بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ١٠ی خەکەلێوە، ڕۆژی شەهیدانی کوردستان لە وڵاتی دانمارک

بەبۆنەی ١٠ی خاکەلێوە ٧٤ەمین ساڵوەگەڕی شەهیدکرانی سەرۆک کۆماری کوردستان پێشەوا “قازی محەممەد” و هاوڕێیانی و ڕۆژی شەهیدانی کوردستان، لە وڵاتی دانمارک لەسەر گڵکۆی نەمر کاک نەبی قادری ڕێوڕەسمێک بەڕێوە چوو.
ڕۆژی سێشەممە ١٠ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی، بە بەشداری کۆمەڵێکی بەرچاو لە ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، لەسەر گڵکۆی نەمر کاک نەبی قادری سەرکردەی دیار و ناسراوی گەلەکەمان، ڕێوڕەسمێکی بەشکۆ بەڕێوە چوو، سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە سروودی “ئەی شەهیدان” و ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێ کرد. ئەوجار لە لایەن هاوڕێ “ئەحمەد رەحمانی” بەڕێوەبەری رێوڕەسمی یادی ١٠ خاکەلێوە، بەخێرھاتنی بەشدارانی ئەم یادە کرایەوە .
پاشان پەیامی کۆمیتەی دانمارکی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە لایەن هاوڕێ “رەحیم خالیدنژاد” بەرپرسی کۆمیتەوە پێشکەش کرا کە پەیامەکە ئاوەردانەوەیەکی مێژوویی بوو لە ١٠ی خاکەلێوەو رۆژی شەهیدانی کوردستان و بەستنەوەی ئەو رووداوە بە ھەلومەرجی ئێستا و نەبوونی دەرفەتی گونجاو بۆ بەڕێوەچوونی یادێکی گەورەتر بەھۆی پەتای کۆڕۆنا و لەبەرچاوگرتنی رێنماییە تەندروستی و خۆپارێزییەکان.
پاشان لە لایەن هاورێ “ناسر پیرانی” سیمای ناسراوی حیزب و گەلەکەمان، چەند وتەیەکی سەبارەت بە رۆژی شەھیدان و گەورەیی کاک نەبی قادری سەرکردە پێشکەش کرا.
بەدوای ئەودا هۆنراوەی “شەھید” کە ھۆنراوەیەکی پڕ لە ھەستی کاک “حوسێن مەحموودی” بوو، بەم بۆنەوە خوێندرایەوە. پاشان هەریەک لە بەڕێزان هاوڕێ “رەشید قازی” و “دایە خەیاڵ” هاوسەری نەمر کاک “نەبی قادری”، وتەی خۆیان بەم بۆنەوە پێشکەش کرد. “لە خاکەلێوەدا” کە ناونیشانی پەخشانێک بوو، لە لایەن بەڕێوەبەری رێوڕەسمەکەوە خوێندرایەوە و ئەوجار هاوڕێ “وریا مەللاک” بەرپرسی بەشی تەشکیلاتی حیزب لە دانمارک، بە نوێنەرایەتی سەرجەم ئەندامانی کۆمیتەی دانمارکی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە، سوپاسی ئەرک و زەحمەتی بەشدارانی یادی ١٠ی خاکەلێوە کرد.
لە کۆتابڕگەی ئەم یادەدا، بەشداران سەردانی گڵکۆی ھەر یەک لە
شاعیری کۆچکردووی نەتەوەکەمان “عەلی حەسەنیانی “ھاوار” و خوسرەو موزەفەری”یان کرد و چەپکەگوڵی ڕێزلێنانیان لەسەر گڵکۆکانیان دانا.
حیزبی دێموکراتی کوردستان/ کۆمیتەی دانمارک

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*