شکۆی پێشمەرگە و مەرگ بە سەربەرزی

برایم چووکەڵی

ئەسعەد موقەدەسی

ئه‌گه‌ر به‌ وردی لاپه‌ڕه‌کانی مێژووی ده‌یان ساڵه‌ و بێ‌پسانه‌وه‌ی خه‌باتی ئاشکرا و نه‌هێنیی حیزبی دێموکراتی کوردستان هه‌ڵده‌ینه‌وه و، به‌ ڕابردووی پڕله ‌شانازی ڕۆڵه‌ تێکۆشه‌ره‌کانی‌دا بچینه‌وه‌، به‌ ڕوونی بۆمان ده‌رده‌که‌وێ که‌ تێکۆشه‌ره‌ ئه‌رکناس ‌و ئەرک‌وه‌خۆگر و نیازپاکه‌کانی ئه‌و نه‌ته‌وه‌ خۆڕاگره‌، بۆ گه‌یشتن به‌ ئامانجی به‌رزی شه‌هیدان، چۆن ده‌ستیان له ‌ژیانی ئاسایی خۆیان هه‌ڵگرتووه‌ و، ته‌نانه‌ت له‌ گیانی خۆشیان مایه‌یان داناوه‌.

ئه‌وانه‌ی ئه‌و ڕێگا پیرۆزه‌یان گرتۆته‌به‌ر و له‌و ڕێگا پیرۆزه‌شدا به‌ هه‌زاران ڕۆڵه‌ی کۆڵنه‌ده‌ر و ماندوونه‌ناس و دڵ پڕ له ‌ئاوات‌ و هیوا، به‌ خوێنی گه‌شیی خۆیان مێژووی خه‌باتیان نووسیوه‌ته‌وه ‌و سه‌ری به‌رزیان کردۆته‌ پرده‌بازی سه‌رکه‌وتن‌ و‌ جێگای هه‌میشه‌ییان له‌ نێو دڵی ئازادیخوازان‌دا بۆخۆیان ته‌رخان کردووه. له‌ “هەگبەی شاخ و شۆڕش”ی ئەمجارەی “کوردستان”دا یادی‌ پێشمه‌رگه‌ی تێکۆشه‌ر و ئازا و ڕۆڵه‌یەکی دڵپاک دەکەینەوە که‌ بۆ نه‌ته‌وه‌که‌ی ژیا و له‌ پێناوی وه‌دیهێنانی ئامانجی به‌رزی شه‌هیدان‌دا خۆی فیدا کرد، ئەویش شه‌هید “ئه‌سعه‌د موقه‌ده‌سی”‌یە.

شه‌هید ئه‌سعه‌د موقه‌ده‌سی ساڵی 1345ی هه‌تاوی له‌ بنه‌ماڵه‌یه‌کی هه‌ژار لە ئاوایی “بۆڕیه‌ری”  ناوچه‌ی ژاوه‌رۆی مه‌ریوان چاوی بۆ ژیان کردەوە.، هێشتا ئه‌سعه‌د منداڵ بوو که‌ به‌ هۆی گیروگرفتی ژیان، بنه‌ماڵه‌که‌ی ئاوایی” بۆڕیه‌ر” به‌جێ دێڵن ‌و له‌ شاری تاران دەگیرسێنەوە. سه‌ره‌ڕای که‌موکوڕیی باری ژیان له‌ ته‌مه‌نی 7 ساڵی دەنێردرێتە قوتابخانه‌ کە به‌داخه‌وه‌ به‌ هۆی ده‌ستەنگیی بنه‌ماڵه‌که‌ی تەنیا تا پۆڵی دووهه‌می ناوه‌ندی خوێندی. ئەسعەد بەدوای ئەوەدا ماڵاوایی له‌ قوتابخانه‌ کرد و ملی به‌ر‌ کاروکاسبی نا و، وه‌ک شاگرد میکانیک شان‌به‌شانی باوکی بۆ په‌یداکردنی بژێوی ماڵه‌وه‌ زه‌حمه‌تی ‌کێشا.

