پێشەوا قازی محەممەد لە نێوان نەریت و مودێڕنیتەدا

چەمکە مودێڕنەکان ئاخێزگە و شوێنی سەرهەڵدانیان ئورووپایە و بە هۆی زاڵبوونی کولتووری نەریتی لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین، زیاتر شکل و فۆرمی ئەو چەمکانە ماون و نەریتگەرایی حاڵەتی کرداری مودێڕنیتەی کەم ڕەنگ کردووە و تەنانەت لە زۆر ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناڤین ڕەنگ و رۆخساری پێشکەوتوو بە حکوومەتەکانەوە نابینرێ!

لە بواری مێژووییەوە، سەردەمی مودێڕنیتە لەگەڵ ڕێنسانس دەست پێدەکا و لەگەڵ قوناغی ڕەوشەنگەری و شۆڕشی فەرانسە و ئیدەئالیسمی ئاڵمانی وەک گوتاری کلیدی ڕۆژاوا  تۆکمە دەبێ.

پێشەوا قازی محەممەد ئەوکاتەی لە کوردستان چالاکیی سیاسی دەکا نەتەنیا کۆمەڵگە لە بواری ڕەوشەنگەری و ئاگاهی سیاسییەوە زۆر لاواز بووە بەڵکوو کۆمەڵگەی ئێران بێبەش بووە لە “هزر و کەرەستەی مودێڕن”.

ئەگەر لە ئاستی ئێرانیش حیزبی سیاسی دامەزرابێ بۆ نموونە “توودە” زیاتر بەرهەمی چینی خوێندەواری کۆمەڵگە و پشتیوانیی ڕووسەکان بووە. بەڵام لە کوردستان پێشەوا قازی محەممەد دەبێتە پردێک لە نێوان نەریتگەرایی و مودێڕنیتە، بە چ شێوەیەک؟

هەڵبەت پێش لە دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان شۆڕش و سەرهەڵدانی دیکەش لە کوردستان بووە، بەڵام هیچ کامیان خاوەن بەرنامەی سیاسی نەبوون واتە “مدرنیتەی سیاسی” لەو بزاڤگەلەدا نابیندرێ.

بەڵام کەسایەتیی ناوازەی پێشەوا سەرەڕای ئەوەی کە بۆ خۆیان ” کەسێکی ئایینیی پێڕەوی ئیسلام” بووە بەڵام لە وڵاتێکی تا سەر ئێسکان پاشکەوتوو وەک ئێران و کوردستان، قەوارەی سیاسی و کۆماری دادەمەزرێنی، چەمکی دێموکراتیک و مودێڕنیەتی سیاسی دێنیتە نێو ئەدەبیاتی سیاسی و مێژوویی کوردەوە، لاوان دەنێرێ بۆ یەکیەتیی سۆڤیەتی بۆ خۆلی سەربازی، یەکیەتیی ژنان و لاوان دادەمەزرێنی، ئەگەر پێشتر لە چوارچێوەی عەشیرە و بنەماڵە جەنگاوەریان بار دەهێنا، ئەو جارە ناوی فەرمی بۆ جەنگاوەری کورد واتە” پیشمەرگە” دادەنێ، ئاڵای کوردستان هەڵ‌دەکرێ کە ئێستا لە بەشێک لە نیشتمان لە سێبەری ئەو ئاڵایە کورد دەحەسێتەوە و زۆر دەسکەوتی سیاسی و مێژوویی دیکە.

کەواتە پێشەوا قازی محەممەد زیاترین و باشترین کاریگەریی هەبوو لەسەر مودێڕنیتەی سیاسیی کورد لە هەموو کوردستان لە سەدەی بیستەم بۆ کۆتایی‌پێهێنان بە زاڵبوونی بیری عەشیرەگەرایی و نەریتگەرایی لەسەر کۆمەڵگە و بزاڤی کوردەوە.

شەهیدی سەرکردە د. قاسملووی نەمر زۆر جوانیان پێشەوا وەسف کردووە کە: پێشەوا گوڵێک بوو لە سەحرا دا ڕوویی.

ئەو گوڵەش بوو بە ڕیشە و بنج و بنەمای بزووتنەوەی مودێڕنی کورد و هێڵی جیاکردنەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە حیزبگەلی دیکە.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*