
رۆژی سێشەممە ٩ی فێبریواری ٢٠٢١ی زایینی، “د.عەلی مازووچی” بەرپرسی بەشی پێوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی ئوتریش، دە گەڵ هەریەک لە بەڕێزان “د. ئێوا ئێرنست دتیدتسیج”، ئەندامی پارلەمان و بەرپرسی بەشی نێونەتەوەیی و هاوکارکەی خاتوو “کاترین فالمەن” لە حیزبی سەوزی وڵاتی ئوتریش کۆ بووەوە. لەو دیدار و کۆبوونەوەیەدا، “د.عەلی مازووچی” وێرای سوپاس لە بەشی نێونەتەوەییەکانی حیزبی سەوز بۆ پێکهێنانی ئەم دیدارە و گرینگی بەردەوامی دیدارەکانی داهاتوو و پتەوکردنی پێوندییەکان، باسێکی پوخت و پڕناوەرۆکی لەسەر بارودۆخی ئێستای کورد بە گشتی و کوردانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، بە تایبەتی ڕەشبگیریی پتر لە سەد کەسی چەند حەوتووی رابردووی چالاکانی مەدەنی و لاوانی کورد لە شار و ناوچە جۆراوجۆرەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کرد. بە وردی راپۆرتێکی لەسەر سیاسەتی زەبروزەنگ، ئەشکەنجە و زیندانیکردنی درێژخایەن و لە سێدارەدان، کۆشتاری کۆڵبەران و خەڵکی زەحمەتکێش و کاسبکاری کورد بە بەڵگەوە پێشکەش بە هەیئەتی خانەخوێ کرد. تەوەرێکی دیکەی باسەکەی بەڕێز “مازووچی”، تیرۆرکردنی ڕێبەرانی حیزبی دێموکرات و کەسایەتییەکان لە دەرەوەی وڵات و پێداچوونەوە و زیندووکردنەوەی ئەم کەیسانە یەک لەوان کەیسی تیرۆری شەهید دکتور قاسملوو سکرتێری گشتی حیزب بە دەستی تیرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بوو . بەرپرسی بەشی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزبی دێموکرات لە ئۆتریش، لە کۆتایی باسەکەیدا، داوای لە حیزبی سەوز کرد کە ئەوەندەی لە دەستەڵاتییان دایە، پشتیوانی گەلی کورد بکەن و پرسی کورد بە گشتی و دۆخی نالەباری کورد لە ئێران بە تایبەتی، چی دیکە پشتگوێ نەخەن و لە کات و شوێنی پێویستدا دەنگی کپکراوی کوردانی رۆژهەڵات بن.
خاتوو “ئێوا ئێرنست دتیدتسیج” ، وێرای دەڕبرینی خۆشحالی خۆی لە پێکهاتنی ئەم دیدارە ، باسی لە روانگەی حیزبی سەوز کرد کە هەر لە سەرەتای دامەزراندنی حیزبەکەیانەوە بەردەوام پشتیوانی گەلی کورد و داوا رەواکانیان بووە. ئەم روانینەش وەک نەریتێکتی جێکەوتوو لەنێو حیزبی سەوزدا چاوی لێ دەکرێت و لەسەر ئەم باوەر و روانینەش بەردەوام دەبن. هەروەها بەرێزیان ئاماژەیان بە ئاخر سەفەری خۆیان بۆ باشوور و رۆژئاوای کوردستان کرد و گوتی کە زیاتر لە جاران هەست بە ستەم و زولم لە میللەتی کورد دەکات و دەبێ پێش بەم هەموو زوڵم و زۆری و چەوساندنەوەی گەلی کورد بگیرێت و کورد دەبێ پشتیوانی راستەقینە و سادقانەی لێ بکرێت. دکتور “ئێوا ئێرنست دتیدتسیج” بەلێنی دا کە بارودۆخی چەند حەوتووی رابردوو و رەشبگیریی خەڵکی رۆژهەلاتی کوردستان ، دەگەل بەرپرسان لە باڵوێزخانەی کۆماری ئیسلامی لە ئوتریش بێنێتە بەرباس و بە توندی رەخنەیان لێ بگرێت. لە کۆتاییدا وێرای هیوا خواستن بۆ یەکگرتووی گەلی کورد و سەرکەوتنیان بە گشتی، پەیوەندیی حیزبی سەوز و حیزبی دێموکراتی بەرز نرخاند و هیوای هاوکاری دوولایەنە و پتەوی بۆ داهاتوو خواست.
جێگای ئاماژەیە کە حیزبی سەوزە بەشێکن لە حکومەتی ئعتیلافی ئێستای ولاتی ئوتریش و بە چەندین وەزیر لە بەڕێوبەریی وڵاتدا بەشدارن.

Be the first to comment