کۆماری کوردستان و بایەخدانی بە پەروەردە

گەلاوێژ پەیڕەوان

دامەزرانی کۆماری کوردستان لە هەلومەرجی ئەوسای ئێران و ناوچە و جیهان‌دا لە گەڵ ئەوەی بڕیارێکی مێژوویی بوو کە لەلایەن ڕێبەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان و لەسەر دەستی پێشەوا قازی محەممەد درا، لە هەمان کاتیش‌دا ڕووداوێکی یەکجار گەورە و دەسکەوتێکێی بەنرخ بوو بۆ گەلی کورد لە چوار پارچەی کوردستان بە گشتی و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی.

کۆماری کوردستان کە خەون و ئاواتی لە مێژینەی کورد بوو، لە لایەک ببووە جێگای ئۆميد و مایەی شانازی بۆ گەلی کورد و لە لایەکی دیکەشەوە دوژمنانی کورد و کوردستان، چاویان پێی هەڵ نەدەهات. هەر بۆیەش لە هەموو لایەکەوە خەریکی پیلانگێڕی بوون دژی و هەر ئەوەش وایکرد کە نەیارانی ئەو کۆمارە نەتەوەییەی کورد هەوڵی لەنێوبردنی بدەن کە بە داخەوە هەوڵەکەیان سەری گرت و توانییان کۆماری کوردستان جوانەمەرگ بکەن.

ئەگەرچی تەمەنی کۆماری کوردستان لە ڕووی زەمانەوە تەنیا ١١ مانگ بوو، بەڵام   کار و کردەوە و دەسکەوتەکانی کۆمار ئەوەندە گەورە و بەنرخ بوون کە بەراورد ناکرێن لەگەڵ ئەو ماوە کەمەی حوکمڕانیی کۆماردا.

لە سەردەمی دەسەڵاتی کۆماردا بارودۆخی ژیانی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و ئەمنییەتی خەڵک بە ڕادەیەکی یەکجار زۆر ئاڵوگۆڕی بەسەردا هاتبوو کە ببووە جێگای دڵخۆشی و ئومێد بۆ خەڵکی کوردستان لە لایەک و  لە لەیەکی دیکەشەوە سەرنجی گەلانی دیکەی بۆ لای خۆی ڕاکێشابوو.

کاربەدەستانی کۆمار لەو ماوە کەمەی بەڕێوەبردنی حکومەت‌دا گەلێک کاری بەنرخیان ئەنجام دا و کۆمەڵێک دەسکەوت بەدەست هاتن کە تاکو ئێستاش گەلی کورد شانازییان پێوە دەکات. خۆ ئەگەر بمانەوێ بە وردی باس لەو کار و دەسکەوتانە بکەین کە لە سەردەمی کۆماردا دەستەبەر کراون، ئەوە هەرکامە بە نۆرەی خۆی باسێکی تایبەتی و چڕوپڕی دەوێت. بەڵام دەتوانیین بە کورتی و پوختی ئاوڕێکیان لێ‌دەینەوە و تیشکیان بخەینە سەر.

بەشێک لە دەسکەوتەکانی کۆمار بریتی بوون لە:

 

١ـ بەڕەسمی کردنی زمانی کوردی لە ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی کۆماردا.

٢ـ پێک‌هێنانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، کە هێزێکی ڕێکوپێک و بەپرێنسیبی نیزامی بوو.

٣ـ ناردنی قوتابی بۆ باکو و تەورێز بۆ  دريژەدان بە خوێندن.

٤ـ دامەزراندنی ڕێکخراوەکانی ژنان و لاوان و هاندانی ئەو دوو توێژەی کۆمەڵگە، بۆ بەشداریی زیاتریان لە بەڕێوەبردنی کاروباری نێو کۆمەڵگە.

٥ـ گرنگیدان بە بارودۆخی ئابووری و دامەزراندنی پەیوەندیی ئابووری و بازرگانی لەگەڵ دەرەوە بە مەبەستی گەشەپێدانی ئابووریی کوردستان.

٦ـ دامەزراندنی چاپخانە و دەرکردنی کۆمەڵێک ڕۆژنامە و گۆڤار و کتێب و کردنەوەی کتێبخانە بە زمانی کوردی لە مەهاباد.

٧ـ دانانی قانوون بۆ گۆڕینی هێندێک دیاردە و نەریتی دواکەوتووانەی نێو کۆمەڵگە

٨ـ دامەزراندنی ڕادیو و سینەما بە مەبەستی زیاتر وشیارکردنەوەی کۆمەڵگە.