ئەسعەد له‌نێو لاوانی هاوته‌مه‌نیدا خۆشه‌ویست بوو. خاوەنی زۆر خەسڵەت و تایبه‌تمه‌ندی باشی مرۆیی بوو، هه‌ر ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییانه‌ش وایانكرد، ئه‌و كۆڕ‌و كۆبوونه‌وانەی‌ ئه‌و تێیدا به‌شدار ده‌بوو، ببنه‌ ده‌ره‌تانێك بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌ شێوه‌یه‌كی‌ لێبڕاوانه ‌‌و به‌ ئاگاهییه‌وه‌ بۆ ئامانجه‌ ڕه‌واكانی‌ نه‌ته‌وه‌كه‌ی‌ تێبکۆشی و هاوكاتیش ئه‌و دۆخه‌ پڕ له‌ سته‌مه‌ش وێنا بكا كه‌ نه‌ته‌وه‌كه‌ی‌ تێیدا ده‌ژی‌.

ئەسعەد لە ساڵی 1363دا به‌ ئیجباری گیرا و له‌ سه‌ربازخانه‌کانی مه‌ریوان خزمه‌تی زۆره‌ملیێ به‌سه‌ردا سه‌پا، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌و ناسینەی لە کۆماری ئیسلامیی ئێران و سیاسەتەکانی ئەم ڕێژیمە کوردکوژە هەیبووی،‌ نه‌یتوانی له‌وه‌ زیاتر چاولێکه‌ری جینایه‌ته‌کانی ڕێژیم بێ ‌و له‌ مانگی گه‌لاوێژی ئه‌وساڵه‌دا له‌ سه‌ربازی ڕایکرد و خوی به‌ یه‌کێک له ‌ڕێکخراوه‌کانی ئوپۆزیسیونی کورد ناساند. ئه‌سعه‌د موقه‌ده‌سی پاش چەند ساڵ تێکۆشانی سیاسی ساڵی 1367ی هه‌تاوی ڕیزی تێکۆشه‌رانی دێموکراتی هه‌ڵبژارد و ئه‌رکی خزمه‌ت به‌ نه‌ته‌وه‌ زوڵم‌لێکراوه‌که‌ی له‌ ڕیزی پێشمه‌رگه‌کانی حیزب‌دا ده‌ست پێ کرد.

شەهید ئەسعەد له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا کە پێشمه‌رگه‌یه‌کی ئازا، چاونه‌ترس و زه‌بروه‌شێن بوو، بڕوایه‌کی قوڵیشی به‌ ته‌شکیلات و کاری ڕێکخستنی خەڵک و جەماوەر هەبوو. ئەو به‌هۆی لێهاتوویی و کارزانی به‌رپرسایه‌تیی جۆراوجۆری گرتە ‌ئه‌ستۆ و له‌ زۆر بواردا تێکۆشا و، له‌ ماوه‌ی ژیانی پێشمه‌رگایه‌تیی خۆیدا  له‌ زۆر شەڕ و عه‌مه‌لیات‌دا به‌شداریی کرد.  ساڵی ١٣٦٩ شەهید ئەسعەد به‌ هۆی ئازایه‌تی وەک‌ سه‌رپه‌ل دیاری کرا و پاشان وه‌ک جێگری لک درێژەی بە تێکۆشانی پێشمەرگانەی دا و له‌و بەرپرسایەتییەش‌دا‌ سه‌ربه‌رز و ڕووسوور هاته‌ده‌ر.

شه‌ڕه‌ به‌ناوبانگه‌کانی كوڕه میانه، پشتی تفڵێ، شەڕەكانی ناوچەی ژاوەرۆ، تەنگی سەر، سەروونزارە، شەڕەکانی مەریوان و بێڵەواری كامیاران، شەڕی كۆڕەی مریەم، میروەیسی، بێساران و بنچڵەی شاهۆ، نمونەیەکی بچووکن لە حماسەخوڵقێنییەکانی شەهید ئەسعەدی موقەدەسی و ئازایەتیی کەم‌وێنەی.

