ئەدەبییاتی کۆمار

عەلی فەتحی

هەن و کەم نین ئەو نەتەوانەی بەرلە گەیشتن بە سەربەستی، جیا لە هێزی چەک، نووکی پێنووسی نوخبەکانیان خوڵقێنەری کیانی سەربەخۆ بووە لەنێو دڵ و زەینی مرۆڤەکان‌دا. ئۆمیرۆس، شاعیر و چیرۆکنووسی یۆنانی دەبوایە لە سەدەی نۆی پێش ‌زاییندا ئیلیاد و ئۆدیسە بنووسێ بۆوەی نەتەوەیەکی یەکدەست لە زەینی یونانییەکاندا بخوڵقێنێ و هەستی نەتەوەپەروەری لە ناخیان‌دا بورووژێنێ. مۆنتسکیۆی بیرمەندی فەڕانسەوی پێویست بوو لە سەردەمی ڕۆشنگەریی پێش شۆڕشی فەڕانسەدا بێتە مەیدان و هاواری دیمۆکراسی‌خوازی بکا و دژی حکوومەتە زۆردارەکان بوەستێتەوە و مەشرووتەکردنی دەسەڵاتی پاشاکان بکاتە پێشنیاز. ژان‌ــ ژاک ڕۆسۆ ئەرکی سەرشانی بووە چەشنی فەیلەسوف و نووسەر لە فەڕانسەی سەدەی هەژدەدا هەنگاو بنێتە پێشەوە و ئەندێشەکانی خۆی لە بواری سیاسی و ئەدەبییەوە کە توندتر لە خواستەکانی ڕۆسۆ بوونە بێنێتە نێو کۆمەڵانی خەڵک و ڕێگا بۆ شۆڕشی فەڕانسە خۆش‌ بکا. ئەو پێی‌وابوو: “دەستبەرداربوونی مرۆڤ لە ئازادی، واتای ژێرپێنانی خوو و خدەی ئینسانی و مافی مرۆییە”. دواتر دیتمان ڕەوتی پێشڤەچوونی ئاڵوگۆڕە فکرییەکان لە کۆمەڵگەی فەڕانسەدا چۆن ناپلیۆنی ئامادە کرد لە سەرەتای سەدەی نۆزدەدا سپای فەڕانسە دژی ئورووپییەکان دەڕێ‌خا و سەروەرییەک بۆ فەڕانسەوییەکان بگەڕێنێتەوە. ئاخر ناسیۆنالیزمی مۆدێڕن لە وڵاتی ئەودا لەدایک ‌ببوو و ئەویش لەسەری بوو هەوڵی دەوڵەت نەتەوەیەکی خاوەن سنووری دیاریکراو و سەقامگیر بدا. ئەو ناپلیۆنە کێ بوو جیا لە سەربازێک کە دوایین ساڵانی خوێندنی لەژێر دەستی زانا و فەیلەسوفێکی وەکوو پێر سیمۆن لاپلاس‌دا تەواو کردبوو. ئەو زانایەی کەم‌وزۆر وەکوو ڕۆسۆ بیری دەکردەوە، هەڵبەت نەختێ نەرمتر و مۆدێڕنتر و سازگار لەگەڵ کەشی سەردەم. سەدەی نۆزدە وەکوو سەردەمی گەشەی فکریی دەوڵەت نەتەوە ناسراوە. چونکە لەو فەترە زەمەنیەدا، “جێفرسۆن” و “بین” ناسیۆنالیزمی ئامریکا بنیات ‌دەنێن و لە ئینگلیس “جێرێمی بنتام” و “گلاوستۆن” دەبنە پێش‌قەرەوڵی ئەو ڕەوتە فکرییە. لە ئیتالیا “گاریباڵدی” و “مازینی” گەورە تێئۆریسیەنەکانی ئەو قوتابخانەیە لەنێو خەڵک‌دا دەناسرێن. ویکتۆر هۆگۆی شاعیر و نووسەری فەڕانسەوی ئاڵای دژی ناعەداڵەتییەکان بەرز دەکاتەوە و بە نووسینی ڕۆمانی “بێ‌ئەنواکان” شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی- ئەدەبی ساز دەکا و لەولاتری فەڕانسەش، بیسمارکی ئاڵمانی وەخۆ دەکەوێ، هەڵبەت بە ئامانجی وەسەر یەکخستنەوەی ئاڵمانییەکان. ئەویش سەرەتا خۆی بە تێئۆرییەکانی ئینقلابی فەڕانسە تەیاردەکا و پاشان دەیانکا بە هەوێنی ڕاپەڕینێک بۆ بنیاتنانی نیشتمانێکی بەهێزی یەکپارچە بە یارمەتیی وەسەریەک خستنەوەی هەرێمە ئاڵمانییەکان. شەڕەکانی یەکگرتنەوەی ئیتالیا، یەکگرتنەوەی ئاڵمان، شەڕەکانی باڵکان بۆ سەربەخۆیی وڵاتانی هەڵکەوتوو لەو دەڤەرە و شەڕی یەکەمی جیهانی لە ڕاستی‌دا هەموویان بۆ ئەو مەبەستە بوون. کوردیش بە نۆرەی خۆی لە سەردەمێک‌دا هەستی بەو زەروورەتە کردووە کە ناسراوە بە “کوردایەتی” و کەسایەتیی خۆیشی هەبووە دەنگ هەڵبڕێ. ئەحمەدی خانی سەدەی حەڤدەی زایینی بە ئاشکرا لە “مەم و زین”دا کە ڕۆمانێکی دڵدارانەیە، هاوار دەکا:

“گەر دێ ھەبوا مە ئیتیفاقەک        

ڤێگرا بکرا مە ئینقیادەک

     

ڕوم و عەرەب و عەجەم تەمامی     

ھەمیا ژ مە را دکر غولامی

     

تەکمیل دکر مە دین و دەولەت

تحصیل دکر مە عیلم و حیکمەت”

 

ئەدەبیات لە ئورووپا تا کۆتاییەکانی سەدەی هەژدە پتر خاوەن سەبک و شێوازی ڕۆمانتیک و خەیاڵی بووە و بە واتایەک نووسین تەنیا بۆ خاتری نووسین کەڵکی ‌لێ‌وەرگیراوە. لە سەدەی نۆزدەدا ئەو ئەدەبیاتە ڕوخسار دەگۆڕێ و لە قالبی ئیدیالیستی و خەیاڵی خۆی دێتەدەر و ڕێبازێکی ڕێئاڵی و واقیعگەرایانە دەگرێتە بەر. قەڵەم دەکەوێتە خزمەت نووسینێکی ئامانجدار و ئەوجار جەوهەری ئازادیخوازی و سەربەستیی دەڕژێتە سەر لاپەڕەکانی کتێب. هەناوی وتار و شێعر و پەخشان و چیرۆک لەجیات ئەوەی بە بابەتی ئەفسانەیی و دڵدارانە پڕ بکرێتەوە، دەبێتە کانگایەک بۆ هەست‌کردن بە ئازار و چەوسانەوەی مرۆڤ. دۆزینەوەی چارەسەر بە مەبەستی دیاری‌کردنی چارەنووس و گرتنەبەری ڕێگای ڕاپەڕین و چۆنیەتیی خۆڕاگرییش دەبێتە ئامانج.

لە سەدەی بیست‌دا کە ئەو هەستە بەهێزە ڕێئالییە دەگاتە لووتکە و زۆربەی گەلانی چەوساوە خۆیان ڕزگار دەکەن، بەتایبەت گەلانی باڵکانی ژێردەستی عوسمانییەکان، کوردیش لە نیزیکەوە بە ڕەوتی ئەو ئاڵوگۆڕانە دەزانێ و وەخۆ‌ دەکەوێ. هەر لەبەر ئەو گۆڕان و گەشە ئەدەبییە دەبینین بەر لە دامەزرانی کۆمار لە خۆرهەڵاتی کوردستان، ڕووناکبیران کورد چۆن چاوی واقعبینییان گەشتر لە پێشوو ڕاستییەکان دەبینێ و وەسفی ئازار و مەینەتیی گەلەکە‌یان دەکەن.

