خاتوو “فاتیمە کاشفپوور” کۆچی دوایی کرد

سەرلەبەیانیی رۆژی چوارشەممە ١٢ی رەشەممەی ١٣٩٩ی هەتاوی، خاتوو “فاتمە کاشفپوور” هاوژین و یار و یاوەری چەندین ساڵەی شەهیدی سەرکردە عەلی کاشف پوور، دوای ساڵیک نەخۆشی و بەربەرەکانێ لەگەڵ مەرگ، دەربەدەری و دوور لە زید و نیشتمانی خۆی و لە وڵاتی “هولەند” دڵە بریندار و گەورەکەی لە لێدان کەوت و لە ماڵئاوایی له ژیان کرد.
شەهید “عەلی کاشفپوور” هەر سەرەتای سەرهەڵدانی شۆڕشی گەلانی ئێران دژ بە نیزامی پاشایەتی، لە باکووری رۆژهەڵاتی کوردستان شانبەشانی هاوڕێیانی دیکەی لە رێزەکانی حیزبی دێموکراتدا بەوپەڕی تواناوە تێکۆشانی خۆی دەست پێ کرد و ئەوەی لە توانایدا بوو بۆ گەلەکەی کردی و سەرجەم پلە تەشکیلاتییەکان و بەرپرسایەتییە جۆراوجۆرەکانی تا ئاستی ئەندامیەتی کومیتەی ناوەندی حیزبی دێموکرات کوردستان بەدوای یەکدا بڕی و بوو بە یەکێک لە سیما ناسراوەکانی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی گەلەکەمان لە رۆژهەڵاتی کوردستان. ئەو شەهیدە سەرکردەیە، لە کاتێکدا بۆ سەردانی بنەماڵەکەی دەچێتە وڵاتی تورکیە، لە لایان دەزگای سیخوڕی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەخرێتە ژێر چاوەدێری و بەداخەوە لە شاری “قونییە”ی ئەو وڵاتە، لە لایان جینایەتکارانی کۆماری ئیسلامییەوە تیرۆر دەکرێ و تێکەڵ بە کاروانی نەمران دەبێ .
دوای شەهیدبوونی هاوڕێ “عەلی کاشفپوور”، ئەرکی بەخێوکردن و گەورەکردنی کوڕان و کچانی ئەو بنەماڵەیە دەکەویتە سەرشانی ئەو شیرەژنە و بەوپەڕی هەست بەرپرسایەتییەوە منداڵەکانی پێ دەگەیەنێ ، خاتوون “فاتمە کاشفی” دەگەڵ ئەوەیدا بۆ ماوەی یازدە ساڵ شانبەشانی هاوژینەکەی لە ریزی حیزبی دێموکرات و بزووتنەوەدا بووە و گەلێک سەختی و دەرد و کوێرەوەری دیوە، بۆ ماوەی پازدە ساڵیش بەوپەڕی تواناوە خزمەتی دایکی شەهید “عەلی کاشفپوور”یشی کردووە.
بەم بۆنەوە، ناوەندی راگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە دەرەوەی وڵات، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی گەورە و بەڕێزی “کاشفپوور” و سەرجەم خزم و کەسوکاریان دەکات و لەو خەمە قورسەدا خۆی بە بەشداری خەمیان دەزانێ.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*