کۆماری کوردستان و وانەکانی

شاهــۆ مەتین

مێژووی بزاڤی ناسیۆنالیزمی کوردستان لە هەموو قۆناغەکان‌دا، مێژوویەکە کە تاکی کورد بە دوای پاراستن و گەشەی شوناس و بەدیهێنانی ستاتۆسێک و گەیاندنی بە ئاستێکە کە ڕۆح و هزری ئەم تاکە ئیتر لە شەڕ بۆ پاراستن و گەشەی خۆی بەرامبەر ئەقلییەت و کارکردی نەتەوەی سەردەست ڕزگاری بووبێ و خۆی لە پارادایمی هاوشانی نەتەوەکانی تر کە لە سیستم و پێکهاتەی نێودەوڵەتی‌دا جێگەی شیاوی نەتەوەییان هەیە ببینیتەوە. لوتکەی ئەم ڕەوتە لە “کۆماری کوردستان”دا بەدی دەکرێ.

 

ڕاگەیاندنی کۆمار

ساڵانی پێش و دوای شەڕی دووهەمی جیهانی یەکێک لە شڵەژاوترین قۆناغە مێژووییەکانی هاوچەرخی ئێرانە کە لە لایەک بە هۆی ناکارامەیی بەڕپرسانی حکومەت و لە لایەکی تر بە هۆی گرینگی ژێوپۆلێتیکی ئێران، ئەم وڵاتە لەلایەن دوو زلهێزی جیهانی، ەبریتانیا و سۆڤییەتەوە داگیر دەکرێ.

لەم قۆناغە مێژووییەدا کە گەلی کورد یەکەمین حیزبی مۆدێرنی سیاسیی خۆی (حیزبی دێموکراتی کوردستان)ی دامەزراندووە و پاشخانێکی بەهێزی لە هەست و لۆژیکی نیشتمان‌پەروەری هەیە، هەلومەرجەکە دەقۆزێتەوە و لەژێر ڕۆشنایی بیروبۆچوونە حەکیمانەکانی حەزڕەتی پێشەوا قازی و لەسەر ئەساسی جیهانبینیی حیزبی دێموکراتی کوردستان‌دا، وەڵامی ئەم زەروورەتە مێژووییە دەداتەوە لە ڕۆژی ٢ی ڕێبەندان‌دا کۆماری دێموکراتیکی کوردستان دادەمەزرێنێ.

نادر ئینتسار پێی‌وایە گرینگترین هۆکار بۆ بڕیاری دامەزراندنی کۆماری کوردستان بریتین لە: دۆخی چینایەتی، بەستێنی کولتووری، وشیاریی نەتەوەیی لە کوردستان و لە شرۆڤەکەی‌دا ڕۆڵی چینی مامناوەندی ناڕازی لە دۆخی ئارایی بەرز دەنرخێنی.

بەڵگەنامه و دێکۆمێنتەکان دەڕی دەخەن کە لەگەڵ هەموو ئەوانەدا پێگەی کاریزماتیکی پێشەوا قازیش ڕۆڵی هەرە بنیاتنەرانە و یەکلاکەرەوەی لە دامەزرانی کۆماری کوردستان‌دا بووە.

پێشەوا لە نوتقی ڕاگەیاندنی کۆماردا تیشک دەخاتە سەر ئەوە بابەتە کە گەلی کورد گەلێکی تەنیایە، نیشتیمانەی داگیر و بەش بەش کراوە و لە سەرەتاییترین مافی خۆی کە مافی دیاریکردنی چارەنووسە بێبەشە. ئەم بەشە کورتە لە فەرمایشتەکانی پێشەوای نەمر دەرخەری ئەم ڕاستیەیە کە خوێندنەوەی هزری و ئاوات و خۆزگەی پێشەوا قازی و هەموو خەلکی مافویستی کوردستان بریتیە لە “مافی چارەی خۆنووسین”  کە ئەو مافە لە هەوێتی خۆماڵی و هەبوونی دەوڵەتی نەتەوەیی کوردی‌دا خـۆی دەبینێتەوە.

