بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ١٠ی خەکەلێوە، ڕۆژی شەهیدان لە مەزارگەی شەهیدانی حیزبی دێموکرات

بەبۆنەی ١٠ی خاکەلێوە ساڵڕۆژی لە سێدارەدانی پێشەوا قازی محەممەد و ڕۆژی شەهیدانی کوردستان، ڕێوڕەسمێک لە مەزارگەی شەهیدانی حیزبی دێموکرات بەڕێوە چوو.
ڕۆژی دووشەممە ٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی، بە بەشداری سەدان کەس لە کادر و پێشمەرگە و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدانی حیزبی دێموکرات لە مەزارگەی شەهیدان ڕێوڕەسمێکی بەشکۆ بەڕێوەچوو، سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە سروودی “ئەی شەهیدان” و ساتێک بێ دەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.
دواتر بەڕێز خالید عەزیزی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان، پەردەی لەسەر مۆنۆمێنتی شەهیدان لادا و بۆ ڕێزگرتن لە خەباتی شەهیدان ساتێک بەپێوە ڕاوەستا، هەروەها بەڕێز مستەفا مەولوودی جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەو بۆنەوە تاجە گوڵینەی رێز و وەفای لە سەر گۆڕی شەهیدان دانا و پەیمانی لەگەڵ شەهیدان نوێ کردەوە.
لە بڕگەیەکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا پەیامی کۆمیسیۆنی کۆمەڵایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەبۆنەی ڕۆژی شەهیدانی کوردستان لە لایەن خاتوو خەدیجە مەعزوور ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی دێموکراتی کوردستان پێشکەش کرا، ناوبراو لە پەیامەکەدا سڵاوی بۆ گیانی پاکی هەموو شەهیدانی کوردستان نارد و بەڵێن و پەیمانی لەگەڵ نوێ کردنەوە و وتی: بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان سەرەڕای لەدەست دانی ئازیزانیان لە ڕێگەی خەبات و تێکۆشان، شێلگیرانە درێژەدەری ڕێبازی شەهیدانی خۆیانن و تا گەیشتن بە ئامانجی شەهیدان لەسەر ئەو رێبازە سوور و بەردەوامن.
لە درێژەی ڕێوڕەسمەکەدا بەشداربووان و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان، بۆ بەڵێن پەیمان نوێ کردنەوە لەگەڵ شەهیدان، لەسەر گڵکۆی شەهیدان گوڵی سووریان دانا و بەڵێنیان دا تا گەیشتن بە ئازادی و ئامانجی شەهیدان لەسەر ئەو رێبازە بەردەوام بن و درێژەدەری ئەو ڕێبازە پیرۆزە بن.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*