بە بۆنەی ١٠ی خاکەلێوە رۆژی شەهیدانی کوردستان، کومیتەی نۆڕوێژی حیزب وێبینارێکی بەڕێوە برد

ئێوارەی رۆژی سێشەممە ١٠ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی بەرانبەر بە ٣٠ی مارسی ٢٠٢١ی زایینی، بەبۆنەی ١٠ی خاکەلێوە ٧٤ەمین ساڵوەگەڕی شەهیدکرانی سەرۆک کۆماری کوردستان پێشەوا “قازی محەممەد” و هاوڕێیانی و ڕۆژی شەهیدانی کوردستان، کومیتەی نۆڕوێژی حیزبی دێموکراتی کوردستان وێبینارێکی بۆ هاوڕێی تێکۆشەر کاک “حەسەن قادرزادە” ئەندامی دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەڕێوە برد.


وێبینارەکە بە سروودی نەتەوایەتی “ئەی رەقیب” و ساتێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردوکوردستان دەستی پێ کرد. دواتر هاوڕێ “خوسرەو قادری” بە نوێنەرایەتی کۆمیتەی نۆروێژ وێڕای بەرزنرخاندنی رۆژی شەهیدان و پەیمان نوێکردنەوە لەگەڵ شەهیدە هەرگیز نەمرەکانی کوردستان، سوپاس و پێزانینی کۆمیتەی حیزبی لە نۆروێژ بۆ بەشداری کاک حەسەن قادرزادە و هەموو بەشدارانی ئەو وێبینارە دەربڕی.
پاشان خاتوو “مەحبوب رەحیمی” وەک بەرێوەبەری وێبینار دوای خوێندنەوەی کورتە شیعرێک سەبارەت بە لەسێدارەدانی “پێشەوا قازی محەممەد” و هاورێیانی، لە وتەیەکی کورتدا سەبارەت بە رێزگرتن لە ١٠ی خاکەلێوە و شەهیدانی کۆمار گوتی: “هەر وەک دەزانن لە رۆژژمێری مێژووی شۆڕش و کورد و کوردستاندا، ١٠ی خاکەلێوە لە دوای شکستی کۆماری کوردستان بووەتە رۆژێک و سیمبولێک بۆ شەهیدانی کوردوکوردستان.
لە بەرەبەیانیی ١٠ی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٢٦ی هەتاویدا، بە داخەوە رێژیمی گۆڕبەگۆڕی “حەمەرەزاشای پەهلەوی” لە چوارچرای شاری مەهاباد و هەر لەو شوێنەی کە لە ٢ی رێبەندانی ١٣٢٤ دا کۆماری کوردستانی لێ راگەیەندرابوو، پێشەوا قازی محەممەد (سەرۆک کۆماری کوردستان)، حەمەحوسێن خان سەیفی قازی ( ئامۆزای پێشەوا و وەزیری جەنگی کۆمار) و ئەبولقاسم سەدری قازی (برای پێشەوا)ی لە سێدارە دان و شەهید کران.


حیزبی‌ دێموكراتی‌ كوردستان له‌ ١٠ی‌ خاكه‌لێوه‌ی‌ ١٣٥٨ی هه‌تاوی ئه‌و رۆژه‌ی‌ وه‌ك رۆژی‌ شه‌هیدانی‌ كوردستان‌ راگه‌یاند.”
پاشان داوا لە کاک “حەسەن قادرزادە” کرا کە بەم بۆنەوە وتەکانی خۆی پێشکەش بکا.