لای پێشەوای نەمر و هەموو ئەوانەی لە ڕووی ئاگامەندییان بە قەناعەتی چێ‌کردنی دەوڵەتی نەتەوەیی بە تایبەتمەندیی خاوەنێتیی سیستم و دامەزراوەی کوردانە گەیشتبوون، چوار پاڵنەری سەرەکی دەوریان هەبوو کە دەرەنجامی سیاسەتی حکوومەتە ناوەندییەکان بوون: ١) تەنیا بوون، ٢) داگیرکراو بوون، ٣) بەش بەش کرانی خاک و خەڵک، ٤) بێبەشی لە سەرەتایترین ماف “مافی چارەی خۆنووسین”. بەڕێوەبەران کۆمار باوەڕیان وابوو بە بنیاتنانی دەسەڵاتی کوردی ئەو چوار دیاردەیە نامێنن و بە پێی ویست و بەڕژەوەندیی نەتەوەکەمان چارەسەر دەبن. بۆیە کۆماری کوردستان لەبەر ڕووناکایی ئەم هەڵسەنگاندنەدا بە دووی یەکگرتوویی نەتەوەیی لە هەموو بەشەکانی کوردستان، (بەشدارکردنی بارزانییەکان لە کۆماری کوردستان)، هاوپەیمانێتیی هاوسەنگ لەسەر ئەساسی بەرژەوەندیی نەتەوەیی لە نێوخۆ (حکوومەتی میللیی ئازەربایجان) و دەرەوە (بەتایبەت سۆڤییەت)، ڕزگارکردنی نیشتیمان لە دەستی داگیرکەرانی کوردستان و دامەزراندن و یەکگرتنی خاک و خەڵک لەسەر ئەساسی “کوردستانی‌بوون ” و گەڕاندنەوەی مافی چارەی خۆنووسین لە چواڕچێوەی حکومەتی کوردستان‌دا بوو.

 

خەڵکی‌ و دێموکراتیک‌بوونی کۆمار

کۆماری کوردستان لە هەلومەرجێک‌دا ڕاگەیەندرا، کە جیهان لە دوا ساتەوەختەکانی شەری جیهانیی دووهەم‌دا بوو. زۆر لە گەلانی جیهان بەتایبەت ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەست‌ و پەنجەیان لەگەڵ سیستمە دیکتاتۆرەکان (لە فۆرمی ئایینی و پاشایەتی‌دا)‌ نەرم دەکرد و دەنگی خەڵک و مافی سیاسی و یاساییەکانی گەلان پێوەری ڕەوایی سیستم و ساختارە حکوومەتییەکان نەبوو. بەڵام لە کۆماری کوردستان و لە هەرێمی کوردانی خاوەنی چاند و ژیاردا زۆر پێش وڵاتە پێشکەتووەکان “خەڵکی‌بوون” و “دێموکراتیک‌بوون”ی حکومەت، دوو بناغە و بنەڕەتی کۆماری کوردستان بوون.

ئەم دوو تایبەتمەندییە جۆرێک لە حکوومەتە کە بەرپرسانی حکوومەت بە پێی میرات هەڵنابژێردرێ و بەرپرسانی وڵات بە دەنگی ڕاستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆی خەڵک هەڵدەبژێردرێن و قۆناغی دەسەڵاتداڕێتی لە ڕووی کاتەوە سنووردارە و پێداگری لەسەر چەمکی “خەڵکی‌بوون” لە سەر نەبوونی پێگە و دەسەڵاتی هەتاهەتایی بۆ کەسی یەکەمی و کابینەی حکومەتییە و لەسەر بناغەی خەڵک‌سالاری، گەل مافی دەسەڵات بە سەر چارەنووسی خۆی‌دا هەیە. بەو واتایە ئەوە خەڵکە  کە لە سیستمی سیاسیی کۆماری کوردستان‌دا بە بنەڕەت و پێوەری دەسەڵاتدارێتی دەبینرێ و متمانە و دەنگی خەڵک، ژێرخان و سەرخانی کۆماری کوردانە.

