ڕێگای هەڵەمووتی بەڵام چارەسەری بنەڕەتیی فیدڕاڵیزم لە ئیران

سەلاح ئیبراهیمی

 

فیدڕاڵیزم وەک شێویەک لە ئیدارەی حکومەت بە بەشداریی هەموو لایەنەکان بۆ سەقامگیریی سیاسی، مێژوویەکی سەرکەوتووی هەیە. ئەمریکا، سوئیس، کانادا، بێلژیک، ئوسترالیا و زۆر وڵاتی ئاسیایی و ئورووپایی دی ئێستا بەو شێوەیە  ئیدارە دەکرێن. بنەمای فیدڕاڵیزم لە هەموو وڵاتە فیدڕاڵەکان وەک یەک نییە. هەر وڵاتێک بەپێی بارودۆخی جوغرافیایی، نەتەوەیی و ئابووری و زۆر فاکتی دیکە شێوەیەک لە دابەش‌کردنی دەسەڵاتیان لەسەر بنەماکانی دێموکراسی  داڕشتووە کە لە کۆی خۆیدا  وەڵامدەری ویستی پێکهاتە جیاوازەکانی ئەو وڵاتەیە.

هێنانە کایەی فیدڕاڵیزم لە هەر کۆمەڵگەیەک پێویستیی بە بوون یان دابینکردنی ژێرخانی تایبەت بە فیدڕاڵیزم هەیە کە پێویستە ئەو بابەتانە وەک زەمانەتی بەئاکام گەیشتنی فیدڕاڵیزم لە مەیدانی کردەوەدا دەستەبەر بکرێن.

 

ژێرخانە سەرەکییەکانی فیدڕاڵیزم 

لە ژێرخانە بنەڕەتییەکانی فیدڕاڵیزم یەکەم ویستی زۆربەی خەڵکە کە دەبێ ڕەزامەندانە دەنگی بۆ بدەن، دووهەم یاسانی بنەڕەتییە کە دەبێ لە سەر بەهاگەلی دێموکراسی و پلۆرالیزم نوسرابێتەوه و هەمو مکانیزمەکانی  فیدڕاڵیزمی تێدا دیاری کرابێ. سێهەم بنەڕەت بوونی لایەنە جیاوازەکانە کە داخوازی فیدڕاڵیزمن و لە هەمان کاتدا ڕازین بە بایەخ و بەهاکانی دێموکراسی لە مەیدانی کردەوەدا. هەر لەو ڕهەندەدا، تاریفێکی گشتگیر لە فیدڕاڵیزم و مکانیزمەکانی، هەوڵدان بو بەبنچینەکردنی کولتووری دابەش‌کردنی دەسەڵات و باوەڕ بە سەقامگیری زیاتر، دەتوانن ببن بە زەمانەتی جێگیر بوونی فیدڕاڵیزم.

 

 پێویستیی فیدڕاڵیزم

پەیوەندی ڕاستەوخۆ و نیزیکی خەڵک لەگەڵ کاربەدەستانی هەرێمە فیدراڵەکان، ڕێگری لە توانەوەی کولتووره جیاوازەکان دەکا و دەبێتە هۆی کەمیی بۆرۆکراسیی ئیداری، نهادینە کردنی دێموکراسی لە ئیدارەی وڵات‌دا؛ و هەوڵی هەرێمە فیدڕاڵەکان بۆ سەرکەوتنی ئابووری و یەکگرتوویی سیاسیی وڵات بە دڵخوازە نەک لە سایەی دەسەڵاتی سەرکوتدا.

بەو سەرنجەوە کاتێک دەگەڕێینەوه سەر ئیران، کارنامەی سیستمی ناوەندگەرای ئەم وڵاتە نەیتوانیوه ئێرانی فرەنەتەوە، بەشێوەیەکی بەرابەر لە ڕووی ئابووری و سیاسی و کولتووری بەڕێوەبەرێ، بۆیە فیدڕاڵیزم، وەک کۆکردنەوەی جیاوازییەکان لە کۆمەڵگەدا دەتوانێ  ئالترناتیڤێکی گونجاو بۆ ئیدارە و دابەش‌کردنی دەسەڵات و هێنانە کایەی دێموکراسی لە ئیران بێ.

