فیلمی دیکۆمێنتاریی “لبە دو تیغ ” و چەند قسەیەک

 نووسینی: خالید حەسەنپوور
‎لە رێکەوتی ١٠ی رێبەندانی ساڵی ١٣٩٩ هەتاوی، فیلمێکی دیکۆمێنتاری لەژێر ناوی ” لبە دو تیغ ” کە تایبەتە بە بەرنامە تایبەتییەکانی “دەیەی
فەجر”، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو بووەتەوە. دیارە ئەوە یەکەمجار نییە کە لایەنە جۆراوجۆرەکانی سەر بە ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی فیلمی لەو چەشنە لەسەر جوڵانەوەی کورد و هێزە سیاسییەکانی بڵاوو دەکەنەوە. ئەوەی لە پێوەندی دەگەڵ بڵاوکردنەوەی ئەو فیلمەدا ئێستا گرینگە، نەک نێوەرۆکی فیلمەکەیە کە بەشی زۆری قسەو باسی ئەو کەسانەیە کە پێشتر لە ریزی ئەحزابی کوردستانی رۆژهەڵات کوردستاندا کاریان کردووە و هەر یەکەش بە هۆکارێک ریزەکانی ئەو رێکخراوانەیان بەجێ هێشتووە، بەڵکو ئەوەی گرینگە سەروبەندی بڵاوکردنەوەی فیلمەکەیە! وەکی دەزانین لە ماوەی رابردوودا لایەنە جۆراوجۆرەکانی ئیتلاعاتی کوماری ئیسلامی شاڵاویکی بەربەرینیان بۆ گرتن، ئێعدام و ڕاودوونانی تێکۆشەرانی سیاسی و کۆمەڵگای مەدەنی، لە بەشە جۆراوجۆرەکان ئێران بە گشتی و کوردستان، بەلوچستان و ئەهواز بە تایبەتی وەڕێ خستووە. لە رۆژهەلاتی کوردستان و لەرۆژانی رابردوودا ژماریەکی بەرچاو لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی گیراون و رەوانەی بەندیخانەکان کراون . بۆیە دەکرێ بڵێن بڵاوکردنەوەی فیلمی ” لبە دو تیغ “یش جۆرێک هێرشی سیاسی – فەرهەنگیی هاوزەمان و هاوتەریبە دەگەڵ رەشبگیرییەکانی ئەو دواییانە کە ئاراستەی نەتەوەکانی ئێران بە گشتی و گەلی کورد بە تایبەتی کراوە . ‎لەو نووسینە کورتەدا ئامانجم ئەو نییە کە بپڕژێمە سەر هەموو ئەو ئیدیعا و تۆهمەتانە کە سیناریۆنووسانی فیلمی ” لبە دو تیغ ” ئاراستەی هێزەکانی نێو جوڵانەوەی کوردی رۆژهەڵاتیان کردووە و ئەوەی دەسپێرم بەو کەسانەی کە لە داهاتوودا بە شێوەی دیکومێنتاری وڵامێک دەدەنەوە، بەڵام من تەنیا لەسەر سێ چوار خاڵ کە شابەیتی فیلمی ناوبراو پێک دێنێ، رادەوەستم . فیلمی ” لبە دو تیغ ” لە پێشدا ئاوڕێک وەسەرتای شۆڕشی گەلانی ئێران دەداتەوە و پێی وایە دێموکرات و کۆمەڵە بە گرتنی پادگانەکان، مەسیری سیاسی کوردستانیان لە سەرانسەری ئێران جیا کردەوە! سەرەتا دەبێ بڵێین کە ئەوە هەر پادگان و پاسگاکانی کوردستان نەبوون کە کەوتنە دەست خەڵک، بەڵکو لە زۆربەی ئێراندا ئەو کارە رویی دا و خەڵک دەستیان بەسەر پادگان و پاسگاکاندا گرت، بەڵام ئەو قسەیەی فیلمی ناوبراو دروستە کە کوردستان لەو دەوریەدا ئاهەنگێکی سیاسی دیکەی لێ دەدا ، ئەوەش پێش هەموو شتێک بۆ ئەوە دەگەرایەوە کە گەلی کورد بە رێبەرایەتی حیزبی دێموکرات و لایەن سیاسییەکانی دیکە، بە هۆی باگڕاوەندی مێژوویی ، ستەمی چەند قاتی نیزامی پاشایەتی، لە گەلانی دیکەی ئێران وشیارتر و