“دێموکراتیک‌بوون” بناغەی دووهەمی کۆماری کوردستانە و کۆمار بۆ ئەوەی لە ڕەوتی دێموکراتیک‌بوون لا نەدا، یاساسەروەریی لە بەرنامەی کۆماردا جێگیر و پەسند کرد بۆوەی حکوومەت وەڵامدەری خەڵک بێت و دەسەڵاتێکی سنوورداری هەبێ. هاوکات بۆ نەهادینەکردنی ئەم دێموکراتیک‌بوونە دامەزراوە مەدەنییەکان بۆ پاراستنی هزر و کاری کۆمار درووست دەبن کە بە جۆرێک ڕۆڵی کومەڵگەی مەدەنییان دەگێڕا و خەڵک دڵخواز و سەربەخۆیانە بۆ بەدواداچوونی مافەکانیان چاویان بەسەر دەسەڵاتەوە هەبوو. بەمجۆرە پاراستن و بەجێ‌گەیاندنی مافی هاووڵاتی و یاساسەروەری وەک مافی بنەڕەتیی خەڵک و بەدێموکراتیک‌کردنی کۆمار، سەرووتر لە هەر دەسەڵاتێک بوون و خەڵک بە هەر ئایین، ئایینزا، ئیدۆڵۆژیی تایبەت، ڕەگەز و نەتەوەوە مافی هاوبەش و هاوچەشنیان لەنێو کۆماردا هەبوو.

 

دەوڵەت وەک وڵامێک بۆ پرسەکان

گەلی کورد هاوکات لەگەڵ ئەوەدا کە نەتەوەیەکی زیندوو، خاوەن هەوێتی و زمان و شارستانییەت بووە؛ بەڵام چۆنکی خاوەن دەسەڵات و کیانی سیاسیی کوردانە نەبووە، بە بەردەوامی لەژێر مەترسیی ئاسیمیلاسیۆن و داگیرکاریی نەتەوە سەردەستەکان (فارس، تورک و عەرەب) و زلهێزانی جیهانی‌دا بووە کە بە هۆی میدیا، ئابووری و تێکنۆلۆژی و بە میکانیزمی فەرهەنگی و سەربازی هەوڵی تواندنەوەیان داوە. بۆیە دروست‌کردنی دەوڵەت و دەسەڵاتێکی خۆجێیی کوردانە کە ئەقلییەت و پلانەکانی لەسەر بنەڕەتی بەڕەوپێشبردن و پاراستی چاند و ژیاری نەتەوەیی لە هەموو سێکتەرەکان‌دا بێ و، بوون و ماهییەتی نەتەوەیی و نیشتیمانیی کورد بپارێزێ؛ لە لای تاکی کورد بەگشتی و ئێلیتی کۆمەڵگە بەتایبەت ببووە زەڕوورەتێکی مێژوویی و هەنووکەیی.

ئەم پێویستییە لە ئێستاش‌دا ژیانەکی هەستی پی دەکرێ و، لای کۆمەڵی کوردی ئێستا ئەوە بۆتە جیهانبینی، کە بوونی دەوڵەت و دەسەڵاتی کوردی لە پڕۆسەی ئاسیمیلاسیۆن و داگیرکاریی دەوڵەت-نەتەوەی سەردەست دەتپارێزێ .

 

ڕووخانی کۆمار

وەک چۆن لە ڕاگەیاندن و دامەزرانی کۆماری کوردستان‌دا لایەنی نێوخۆیی و دەرەکی دەوری ئەساسیان لە بنیاتنانی کۆماردا بینی، لە تێکچوون و نسکۆی کۆماریش‌دا هەر دوو لایەن تەواوکەری یەکتری بوون.

