برای شەهیدێکی حیزبی دێموکرتی کوردستان کۆچی دوایی کرد

رۆژی دووشەممە ١٣ی رێبەندانی ١٣٩٩ی هەتاوی، کاک “ئیبراهیم خزری” خەڵکی شاری مهاباد و برای شەهید “جەواد خزری” و هاوڕێ تێکۆشەر کاک “کەماڵ خزری” ، بەهۆی وەستانی دڵ لە تەمەنی ٦٠ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
کۆچکردوو کاک ئیبراهیم خزری، کە کارمەندی خانەنشینکراوی فەرمانگەی کشتوکاڵ و یارمەتی بوو، کەسایەتییەکی خۆشناو و جێی رێز و متمانەی خەڵک و کوردێکی نیشتیمانپەروەر و لە بنەماڵەیەکی کوردپەروەر بوو و هەر ئەو تایبەتمەندییانەش جێگە و پێگەیەکی بەهێزی کۆمەڵایەتییان بۆ دروست بوو و رێزی تایبەتی لێ دەگیرا.
شایانی باسە برایەکی کاک ئیبراهیم خزری بە ناوی جەواد خزری، کە پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان بوو، ساڵی ١٣٦٢ی هەتاوی لە شەڕێکی قارەمانانەدا، لە ئاوایی “قزڵجە” بە دەستی هێزە بەکرێگیراوەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران شەهید بوو و تێکەڵ بە کاروانی نەمران بوو. هاوکات برایەکی دیکەی بە ناوی کاک کەماڵ خزری، ئەندامی چالاک و تێکۆشەری حیزبی دێموکراتی کوردستانە و نیشتەجێی وڵاتی هولەندە.
ناوەندی راگەیاندنی حیزبی دیموکراتی کوردستان بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی خزری و خزم و کەسوکاریان بە گشتی و هاوڕێ کاک کەماڵ خزری بە تایبەتی دەکات و لەو خەمە قورسەدا خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێ.
ناوەندی راگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان- دەرەوەی وڵات

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*