ئاشناتر بە ماف و داخوازییەکانی بوو، بۆیە ویست و داخوازییەکانی لە ٧ ماددەدا گەڵاڵە کردبوو و ئاڕاستەی سەرانی کۆماری ئیسلامی کردبوو . بە کورتی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەیهەویست لە چوارچێوەی ئێراندا کاروباری خۆی بە دەستی خۆی بەرێوە ببا. بە پێچەوانەی ئیدیعای فیلمی “لبە دو تیغ ” کۆماری ئیسلامی نەک هەر هیچ ئیمتیازێکی نەدا بە هەیئەتی نوێنەرایەتی کورد، بەڵکو هەروەک دواتریش دەریخست، هیچ باوەڕێکی بە دێموکراسی و مافی گەلان نەبوو ، هەر بۆیە لە لایەک سەری هەیئەتی نوێنەرایەتی کوردی گەرم دەکرد و لە لایەکی دیکەوە فێڵبازانە ئەرتەش و سوپای پاسدارانی بۆ داگیرکردنی کوردستان رەوانەی شارەکانی کوردستان دەکرد. سەرانی رژیم و سیناریۆنووسانی فیلمی ناوبراو دەبێ بزانن ئەگەر ئەوجاریش سێبەری ٤٢ ساڵ دیکتاتۆری نیزامی کۆماری ئیسلامی لەسەر گەلی کورد نەمێنێ و هەلومەرجێکی دێموکراتێک پێک بێ، خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان و لایەنە سیاسییەکان، بە هاوپشتی و هاوکاری دەگەڵ گەلانی زوڵملێکراوی وەک عەرەب، بەلووچ، تورکمەن …. هتد، ” جرقەیەکی ” بەهێزتر بۆ دیاریکردنی مافی چارەی خۆنووسینی خۆیان لێ دەدەن ، چونکە ئەگەر لە سەرەتایی شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ دا، گەلی کورد هەر بە تەنیا زوڵم و ستەمی نیزامی پاشایەتی چێشتبوو، ئێستا زوڵم و هەڵاواردنی مەزهەبی و فەرهەنگی و نەتەوایەتی ٤٢ ساڵەی کۆماری ئیسلامیشی هاتووەتە سەر . ‎لە بڕگەیەکی دیکەی فیلمی “لبە دو تیغ “دا جارێکی دیکە وەک هەمیشە باسی قەوانە کۆنە سواوەکە واتا بەسترانەوی حیزبی دێموکرات و لایەنەکانی دیکە بە دەوڵەتی عێراق ( سەدام حوسێن ) دەکا و وادەنوێنێ ئەوە کە کوردستان دوای شۆڕشی گەلانی ئێران رێگایەکی غەیری کۆماری ئیسلامی گرتووەتەبەر، بە هۆی کارتێکەری دەوڵەتێ عێراق بووە ! ئەوە لە حاڵێکدایە کە بۆ دۆست و دوژمن ئاشکرایە کە دینامیزمی حەڕەکەی سیاسیی کورد نەک لە دەرەوە، بەڵکو لەنێو خودی کۆمەڵگای کورددایە کە ئەویش لە ستەمە چەند قاتەکانی دەوڵەتی ناوەندی دژی گەلی کورد سەرچاوە دەگرێ. بێجگە لەوە، نازانم بۆ بۆ کۆماری ئیسلامی کە حکومەتێکی نادێموکراتێک و داسەپاوە، وەرگرتنی یارمەتی سیاسی و ئابووری لە رووسیە، چین و زۆر دەوڵەت و لایەنی دیکەی ناوچە رەوایە کە جوڵانەوەی دێموکراسیخوازی ئێران بەگشتی و جوڵانەوەی میللی دێموکراتیکی گەلی کوردی پێ سەرکوت بکا، بەڵام ئەگەر دژبەرانی ئەو نیزامە یارمەتی لە دراوسێکان وەرگرن، شتێکی ناڕەوایە و بەرانبەرە دەگەڵ جیاوازیخوازی !؟ هەموو لایەک و کۆماری ئیسلامی لە هەمووان باشتر دەزانێ کە دوای رووخانی حکومەتی “سەددام” لە ٢٠٠٣ دا، هەموو ئارشیوە نهێنییەکان کەوتنە بەردەست شۆڕشگێڕانی عێراقی و کورد کە یەکێک لەوانەی بەسەر ئەوە ڕادەگەیشت، دکتور “مەحموود عوسمان”بوو . ناوبراو دواتر رایگەیاند لە پێوەندی دەگەڵ پێوەندیی حیزبی دێموکرات و حکومەتی عێراقدا، نەک هەر هیچ خاڵێکی نیگەتیڤیان بەرچاو نەکەوتووە، بەڵکو زۆر خاڵی ئەرێنیشی بە نیسبەت پەیوەندیی دەوڵەتی عێراق و حیزبی دێموکرات بەدی کردووە . هەموو لایەک دەزانن کە ئەو ئەسڵە لە حیزبی دێموکراتدا دمێکە جێگای گرتووە کە ئەو حیزبە یارمەتی لە هەر لایەنێک وەرگرێ، تەبەعییەتی سیاسی لەو لایەنە یان ئەو دەوڵەتە ناکا . حیزبی دێموکرات هەمیشە لەو پێوندییەدا فەقیری و هەژاری بەسەر پەیوەندییەکی نابەرابەری سیاسیدا تەرجیح دەدا . لەو بارەوە دکتور “قاسملوو” دەڵێ، ئەگەر لە رووی ماڵییەوە فەقیر بین، بەڵام ئێعتباری سیاسیمان هەبێ، دۆستمان زیاتر دەبێ و لە رووی سیاسییەوە بەهێزتر دەبین، بەڵام ئەگەر بەستراوە بین، هەم لە نێو میللەتەکەماندا جێگا و پێگەمان پێ لێژ دەبێ و هەم ئەو دۆستانەی کە هەشمانە لە دەستیان دەدەین . ‎لە بەشێکی دیکەی فیلمی ” لبە دو تیغ “دا باسی شەڕی نێوخۆیی نێوان کۆمەڵە و دێموکرات دەکا و فرمێسکی تیمساحی بۆ خەڵکی کوردستان و بنەماڵەی شەهیدانی ئەو شەڕە ڕشتووە، هەر وابزانە کە کۆماری ئیسلامی پێی ناخۆشە کە شەڕ لەنێوان دژبەرانیدا رووی داوە ! ئەوە کە ئەو شەڕە موسیبەت و کارەساتبار بوو و زیانێکی زۆری سیاسی، گیانی و ماڵی و روحی لە خەڵک و جوڵانەوە داوە، جێگای شک نییە . هەرچەند کۆمەڵە و دێموکرات نە یەکەم هێزی سیاسی نێو جوڵانەوەی کورد و تەنانەت جیهانن کە شەڕی براکوژییان کردبێ و نە ئاخریش دەبن ، بەڵام ئەو رێژیمەی کە ئێستا بەهۆی ئەو شەڕەوە فرمیسکی حەرام بۆ خەڵکی کوردستان دەڕێژێ، بۆ ئەوەی شەڕەکە پەرە بگرێ، لە سەرانسەری کوردستان دەستووری دابوو بە پێکە و مۆڵگە نیزامییەکانی کە هێرش نەکەنە سەری هیچ لایەک بۆ ئەوی ئاوری شەڕەکە بڵێسە بستێنێ! پاشان ئێستا زیاتر لە ٣٢ ساڵە ئەو شەڕە کۆتایی پێ هاتووە و ئاگربەست و ئاشتبوونەوەی لێ کەوتووەتەوە . حیزبی دێموکراتی کوردستان هەرچەند لایەنێکی شەڕەکە بوو و هەموو تاوانی شەڕەکەی نەدەکەوتە ئەستۆ، بەڵام یەکلایەنە داوای لێبووردنی لە گەلی کورد و بنەماڵەی شەهیدان کرد . سیناریۆنووسانی فیلمی “لبە دو تیغ” بۆچی ئێستا و پاش تێپەڕینی زیاتر لە ٣٠ ساڵ کای کۆن بەبا دەکەن و ئامانجیان لەوە چییە؟ ئەوە لە حاڵێکدایە ماوەی زیاتر لە ٢٥ ساڵە پڕۆسەی لێکنزیکبوونەوە و هاوکاری و تەنانەت بەستنی پەیمانی ستراتیژیکی لە نێوان لایەنێکی کۆمەڵە و دێموکراتی لێ کەوتووەتەوە؟ هەروها زیاتر لە چوار ساڵە دوو لایەنی دێموکرات و دوو لایەنی کۆمەڵە هاوکارییەکانیان چڕوپڕتر کردووە و ناوەندی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێرانیان پێک هێناوە و لەسەر زۆر رووداو و پێشهاتی سیاسیی نێو جووڵانەوەی کورد هەڵوێستی هاوبەش و تەنانەت گوتاری هاوبەشیان هەیە. ئایا ئەو پرۆسەیە لە هاوکاری نێوان دێموکرات و کۆمەڵەدا نیشانەی دەرس و ئەزموون وەرگرتن لە رابردوو و ناتەبایی نییە؟ ئەی بۆچی فیلمی ” لبە دو تیغ ” هەر کای کۆن بەبا دەکا و باسی پەرەئەستاندنە ئەرێنییەکان ناکا؟ ‎لە بڕگەیەکی دیکە لە فیلمی ناوبراودا، باسی لەتبوون و ئینشعاب لە نێو هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و هەروها شەڕی نێوخۆیی لە نێو جیابووەکان دەکا . سەرەتا پێویستە ئەوە بڵێین کە جیاوازی بیروبۆچوونی سیاسی و ئیدئۆلۆژیکی لە رەوتە سیاسییەکاندا – هەرچەند شتێکی خۆش نییە – بەڵام ناسرووشتی نییە. هەر رێژیمی کۆماری ئیسلامی لەو چوار دەیەی ژیانیدا، هەتا هاتووە وەک پیوازێک توێلکی لێ بووەتەوە و بازنەی خودی و ناخودی چکۆڵەتر بووەتەوە. بەڵام روونە ئەوەی لەو پەیوەندییەدا ناسرووشتییە، شەڕی نێوخۆییە لە نێوان لایەنە لەتبووەکاندا، بەڵام ئەوەش حەکیمانە دەرسی لێ وەرگیراوە، بە جۆرێک دوو لایەنی دێموکرات پێش ٢٣ ساڵ لەمەوبەر کەوتنەوە سەریەک و کۆتاییان بە ناکۆکی و جیایی هێنا . هەروها تاقیکردنەوە تاڵەکەی ئینشعابی رێبەرایەتی شۆڕشگێر لە ساڵی ١٣٦٧ ی هەتاوی، دەرس و ئەزموونێکی باشی دایە رێبەرایەتی حیزب کە کاتێک ١٤ ساڵ لەمەوبەر حیزبی دێموکرات جارێکی دیکە بوو بە دوو لەت، رێبەرایەتی دێموکرات لە هەردووک لا زۆر حەکیمانە نەیانهێشت شەڕ لە نێوانیاندا دروست بێ و پڕۆسەی ئاشتبوونەوە و پاشان وتووێژ بۆ یەکگرتنەوە دەستی پێ کرد. ئێستاش دوو لایەنی دێموکرات بەبێ نێوبژیوانی هیچ لایەنێکی سیاسیی دیکە، خەریکن حیزبی دێموکراتی یەکگرتوو بنیاد دەنێنەوە. وا وێدەچێ کە سیناریۆنووسانی فیلمی ناوبراو بە پڕۆسەی وەحدەتی حیزبی دێموکرات چاویان هەڵنایە و دەزانن کە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان چاوی هیوایان تێ بڕیوە، بۆیە نیگەرانن و خەریکن ئایەی نائومێدی دەخوێنن . ‎روحی بەشی یەکەمی فیلمی “لبە دوو تیغ ” لە کوتانی رێبەری شەهید د.قاسملوو”دا کۆ دەبێتەوە! فیلمی ناوبراو دیهەوێ بە زۆر دکتور “قاسملوو بکاتە سەرچاوەی هەموو کێشە و شەڕ و ناتەباییەکان، بەڵام ئاشکرایە ئەگەر دکتور قاسملوو وەکوو فیلیمی “لبە دو تیغ ” دەڵێ، سەرچاوەی شەڕی نێوخۆیی و هەموو ناتەباییەکان بوایە، سیاسەت و کردەوەکانی بە سوودی رێژیم دەبوو، بۆچی کۆماری ئیسلامی حازر دەبوو تیرۆر و شەهیدی بکا ؟ بەوەش دەردەکەوێ کە ئەو رێژیمە ئەوەندەی بە زیندووبوونی دکتور قاسملۆوە تەنگەتاو بوو کە بۆ تیرۆر و شەهیدکردنی هەموو حەیسییەتی خۆی لەسەر دانا، بە مردووییش لە چەنگ دکتور قاسملوو نەجاتی نەبووە . رێژیم لەوە هەراسانە کە دکتور قاسملوو بووەتە رمزی تێکۆشانی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان . بەخۆڕایی نییە وەک دەبینین نووکی هێرشی فیلمی ” لبە دو تیغ ” رووی لە دکتور قاسملووی نەمرە.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*