بە هۆی پێکهاتەی نەریت‌گەرایەنە و کۆمەڵایەتی و ئابووریی کۆماری کوردستان -ڕۆڵی ئاغاوەت و سەرۆک عەشیرەت لە دابین‌کردنی هیزی مرۆیی و… بۆ کۆمار- ئیدارە و بەڕێوەبەریی کۆماری لە دەستی ئاغاوەت و چینی مامناوەندی و ڕووناکبیری کۆمەڵگەدا بوو. کاتێک بیرۆکە و پلانە بنەڕەتییەکان بۆ ڕێفۆرمی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و ئابووریی کوردستان گەڵاڵە دەکران، زۆر لە دەربەگ و خانەکان هەستیان بە مەترسی لەدەست دانی هێزی ئابووری (زەوی‌و‌زار، وەرگرتنی باج وخەراج لە خەڵک) و نیزامی (هێزی سەربازی و مرۆیی) و هەروەها پێگەی کۆمەڵایەتییان دەکرد.  بنەما عیلمانییەکانی کۆماریش وەک یەکسانیی ڕەگەزی، سێکۆلاریزم و بنەماکانی مافی مرۆڤ نیگەرانیی بۆ جومگە ئایینییە دەسەڵات‌خوازەکانی کۆمەڵ دروست کردبوو.

لە دەرەوەی دەسەڵاتی کۆماریش‌دا بڕیاری یەکیەتیی سۆڤییەتیش بۆ کشاندنەوەی هێزەکانی لە باکووری ئێران شوێنی خراپی لەسەر ستاتووی کۆمار دانا. کاربەدەستانی یەکیەتیی سۆڤییەت لەسەر ئەو ئەساسە کە کۆماری کوردستان، کۆمارێکی نەتەوەیی بوو و بەهۆی ئەوەی هێژمۆنییەکی زۆری بەسەر کاربەدەستان و سیاسەتەکانی کۆماری کوردستان نەبوو، و کۆمار دوور لە حەز و ئاواتی سۆڤییەت کە دەیانویست کۆمارێکی سۆسیالیستی بێ؛ پشتی کۆماریان چۆڵ کرد. بریتانیا و ئەمریکاش بەهۆی سیاسەتی دوو جەمسەری جیهانی کە بەرژەوەندییەکانی خۆیان پتر لە بەدەسەڵاتیی حکوومەتی ناوەندی‌دا دەدی و هیچ پشتیوانییەکیان لە کۆماری کوردستان نەکرد؛ بەوەش کۆماری کوردستان دوای یازدە مانگ تەمەنی پڕشکۆ، بە پیلانگێری نێوخۆیی و نێودەوڵەتی تێک‌چوو.

 

دەرەنجام:

پاش ٧٥ ساڵ لە دامەزرانی کۆماری کوردستان، بەها و ئامانجەکانی کۆمار ئێستاش نیشاندەری ڕێی خەباتی نەتەوەیی لە هەر چوار پارچەی کوردستانن و لە هزر و ئایدیالی هەر تاکێکی کورددا، کۆماری کوردستان بۆتە ئەندێشە و ڕێباز لە هەست و نەستی کوردان و تا بەدیهێنان و دامەزراندنەوەی کۆماری دێموکراتیکی کوردستان خەبات و تێکۆشانی بێ‌وچان بەردەوام دەبێ. بێگومان هەتا پرسی نەتەوەکان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست چارەسەر نەبێ، نە ئەو ناوچەیە ئارامی بە خۆیەوە دەبینێ و لە وڵاتانی زلهێز دەتوانن بەرژەوەندیی درێژماوەی خۆیان لە بوونی ڕێژیمە ناوەندگەرا و دیکتاتۆرەکان‌دا ببینن. بۆیە ئاسۆی ڕزگاری و ئازادی لەسەر ئەساسی جیهانبینیی کۆماری کوردستان بۆ گەلی کورد،  ئاسۆیەکی ڕوونە.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*