 

ئەوانەی ڕیز کران تەنیا بەشێکی کەم لەو کار و دەسکەوتانە بوون کە کۆمار لە ماوەی کەمتر لە ساڵێک‌دا کردنی و ئەوەی نووسینی ئەم دێڕانە مەبەستیەتی تیشک خستنە سەر پرسی پەروەردەیە لە کۆماری کوردستان‌دا.

ئەگەر بمانەوێ باس لە پرسی پەروەردە و گرینگیدان بە زمانی کوردی لەو  سەردەم‌دا بکەین، پێویستە کەمێک بگەڕێینەوە بۆ پێش دامەزراندنی کۆمار، واتە سەردەمی کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد(ژ.کاف)، چونکە ئەو گرنگییەی کە لە سەردەمی کۆماردا بە زمانی کوردی و پەروەردە دراوە، لەسەر پاشخانی کۆمەڵەی ژێکاف بووە کە پێشتر لە ٢٥ی گەلاوێژی ١٣٢١ی هەتاوی و لەلایەن ژمارەیەک ڕووناکبیری ئەوکاتی کورد لە شاری مەهاباد دامەزرابوو.

لە گەڵ ئەوەی کۆمەڵەی ژێکاف  وەک حیزبێکی سیاسی نەتەوەیی بە نهێنی کاری دەکرد، بەڵام  لە چالاکی ڕووناکبیری و فەرهەنگی خافڵ نەبووە. بەشێک لە کار و کارنامەی ژێکاف ئەمانە بوون:

– دامەزرێنەرانی کۆمەڵە بە هەست بە بەرپرسایەتی لە بەرانبەر زمانی کوردی و بە پێی ئەو هەلومەرجەی تێیدا بوون، هەوڵیان داوە بەگوێرەی توانا و ئیمکانی خۆیان پۆلی فێرکردنی زمانی کوردی بکەنەوە و خەڵک هان بدەن فێری زمانی کوردی بن.

-گۆڤاری نیشتمان یەکێک بوو لەو کارە گرینە فەرهەنگییە بوو کە کۆمەڵەی ژێکاف کردی. هاوکات ئەو گۆڤارە زمان‌حاڵی ژێکاف بۆ بڵاوکردنەوەی بیر و باوڕەکانی ئەم رێکخراوەیە بوو. گۆڤاری نیشتمان کە ٩ ژمارەی لێ دەرچوو، هەلێکی باشی ڕەخساند بۆ ئەو نووسەر و شاعیرانەی کە بە هۆی قەدەغەبوونی زمانی کوردی تا ئەوکات نەیان توانیبوو بەرهەمەکانیان بە زمانی کوردی بڵاو بکەنەوە. لەهەمان کاتیشدا دەرفەتێکی باش بوو بۆ پەروەردە و دەرخستنی شاعیر و نووسەری نوێ.

ـ چاپکردنی ڕۆژمێری کوردی یەکێکی دیکە لە کارەکانی کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد بوو کە بۆ ماوەی دوو ساڵ و لە ساڵانی ١٣٢٢ و ١٣٢٣دا چاپ دەکران و بڵاو دەبوونەوە.

ئەو ڕۆژمێرانە بە شێعری نەتەوەیی و ئایینی ڕازێندراونەتەوە و هەندێک لە بیرەوەرییە گرنگەکانیشی تێدا نووسراون وەک:

١/ ٢٥ی گەلاوێژ، دامەزرانی ژ.ک

٢/ ٣٠ی پووشپەڕ، ساڵی دەرچوونی گۆڤاری نیشتمان.

٣/ ١٦ی ڕەشەممە، ڕۆژی بنیادی چاپخانەی ژ.ک.

ـ دیاریی کۆمەڵەی ژ.ک یەکێکی دیکە لەو هەوڵانە فەرهەنگییانە بوو. ژێکاف ساڵی ١٣٢٢ چەند کۆمەڵە شێعرێکی لە نامیلکەیەک‌دا بەو ناوە بڵاو کردەوە.

 

لە ڕاستیدا ئەو چەند هەنگاوەی کە بەرپرسانی کۆمەڵە لەو سەردەمەدا ناویانە، سەرەتایەکی باش بووە بۆ گرینگیدان بە زمان و ئەدەبی کوردی و هاندانێکیش بووە بۆ نووسەر و شاعیرانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. هەر ئەو سەرەتایەش بووەتە بنەمایەک بۆ ئەو هەنگاوە گەورەی کە لە سەردەمی کۆماردا و بۆ پەرەپێدان و خوێندنی زمانی کوردی هەڵێنرا.

هەڵبەت پێش پێکهاتنی کۆماری کوردستانیش، حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە بەرنامەی خۆی‌دا کە لە هەشت بەند پێک‌هاتبوو، گرنگیی تایبەتیی بە زمانی کوردی دابوو. لە بەندی ٢ی ئەو بەرنامەیەدا هاتووە: (نەتەوەی کورد مافی خوێندنی زمانی زگماکی خۆی هەبێ و تەواوی کاروباری ئیدارەکان بە هۆی زمانی کوردییەوە بەڕێوە بچێ).

