لە وێبینارێکدا سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان دەگەڵ بەرپرسانی دەرەوەی وڵاتی حیزب کۆبووەوە

لە درێژەی کار و چالاکییەکانیدا، رۆژی شەممە ١٣ی فێبریواری ٢٠٢١ی زایینی، کومیتەی دەرەوەی وڵات، وێبنارێکی بۆ بەڕێز سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەڕێز کاک خالید عەزیزی پێک هێنا کە لەو وێبنارەدا بەرپرسان و ئەندامانی کۆمیتەی بەرێوەبەریی وڵاتانی ئوسترالیا، کانادا، ئامریکا و ناوەندی ئورووپا و سکاندیناویا و ئەندامانی کۆمیسیونی  پارێزگاری لە پیرەوی ناوخۆ  لە دەرەوەی وڵات و هەروەها هەموو بەشەکانی کۆمیتەی دەرەوەی وڵات بە دەستەی بەڕێوەبەری بەشەکانیشەوە، بەشدار بوون، سەرەتا لە لایان هاوڕێیان خاتوو کوێستان بابایی و کاک سوڵتان گوڵاوی بەرپرسانی کومیتەکانی سوئێد و ئاڵمان کە ئەرکی بەڕێوەبەری وێبینارەکەیان لەسەر شان بوو، چۆنیەتی و شێوەی بەڕێوەچوونی وێبینارەکە باس کرا و لەو پەیوەندییەدا رێنمایی پێویست درا. – پاشان هاوڕێ کاک حەمەرەسووڵ کەریمی ئەندامی رێبەری و بەرپرسی بەشی تەشکیلات لە دەرەوەی ڵات، بە ناوی کومیتەی دەرەوەی وڵاتەوە بەخێرهاتنی کاک خالید عەزیزی و بەشدارانی وێبینارەکەی کرد و روونکردنەوەیەکی سەبارەت چۆنیەتی بەرێوەچوونی وێبینارەکە پێشکەش کرد و بەدوای ئەودا، وێبینارەکە بە یەک خولەک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی رێگای رزگاریی کوردستان دەستی پێ کرد. پاشان هاوڕێ کاک سەعید بەگزادە ئەندامی رێبەری و بەرپرسی کومیتەی دەرەوەی وڵاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ئامانج و مەبەستی پێکهینانی وێبینارەکەی بۆ بەشداران خستە روو و دوای لە بەڕێز سکرتێری گشتیی حیزب کرد کە باسەکەی پێشکەش بکات. لە سەرەتای باسەکەیدا، سکرتێری گشتی وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی خۆی لە بەشداریکردنی لەو وێبینارەدا، ئەو وێبینارەی بە کۆبوونەوەیەک بۆ ئاڵۆگۆڕی بیروڕا دەگەڵ بەرپرسانی حیزبی لە دەرەوەی وڵات ناوبرد. هاوکات بۆ بەرچاوڕوونی زیاتر ئاوڕێکی وەبارودۆخی هەنووکەی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دایەوە و ئاماژەی بە کێشەی ناو باڵەکانی دەستەڵات لە نیزامی کۆماری ئیسلامی و قەیرانی ئابووری و کێشەی خەڵک و دەستەڵات و ئەرک و وەزیفەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و کۆمەڵێک بابەتی دیکە دا. لە پەیوەندی دەگەڵ هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا و دەرئەنجام و کاریگەرییان لەسەر رەوتی رووداوەکان بە تایبەت ئێراندا گوتی: “هەڵبژاردنی ئەمریکا و دەرئەنجامەکەی زۆر مانادارە و پەیامی زۆری تێدا هەیە. بەڵام چۆنیەتی تەئامولی لایەنەکان دەگەڵ ئەو پەیامانە زۆر گرینگە. “جۆ بایدن” سەرۆککۆماری نوێی ئەمریکا، لە دۆخێکی باشتری کێشە