بە بۆنەی 10ی خاکەلێوە رۆژی شەهیدانی کوردستان کومیتەی سوئێدی حیزب وێبینارێکی بەڕێوە برد

ڕۆژی یەکشەممە ٨ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی، کۆمیتەی سوئێدی حیزبی دێموکراتی کوردستان وێبینارێکی بە بەشداری بەڕێز “عومەر باڵەکی” ئەندامی دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە شێوەی ئۆنڵاین بەڕێوە برد.
سەرەتای بەرنامەکە بە سروودی نەتەوایەتی “ئەی رەقیب” و ساتێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێ کرد. پاش بەخێرهاتنی بەشداربووان و نوێنەرانی حیزبە کوردستانییەکان لە لایەن بەڕێوەبەری وێبینار هاوڕێ “محەممەد ئیسماعیلی”داوا لە خاتوو “کوێستان بابایی” بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە سوئێد کرا پەیامەکەی پێشکەش بکا. وێڕای بەخێرهێنانی ئامادەبووانی، خاتوو کوئێستان لە بەشێک لە پەیامەکەیدا، گوتی:


“پێشەوایان لە سێدارە دا، بەڵام بیر و هزری پێشەوا کە یەکێتی و پێکەوەژیانی ئاشتییانە و خەباتی هەموو لایەنە بوو، لە پێناوی دامەزراندنی کیانێکی سەربەخۆی کوردیدا، هەروەک خۆی ماوەتەوە و رۆڵەکان و میراتگرانی رێبازەکەی لە پێناویدا تێدەکۆشن. حیزبی دێموکراتی کوردستان، خەباتی خۆی بەرەو ئامانجە رەواکانی درێژە دەدا و لەم پێناوەشدا هەزاران رۆڵەی خۆی کردووەتە قوربانی، دەیان رێبەری لێوەشاوەی خۆی لە ریزی قوربانیاندا هەن و ئاسمانی پڕ ئەستێرەی شەهیدانی کوردستانییان رووناک کردووەتەوە، قاسملوو و شەرەفکەندی دوو ئەستێرەی گەشی ئەم ئاسمانەن.”

لە درێژەی پەیامەکەیدا گوتیشی: “ئێستا کە یادی پێشەوا قازی محەممەد و هاوڕێکانی بەرز رادەگرین و لە بەرانبەر گەورەیی رۆح و رێگا و رێبازیاندا سەر دادەنوێنن، هاوکات بەڵێنی وەفادار مانەوە بە پێشەوا قازی محەممەد و حیزبەکەی قازی و بنەماڵەی رووسووری شەهیدان دەدەین، کە لە هەر مەیدانێکی خەباتدا بین و لە هەر دەرفەتێک کە بۆمان دەڕەخسێ، تێکۆشەر و پێشمەرگەی رێبازە پڕ لە شانازییەکەی پێشەوای شەهیدمان دەبین و هەر وەک پێشەوا وەفاداری راستەقینە دەمێنینەوە.”


لە دڕێژەی وێبینارەکەدا، هاوڕێ “عومەر باڵەکی” ئەندامی دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە بابەتێک لەژێر ناوی
” خوێندنەوەیەک بۆ هزر و کەسایەتی پێشەوا قازی محەممەد لە ٧٤ ساڵەی شەهیدکرانیدا”، باسی لە هەوڵەکانی پێشەوا “قازی محەممەد” و رۆڵی بەرچاویان لە دامەزراندنی یەکەم حیزبی مۆدێرنی کوردی و دامەزراندنی یەکەم کۆماری کوردستان و دەستکەوتەکانی وەکوو ناوی پیڕۆزی پێشمەرگە، ئاڵای کوردستان، سرودی “ئەی رەقیب” کە ئێستاش وەکو میراتێک بۆ گەلی کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستان ماوەتەوە، کرد. لە درێژی باسەکەیدا بەڕێز “باڵەکی” باسی هەوڵەکانی شەهید قازی محەممەد کرد کە چەندە لە خەمی ئاوەدانکردنەوەی کوردستان، پتەوکردنی یەکێتی لە نێوان کوردەکانی هەموو پارچەکانی کوردستان، پێگەیاندن و پەروەردەکردنی نەوەیەکی خوێندەوار و دروستکردنی یەکەمین بنکەی دەرمانی لە شاری مەهاباد و پێکهێنانی کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوو کرد.
کاک “عومەر باڵەکی” بێجگە لە خوێندنەوەی سوێندی ياسایی “قازی محەممەد” باسی لە ورەی لە بننەهاتووی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان کرد کە هەرچەند رژێمی لەنێوچووی پەهلەوی بە لەنێوبردنی کۆماری کوردستان و لە سێدارەدرانی پێشەوا قازی محەممەد و هاوڕێیانی پێی وابوو دەتوانێ کۆتایی بە خەونی ئازادی کوردستان بێنێ. بەڵکو ۷٤ ساڵ پاش لە لە سێدارەدانیان، گەلی کورد لە تێکۆشان و خەبات بۆ ئازادی و سەربەخۆیی کۆڵی نەداوەو تا کۆتایی ڕێبواری ڕێگەیان دەبن.
شایانی باسە کە ئەو حیزب و رێکخراوانە ئامادەی وێبینارەکە بوون و چوار حیزبی یەکەمی لیستەکە بەم بۆنەوە پەیامیان هەبوو:
لێژنەی ناوچەی سوئێدی پارتی دیمۆکراتی کوردستان – پەیام
رێکخراوی خەباتی شۆڕشگێڕی کوردستان- پەیام
پارتی سەربەخۆیی کوردستان.- پەیام
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان کۆمیتەی سوئێد- پەیام
یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان.
رێکخراوی سوئێدی حیزبی شیوعی کوردستان
پارتی ئازادیی کوردستان

حیزبی دێموکراتی کوردستان -کۆمیتەی سوئێد

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*