چارەنووسی ڕێژیم چۆن و لەکوێ یەکلا دەبێتەوە؟

عەلی بداغی

 

کەمپینی “نا بۆ کۆماری ئیسلامی” لەم ڕۆژانەدا دەنگێکی نوێی دیکەیە کە هەم لە نێوخۆی وڵات و هەم لە دەرەوەی وڵات بەرزتر و بەربڵاوتر دەبیسترێ. ئەم دەنگە لە ئێستادا کاردانەوەی جیدی کۆمەڵگەیە بە کۆی قەیرانگەلێک کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە چوار دەیەی ڕابردوودا بۆ خەڵکی دروست کردووە.

وەڕێکەوتنی ئەم کەمپینە بێ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کام هێز و لایەنی سیاسیی لەپشتە و تێڕوانین و خوێندنەوەکان بۆ ڕەگداکوتان و بەرەوەپێش‌چوونی دەبێ چۆن و چ بن، بیرهێنەرەوەی بڕیارێکی مێژوویی بزووتنەوەی سیاسیی کوردە. بێگومان ئەو کاتەی کە هەر مانگێک دوای خۆسەپاندنی ڕێبەرانی ئەم ڕێژیمە ڕاپرسیی “کۆماری ئیسلامی، بەڵێ یان نەخێر” دەکرا و کوردستان و هێزە سیاسییەکانی پێشەنگی “نا”گوتن بەو ڕێژیمە فریودەرە بوون؛ ئەگەر کورد تەنیا نەمابایەوە و نەتەوە و قەوارە سیاسییەکانی دیکەش بەرەوپیلی ئەو بانگەوازە هاتبان، ڕەنگبێ ئەوەی لە چوار دەیەی ڕابردوودا بەسەر ئێران و خەڵکی ئەم وڵاتە هاتووە، ڕوویان نەدابا. بزووتنەوەی سیاسیی کورد لە چوار دەیەی ڕابردوودا و لە شێوە و فۆڕمی جۆراوجۆری سیاسی، مەدەنی و تەنانەت چەکداریدا بەردەوام بووە لەسەر ئەم “نا”گوتنە و بە سەربەرزییەوە هەتا ئێستاش باجی ئەو خۆڕاگرییە و مافخوازییە دەدا.

تایبەتمەندییەکی ئەم کەمپینە تازەیە کە هێشتا مەیدانی نییە و پتر میدیایی و تەبلیغاتییە ئەوەیە کە لەو ماوەیەدا بەشی بەرچاو لە چین و توێژ و فرەیی و جۆراوجۆرییەکانی کۆمەڵگەی گرتووەتەوە و، هاوکات دەکرێ دوو پەیامیشی تێدا بخوێنینەوە:

پەیامی یەکەم ڕوو لە سەرۆک‌کۆماریی ئەمریکا، وڵاتانی ئورووپایی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە کە ئێران ناتوانێ عونسورێکی دڵنیا لە هاوکێشە جیهانییەکان و هاوبەشێکی باشی سیاسی و ئابووری بۆ ئەوان بێ؛ چونکی بناغەی دەسەڵاتی ئەم ڕێژیمە لەرزۆکە و حاکمییەتی کۆماری ئیسلامی تەنیا و تەنیا زەبروزەنگ لەسەر پێی ڕاگرتووە، نەک شەرعییەت و پشتیوانیی خەڵک.

خەڵکی ئێران نیگەرانن لە ئەگەری سازانی کۆمەڵگەی جیهانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا ڕێژیم هێز و تینی پتری وەبەر بێتەوە و توندوتیژتر لە ئێستاش بەر بێتە گیان و ژیانی خەڵک. ئەو ترسەش لەخۆڕا نییە و پێشترین ئەزموون کراوە. وەک چۆن دوای هەڵبژاردنەکانی سەرۆک‌کۆماریی ٨٨ و ڕاپەڕینی خەڵک بێتوو ئەمریکا و کۆمەڵگەی جیهانی دەنگی خەڵکیان بیستبا و قازانجی سازان لەگەڵ کۆماری ئیسلامییان لە پێشەوە و لە سەرووی بەرژەوەندیی سەقامگیری خۆیان لە پشتیوانی‌کردن لە خەڵک دانەنابا؛ ڕەنگبێ ئێستا ئەو ڕێژیمە بەشیک با لە مێژوو.

پەیامی دووهەم ڕوو لە دەسەڵاتە کە لە بەهاری ساڵی نوێدا بەتەمای بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی سەرۆک‌کۆمارییە. ئەو “نا”یەی ئێستا لەو کەمپینەدا بەرز کراوتەوە، نای پێشوەختە بەو هەڵبژاردنە و لێکەوتەکانی و تەواوەتیی ڕێژیمە. ئەم “نا”یە بە کۆماری ئیسلامی لە هەڵبژاردنەکانی خولی یازدەهەمی مەجلیسیش‌دا بە بەشداریی لانی‌کەمی خەڵک بە ڕوونی بەرز کرایە، بۆیە بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆک‌کۆماریش چارەنووسێکی باشتر لەمە چاوەڕوان ناکرێ و حکوومەت بە یارمەتیی “کۆرۆنا”ش ناتوانێ بە دڵخوازی خۆی ئەندازیاریی بۆ بکا.