هەروەک هەموومان دەزانین و مێژووش شاهیدە، کۆماری کوردستان لەگەڵ هەموو ئەو کار و دەسکەوتانەی کە لەو ماوە کەمەدا  ئەنجامی داون، زۆر هەنگاوی گەورەی بۆ خزمەت و پەرەپێدانی زمانی کوردی هەڵێناوەتەوە کە پێویستە بە بایەخەوە لێی بڕوانرێ.

هەر لەگەڵ دامەزران و پێک‌هێنانی کۆماری کوردستان‌دا، ڕێبەران و کاربەدەستانی حکومەتی کوردستان گرینگیان بە خوێندن و پەرەپێدانی زمانی کوردی داوە و لەم پەیوەندییەدا کۆمەڵێک کاریان کردوە و چەندین بڕیاریان  دەرکردوە، کە لە خوارەوە ئاماژەیان پێ دەدەین:

١- بەڕەسمی کردنی زمانی کوردی لە ئیدارە و شوێنە ڕەسمییەکان، چونکە پێشتر زمانی کوردی  لەو شوێنانە قەدەغە بووە.

٢- بەڕەسمی کردنی زمانی کوردی لە قوتابخانەکانی ژێر دەسەڵاتی کۆماردا، بەمجۆرە بۆ یەکەم جار منداڵانی کورد توانییان لە قوتابخانە بە زمانی خۆیان بخوێنن و بنووسن. هەر لەم پەیوەندییەشدا وانەکان بە زمانی کوردی ئامادە کراون و دراون بە خوێندکاران.

٣- بە زۆرەملێ‌ و خۆڕایی‌کردنی خوێندن بۆ منداڵان (کچ و کوڕ)، واتە زۆرخستنە سەر دایک و باوکەکان تا منداڵەکانیان بنێرنە بەر خوێندن.

٤- کۆکردنەوەی منداڵانی بێ‌سەرپەرست و دابەشکردنیان بەسەر بنەماڵە دەوڵەمەندەکان و ناردنە بەر خوێندنیان لەگەڵ منداڵی خۆیان.

٥- یەک فۆڕم کردنی جلوبەرگی خوێندکاران لە قوتابخانە، تاکوو منداڵان هەست بە جیاوازی نەکەن و بۆ هاندانی زیاتریان و بەردەوام بوونیان لە خوێندن.

٦- گۆڕینی ناوی قوتابخانەکان لە فارسییەوە بۆ کوردی، نموونە: گۆڕینی ناوی مەکتەبی پەهلەوی بە کرمانجی کوردستان و ناوی چەند قوتابخانەی دیکەش گۆڕان بە “گەلاوێژ” ، “کوردستان” و “پێشەوا” و هەندێک قوتابخانەی نوێ لە شارەکانی مەهاباد، بۆکان و شنۆ کرانەوە و قوتابخانەیەکی تایبەت بە کچانیش هەر لە شنۆ کرایەوە.

٧- نوسینی ناوی قوتابخانە و دووکان و گشت ئەو شوێنانەی تابلۆیان لەسەر بوو بە کوردی و، گۆڕینی ناوە فارسییەکانیان بۆ سەر زمانی کوردی.

٨- کردنەوەی پۆلی تایبەتی بۆ ئەو کەسانەی نەخوێندەوار بوون و هاندان و پاڵپشتی‌کردنیان بۆ چوونە ئەو کەلاسانە و لەو پێوەندییەدا دابین‌کردنی پێداویستییەکانیان.

٩- ژنان گرنگی زۆریان پێ دراوە و لەگەڵ ئەوەی ڕێکخراوی تایبەت بە خۆیان هەبووە، لە بواری خوێندنیشەوە گرنگی زیاتریان پێ دراوە و هان دراون بۆ خوێندن و پۆلی تایبەتی نەخوێندەوارییان بۆ دانراوە.

١٠- هێنان و دامەزراندنی چاپخانە لە شارەکانی مەهاباد و بۆکان هەوڵێکی دیکە بوو بۆ خزمەت بە زمان و کەلەپووری کوردی.

١١- دەرکردن و چاپی کتێب و گۆڤار و ڕۆژنامە، بە زمانی کوردی، کە هەر یەکە و بە نۆرەی خۆی خزمەتی بە گەشەی زمان و ئەدەبی کورد کردووە.

١٢- دانان و کردنەوەی کتێبخانەی نیشتمانی.

١٢- پەروەردەی مامۆستا و هاتنی مامۆستای زمانی کوردی لە باشوورەوە بۆ مەهاباد، کە خزمەتی  زۆریان بە زمانی کوردی کرد.

