دایکی دوو پێشمەرگەی دێرینی حیزبی دێموکرات لە شاری بۆکان کۆچی دوایی کرد

رۆژی چوارشەممە٢٧ی ژانویەی ٢٠٢١ی زایینی، دایە “فاتمە مێوژە” دایکی هاوڕێیان خاتوو “خەجیج ڕۆستەمی” و “کاک حەمەدەمین ڕۆستەمی”، لە تەمەنی ٨٠ ساڵیدا بەهۆی نەخۆشیی دڵ لە شاری بۆکان کۆچی دوایی کرد.
دایە فاتمە لە گوندی “شەرەفکەندی” ناوچەی بۆکان لە دایک بووە. وەک ژنێکی خەمخۆری کورد، هەستی بە چەوسانەوەی گەلەکەی کردبوو، هەر بۆیە وەک خۆی منداڵەکانی فێری وانەی کوردایەتی کرد و هاندەری سەرەکی منداڵەکانی بوو بۆ ئەوەی پشت لە نەتەوەکەیان نەکەن و ئەوەی لە دەستیان دێ بیخەنە خزمەت گەلە بەشخوراوەکەیانەوە. ئەوا وانانەی ئەو دایکە دڵسۆزە بوو کە خاتوو “خەجیج ڕۆستەمی” کچی گەورەی بنەماڵە و کاک “حەمەدەمین ڕۆستەمی” لە تەمەنی لاوەتیدا ئۆگری هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەبن و رێگای شۆڕش و خەبات هەڵدەبژێرن و دەبنە پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان و ساڵانێکی زۆر وەک پێشمەرگە و کادر خزمەت بەگەل و نیشتمان دەکەن کە و هەر لەو ڕێگایەشدا کاک “حەمەدەمین” زۆر بە قورسی بریندار دەبێ و ئێستاش شوێنەواری برینەکانی بە جەستەیەوە د دیارن.
دایە “فاتمە” وەک زۆربەی دایکانی پێشمەرگە ئارەزووی گەڕانەوەی کچی و كوڕی پێشمەرگەی لە دڵدا بوو و هەردەم چاوەروانی لە ئامیزگرتنەوەی کچ و کوڕی دوورەوڵاتی و جگەرگۆشەکانیان بوو. ئەو کەسێکی خەمخۆر و نیشتمانپەروەر و ئازادی و یەکسانی لە ژیانی ئەودا بەهای تایبەت بە خۆی هەبوو و لەو سۆنگەیەشەوە هیچ کات لۆمەی کچەکەی نەکردووە کە بۆچی بووتە پێشمەرگە، بەڵکوو بە شانازی زانیوە کە کچەکەی بووەتە پێشمەرگەی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان.
ناوەندی راگەیاندنی حیزبی دیموکراتی کوردستان بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی رۆستەمی و خزم و کەسوکاریان بە گستی و هاوڕێیان خوشکە خەجیج و کاک حەمەدەمین بە تایبەتی دەکات و لەو خەمە قورسەدا خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێ.
ناوەندی راگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان- دەرەوەی وڵات

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*