەی ١٠ی خاکەلێوە ٧٤ەمین ساڵوەگەڕی شەهیدکرانی سەرۆک کۆماری کوردستان پێشەوا “قازی محەممەد” و هاوڕێیانی و رێزگرتن لە شەهیدانی کوردستان، کومیتەی ئاڵمانی حیزبی دێموکراتی کوردستان وێبینارێکی بۆ ئەندامان و لایەنگران و دۆستانی حیزب له وڵاتی ئاڵمان بەڕێوە برد.
وێبینارەکە بە سرودی نەتەوایەتی “ئەی رەقیب” و ساتێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێ کرد و کاک “شوکری تەریق”، لە لایەن کومیتەی ئاڵمانی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە بەخێرهاتنی بەشداربوانی کرد..
بەدوای ئەودا، شاعیری نیشتمانپەروەر و هەست ناسکی گەلەکەمان، “خاڵە قازی”، بە بۆنەی رۆژی شەهیدانی کوردستانەوە، وتەیەکی کورتی پێشکەش کرد و پاش بەرزنرخاندن و گەورەیی کۆماری کوردستان و باسکردن لەسەر کەسێتی پێشەوای مەزن قازی محەممەد و هاوڕێیانی، چەند شیعرێکی نیشتمانی و پڕ ناوەرۆکی خوێندەوە.
لە درێژەی وێیبنارەکەدا، هاوڕێ “خالید گیاڕەنگی”، خاتوو “خەدیجە سولەیمان پوور” و هاوڕێ “ناسیح ئەمینی “خەبات”، وەک بنەماڵەی شەهید بەم بۆنەوە پەیامیان پێشکەش کرد.
ئەوجار خاتوو “سومەیە خزری”، بەرپرسی یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی ئاڵمان، وتارێکی لەژێر ناوی “١٠ی خاکەلێوە، رۆژی شەهیدانی کوردستان، هێمایەکی گرینگی نەتەوەیی” پێشکەش بە بەشداربوان کرد.
ناوئاخنی ئەو وێبینارە، هەریەک لە هونەرمەندانی دەنگخۆش و نیشتیمانپەروەر، هاوڕێ “رافا سەرڕووتی” بە سرودی”کوردستانەکەم، نیشتمانەکەم” و هاوڕێ “سەمەد کاکە حەمە” بە سرودی “من پێشمەرگەی کوردستانم” و هاوڕێ “مەناف مەجیدی”، بە ئامێری دیوان و پارچە مووزیکێکی شۆڕشگێڕی، بەشدار بوون و رێزیان لەو رۆژە مێژووییە گرت.
شایانی باسە، وێنیبارەکە کاتژمێر، ١٧:٣٠ ی خولەک دەستی پێ کرد و کاتژمێر، ١٩:٣٠ خولەک کۆتایی پێ هات.
حیزبی دێموکراتی کوردستان- کۆمیتەی ئاڵمان

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*