بەشی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە فینلاند، دەگەڵ جێگری بەرپرسی گرووپی داکۆکیکار لە مافی کورد لە پارلەمانی فینلاند، کۆ بوونەوە

رۆژی ٢٢ی فێوریەی ٢٠٢١ ی زایینی بەرانبەر بە ٤ی ڕەشەمەی ١٣٩٩ی هەتاوی، لەسەر داوای بەشی پێوەندییە نێونەتەوەییەکانی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی فینلاند ، کۆبوونەوەیەک دەگەڵ خاتوو “سارا سۆفیا سیرێن” ئەندامی پارلەمانی فینلاند و جێگری بەرپرسی گرووپی داکۆکیکار لە مافی کوردان لە پارلەمانی ئەو وڵاتە پێک هات. لەم دیدارەدا هاوڕێ “قادر مەکڵاوەیی” بەرپرسی کۆمیتەی وڵات و هاوڕێیان “کەریم رەسووڵی” و “هاوار فەرخەپوور” ئەندامانی کۆمیتەی حیزب، بەشدار بوون.
سەرەتا هاوڕێ “هاوار فەرخەپوور” بەرپرسی بەشی پێوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزب لە فینلاند، باسێکی لە رەوەندی کوردیی نیشتەجێ لە وڵاتی فینلاند بەگشتی و تێکۆشانی کوردانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە دەیەی ٩٠ی زایینی بەولاوە و ڕۆل و دەوری کوردان و تێکەڵاوییان لەگەڵ کۆمەڵگەی فینلاندی و دامودەزگا حکومییەکان کرد و ئاماژەی بەوە دا کە بەشیکی زۆر لە ئەندامانی حیزبی دێموکرات نیشتەجێ لە وڵاتی فینلاند لە ڕەوتی ئینتێگراسێۆندا چالاک و جێگە و پێگەی خۆیان کردووەتەوە و جێپەنجەیان دیارە.
دواتر بەرێز “کەریم ڕەسووڵی” بەرپرسی تەشکیلات و هاوکاری بەشی پێوەندییەکان، باسێکی لەسەر بارودۆخی ئێستای کورد بە گشتی و کوردانی رۆژهەڵاتی کوردستان و گەلانی دیکەی ئێران، رەشبگیریی چالاکانی مەدەنی و ژینگەپارێزی کورد، گوشارەکانی رێژیم بۆ سەر کاسبکاران، کۆڵبەران و کوشتنیان بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی و بە تایبەتی ڕەشبگیریی پتر لە سەد کەسی دوو مانگی رابردووی چالاکانی مەدەنی و لاوانی کورد لە شار و ناوچە جۆراوجۆرەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان پێشکەش کرد و لیستی گیراوانی بە زانیاری و بەڵگەوە دایە دەستی خاتوو “سارا سۆفیا سیرێن” جێگری بەرپرسی گرووپی داکۆکیکار لە مافی کوردان لە پارلەمانی فینلاند.
لە درێژەی باسەکەیاندا هاوڕێ “کەریم رەسووڵی” ئاماژەی بە ئاڵوگۆڕ لە ئەگەری گەڕانەوەی ئێران و ئامریکا بۆ ڕێککەوتنی بەرجام و هەروەها نیگەرانییەکانی کوردەکان لە وەپشتگوێخستنی زیاتر لە لایەن دامودەزگا نێونەتەوەییەکان کرد، کە پرسی کورد زیاتر بخرێتەو پەراوێزەوە و سەرەڕۆییەکانی ئێران باسی لەسەر نەکرێ و کورد و مافەکانی لە سات و سەودای ئەواندا لە بەرچاو نەگیرێ و فشارەکان بۆ سەر گەلی کورد لە رۆژهەلاتی کوردستان زیاتر بن.
هەر لەو پێوەندییەدا هەیئەتی حیزبی دێموکڕات داوای لە خاتوو “سارا سۆفیا” کرد کە لە لایەن گرووپی داکۆکیکار لە مافی کورد، پشتیوانی لە مافەکانی گەلی کورد بکەن و پرسی کورد بە گشتی و دۆخی نالەباری کورد لە ئێران بە تایبەتی، چی دیکە پشتگوێ نەخەن و لە کات و شوێنی پێویستدا لە رێگای پارلەمانی فینلاندەوە دەنگی کپکراوی کوردانی رۆژهەڵات بن و بە هاوکاریی هەموو لایەنە پێوەندیدارەکان و پەرلەمانی ئورووپا و ئەو نەهاد و رێکخراوە نێونەتەوەییانەی کە دەگەڵیان لە پێوەندی دان، هەوڵ بدەن بتوانن کۆتایی بە چەوسانەوە و زوڵم و زۆریی رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆسەر گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان بێنین.
خاتوو “سارا سۆفیا ”، وێرای دەڕبڕینی خۆشحاڵی خۆی لە پێکهاتنی ئەم دیدارە، بەڵێنی دا بەدواداچوون بۆ ئەو باسانە بکات کە دەگەڵی کراون و ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەوان لە نیگەرانییەکانی کورد تێدەگەن و ئەوەی لە توانایاندا بێ لە رێگای پێوەندییەکانیانەوە هەوڵ دەدەن ئەو کێشانە بێننە بەرباس بۆ ئەوەی جارێکی دیکە لە پروسەی باسە ناوکییەکانی ئێراندا، مافی مروڤ لە ئێران بە تایبەت کوردان نەخرێتە پەراوێزەوە.
لە کۆتاییدا خاتوو “سارا سۆفیا”، وێرای دەستخۆشی بۆ پێکهێنانی ئەم دیدارە، پێوەندیی گرووپی داکۆکیکار لە مافی کوردان لە پارلەمانی فینلاند و حیزبی دێموکراتی کوردستانی بەرز نرخاند و هیوای هاوکاریی دوولایەنە و پتەوی بۆ داهاتوو خواست.
کومیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان – فینلاند

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*