ئەگەر بە ئینسافەوە بدوێین، نوخبەی کورد لە کاروانی نووسین وەپاش ‌نەکەوتووە و کێشەی سەرنەکەوتنی هەوڵەکان لە بێ‌هەڵوێستیی ئەوان نەبووە و دەبێ لە گۆشەنیگایەکی‌ترەوە سەیری شکستەکان بکرێ. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تا دەرفەتێک ڕەخساوە، لەجێوە کەڵکی لێ‌وەرگیراوە. بۆ وێنە، ساڵی ١٩١٣ واتە بەرلە شەڕی یەکەمی جیهانی، ڕۆژنامەی کوردی لە شاری خۆیە بە هیممەتی عەبدولڕەزاق بەدرخان دەرچووە. ساڵی ١٩٢٢ واتە نۆ ساڵ دوای بەدرخان، ڕۆژنامەی‌تر بەناوی “کورد” وەک زمان‌حاڵی سمایل‌ئاغای سمکۆ بە هەوڵ و تێکۆشانی مەلا موحەممەدی تورجانی لە چاپخانەی “غیرەت” لە شاری ورمێ چاپ و بڵاو بووەتەوە. بەداخەوە، دوای شۆڕشی سمکۆ لە ڕۆژهەڵات بێدەنگییەکی بیست ساڵە لەو مەڵبەندە جێ‌ خۆش ‌دەکا و ئەگەر نووسینێکیش لەئارادا بێ، ئەوە پتر هی باشووری کوردستانە، چونکە ئەوێ وەخۆ کەوتبوو. دوای ئەو ماوەیە و ڕاست لە وەختێک‌دا کە تەنیا یەک‌دوو ساڵ بەسەر شەڕی دووهەمی جیهانی‌دا تێپەڕیوە، ڕووناکبیرانی کورد لە خۆرهەڵاتی کوردستان دیسان دێنەوە مەیدان و هێزی نووسینیان وەبەر ‌دێتەوە. ساڵی ١٩٤٣ یەکەم گۆڤار بە ناوی “نیشتمان” چاپ و بڵاو دەکەنەوە. جیاوازییەکی مەزن لەو جووڵە ئەدەبییەی ئەوجارەدا هەست پێ دەکرێ. ڕۆژنامەکە دەبێتە زمانحاڵی کۆمەڵەی ژێکاف و ئەوەش پێمان دەڵێ کە نوخبە و ڕووناکبیری کورد هەست بە پێویست‌بوونی ڕێکخراوێکی نیشتمانیی‌ چالاک دەکا کە لەودا بە باوەڕەوە بتوانێ هەوڵ بۆ ڕزگاریی نەتەوەکەی بدا. ئەوەی لەو دەستپێکەدا سەرنج‌ڕاکێشە، ڕەچاوکردنی سەبکێکی ئەدەبی ڕێئالیستی هاندەرە. “ئەدەبی بەرگری‌” پتر و پتر جێ‌ خۆش ‌دەکا و گەشە دەستێنێ. هەڵبەت ئەو شێوازە ئەدەبییە لە زۆر شوێنی دیکەش بەرلە کوردستان تاقی کرابۆوە و دەستکەوتی باشی لێ‌کەوتبۆوە. تورکە نوێخوازەکان خۆیان دژی سیستەمی پاشایەتیی عوسمانی ئەو ڕێبازەیان گرتەبەر. یونانییەکان بە هەمان شێوە جووڵانەوە و ئەگەر سەیری ئەدەبییاتی ئەو سەردەمیان بکەین، تەنیا وێژەگەلی چەشنی “ئازادی”، “مافی چارەنووس”، “داڕمانی فێئۆدالیزم”، “کۆتایی کۆیلەتی و ژێردەستەیی” و زۆر وێژەی‌تری لەو بابەتە دەبینین. دیارە با ئەوەش فەرامۆش نەکەین کە ئێمە باس لە دوای ١٩١٧ دەکەین و سیستەمی تێزاری لە ڕووسیە ڕووخاوە و شۆڕشی ئۆکتۆبر سەرکەوتووە و شنەبای ئازادی دەهەموو کەلێن و قوژبنێک گەڕاوە. وەک یانیس ڕیچۆس، شاعیری یونانی کە ئەو سەردەمە پارتیزان بووە و لە بەرەکانی ڕزگاریخوازیی یونان‌دا تێکۆشاوە، لە قەسیدەیەکدا سەبارەت بە بای ئازادی دەڵێ:

“گوێ بگرن له‌و بایه‌، 

له‌ دارستانه‌وه ‌هەڵی کردووە

سه‌رده‌مێکه‌ له ‌شاره‌کانی ئایندە ‌تیژڕۆیە

بایه‌کی فره‌ به‌شکۆیه‌

هیوابه‌خشە، سه‌ره‌ڕۆیه‌

ئاخ…. چه‌نده‌ زه‌نتۆڵه‌ ئه‌و بایه‌!”