بەڕێز “قادرزادە” لە سەرەتای قسەکانیدا وێڕای رێز و حورمەت بۆ شەهیدانی کوردستان بە بۆنەی ١٠ی خاکەلێوە، ٧٤مین ساڵوەگەری سەرقافلەی شەهیدان، پێشەوا قازی و هاورێیانی، بە دەستی رێژیمی پاشایەتی پەهلەوی ئاماژەی بە مێژوویی دوورودرێژی خەبات و قوربانی و کارەساتەکان بەسەر گەلی کورددا کردو لەو نێوەدا کارەساتی ١٠ی خاکەلێوەی بە یەکێک لە رۆژە رەشەکانی نەتەوەی کورد زانی کە ئەویش لە سێدارەدانی یەکەم سەرۆک کۆماری کوردستان بووە کە بووەتە هۆی ئەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەو رۆژەدا یادی هەموو شەهیدانی کوردستان بکاتەوە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا هاوڕێ “حەسەن قادرزادە” باسی لە وەفاداری و ئەمەگناسی حیزبی دێموکراتی کوردستان کرد بو رێزگرتن لە بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و یادی و بیرەوەری و قارەمانەتی و رێگا و رێبازی شەهیدانی حیزب و گەل کە کردووەیەتە ئولگوی رێگای خەبات. هەروەها بەرێزیان باسی لە رێزگرتنی بنەماڵەی شەهیدان کرد و گوتی: “ئەرکی ئەندامان، لایەنگران، دڵسۆزان و لایەنگرانی جوڵانەوەی رزگاریخوازیی گەلەکەمانە کە لەو رۆژەدا سەردانی بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدەکانمان بکەن و لە یادی شەهیدەکانماندا دەستی نەوازیش بەسەر کوڕ و کچانی شەهیداندا بێنن.”
لە بەشێکی دیکەی باسەکەیدا، ئەندامی دەفتەری سیاسی حدک بەرێز “حەسەن قادرزادە” ئاماژەی بە مێژوویی ٤ سەدە لە خەبات و رۆڵ و جێگە و پێگەی بنەماڵەی “قازی” لە کوردستاندا کردو هاتە سەر باسی کەسایەتی پێشەوا قازی محەممەد و لێهاتوویی، ژیری، وشیاری و هەستی نیشتمانپەروەری شەهید پێشەوای بە نموونە هێناوە و گوتی:”هەر ئەو تایبەتمەندییانە بوون کە رێبەرانی “کۆمەڵەی ژێکاف” داوای لێ بکەن کە ببێتە ئەندامی ئەو کۆمەڵەیە و لە کۆتاییەکانی ساڵی ١٣٢٣ دا پێشەوا قازی دەبێتە ئەندامی ئەو کۆمەڵەیە و لێهاتوویی ئەو وای لێ دەکات کە ببێتە رێبەری “کۆمەڵەی ژێکاف”، کە دواتر هەلومەرج دەرەخسێ و حیزبی دێموکراتی کوردستان لەسەر بناخەی کۆمەڵەی ژێکاف دادەمەزرێنێ.”
هاوڕێ “قادرزادە” لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بە قۆناغی دوای دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و لێهاتوویی و شارەزابوونی پێشەوا قازی محەممەد سەبارەت بە هەلومەرجی کوردستان و ناوچە دا کە بووە هۆی ئەوە کە دوایی ٦ مانگ لە دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، لە ٢ی رێبەندانی ساڵی ١٣٢٤ کۆماری کوردستان دامەزرێنێ. هەرچەند رووسەکان ئەوەیان پێ خۆش نەبوو و زۆرتر دەیانویست کوردستان ببێتە ناوچەیەکی خودموختار لە ژێر دەستەڵاتی کۆماری ئازەربایجاندا، بەڵام پێشەوا و هاوڕێیانی بە بەشداری نوێنەرانی هەر چوار پارچەی کوردستان، کۆماری کوردستانیان لە مەهاباد راگەیاند.
بەرێز قادرزادە، باسی تێکچوونی کۆماری کوردستان و داگیرکردنەوەی کوردستان بە دەستی سوپای رێژیمی پەهلەوی کرد و ئاماژەی بەوە دا کە هەرچەند پێشەوا دەیتوانی خۆی دەرباز بکا و نەکەوێتە دەست رێژیمی ئێران، بەڵام ئەو، مانەوەی لەنێو میللەتەکەی هەڵبژارد کە دەشیزانی رێژیمی پەهلەوی لێی خۆش نابێ.
