بەشی پەیوەندییە سوئێدییەکان حیزب دەگەڵ بەرپرسی رایەڵەی کوردستان لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە کۆ بووەوە

رۆژی چوارشەممە ۲٤ی مارسی ۲٠۲۱ی زایینی، بەشی پەیوەندییە سوئێدییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان دەگەڵ لە رێگای ئانڵاینەوە، دەگەڵ “رێزدار “فرێدریک ماڵم”، پەرلەمانتار لە لیستی حیزبی لیبرالی سوئێد و بەرپرسی ڕایەڵەی کوردستان لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە، کۆ بووەوە.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، خاتوو “سۆزان فەتحی” بەرپرسی پەیوەندییە سوئێدییەکان حیزبی دێموکراتی کوردستان، باسێکی گشتی لەسەر باروودۆخی ناھەمواری خەڵکی ڕۆژھەڵاتی کوردستان کرد کە بەهۆی پەتای “کۆڕۆنا”وە کەوتوونەتە بارودۆخێکی دژوار. لەو بەشەدا “سۆزان فەتحی” باسی لەوە کرد کە نەبوونی پشتیوانیی ماددی و مەعنەوی گوشارێکی لە رادەبەدەری خستووەتە سەر خەڵک و لە لایەن حکومەتی کۆماری ئیسلامیشەوە بە تەواوی پاشگوێ خراون. پەرەئەستاندنی هەژاری و نەبوونی بژێوی ژیان وای کردووە کە خەڵکانێکی زۆر ڕوو لە کۆڵبەری بکەن و بەپێی تازەترین ئامارەکان لە ساڵی ۱۳۹۹ دا، ۲۲۷ کۆڵبەر کەوتوونە بەر دەستڕێژی گولـلەی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و دەیان کەس بەو هۆیەوە گیانیان لەدەست داوە. ئەوە لە کاتێکدایە کە دەستڕێژی ڕاستەوخۆ بەو شێوەیە لە یاسای نێودەوڵەتیدا قەدەغە کراوە.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، خاتوو “سۆزان” باسی گرتنی بە کۆمەڵی چالاکوانانی رۆژهەڵاتی کوردستانی کرد کە لە مانگی ژانوییەی ۲٠۲۱ دەستی پێ کرد و رێژەی دەستبەسەر کراوان تا ئێستا لە ۱٠٠ کەس تێدەپەڕێ و چارەنووسی زۆر لەو دەستبەسەر کراوانە ناڕوونە و ئەگەری ئەوە هەیە کە بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە سزا بدرێن.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، بەڕێز “کەماڵ حەسەنپوور” هاوکاری بەشی پەیوەندییە سوئێدییەکانی حیزب، باسێکی لەسەر بەرجام و هەوڵەکانی چڕی هەر سێ وڵاتی ئاڵمان، بریتانیا و فەڕانسە، دوای ھاتنەسەرکاری سەرۆککۆماری نوێی ئەمریکا، “جۆ بایدێن”ی بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستاندنەکان لەگەڵ ئێران بە شێوەی ساڵی ۲٠۱٥ -ی کرد و هاوکات نیگەرانیی خۆی لە پێشێلکردن و لە پەڕاوێزخستنی مافەکانی مرۆڤ و دووپاتبوونەوەی ئەوەی کە ببنە قوربانیی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی وڵاتانی رۆژئاوا، دەربڕی. بەڕێز “حەسەنپوور” جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان دەبێتە ھۆی بەھێزکردنی کۆماری ئیسلامی و زیاتر چەوساندنەوەی خەڵک لە ئێران بە گشتی و رۆژھەڵاتی کوردستان بەتایبەتی و درێژەدانی سیاسەتی سیخۆڕی و تێڕۆریستی لە دەرەوەی ئێران..
بەڕێز “فرێدریک ماڵم” جیا لە دووبارەکردنەوەی پشتیوانیی خۆی بۆ گەلی کورد، بەڵێنی هاوکاریی هاوبەشی دا و گوتی لە داهاتوویەکی نزیکدا بە هاوکاری بەشی پەیوەندییە سوئێدییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان ، نووسراوەیەک ئامادە دەکا کە دەبێتە بنەمای پرسیاری ناوبراو لە وەزیری دەرەوەی سوئێد و وڵامدانەوەی لە پارلەمانی ئەو وڵاتە. تەوەری نووسراوەکە دۆخی کۆڵبەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبێ. جگە لەوە “فرێدریک ماڵم” بە نووسراوەش پرسی شەپۆلی دەستبەسەرکرانی ئەم دواییانەی چالاکانی کوردی رۆژهەڵات و زەخت خستنە سەر دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی بۆ ئازادکردنی ئەو دەستبەسەرکراوانە دەنێرێ بۆ وەزارەتی کاروباری دەرەوەی سوئید.
بەشی پەیوەندییە سوئێدییەکان حیزبی دێموکرانی کوردستان ـ سوئێد

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*