ئه‌و بایە هه‌موو دیواره‌کان ده‌ڕوخێنێ

بناخه‌ی دیواری نێوان دڵ و گیانی مرۆڤەکان ده‌ردێنێ و

شووره‌ی به‌رزی نێوان من و تۆش ده‌ڕمێنێ.

ئێستا خه‌ریکه‌،

په‌نجه‌ره‌ی خۆر و ڕووناکی

به‌ ڕووی جیهانا وه‌سه‌رپشت بنێ،

بۆیه‌

گوێ بگرن له‌گڤه‌ی ئه‌و بایه‌

چوونکه‌ هه‌ڵی کردووه ‌و ناوێستێ تا دەگاتە

سه‌ر‌سنووره‌کانی هه‌مووی ئه‌و دنیایه‌.”

 

ئەگەر وەک دەستپێکی جووڵەیەکی کارا لەمەر خوڵقاندنی ئاڵوگۆڕ لە هەڵوێستە سیاسییەکاندا، سەیری گۆڤاری “نیشتمان” بکەین، دەبینین کە کاریگەریی زۆری لەسەر ڕەوتی گۆڕانکارییەکان داناوە، لە هەمان کاتدا شۆڕشێکی ئەدەبیشی دەست ‌پێ کردووە. لەوێدا هەستی شۆڕش و ڕاپەڕین و بەرگری لە زمان هێمن، هێدی، سەید کامیل ئیمامی، خاڵە مین، حەقیقی، وردی، مەلا مارف کۆکەیی، عەتریی گڵۆڵانی، فانی، محەممەد مەجدی، موفتی، زیوەر، گیوی موکریانی، قانع، هەژار و سەیفولقوزات و ژمارەیەک خاتوونی خامە ڕەنگین و تەنانەت مناڵانی کەم تەمەنیشەوە بەیان ‌دەکرێ. ئەوە هەڵوێستی مناڵێکی چواردە پازدە ساڵانەیە کە لە “نیشتمان”ی ژمارە دوودا دەڵێ:

“تاکەی ئەی لاوەکانی کوردستان

وا بە دیلی ببین لە ژێر دەستان

 

ئێمە هەروا بنووین لە گوێی گادا

میللەتی دی هەموو لە خەو هەستان”

 

تەنانەت هەستی یەکسانی‌خوازی ئەوەندە بەرز دەبێتەوە کە جێی خۆی دەدا بە شایستەسالاری. لە ژمارەکانی ٧ و ٨ و ٩ی ئەو گۆڤارەدا چاومان بە وێنەی دوو کیژی پێشمەرگە دەکەوێ کە بەدڵنیاییەوە بۆ هاندانی کچان و ژنان بۆ نێو ڕیزەکانی شۆڕش لەژێری نووسراوە:

“کوانێ لە گیتیا وەکوو ئەو دوو کچە کوڕێک

بۆ نیشتمان لە داری سیاسەت نیشانە بێ

 

ئەو دوو نەمامە بوون بە فیدای نیشتمانی کورد

ئەی خۆزگە بەو کوڕەی وەکوو ئەو دوو کچانە بێ”

 

“نیشتمان” چاوی بەسەر هەڵسوکەوتی ئاغا و شێخەکانیشەوە بووە و خێروبێریان هەڵدەسەنگێنێ:

 “‌قازانجی شێخەکانمان”

ھـــــەتا شێخی لە کــوردستان بمێنێ

ئـومێدی زیندەگـــانیت پــێ نـــەمێنێ

 

کۆمەڵەی ژ.ک چاو دەگێڕێ و هەموو چین و توێژەکان دەبینێ. لە “نیشتمان”ی زمان‌حاڵی خۆیدا بە گوتەیەکی حاجی قادری کۆیی ئامۆژگاریی لاوەکان دەکا:

“تەنبەڵی کاری حیز و بێ خێرە

دەستی ماندو لەسەر زگی تێرە”

 

ئەو “نیشتمانە” هەر بەوەندە ناوەستێ و ئەگەر باس لە ساحێب قەڵەم و زانایەکی ڕۆژهەڵاتی بکا، دیسان باشووری نیشتمان دەکاتە سوێگە و لەوێ کەسایەتییەکی ئەدەبی بۆ هەڵسەنگاندن هەڵدەبژێرێ. لە وەسفی “حەسەن سەیفولقوزاتی” پیرەپیاوی نیشتمانپەروەری موکوریان‌دا دەڵێ، ئەگەر ناوی پیرەمێردی سولەیمانیەتان بیستووە، پیرەمێردی سابڵاغیش بناسن، چونکە ئەو پیرەمێردەی ئێمەش وەها دەدوێ:

“کوردینە تابەکەی ئێمە لە کێوان میسالی دێو

بێین و بچین و بۆمە نەبێ قەت خودان و خێو

 

هەر میللەتێ لە لاوە حەقی خۆی بەدەستەوە

کوردێک ئەگەر سەر هەڵێنێ دەڵێن بۆتە سەر بزێو

 

ئازادی، سەربەخۆیی و میریی و گەورەیی

داوا دەکەین بە زار و زمان و ددان و لێو”

 

لە بەردەوامیی ئەو ڕەوتەدا ڕۆژنامەکانی “هاواری کورد”، گۆڤاری” کوردستان”، “هەڵاڵە”، “ئاوات”، “هاواری نیشتمان” و ڕۆژنامەی “کوردستان” بڵاو دەبنەوە. بابەت و نێوەرۆکی هەر هەمووی ئەو گۆڤارانە لەڕاستای “کوردایەتی”دا نووسراون و لە چوارچێوەی “ئەدەبی بەرگری“دا درەوشاونەوە. زۆرتر چەوسانەوە، بێ‌دەوڵەتی و ژێردەستەیی نەتەوەی کورد لەواندا زەق‌کراوەتەوە و بەردەوامیش ڕێگاچارە پێشنیازکراوە و ڕاپەڕین و خۆڕاگری ڕەنگی‌ داوەتەوە. لە بەشی هەرە زۆری وتار و شێعر و نووسراوەکان‌دا، گرینگی تایبەت بە هێما و ڕەمزە نەتەوەییەکان دراوە و ئاڵا و پێشەوا و پێشمەرگە پیرۆز کراون و دام‌ودەزگای حکوومی و ئیدارییەکان ڕێزیان لێ‌گیراوە و سوێند بە خاک و خوێنی شەهید دەخورێ و زەوی و ئاسمانی نیشتمانی کوردان ڕۆحی خۆشەویستییان پێ‌دەبەخشرێ. ئەدەبییاتێکی پڕ لە ڕێز و حوڕمەت جێی خۆی دەکاتەوە، هاندەرە بۆ خۆبەخت‌کردن لە پێناو نیشتمان‌دا و بوێری لە بەرەی بەرخۆدان دەکاتە ئەخلاق و لە هەمان کات‌دا ڕێزگرتن لە نەتەوەکانی دیکە دەبێتە ئەرک. مەبەستی تەواوی نووسەران ئەوە بووە کە چەند پێویستییەک بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی نەتەوەیی بۆ کوردی بێ‌کیان حەوجەیە: وەکوو سەرکردەیەکی کاریزماتیکی بە وەرە و لێزان و خۆشەویستی خەڵک، سپایەکی نیشتمانی بەئەخلاق، زمانێکی یەکگرتوو و دەوڵەتێکی بەدەر لە گەندەڵی و ئاڵایەکی پیرۆز و سروودێکی پڕواتا و خاکێک کە شایانی ئەوە بێ ڕۆڵەکانی نیشتمان لەپێناوی‌دا گیانی خۆی بۆ بەخت کەن. بەردەوامیش دەگوترێ شەڕ بۆ میللەتێکی خۆسەپێنی بێگانە مایەی نەفرەتە و خزمەتی بێگانە دژی وڵاتی خۆت خەیانەت. ئەوە نییە خاڵەمینی شاعیر بە دوو بەیتە شێعر لەجێوە بۆچوونی خۆی بە ئاشکرا دەردەبڕێ:

“دوو کەسن دەردی ئێمە دەرمان کەن

پیاوی زۆرزان و سواری دەس بە جڵەو”

 

یونس ڕەئوفی شاعیریش ناسراو بە “دڵدار” کە ساڵی ١٩٤٠ لە زیندان بووە شێعری “ئەی ڕەقیب”ی هۆنیوەتەوە و ئەویش مەبەستی خۆی دەپێکێ، چونکە ئەو شێعرە دەبێتە سروودی نیشتمانیی کۆماری کوردستان:

“ئەی‌ ڕەقیب ھەر ماوە قەومی کورد زمان

نایشکێنێ دانەری تۆپی زەمان

 

کەس نەڵێ کورد مردووە، کورد زیندووە

زیندووە قەت نانەوێ ئاڵا‌کەمان”

 

کۆمەڵەی “ژێکاف” جێی خۆی بە “حیزبی دیمۆکراتی کوردستان” دەسپێرێ. پێشەوا قازی محەممەد دەبێتە سواری دەست بەجڵەو و وەکوو سەرکۆماری کوردستان جێی خۆی لەنێو دڵی هەژارانی کوردستان‌دا دەکاتەوە. ئاڵا هەڵدەدرێ و پەسندی شار و لادێی دەبێ و سوێندی پێ‌دەخورێ. حکوومەتی کوردی دادەمەزرێ و خاوەن دام‌ودەزگای ئیداری خۆی دەبێ و زمانی کوردی ڕەسمییەتی پێ‌دەدرێ و میللەت چاوی هومێدی تێدەبڕێ. قوتابیان سروودی “ئەی ‌ڕەقیب” دەکەنە جوانترین مۆسیقای بەرگری و پێشمەرگە خۆی بۆ فیدا دەکا. بەڕاست کام نووسەر و ئەدیب دەتوانی لە هەمبەر ئەو گشتە جوانی و پیرۆزییە خۆڕاگرێ و زمانی شێعر و پەخشانی وەگۆ نەیە!

هەر هەموو هۆگران بۆ پێشەوای کوردان دەنووسن و “قانع”یش لە هەڵبەستی “پێشەوای زانای کورد”دا ڕوحی وەبەر دەنێ:

“سەد شوکر وا من نەمردم تا کە دیم ئاڵای کورد

کەوتە بەرچاوم بە بەرزی سوڕەت و سیمای کورد

 

باز بوو، دوورابوو دیدەی نەرگسی شەهلای کورد

مژدە بێ ئەمڕۆ کە بەربوو چاوی پڕ بینایی کورد

 

هەر بژی ئاڵای کورد و پێشەوای زانای کورد”

 

بەدڵنیاییەوە “هەژار”یش جیهان تێدەگەیەنێ و هەستی خۆی بۆ ڕەئیس جەمهوری خۆشەویست دەردەبڕێ:

“هەموو تێگەیوەکان زۆر باش دەزانن

کە کورد ئازاتری خەڵکی جیهانن

 

ڕەئیس جەمهوری مەحبوب و عەزیزمان

جەنابی پێشەوای بەرز و بەڕێزمان

 

بە ڕوحم و عەقڵ و عەدل و نوکتەزانی

نییە بۆ ئەو لەسەر ئەم هەردە سانی”

 

خاتوونە نیشتمان‌پەروەرەکانیش شانبەشانی پیاوە ئەدیبەکان سۆزی خۆیان دەردەبڕن و وەک چۆن “سەدیقەی غەرقی” لە سەقزەوە دەڵێ:

“ئەی وەتەن قوربانی تۆ بێ رووحی شیرینی ئەمن

خاکی تۆ جێگەی ئومێد و باعسی ژینی ئەمن”

 

لە “کوردستان”ی ژمارە ٢٨یشدا خاتوونێک بە ناوی “خانمێ” شانازی بە دەستکەوتەکان دەکا:

“لە ترۆپکی کێوی بەخت و ئیقباڵی کوردەواری

ئەستێرەیەکی پڕ شۆق داوێتێ وا دیاری”

 

ڕووداوەکانی ڕۆژانە کاریگەریی خۆیان لەسەر هەست و سۆزی خەڵک بە گشتی و نووسەران بەتایبەتی داناوە. وەختێک “خەلیل خۆشەوی” پێشمەرگەی قارەمانی بارزانی شەهید دەبێ، “هێمن” ماتەم دایدەگرێ و بە پارچە هۆنراوەیەک لە دەفتەری شەهیدانی کۆماردا ناوی تۆماردەکا:

“گوڵ چ گوڵ هەموو تێر ئاو و بژوێن

گوڵ چ گوڵ هەمووی وەکوو پتی خوێن

 

دیتم نووسراوە لە پەلکێکی وی

بە خەتی خوێنیین نێوی (خۆشەوی)”

 

بۆ مەرگی فەرماندەی شەهید “موحەممەد نانەوازادە”ش بێ‌خەم دانانیشێ و شینگێڕی بۆ دەکا:

“گەردوون ئاگرت بکەوێتە ماڵ

گڕ گڕ بسووتێ بێتە کۆی زوخاڵ

 

بڕژێ بەسەرتا کۆستی بێ‌وادە

هەر وەکوو مەرگی نانەوازادە”

 

وەختێک وەکوو خوێنەرێک لاپەڕە نووسراوەکانی سەردەمی کۆماری کوردستان هەڵدەدەینەوە و دوای ٧٥ ساڵ لێیان ورد ‌دەبینەوە، تووشی دیاردەیەکی نامۆش دەبین. ئەو سەردەم نوخبەکانی شار چالاکترین نەخشیان گێڕاوە بۆ گەشەی “کوردایەتی” لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئەدەبییاتی بەرگری دەگاتە لووتکە.  مەخابن، وەختێک نیزیک بە ٤٠ ساڵ تێپەڕدەبێ و ئەزموونی ساڵەکانی ٤٦-٤٧ی هەتاویش دێتە سەر ئەو خەرمانە ئەدەبی و کردەییە، ڕاپەڕینێک بەمەبەستی ڕووخانی ڕژێمی پاشایەتی ئێران دەست ‌پێ دەکا، بەشێک لە نوخبەی کوردی ڕۆژهەڵات ئامادەیە خزمەتی هەرچی هێز و ڕێکخراوی ئێرانی هەیە بکا، بەڵام هەوڵدان بۆ ئارمانجەکانی کۆماری جوانەمەرگ بە ئەرکی خۆی نازانێ. خۆ دیتمان گەنجی کورد لە شارەکان چۆن وێڕای باقی ئێرانییەکان هەوڵی بۆ ڕووخانی نیزامی پاشایەتی دا، بەڵام بەداخەوە دوای سەرکەوتنی شۆڕشی سەرتاسەری ئێران ئەو گەنجە یا هەروا لەگەڵ هێزە ئێرانییەکە مایەوە یا وازی لە خەبات هێنا و شۆڕشی چەکداریی بۆ لاوانی لادێ جێ‌هێشت. هەڵبەت حاشای لێ ‌ناکرێ کە کۆماری کوردستان وەکوو سیستەمی حوکمڕانی، کاریزمابوونی کەسایەتیی پێشەوا و بەتایبەت پابەندبوونی بە باوەڕەکانی تا کاتی لە سێدارەدرانی، خۆشەویستیی پێشمەرگە، پیرۆزیی ئاڵا و جێگرتنی سروودی نیشتمانیی “ئەی ڕەقیب” هەرچەند کۆمەڵە دەستکەوتێکی نەتەوەیی ئەو سەردەم بوونە، بە خۆشییەوە تا ئەمڕۆش جێی پەسند و ڕێزی زۆربەی کوردانن. “ئەدەبیاتی بەرگری” ئەو سەردەمە بووە بنەمایەکی فکریی و مەکتەبێک کە زۆر ئەدیبی وەکوو “سوارەی ئیلخانی‌زادە”، “مارف ئاغایی” و هی‌دیکەی پێ‌گەیاند. سوارە خۆی دەدوێ:

“بیرەوەریی دووی ڕێبەندان

دەمخاتە سەر بەستە و بەندان

 

ڕێبەندانی ڕێنوێنە

لە داگیرکەر سەرشێوێنە”

 

بەدڵنیاییەوە “مارف”یش بێبەش نییە، بۆیە لە شێعری “کۆچ”دا خۆی لە خاک دەبەستێتەوە و پیرۆزایەتی پێدەبەخشێ:

“خاک

توانای کۆچی نییە.

ئەوەیە ڕازی مانەوەی هەمیشەیی من

لەم وڵاتەدا”

 

کۆتا قسەم ئەوەیە کە بیسمارکی ئاڵمانی و قازی ‌محەممەدی کورد ئەگەر هەردووکیان خاوەن یەک ڕێبازی فکری بوون و نیشتمان‌پەروەرییان وەک ئامانج ڕەچاو کردووە، ئیتر بوونەتە پێشرەو و پێشەوا بۆ گەشەی ئەدەبیاتێک کە مەبەستی ڕزگاریی دوایین تاکی مرۆڤ لە ژێردەستەییە. لەخۆڕا نەبوو هەژار دەیگوت:

” سەد بەهار بە نۆکەری ئەو زستانە بێ”.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*