کاک “حەسەن” دواتر هاتە سەر باسی ئازایەتی و قارەمانەتی پێشەوا و سەیفی قازی و سەدری قازی کە چۆن لە بەرانبەر بێدادگای رێژیم راوەستاون و بە وتەی کاربەدەستانی دادگا ئەوە قازی محەممەد بوو کە دادگای محاکەمە کرد نەک دادگا ئەوی محاکەمە بکا. هەر ئەو ئازایەتی و قارەمانەتییە بوو کە سەرەنجام بەرەبەیانیی ١٠ی خاکەلێوەی ١٣٢٦ی هەتاوی لە چوارچرای شاری مەهاباد حوکمی سێدارەی پێشەوا و سەیفی قازی و سەدری قازی بەڕێوەچوو.
لە بەشێکی دیکە قسەکانیدا هاوڕێ قادرزادە، باسی لە شانازییەکان و دەستکەوتەکانی پێشەواو کۆمار کرد و پێشکەوتن، ئازادیی رادەربڕین، گرنگیپێدان بە ژنان و هێنانیان بۆ نێو سیاسەت، عەدالەت، دێموکراتبوون و هەروەها کوردستانیبوون و باوەری قووڵی بە هەرچوارپارچەی کوردستانی بە نموونە هێنانەوە و کوتی: “هەر ئەو تایبەتمەندییانە بوون کە دکتور قاسملوو لە وەسفی شەهید پێشەوا دا، ٣٥ ساڵ دوایی شەهید بوونی دەڵێ:” پێشەوا بە شەهیدبوونی پەیام و مەشغەڵێکی هەبوو. مەشغەلەکە ئەوە بوو کە لاوان و شۆڕشگێرانی کورد نەهێڵن ئەو مەشغەلە بکوژێتەوە. پەیامەکەشی ئەوەیە کە ئەگەر خەباتگێرانی کورد دەیان جار رووبەرووی مەرگ ببنەوە، لە مەرگ ناترسن و لە پێناو میللەتەکەیاندا خەبات دەکەن.”
لە کۆتاییدا بەرێز کاک “حەسەن قادرزادە” یادی لە هەموو شەهیدانی کۆمار کردەوە و ناوی هەمووانی برد کە لە مەهاباد، بۆکان و سەقز لە ١٨ی خاکەلێوەی ١٣٢٦ واتا ٨ رۆژ دوایی لە سێدارەدانی پێشەوا و یارانی لە سێدارە دران کە بریتی بوون لە:
حامید مازووچی، رەسوڵ نەغەدەیی، عەبدوڵڵا رۆشنفکر، محەممەد نازمی لە مەهاباد. عەلی بەگی شێرزاد لە بۆکان. ئەحمەدخانی فارووقی، عەوڵاخانی مەتین، حەمەخانی دانیشوەر، عەلی خانی فاتح، حەسەن خانی فەیزوڵا بەگی، محەممەد بەگی فەیزوڵا بەگی، ئەحمەدخانی شەجیعی، شێخ ئەمینی ئەسعەدی ، شێخ سەدیقی ئەسعەدی، عەلی ئاغای جەوانمەردی، رەسوڵ ئاغای مەحمودی لە سەقز
هەروەها ٣ مانگ دواتر چوار ئەفسەری کۆماری کوردستان کە بە دەستی رێژیمی عێراق لە سێدارە دران بریتی بوون:
مستەفا خۆشناو، خێروڵڵا عەبدولکەریم، محەممەد مەحموود قودسی، عێزەت عەبدولعەزیز.
کاک “حەسەن قادرزادە” لە کۆتایی باسەکەیدا گوتی: “لێرەدا ماوەتەوە بڵێم ئەوان ئەرکی خۆیان بەجێ گەیاند، ئەوەی ماوەتەوە ئەرکی رێبوارانی رێگای ئەو شەهیدانە و رێگای هەموو ئازادیخوازێکە کە رێبازی ئەو شەهیدانە درێژە بدەن تا گەیشتن بە ئامانجەکانیان. هەروەک شەهید دوکتور قاسملوو دەیفەرموو:” گەڵێک ئازادی بوێ دەبێ نرخی ئەو ئازادییەش بدا”.
حیزبی دێموکراتی کوردستان / کومیتەی نۆروێژ

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*