کۆماری کوردستان و شۆڕەسوارانی هەورامان

عادڵ مەحموودی

کۆماری کوردستان بە هۆکار و هەلومەرجی تایبەتی ئەوسەردەم لە ناوچەیەکی دیاری‌کراو و کاتێکی دیاریکراودا دامەزرا و ناوچەی ژێر دەسەڵاتی کۆمار سنووردار بوو، هەر ئەو بارودۆخە تایبەتییەش وای‌کردووە کە بەرژەوەندیخوازان و نەیارانی گەلی کورد و کۆمارەکەمان، تێکۆشاون و تێ‌دەکۆشن بە کۆماری “مەهاباد” و خێڵەکی و پەنگخواردوو لە سنوورێکی بەرتەسک‌دا پێناسەی بکەن، بەڵام ئەزموون و دەسکەوتە مێژووییە لە ڕاستیدا بۆ دڵسۆزان و نیشتمان‌پەروەرانی گەلی کورد نەک هەر لە ناوچە جیاجیاکانی خوارووی کوردستانی ڕۆژهەڵات، وەک سنە، هەورامان، کرماشان، ئیلام و لوڕستان، بەڵکو لەهەر چوار پارچەی کوردستان هەمیشە وەک هەتاوێکی پرشنگدار چاوی لێ‌کراوە و دەکرێ. وەک چۆن خۆرەتاو بۆ ناردنی پرشنگەکانی پێویست ناکا خۆی لەوێ بێ، هەتا تین و ڕووناکیی بڵاو بکاتەوە؛ کۆماریش ئەگەرچی وەک جوگرافیا، خوارووی کوردستانی نەتەنییەوە، بەڵام بێگومان پڕشنگەکانی هەموو ناوچەکانی کوردستانی گرتەوە.

نوێنەرانی چین و توێژە جیاجیاکانی ئەو ناوچانە کە لە دەرەوەی جوگرافیای ئەو کۆمارە بوون، یان لە ڕێوڕەسمی دامەزراندنی کۆماری کوردستان‌دا بەشدار بوون و، گەیشتنە خزمەتی پێشەوای نەمر و ئەو شانازییەیان بە نسیب بوو، یان ئەگەر ئەو هەلەیان بۆ نەڕەخسابێ هەتا لەو جەژنە نەتەوییەدا بەشدار بن، بەڵام بە ناردنی نامە یان پەیامبەریک، پەیامی هاوکاری و پشتیوانیی خۆیان لە کۆمار و پێشەواکەی ڕاگەیاند.

یەکێک لەو ناوچانەی کە بە شێوەی جۆراوجۆر بەشداریی لە ڕاگەیاندنی کۆماردا کرد و ئامادەیی و پشتیوانی خۆیی لە کۆماری کوردستان دەربڕی، ناوچەی هەورامان بوو. ناوچەی هەورامان لە هیچ سەردەمێک‌دا بەو ئاسانییە ملکەچ و باوەش‌کراوە نەبووە بۆ هیچ هێژموونییەکی ڕامیاری، یان بیروباوەڕێکی ئایینی، کە مێژووش دانی بەو هەڵوێست ژیربیرانەیەی خەڵکی هەورامان داناوە، بە تایبەت لە وەرگرتنی ئایینەکاندا، -بۆ نموونە ئایینی ئیسلام دوای دەیان ساڵ شەڕ و بەربەرەکانێ ئەوجا توانیی لە ناوچە جیاوازەکانی هەورامان‌دا جێ ‌بکەوێ، ئەویش تەنیا لەبەر ئەوەی کە تووشی شەڕ و ماڵوێرانی نەبن- بەڵام لە بابەتە نەتەوەییەکان‌دا یان پێشەنگ بوون یان زۆر بە گەرمی بە هانایانەوە چوون و ڕەگەڵ کەوتوون.

کەسایەتییەکی ناودار و ڕێبەریکی شۆڕشگێڕی ناوچەی هەورامان کە لە مێژووی شۆڕشەکانی گەلی کورددا بەناوبانگە “مەحموودسانی دزڵی‌”یە. مەحموودسان ئەو ڕێبەرە شۆڕشگێڕە بووە کە باوەڕی قووڵی بە سەربەخۆیی گەلی کورد و کوردستان بووە و هەڵوێستی نەتەوەیی زۆری بووە و چەندین بەرگریی قارەمانانەیشی لە بەرانبەر دوژمنانی گەلی کورددا تۆمار کردووە.

