ئەندامێکی لەمێژینەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی نۆڕوێژ کۆچی دوایی کرد

رۆژی سێشەممە ٢٨ی رێبەندانی ١٣٩٩ی هەتاوی، دایە “خورشید کەریم بەهرام”، ناسراو بە “حاجی خورشید”، کچی جەلیل کەریم بەهرام، خەڵکی شاری سەردەشت و ئەندامی لەمێژینە و بەوەفای حیزبی دێموکراتی کوردستان و هاوسەری تێکۆشەری کۆچکردوو نەمر “حاجی حوسێن حەداد “، لە شاری “فرێدریک ستاد “ی وڵاتی نۆڕوێژ کۆچی دوایی کرد.
“حاجی خورشید” کچی بنەماڵەیەکی دیاری شاری سەردەشت بوو. بە گەنجی ژیانی هاوبەشی لەگەڵ تێکۆشەری نەمر کاک “حاجی حوسێن حەدداد” پێک هێنا بوو و بەرهەمی ژیانی سێ کوڕ و سێ کچن.
بەپێی سروشتی ژیان، “حاجی خورشید” لە پێگەیاندنی کوڕ و کچەکانیدا وەک زۆربەی دایکانی کوردستان زەحمەتی گەورەکردن و پێگەیاندنی لەسەر شان بووە و بەوپەڕی دڵسۆزییەوە خەریکی پەروەردەکردنی منداڵەکانی بووە. ژیانێکی ئاسایی و مامناوەندی لە شاری سەردەشت هەبووە و دوای شۆڕشی گەلانی ئێران بەهۆی ئەوە بنەماڵەی گەورەی “حەدداد” هەموویان تێکەڵ بە شۆڕش و بزووتنەوەی ڕەوای گەلەکەمان دەبن، لە ریزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا درێژە بە خەبات دەدەن. “حاجی خورشید” وێرای ژن و پیاوانی ئەو بنەماڵەیە شاخ بە شاخ و دۆڵ بە دۆڵ و لوتکە بە لوتکە، لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستان ماڵ دەگوازێتەوە و لە هەموو قۆناخەکاندا بەوپەڕی دڵسۆزییەوە لە تەنیشت گەورە تێکۆشەری گەلەکەمان کاک “حاجی حوسێن” درێژە بە خەبات دەدات و وەک پشتیوانی سەرەکی دەبێتە کۆڵەکەی قائیمی بنەماڵە.
بێشک سەرکەوتنەکانی کاک “حاجی حوسێن حەدداد” لە ڕیزەکانی حیزبدا، بەشێکی زۆری دەگەڕێتەوە سەر شانی “حاجی خورشید”. پشتیوانیی بێ‌ئەملاو ئەولای حاجی خورشید ببوو هۆی ئەوە کە نەمرا کاک “حاجی حوسێن” بتوانی زیاتر لە خزمەت حیزبەکەیدا بێ و مەئموریەتی گەورە و قورس جێ‌بەجێ بکات. پاراستنی ٦ منداڵ لە بێ ئیمکاناتی و لە ژێر هەڕەشە و بۆمباران و ساردی و سەرمادا دڵێکی گەورە و ئیرادەیەکی پتەوی دەوێ، ئەو ئیرادەیە لە وجودی “حاجی خورشید”دا وەک چرایەک ڕووناکی دەبەخشی و هەر بۆیەش کوڕ و کچەکانی لە شۆڕشدا بەرگەی هەموو ناخۆشییەکانی سەر ڕێگای تێکۆشانیان دەگرت و ئەوانیش لە تەنیشت دایک و باوکیان لە کار و ئەرکی حیزبیدا بە دڵەوە بەشدار بوون و وەک کادر و پێشمەرگە خزمەتیان بە دۆزی ڕەوای گەلەکەمان لە ریزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا کردووە.
ناوەندی راگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە دەرەوەی وڵات، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە بەڕێزەکانی “حەدداد” و “کەریم بەهرام” و سەرجەم خزم و کەسوکاریان دەکات و لەو کۆستەدا خۆی بە شەریک و بەشداری خەمیان دەزانێ.
ناوەندی راگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان- دەرەوەی وڵات

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*