دەگەڵ ئێراندایە هەتا ترامپ. ئێمە پێمان وایە ئەمریکا لە پەیوەندی دەگەڵ ئێراندا، دەگەڵ ئورووپا و بە گشتی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا پێداچوونەوەیەک بەخۆیدا دەکات. ئەگەر مێتۆدی واشنتۆن هەروەک ترامپ بێ، بە بڕوای من لە دۆخێکی خراپدا جێ دەگرێت، بەڵام ئەو سیاسەتە کە “بایدن” دەیگرێتە بەر، دەتوانێ ئێران بخاتە دۆخێکی خراپەوە. ئەو سیاسەتە یەک رەهەندییەی کە ترامپ بەرانبەر بە ئێران گرتبوویە بەر، نەیتوانی پشتیوانیی ئوروپاییەکان بۆ لای خۆی رابکێشێ. بۆیە بایدن هەوڵ دەدات هەڵەکان راست بکاتەوە و پشتیوانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەدەست بێنێت و ئەو گەمارۆیانەی سەر ئێران کە بەشێکیان لایەنی ئەمنییەتی و تیرۆریستیان هەیە، وا بە ئاسانی وەلا ناچن و کۆنگرێس و سەنای ئەمریکاش لە پشتیانن. بە گشتی ئەگەر دانوستانێکیش بێتە ئاراوە، ئێران دۆخەکەی زۆر لە سەردەمی ترامپ خرابترە، چونکە بایدن کارتی فشاری زیاتری پێیە بۆ سەر ئێران.” سەبارەت بە رۆژهەڵاتی کوردستان، بەڕێزی “عەزیزی” ئاماژەی بەو گیران و دەستبەسەرکردنانەی ئەمدواییانەی چالاکانی مەدەنی و ژینگەپارێزان کرد و وێڕای لێکدانەوە و هۆکارەکان، لە بەشێک لە قسەکانیدا گوتی کە ئەم رووداوانە بۆ ئێمە تازە نین و گیرانی ئەو کۆمەڵە خەڵکە بێ مەبەست نییە و کۆمەڵێک پەیامی لە پشتە و ئاماژە بەو ئەگەر و پەیامانە کرد کە کۆماری ئیسلامی بە دەستبەسەرکردنی ئەو چالاکە مەدەنییانە دەیهەوێ چ بۆ ناوخۆ و چ بۆ دنیای دەرەوە بیانخاتە روو. لە درێژەی قسەکانیدا سکرتێری گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستان باسی لە ئۆپۆزیسیۆنی ئێران و پەیوەندی حیزبی دێموکراتی کوردستان دەگەڵ ئەو هێزە سیاسییانە کرد و لەنێو قسەکانیدا ئەوەی خستە ڕوو کە حیزبی دێموکراتی کوردستان دوژمنایەتی هیچ هێزێکی ئۆپۆزیسیۆن ناکات، بەڵام بۆ دۆستایەتی دەگەڵ ئەو هێزانە پێوەری خۆی هەیە. تەورێکی دیکەی باسەکەی بەڕێز کاک خالیدی عەزیزی، تایبەت بە پرسی یەکگرتنەوەی دوو لایەنی دێموکرات بوو کە لە بەشێک لە قسەکانیدا گوتی کە بە خۆشییەوە بە بەراورد دەگەڵ رابردوو، هەستی بەرپرسایەتی لە هەردوو لا زیاتر دەبیندرێ و هەردووک لا گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتە کە پێویستە ئەو حیزبە یەک بگرێتەوە و وتووێژ و دانیشتنەکان زۆر بە باشی رەوتی خۆیان دەپێون. کۆتا بەشی ئەو وێبینارە، تایبەت بوو پرسیار و تێبینی هاوڕێیانی بەشداری وێبینار کە وێڕای خستنەڕووی کۆمەڵێک پرسیار و تێبینی، ئەوەی پێویست بە وەڵام و روونکردنەوە بوو، لە لایان بەڕێز سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە وەڵام درانەوە.

حیزبی دێموکراتی کوردستان ناوەندی راگەیاندن

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*