مەحموودسان لە ناوچەکانی هەورامان و مەریوان دەسەڵاتێکی دادپەروەر و، هێزێکی -بە دانپێدانانی ئینگلیسییەکان- پۆشتە و یەکجار مەزنی هەبووە و لەهەر ناوچە، یان تەنانەت پارچەیەکی‌تری کوردستان حەوجێیەک هەبا و پێویستییان بە هاوکاری بووبا، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ناوچە یان زاراوە، بە ئەرکی سەرشانی خۆیی زانیوە کە بە هانایانەوە بچێ و ڕۆیشتوویشە، بۆ نموونە ڕزگارکردنی شاری سلێمانی لە چەنگ ئینگلیزەکان بە هێز و فەرماندەیی مەحموودسان لە مێژوودا کەم‌وێنەیە و جێگای شانازی.

مەحموودسانی دزڵی کە فەرمانڕەواییەکەی لە ناوچەی هەورامان و مەریوان بوو، هاوچاخی سەردەمی دامەزرانی کۆماری کوردستان بووە، سەرەڕای ئەوەی کە جوگرافیای فەرمانڕەواییەکەی لە کۆماری کوردستان بەپێی سەردەم زۆر دوور بووە و بە هۆکاری ئەوەی کە لە گەڵ ئینگلیز و دەسەڵاتی ناوەندی لە شەڕدا بووە و بەردەوامیش بە دوایەوە بوون هەتا بە جۆرێک لە ناوی ببن، نەیتوانیوە لە دامەزراندنی کۆماری کوردستان‌دا بەشدار بێت، بەڵام یەک لەو ڕێبەرانەی کورد بوو کە لە دەرەوەی سنووری جوگرافیای کۆماری کوردستان، بە گەرمی پێشوازی و پشتیوانیی لە کۆماری کوردستان کرد و ئاڵای ئەو کۆمارەی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی‌دا هەڵکرد و بە فەرمیی ناسی.

شێخەکانی ڕێبازی نەقشبەندیش لە هەورامان‌ و بە تایبەت لە گوندی بیارەدا، کە ئەو سەردەم ناوەندێکی یەکجار گەورەی زانستی نەک تەنیا لە هەورامان، بەڵکوو لە هەر چوار پارچەی کوردستان بووە و شێخ عەلائەددینی نەقشبەندی سەرپەرەشتیی کردووە، ئەو توێژە بوون کە بە فەرمی پشتیوانیتان لە کۆماری کوردستان و پێشەوای نەمر کرد. ئەوان لە ماوەی ئەو تەمەنە کورتە پڕ لە دەسکەوتەی کۆماردا چەند جار پەیامبەرەکانیان بۆ هاوکاری و پیشتیوانی لە کۆمار ناردووەتە شاری مەهاباد و تەنانەت یەکێک لە پەیکەکانیان لە ڕێگادا دەگیرێ. ئەو پەیامبەرە کە لەسەروبەندی کۆتاییەکانی تەمەنی کۆماردا بە نامەیەکی شێخ عەلائەددینەوە کە بۆ پێشەوای ناردووە دەگیرێ، دەسبەجێ دەیکوژن.

شێخەکانی ڕێبازی نەقشبەندی هەر تەنیا وەکوو هاوسۆزی پشتیوانییان لە کۆمار نەکردووە، بەڵکوو حاجی بابەشێخ کە سەرۆک‌وەزیرانی کۆماری کوردستان بوو، دەبوو بە خۆشکەزای شێخ حیسامەددینی نەقشبەندی. شێخ حیسامەددین یەکێک بووە لە ڕێبەرە ئایینیەکانی ڕێبازی نەقشبەندی و کەسایەتییەکی ناودارە کە هەتا ئەمڕۆکەیش بە هەزران دەروێشی لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان‌دا هەن و سەردانی گڵکۆی ئەو شێخە لە گوندی (باخەکۆن)ی هەورامان دەکەن.

یەکێک لەو هۆکارانەیش کە دوای کۆماری کوردستان حاجی بابەشێخ کە سەرۆک‌وەزیرانی ئەو کۆمارە بوو و بەپێی پلە و پایە لە هەموو وەزیرەکان پلەبەرزتر بووە، توانی لە مردن ڕزگاری بێت تەنیا ئەوە بوو کە بە هەزاران دەروێشی حیسامەددینی پشتیوانییان لێ‌دەکرد. دیارە لەو سەردەمەدا هەستی ئایینی زۆر بەهێزتر بووە لە هەستی نەتەوەیی و، هەر لەبەر ئەوەش بوو کە دەسەڵاتی ناوەندی نەیدەوێرا دەست بۆ بابەتی ئایینی ببا، چوونکە ترسی لە شۆڕشێکی ئایینی هەبوو.

شێخەکانی هەورامان هەر تەنیا پشتیوانییان لە کۆماری کوردستان نەکردبوو، بەڵکوو پشتیوانییەکی یەکجار زۆریان لە دەسەڵاتەکەی مەحموود پاشا لە سلێمانیش کردبوو و ڕابردوویەکی زێڕینیان لە پشتیوانی‌کردنی دەسەڵاتە کوردستانییەکان تۆمار کردبوو.