خەڵکی ئێران زۆر هەل و دەرفەتی بۆ گۆڕان لە بارودۆخی ئارایی بەبێ توندوتیژی بە لایەنە سیاسییە مودەعییەکان دا، بەڵام هەموو ئەو دەرفەتانە سووتان و خەڵک مانەوە و تەنیا یەک هەڵبژاردن، ئەویش تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامی و ناگوتن بەو دەسەڵاتە. هۆکارەکەش ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی لە مێژووی ژیانی خۆیدا پێشی بە گووران و ڕۆڵ‌بینینی بنیاتە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان گرتووە. حیزبی سیاسیی سەربەخۆ و دامەزراوەی مەدەنیی بەمانای خۆی لە ئێراندا نین –بە واتایەکی دی ئیزنی پێکهاتن ودامەزرانیان نەدراوەتێ- کە کۆمەڵگەی ئێران بتوانێ بە پشتبەستن بەوان لە قەیرانەکان تێپەڕێ. بۆیە ناڕەزایەتیی هەراوی کۆمەڵگە لەسەر سێ تەوەر و داخوازی سەرەکیی ژیان و بژیو، ویستی سیاسی و ئازادییە کۆمەڵایەتییەکان شکڵی گرتووە. بەدەر لەوەش هەشت ساڵ سەرکۆماریی ڕووحانییش لە هەلومەرجێکدا تێپەڕی کە بە قسەی وەزیری دەرەوە و دەستی ڕاستی سەرکۆمار، دەوڵەت کەمترین ڕۆڵ و دەسەڵاتی لە سیاسەتە نێوخۆیی و دەرەکییەکانی کۆماری ئیسلامیدا نەبووە و ئەوە سپای پاسداران بووە وڵاتی ئیدارە کردووە. خەڵکیش دەپرسن ئاخۆ پێویست دەکا بۆ هێنانە سەر کاری دەوڵەتێکی بێدەسەڵات و بێ‌توانا لە چارەسەرکردنی کێشەکانی کۆمەڵگە بێنە پێشێ، بێگومان نا.

لەلایەکی دیکەوە ئەم “نا”گوتنە و هەر “نا”گوتنێکی دیکە بە ڕێژیم کە لە هەناوی ئەم کۆمەڵگەیەدا بێتە دەرێ شایانی بایەخ‌پێدانە. چونکی کۆماری ئیسلامی لە ئەدەبییاتی سیاسیی خۆیدا بەردەوام بانگەشەی ئەوەی کردووە و هەوڵی داوە ئەو باوەڕە جێ بخا کە ڕووخانی کۆماری ئیسلامی بریتییە لە نەمانی ئێران و لێک‌هەڵوەشانی سیاسی و جوغرافیایی ئەم وڵاتە. زمانحاڵەکانی ڕێژیم لە هەر بەرگێکدا بووبن هەموو وزەیان لەسەر ئەوە داناوە بە بەرجەستەکردنی بەسووریایی و بەیەمەنی کردنی ئێران لە ئەگەری گۆڕانکارییە بنەڕەتییە سیاسییەکان بە ئاراستەی گۆڕینی ڕێژیمی سیاسی، بڵێن ڕووخانی کۆماری ئیسلامی ناتوانێ دەستەبەری مانەوەی ئێران و وەدیهاتنی ئازادی و دێموکراسی و سەقامگیریی سیاسیی لەم وڵاتە بێ. بەڵام دەنگی “نا”ی ئێستا بە ڕێژیم و ڕەت‌کردنەوەی کۆماری ئیسلامی کە زۆربەی زۆری دژبەرانی ڕێژیمی لەگەڵە، تێپەڕینە لەو وەهمە.

هەروەها “نا”گوتنی ئەمجارە بە کۆماری ئیسلامی لە هەلومەرجێکدا دەگوترێ کە کۆماری ئیسلامی پتر لە هەموو کاتێک دەستەوەستانی قایل‌کردنی خەڵکە، چونکی نە توانای وەڵامدانەوە بە ویستە ئابوورییەکانی خەڵکی هەیە و نە دەشیهەوێ بەرعۆدەیان بێ. خەڵک دەیانەوێ دۆخی بێکاری و گرانی چارەسەر بکرێ، یارانەکان زیاد بکرێن، مووچە و حەقدەستەکان بچنە سەرێ، نرخی کاڵا، ئاو و بەڕق و گاز و کرێ‌خانوو دابەزن، ماڵیات و پیتاکیان لەسەر سووک بکرێ و بەمجۆرە ئاهێکیان بێتەوە بەر. بەڵام بەڕێوەبەرانی کۆماری ئیسلامی نە سەرچاوەی ماڵیی پێویست بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەیان بەدەستەوەیە و نە لە بنەڕەتدا دەیانەوێ ئاوڕ لەو بابەتانە بدەنەوە. چونکی دەزانن لەوانەیە ئاکامی پێچەوانەی لێ وەرگرن و بەوە ئاستی چاوەڕوانییەکانی خەڵک بەرنە سەرێ.

