کۆچی‌دوایی پێشمەرگەیەکی حیزب لە شاری کۆیە

تاهیر محەممەدی، کادری حیزبی دێموکراتی کوردستان بەهۆی نەخۆشییەوە لە یەکێک لەنەخۆشخانەکانی شاری هەولێر ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی کۆمیسیۆنی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان، کاک تاهیر محەممەدی، کادری لێوەشاوەی حیزبی دێموکراتی کوردستان، سەرلە بەیانی ڕۆژی چوارشەممە ١١ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی، بەهۆی نەخۆشییەوە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری هەولێر ماڵاوایی لە ژیان کرد و بۆ هەمیشە دڵە گەورە و پڕ لە هیواکەی لە لێدان کەوت.
کاک تاهیر محەممەدی، لە بنەماڵەیەکی کوردپەروەر لە شاری مەهاباد لە دایک بووە و هەر لە سەرەتای مێرمنداڵییەوە هۆگری خۆی بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستان و ڕێگا ورێبازەکەی دەردەبڕێ.
کاک تاهیر لە ساڵی ١٣٧٧ی هەتاوییەوە پێوەندی بە ڕێزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە دەگرێ و دەبێ بە پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان، کاک تاهیر لە ماوەی پێشمەرگایەتیدا لە ئۆرگان و کۆمیسیۆنە جۆراوجۆرەکانی حیزب وەکوو هێزی سامڕەند، کۆمیسیۆنی ئامووزش، کۆمیسیۆنی ڕاگەیاندن، کۆمیسیۆنی ڕادیۆ، ناوەندی یەک، فێرگەی سیاسیی نیزامی، کۆمیتەی پەیوەندییەکانی حیزب بەو پەڕی دڵسۆزییەوە ئەرکە حیزبییە پێسپێردراوەکانی بەڕێوە بردووە.
کاک تاهیر دوایین ئەرکی حیزبی پێسپیردراوی لە کۆمیتەی بازڕەسی ماڵی بەو پەری دڵسۆزییەوە بەجێ‌گەیاندووە.
لەلایەن کۆمیسیۆنی پێشمەرگەوە وێڕای دەربڕینی خەم و پەژارەی خۆمان بۆ کۆچی‌دوایی کاک تاهیر محەممەدی، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزیان وسەرجەم کادر و پێشمەرگەکانی حیزب و هەموو خزم وکەسوکاری ناوبراو دەکەین وخۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*