هەر ئەو خزمایەتیی و پێوەندییە دێرینەی شێخەکانی هەورامان لەگەڵ کۆمار و پێشەوا و کابینەکەی وای‌کردبوو کە لە دوای کۆماری کوردستانیش، عەبدو‌ڵڵا ئیسحاقی، کەسی یەکەمی حیزب لەو کاتدا سەرەتا بڕیار دەدەن کە کۆنگرەی دووهەمی حیزبی دیموکرات لە ناوچە شاخاوییەکانی هەورامان لە هەوارگەی (کراویەدۆڵە) کە هاوینە هەوارێکی شێخ حیسامەددینی نەقشبەندی بووە، بگرن. هەرچەند ئەو کۆنگرەیە لەوێ نەگیرا، بەڵام ئەگەر پێوەندییەکی پتەو لە نێواندا نەبووبێ هیچ‌کات بیریان لە وەها قەرارێک نەدەکردەوە.

لە بەشێکی‌تری هەورامان کە هەورامانی لهۆن و شاری پاوە و هاوسنووری ناوچەی جافایەتییە، بە هاوئاهەنگیی سانەکانی هەورامان و سەرۆک‌ هۆزەکانی جوانڕۆ و سەلاسی باوەجانی، بۆ پشتیوانی‌کردن لە کۆمار و دەسەڵاتی کوردی نزیکەی سێسەد سواری چەکدار بەرەو شاری مهاباد دەڕۆن و لە جێژنی دووی ڕێبەندان‌دا بەشداری دەکەن. لەوانەیە هیچکام لەو سوارچاکانە نامەی بانگهێشتیان لە کۆمارەوە بۆ نەچووبێ، بەڵکوو ئەوە تەنیا نیشانەی هاوکاری و پشتیوانی‌دەربڕینی سانەکانی هەورامان و دەوروبەری بوو، کە ئەو سوارانەی پۆشتە و پەرداخ کردبوو و بەرەو کۆمارێک وەڕێی خستبوون کە هەموو ناوچەکانی تری ئەو کوردستانە بە هی خۆیان دەزانی و پەیمانی هاوکاری و پشتیوانییان لەگەڵ دەبەست.

لە سەروبەندی دامەزرانی کۆماری کوردستان‌دا، هەر لە پێوەندی لەگەڵ کۆماری کوردستان و پشتیوانی و هاوکارییەکانی ناوچەی هەورامان، بە وتەی ڕیش‌سپیانی ئەو ناوچەیە لە سەردەمی دامەزرانی کۆمار لە زۆربەی گوندەکانی ناوچەی هەورامان لە مزگەوتەکان‌دا دۆعای دەورەیان کردووە و وەکوو جەژنێک پیرۆزباییان لە یەکتری کردووە و لە مەکۆی گوندەکان‌دا هەتا ماوەیەکی زۆریش جێگەی باس و شیکاریی خاوەن ڕا و سەرشناس و ڕووناکبیرانی ئەودەم بووە.

ئەو کورتە باسەی لێرەدا کرا، تەنیا تیشکۆڵەیەک بوو لەسەر هەندێک لەو هاوکاری و پشتیوانییانەی ناوچەی هەورامان لە سەردەمی دامەزراندنی کۆماری کوردستان‌دا وەکوو ئەرکێکی نەتەوەیی ئەو ناوچەیە، ئەگەرنا بەڵگەنەویستە کە ناوچەی هەورامان هەموو کاتێک مافویست، سەربەخۆیی‌خواز و شۆڕشگێڕ بوون. ڕووداوەکانی مێژووی هاوچەرخ پێمان دەڵێن ناوچەی هەورامان و هەورامییەکان بە درێژایی مێژوو لانیکەم لە سەردەمی فەرماڕەوایی ئەردەڵانییەکان لە خەبات و گیانبازی‌دا لەسەر هەست و گەرموگوڕ بووە کە دەتوانین وەک نموونە ئاماژە بە فەرماندەیەکی وەک ئەڵماخانی کەنۆڵەیی بکەین کە لە زۆربەی شەڕەکان‌دا وەک فەرماندەیەکی لێهاتوو ناوبانگی بووە و، دواجار لە شەرێکی دژی عوسمانیەکان‌دا لە کەرکووک بە هۆی زۆریی هێزی عوسمانی تێک دەشکێ. ئەم ڕەوتە لە بەدرێژایی مێژوو بەردەوام بووە و  لە ئێستاش‌دا خەڵکی ئەو ناوچەیە، لە هەموو مەیدان و جۆرەکانی خەبات‌دا بەشدارن و شان‌بەشانی ناوچەکانی‌تری کوردستان لە سەنگەری خەبات و تێکۆشان‌دا و ماندوویی‌نەناسانە تێدەکۆشن.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*