سەبارەت بە پرسی گیراوانی رۆژهەڵاتی کوردستان، کومیتەی حیزب لە ئوسترالیا دەگەڵ ئەندام پەرلەمانێکی ئەو وڵاتە کۆ بوونەوە

ڕۆژی چوارشەممە ٢٧ی ژانویەی ٢٠٢١ ی زایینی، ھاوڕێیان کاک “سەلاح پورئەسەد” و کاک “کامران سوھرابی”، بە نوێنەرایەتی کومیتەی ئوسترالیای حیزبی دێموکراتی کوردستان، سەردانی بەڕێز “گراھام پیریت” ئەندامی پەرلەمانی فیدراڵیی ئوسترالیا و جێگری کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی ئوسترالیایان کرد. لەو دیدار و چاوپێکەوتنەدا کە تایبەت بوو بە ڕەشبگیریی چەند حەوتووی رابردووی چالاکانی مەدەنی و لاوانی کورد لە شار و ناوچە جۆراوجۆرەکانی رۆژهەلاتی کوردستان و گەیاندنی دەنگی کپکراوی خەڵکی کوردستان دژی بە سیاسەتی تۆقاندن و داپڵۆسینی کۆماری ئیسلامی ئێران، هەیئەتی کۆمیتەی ئوسترالیا، بە وردی لەسەر سیاسەتی زەبروزەنگ، کۆشتاری کۆڵبەران و خەڵکی زەحمەتکێش و کاسبکاری کورد، گرتن و ئێعدام و دەستبەسەرکردنی خەڵکی کوردستان لە چەند ساڵی رابردوودا و شەپۆلی دەستبەسەکراوانی ئەو چەند رۆژەی رابردوو لە لایان کۆماری ئیسلامییەوە، بۆ “گراھام پیریت” دوان و بە بەڵگەوە ناو و وێنەی دەستبەسەرکراوەکانیان دایە دەست بەڕێزیان و هاوکات داویان کرد کە ئوسترالیا وەک سیستەمێکی دێموکرات و شوێندانەر لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، بۆ ئازادکردنی ئەو دەستبەسەرکراوە بێ تاوانانە هەوڵەکانی خۆیان وەگەڕ بخەن..
لە درێژەی چاوپێکەوتنەکەدا هاوڕێیانی حیزبی ئاماژەیان بە ھەڵاواردنی ئایینی و نەتەوەیی کرد کە حکومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران دژی گەلی کورد گرتوویەتە بەر و لە گشت مافێکی سیاسی، فەرھەنگی و ئابووری بێبەشی کردووە. کێشە و کۆنتڕوڵی سۆشیال میدیا کە بۆ پێشگرتن لە ھەر چەشنە جوڵەیەکی ناڕەزایەتیدەربڕین لە لایان دەزگاکانی جاسوسیی ئێرانەوە پەیرەو دەکرێ، تەورێکی دیکەی باسەکان بوو کە ھەر لەو پەیوەندییەدا ئاماژە بە ئێعدامی چەند رۆژ پێش ئێستای ژمارەیەکی بەرچاو لە تێکۆشەرانی بەلووچ بە دەستی رێژیمی کۆماری ئیسلامی درا .
“گراھام پیریت” وێڕای پشتیوانی لە ویست و داخوازییەکانی گەلی کورد، بەداخبوونی خۆ سەبارەت بەو سەرەڕۆییانەی رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەڕبری و بەڵێنی دا کە دوای چاوپێکەوتنەکە، دەقی نامەی هاوڕێیانی حیزب کە سەبارەت بە رەشەبگیریی چالاکانی کورد لە رۆژهەلاتی کوردستان و داوای هاوکاری لە حکومەتی ئوسترالیا بۆ ئازادکردنی هاووڵاتییانی کوردی پێشکەش کرابوو، بۆ وەزیری دەرەوەی ئوسترالیا و وەزیری دەرەوەی سێبەر بنێریت و هەیئەتی حیزب لە ئاکامی بەدواداچوونەکان ئاگادار بکاتەوە.
لە کۆتایی ئەو دیدارەدا، باسێکی گشتی سەبارەت بە کێشەی گەلی کورد لە ئێران، رۆڵی ئێران لە رۆژهەلاتی ناوەڕاست و ئاستی پەیوەندییەکانی ئێران و ناوەندە نێودەوڵەتییەکان و کاریگەرییەکانی لەسەر ناوچەکە لەداهاتوودا کرا و وێڕای هیواداربوون بۆ ورووژاندنی ئەم باسانە لە پەرلەمانی ئوسترالیا، پێداگری زیاتر لەسەر پەیوەندیی دوولایەنە کرایەوە.
جێگای ئاماژەیە کە هەیئەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە نیشانەی ناڕەزایەتیدەربڕین لەهەمبەر سیاسەتی بێڕێزیکردنی دەنگ و رەنگی کۆماری ئیسلامی بە کلتوور و جلوبەرگی کورد، لەو چاوپێکەوتنەدا بە جلوبەرگی کوردییەوە ئامادە بوون و ئەم هەنگاوەش لە لایان “گراهام پیریت”و بەڕێوەبەرانی نووسینگەکەیەوە بە گەرمی پێشوازی لێ کرا و بووە مایەی خۆشحاڵییان..
حیزبی دێموکراتی کوردستان- کومیتەی ئوسترالیا

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*