شەهید ئەسعەد بڕوایه‌کی قووڵی به‌ ڕێبازه‌که‌ی هه‌بوو، هه‌موو ئاواته‌کانی له‌ سه‌رکه‌وتنی خه‌بات و به‌ئاوات گه‌یشتنی نه‌ته‌وه‌که‌یدا کۆ کردبۆوه‌. ئه‌سعه‌د كوڕێكی‌ ئازا‌ و هه‌ڵسووڕ بوو، بۆ هه‌ر مه‌ئمووریه‌تێكی‌ حیزبی‌ كه‌ پێیان ده‌سپارد سه‌ر لەپێناو‌  بێ‌ سێ‌‌و دوو لـێ‌‌كردن به‌ ئه‌نجامی‌ ده‌گه‌یاند. كوڕێكی‌ هه‌ڵسووڕ ‌و تێگه‌یشتوو بوو. بۆ ڕوونكردنه‌وه‌ی‌ خه‌ڵك له‌ هه‌ر ده‌رفه‌تێك كه‌ڵكی‌ وه‌رده‌گرت ‌و قسه‌ی‌ بۆ ده‌كردن ‌و سیاسه‌ته‌كانی‌ حیزبی‌ بۆ شی‌ ده‌كردنه‌وه‌. هه‌ر بۆیه‌ش ڕه‌وانه‌ی ده‌وره‌ی سیاسی کرا و وه‌ک کادرێکی به‌توانا هه‌ڵسوورانی هه‌بوو.

ئه‌سعه‌د لاوێكی‌ به‌ هه‌ست‌ و ئاكار جوان بوو. به‌هۆی‌ كرده‌وه‌ی‌ شۆڕشگێڕانه‌‌ و ئه‌خلاقی‌ جوان‌ و دڵسۆزی ‌‌و له‌خۆبوردوویی‌ جێی‌ خۆی‌ له‌نێو دڵی‌ هاوسه‌نگه‌رانی ‌‌و خه‌ڵكی‌ ناوچه‌ی‌ مه‌ریوان كردبۆوه‌‌ و پڕ به‌دڵ‌ خۆشیان ده‌ویست. به‌هۆی‌ ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییانه‌وه‌ دواتر له‌لایه‌ن حیزبه‌وه‌ به‌ فه‌رمانده‌ری ده‌سته‌ی کوماندۆی هێزی‌ کرماشان دیاری‌ كرا. شەهید ئەسعەد بۆ ئه‌وه‌ی‌ نیشان بدا كه‌ شیاوی‌ ئه‌م پله‌یه‌، پتر كاری‌ ده‌كرد‌ و زیاتر له‌ ئه‌ندازه‌ خۆی‌ ماندوو ده‌كرد. هه‌ست به‌ مه‌سئولییه‌ت‌ و تێكۆشان بۆ فێربوون‌ و هه‌وڵدان بۆ خه‌بات دژی‌ ڕێژیمی‌ ئاخوندی‌ تایبه‌تمه‌ندی‌ هه‌ره‌ به‌رچاوی‌ ئه‌سعه‌دی موقه‌ده‌سی بوو. ئامانجی‌ ئه‌سعه‌د ڕزگاریی‌ نه‌ته‌وه‌كه‌ی‌ بوو، بۆیه‌ زۆرجار له‌لای‌ هاوڕێكانی‌ ده‌یگوت ته‌نیا ئاواتم ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ڕزگاریی‌ گه‌له‌كه‌م به‌چاوی‌ خۆم ببینم، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ دوژمنانی‌ ئازادی ‌‌و مرۆڤایه‌تی‌ نه‌یانهێشت ئاواتی‌ شۆڕه‌ لاوی‌ كورد بێنێته‌ دی ‌‌و به‌ نامرادی‌ سه‌ری‌ نایه‌وه‌.

شەهید ئەسعود موقەدەسی ‌ڕۆژی ٢٨ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٧٥ له‌ شه‌ڕێکی قورس لەگەڵ هێزێکی زۆروزەوەندی کۆماری ئیسلامی و پاش به‌ره‌نگارییەکی ئازایانه‌ له‌ چیای شاهۆ، له‌گه‌ڵ هاوسه‌نگه‌رێکی دیکەی به‌ ناوی نادر وه‌زیری شه‌هید بوون و بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ ناو و یادی له‌ دڵی خه‌ڵک ‌و هاوڕێیانی‌دا بە نەمری مایەوە.

‌ ڕوحی شاد و ڕێگای پڕ ڕێبوار بێ.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*