 

مێژوی فیدڕاڵیزم لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست

فیدڕاڵیزم لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست‌دا  مێژووەکەی بۆ  ساڵی ٢٠٠٥ دەگەڕێتەوە کە دوای شەڕی دووهەمی کەنداو و ڕووخانی ڕێژیمی بەعس لە عێراق هاتە سەر کار. پێش ئەم ڕووداوە هیچ وڵاتێک ئەو فۆڕمە لە ئیدارە و دابەشکردنی دەسەڵاتەی بە خۆیەوه نەدیوه و لە ئێرانیش وەک یەکێک  لە فرەنەتەوەترین وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست قەت دەسەڵات دابەش نەکراوه و ئەگەر دابەش‌کردنێکیش لە ئیدارەی وڵاتدا بووە، جوغرافی و لە فۆڕمی پارێزگاکاندا بە مەبەستی ئاسانکاری بۆ ئیدارەی وڵات بووە کە هەر خۆی ئەو دابەشکردنەش لێکدابڕانی نەتەوەکانی لێ کەوتۆتەوە.

 

 ئەدەبیاتی فیدڕاڵیزم لە ئێران  

فیدڕاڵیزم لە ئیران باسێکی زۆر تازەیە و زۆر بە کەمی لە گۆڤار و ڕۆژنامە و کتێب و ڕادیۆ و تەلەڤیزیۆندا  ڕەنگی داوەتەوە. ئەوەندەش کە بۆ دەسەڵاتی ناوەندی و هەروەها ئیلیتی نەتەوەی سەردەست دەگەڕێتەوە ئەوەیە کە هەوڵ دەدەن ئەم چەمکە وەک هەنگاوێک بو دابەش‌کردنی لێک بدەنەوە.

لەم دواییانەدا محەممەد خاتەمی، سەرۆک‌کۆماری پێشووی ئێران لە کۆبوونەوەیەکدا  لەگەڵ شوڕای شاری تاران گوتبووی: هەرچەند قانوونی ئەساسیی ئێران ڕێگا نادا،  بەڵام فیدڕاڵیزم شێوەیەکی باشە بۆ ئیدارەی ئێران.  تەنیا  ئەو لێداونە کورتەی محەممەد خاتەمی زۆرترین ڕەخنە و بابەتی لەسەر نووسرا و کار گەیشتە جێیەک کە دووسەد نووسەر و ڕۆژنامەنووس تۆمارێکیان لەژێر ناوی “نا بۆ  فیدڕاڵیزم و لێکدابڕانی ئیران” بڵاو کردەوە.

کاتێکیش دەگەڕێینەوه سەر ئەدەبیاتی سیاسیی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی ئێران لە ئیسلامییەکان ڕا هەتا چەپەکان، فیدڕاڵیزم باسێکی تازەیە و سیاسییەکانی نەتەوەی فارسیش هەتا ئێستا نەگەیشتوونەتە ئەو ڕایە و ئەو قەناعەتە کە فیدڕاڵیزم پێویستە وەک ئالترناتیڤێک بو دواڕۆژی ئێران بکەن بە دەستووری کاری خۆیان.

باس لە فیدڕاڵیزم لەنێو کوردەکان بە گشتی و لایەنە سیاسییە کوردییەکانیش بابەتێکی نوێیە، هەرچەند لایەنە سیاسییە کوردەکان زۆرترین هەوڵیان بو باس و ناساندن و لێکدانەوەی فیدڕاڵیزم و بردنە سەرمێزی باسەکانە، بەڵام کورد بۆخۆیشی گەڵاڵەیەکی دیاریکراو، نووسراو و ڕوونی هەتا ئێستا  نییە و زۆربەی ئەو باسە پتر زارەکی و لە سەر زاری ڕێبەرانی حیزب و کەسایەتیە سیاسییەکان دەکرێ. بۆیە پێویستە حیزب و لایەن و کەسایەتیە سیاسییەکانی کورد ئەو بابەتە بکەن بە دەستووری کاری خۆیان و گەڵاڵەیەکی ڕوونی بۆ بنووسن و بە هەموو لایەنەکانیدا بێنەوه و بە واتەیەکی دیکە پێناسەیەکی ڕوون لە نیزامی فیدڕاڵی لە ئێراندا بکەن.