١٣- وەرگرتنی بۆرسەی خوێندن بۆ لاوان و ناردنیان بۆ دەرەوەی وڵات بە مەبەستی درێژەدانی خوێندن و خوێندنی ئەفسەری.

١٤- هەر لە سەردەمی کۆماری کوردستان بڕیار درا زمانی حوکمڕانی، زمانی شەرع و قانوون، زمانی بازرگانی، زمانی پێشمەرگایەتی بکرێتە زمانی کوردی و دەبێت کاری پێ‌ بکرێ.

هەر زوو بیر لەوەکرایەوە کە وشەیەکی گونجاو بۆ چەکداری کورد بدۆزرێتەوە و بکرێتە جێگرەوەی زاراوەی بێگانە و وشەی “پێشمەرگە” وەک هێزی چەکداری کۆمار کوردستان، بەڕەسمی هاتە نیو ئەدەبیاتی سیاسیی و نیزامیی کورد لە کوردستان.

١٥- خوتبەی مزگەوت کرا بە کوردی، پێشتر خوتبەی مزگەوتەکان بە زمانی عەرەبی بوون، بەڵام لە لایەن حیزبی دێموکڕاتی کوردستانەوە بڕیار درا خوتبەی نوێژی هەینی بە کوردی بێت.

١٦- یەکێکی دیکە لە کارە گرنگەکانی «هەیئەتی فەرهەنگی» ماوەنەدانی شێواندنی زمانی کوردی بوو، بە ناوی داهێنانی وشەی تازە و دروست‌کراوەوە.

 

ئەنجام:

بەڕێوبەرانی کۆماری کوردستان هەر لە سەرەتاوە دەرکیان بەو ماف‌خوراوی و غەدرە کردووە، کە لە لایەن ڕێژیمی حاکم بە سەر ئێراندا لە کورد و منداڵانی کوردی دەکرد و باش دەیانزانی کە بە بەرنامە و نەخشەیەکی زیرەکانە هەوڵی سڕینەوەی زمان و فەرهەنگی نەتەوەی کوردیان داوە و ویستوویانە ڕۆڵەکانی لە دواکەوتووی و نەزانی‌دا بمێننەوە. بە لەبەرچاوگرتنی ڕاستییە کە زمانی هیچ نەتەوەیەک بەبێ هەبوونی دەسەڵاتی سیاسی ناتوانێ وەکو پێویست لە بوارەکانی سیاسی، قانوونی، ئابوری و دیپلۆماسی… هتد، گەشە بکا و دەوڵەمەند بێت؛ کۆماری کوردستان دەسەڵاتی خۆی لە خزمەت پەرەپێدانی زمانی کوردی دانا.

لەگەڵ ئەوەی ڕێبەرانی کۆمار و حیزبی دێموکڕات، بەو پەڕی دڵسۆزی و  خەمخۆرییەوە لە فکری منداڵانی کورد و خوێندنیان بە زمانی دایکی لە خوێندنگەکان‌دا بوون، خودی شەخسی پێشەوا بۆ خۆیشی وەک سەرۆکێکی خەمخۆر و بەمشوور بۆ دواڕۆژی گەل و وڵاتەکەی بایەخی زۆری بە پەروەردە و بارهێنانی منداڵانی کورد بە شێوەیەکی سەردەمیانە داوە.

پێشەوا لە وتاری ٢ی ڕێبەندان‌دا بە شانازییەوە باس  لەو کارانە دەکا کە لەو ماوە کەمەدا ئەنجام دراون:

“چەند مەدرەسەی کچان و کوڕانمان کردەوە، مەدرەسەی شەوانەمان دایر کرد و کتێب بە زمانی کوردی تەرجەمە کران… کوڕ و کچ و پیاوی گەورە لە مەداریسی شەوانە و ڕۆژانە بە زمانی کوردی دەخوێنن و لە جیاتی ئەوەی شەش حەوت ساڵ خەریکی خوێندن و فێر بوونی فارسی بن لە مانگێک و دوو مانگ‌دا دەبنە خوێندەوار و هەموو شتێک دەخوێننەوە و دەنوسن”.

پێشەوا قازی محەمەد زۆر هەوڵی داوە گەلی کورد لە گرینگیی خوێندن و خوێندەوار بوون ئاگادار بکاتەوە  تا ڕۆڵەکانی نەتەوەکەی بە دنیای پێشکەوتوو و زانستی سەردەم ئاشنا بن و لە گەلانی پێشکەوتوو دوا نەکەون.

پێشەوا دواجار لە وەسیەتنامەکەیدا دەفەرموێ: “بڕۆن بخوێنن و بە دوای زانست‌دا بگەڕێن.”

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*