پرسی ئازادییە سیاسی و مەدەنییەکان و مافی کەمینە نەتەوەیی و ئاینییەکانیش کە گریدراوی بەرژەوەندییە ئیدۆلۆژیکییەکانی ڕێژیمن هەروا لەجێی خۆیانن. چوار دەیە سەرکوت و زەبروزەنگ نەک نەیتوانیوە ئەو کێشانە لەکۆڵ دەسەڵات بکاتەوە، بەڵکوو ئەمڕۆکە دەبینین خودان ئەو پرس و داخوازانە زۆر شێلگیرتر لە پێشووش بۆ دەستەبەرکردنیان تێدەکۆشن.

بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا قۆناغی تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامی دەبێ چوارچێوەی کەمپینی تەبلیغی و سۆسیال مێدیا ببەزێنێ و بۆ هاوکاریی مەیدانی هێز و لایەنە سیاسییەکان و ڕێکخستنی جەماوەرۆ شۆڕ بێتەوە. هاوکات ئەم کەمپینە و داوای ڕووخان و نەمان و تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامی دەبێ ببێتە ئەرکێکی گشتی بە هاوبەشی و بەشداری هەموو لایەنە سیاسی و پێکهاتە و جۆراوجۆرییەکانی کۆمەڵگە کە قازانج لەو گۆڕانەدا دەکەن، نەک ئەوەی هێزێک یان ڕەوتێکی سیاسی بیەوێ دەستی بەسەردا بگرێ یان مۆرکی خۆی لێ بدا. بۆ ئەوەش مەرجی بنەڕەتی داننانە بە هەموو شوناس و ئەو ڕەوتە سیاسی و نەتەوەییانەی پاشخانێکی دوور و درێژی خەبات و تێکۆشانیان لە دژی ڕێژیمە ناوەندگەراکان هەیە.

بۆ هەمووان ڕوونە ئەوەی تا ئیستا بژیوی بە کۆماری ئیسلامی داوە ناکۆکیی نێوان هێزە سیاسییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامییە کە تا ئێستاش نەیانتوانیوە لەسەر لانیکەم پرس و بابەتێک گوتار و هەڵوێستێکی هاوبەشیان هەبێت. ئۆپۆزیسیۆنی ئێران لە سەردەمی سەرۆک‌کۆماریی ترامپدا زۆر هەل و دەرفەتیان لەکیس دا و پێویستە بە ڕەخنەگرتن لە خۆ ئەو قۆناغە بەجێ بێڵن. بزووتنەوەی سەراسەری و ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی ئەگەر دەیەوێ شوێندانەر و ئاکام‌تەوەر بێت، دەبێ ئادرەس بێت و بۆ بوون بە ئادرەسیش لێک‌تێگەیشتن و ڕێککەوتن و دەست‌نانە نێو دەستی یەکتری پێویستە.

ئەگەر لە نیزیکترەوە بۆ ئەو بابەتە بڕوانین، دەبینین کە کات زۆریش درەنگە. کۆماری ئیسلامی بە هەڵگیرانی مەترسیی “میکانیزمی پەلاپیتکە” لەسەری و گەیشتنی ئیدارەی نوێی ئەمریکا بەو قەناعەتە کە گوشاری لانی‌زۆر وەڵامی پێویستی وەرنەگرتووە و بڕیاری ئازادکرانی ٧ میلیارد دۆلار لە پارە بلۆکەکراوەکانی ێران لە کۆرەی باشوور خەریکە پشوویەکی دێتەوە بەر. لێکەوتەکەشی ڕوونە و ئەویش دەست‌پێکردنەوە بە گەڕێکی دوورودرێژی دانوستانی نێودەوڵەتی و ئارخەیانی و دەست‌ئاوەڵایی بۆ سەرکوتی سەنگەرەکانی خۆڕاگری لە نێوخۆی وڵات. ڕەشبگیریەکەی بەفرانبار و ڕێبەندان لە کوردستان و سەرکوتە خوێناوییەکەی سەراوان و شەپۆلێکی نوێی ئێعدامی چالاکانی سیاسیی عەڕەب و بەلووچ دەکرێ لەو سیلەیەوە لێک بدرێتەوە.

زنجیرە ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانەی خانەنشین‌کراوان و هەروەها چەند ناڕەزایەتییەکی کرێکاران بە سەرنجدان بە دروشمی هاوبەش لە هەموو ئەو ناڕەزایەتییانەدا -“تنها کف خیابون، به‌دست میاد حق‌مون”- پێمان دەڵێ ئەوەی تا ئێستا بەری بە تەقینەوەی ناڕەزایەتییەکان گرتووە تەنیا هەلومەرجی کۆرۆنا بووە. بۆیە کۆمەڵگەی ئێران و شەقامەکانی وڵات چاوەڕوانی زۆر دیمەن و گۆڕانکاریی نوێن کە بەڕێوەن.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*