 

کولتووری دەسەڵاتی ناوەندی

سیستمی دەسەڵاتی ناوەندی لە ئێران بۆتە کولتوور، واتە سیستمی سیاسیی ئێران هیچ جۆریکی دیکەی لە دەسەڵاتداری بە خۆیەوه نەدیوه و دەسەڵاتی ناوەندیش لەوەتی هەیە دوو کاری کردووه: یەکەم دابەش‌کردنی نایەکسانی داهاتەکان و دووهەم دەست بەسەر داگرتنی فەرهەنگی لە ڕێگای دەنگ و ڕەنگ و خۆێندن واتە هەتا ڕادەی نووسینی مێژوو کە لە کۆی خۆیدا قورغی دەسەڵات بەتایبەت بۆ نەتەوەی فارس بۆتە شتێکی ئاسایی و پێیان وایە و جاڕی ئەوە دەدەن کە بێتوو هەر شێوەیەکی دی لە دابەش‌کردنی دەسەڵات بێتە گۆڕێ، ئەوە دەبێتە هۆی لێکدابڕانی وڵات و لێکهەڵوەشانی ئەم جوغرافیا سیاسییە.

بۆ نموونە زۆر لە سیاسییەکانی فارس کاتێک باس لە فیدڕاڵیزم دەکرێ دەڵێن ئەگەر دێموکراسی هەبێ پێویست بە فیدڕاڵیزم ناکا و فیدڕاڵیزم لێکدابڕانی ئێرانی لێ دەکەوێتەوە، بەڵام مێژووی ئێران نیشانی داوه کە دێموکراسی لە سیستمی دەسەڵاتی ناوەندگەرادا وەدی نایە و جێبەجێ ناکرێ. بۆیە پێویستە ئەو کولتوورە گۆڕانی بنەڕەتیی بەسەردا بێ و فیدارلیزم وەک مکانیزم و ئامرازێک بۆ دێموکراتیزەکردنی ئێران بەکار بێ.

 

 زەمانەتی ئیجرایی فیدڕاڵیزم

ئەزموونی فیدڕاڵی لە عێراق نیشانی دا کە ئەگەرچی فیدڕاڵیزم لە قانوونی ئەساسیی عێراقدا چەسپاوە، بەڵام جێبەجێ‌کردن و جێ‌خستنەکەت ڕێگایەکی دژواری لە بەره. واتە هەر لە سەرەتاوە بە لابردنی وشەی فیدڕاڵ لە ڕێوڕەسمی سوێند خواردنی پارلەمانتارەکان ڕا دەست کرا بە ڕێگرتن لە جێبەجێ‌کردنی فیدراڵی لە عێراق و هەتا ئێستا بەکردەوە، سیستمی دەسەڵاتی عێراق ناوەندییە.

کەواتە تەنیا نووسینی فیدڕاڵی و بوون بە بڕگەیەک لە یاسای بنەڕەتی وڵاتێكدا زەمانەتی ئیجرایی فیدڕاڵیزم نییە.

لەژێر ڕۆشنایی ئەو ئەزمونە پیویستە زەمانەتی ئیجرایی جێبەجێ کردنی فیدڕاڵی بیری لێ بکرێتەوه و دەستەبەر بکرێ، دیارە بە پلەی یەکەم ویستی زۆربەی خەڵک و یەکگرتوویی هەموو نەتەوەکانی نێو جوغرافیایی ئیران دەتوانێ بەهێزترین زەمانەتی ئیجرایی حکوومەتی فدراڵی بێ.

 

ڕێگایەکی سەخت و هەڵەمووت

فیدڕالیزم وەک باشترین چارەسەری پرسی نەتەوەیی و قەیرانەکانی سیاسی و بەڕێوەبەریی وڵات گەلێک کەند و کۆسپی لەبەردەم‌دایە.

نەبوونی ئەزموونی فیدڕاڵی و دێموکراسی لە ئێران، ترس لە دابەش‌بوونی ئێران، نەبوونی کولتووری دابەش‌کردنی دەسەڵات، ڕازی نەبوونی وڵاتانی ناوچە بە سیستمی فیدڕاڵی لە وڵاتی دراوسێیان، نەبوونی پلانێکی گشتگیر لە لایەن نەتەوە جیاوازەکانی ئێران بۆ فیدڕاڵی، پەڕشوبڵاویی نەتەوەکانی ئێران لەسەر چۆنیەتیی چارەسەری مەسەلەی نەتەوەیی، نەبوونی بەرەیەکی بەهێزی سیاسی لە هەموو نەتەوەکان، هەموو ئەوانە لە کۆی خۆیدا وا دەکەن، ئالترناتیڤی ئێرانێکی فیدڕاڵ ڕێگایەکی زۆر سەختی لەبەر بێ. سەرکەوتن بەسەر ئەم کۆسپانەش لەگرەوی هەوڵ و تێکۆشانی فیدڕاڵی‌خوازەکان و گۆڕینی هاوکێشەکان لە وڵات‌دایە.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*