
(به‌یاننامه‌ی ده‌فته‌ری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان، به‌بۆنه‌ی حه‌فتا و پێنج ساڵه‌ی دامه‌زرانی کۆماری کوردستان)
* له‌گه‌ڵ ئه‌وه که بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تیی کورد ڕابردوویه‌کی چه‌ند سه‌ده‌یی هه‌یه و گه‌لی کورد پاش ڕووخانی کۆماری کوردستانیش زۆر شۆڕش و ڕاپه‌ڕینی دیکه‌ی له‌پێناو ڕزگاری و دروستکردنی قه‌واره‌یه‌کی ئازاد بۆخۆی وه‌ڕێ خستووه، به‌ڵام کۆماری کوردستان ئه‌و ڕووداوه‌ی مێژووی کورده که زیاتر له هه‌ر ڕووداوێکی دیکه هه‌موو کورد له‌سه‌ر بایه‌خ و شوێندانه‌رییه سیاسی و ناسنامه‌ییه‌که‌ی کۆکه و کوردی هه‌ر چوار پارچه‌ی کوردستان به‌بێ جیاوازی و مشت‌ومڕ به هی خۆی ده‌زانێ.
* ئه‌گه‌ر کۆماری کوردستان ئه‌و جێگه و پێگه گرینگ و تایبه‌تییه‌ی له ناسنامه‌ی سیاسی و یاده‌وه‌ریی به‌کۆمه‌ڵی نه‌ته‌وه‌ی کورددا هه‌یه، ئه‌مه ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه نییه که کۆماری کوردستان یه‌که‌مین و له‌ڕاستیدا ته‌نیا ئه‌زموونی سیاسیی کورده که له‌ودا گه‌لی کورد مه‌رامی سهروهریخوازانهی خۆی به‌ڕوونی جێبه‌جێ کردووه و کوردی پارچه‌ی دیکه‌ش له دامه‌زراندن و پاراستنی‌دا به‌شدار بوون، به‌ڵکوو هه‌روه‌ها له‌به‌ر ئه‌وه‌یه که کۆماری کوردستان داهێنه‌ر و چه‌سپێنه‌ری کۆمه‌ڵێک هه‌نگاو و هێمای نه‌ته‌وه‌یی وه‌ک به‌فه‌رمیکردنی زمانی کوردی و سرود و ئاڵا و پێشمه‌رگه‌یه که ئه‌مڕۆ بوون به هێما و نیشانی هاوبه‌شی هه‌موو نه‌ته‌وه‌ی کورد.
* کۆماری کوردستان وه‌ک نوخته‌ی هه‌ره دیاری چڕبوونه‌وه‌ی پۆتانسیه‌ل و به‌ریه‌ککه‌وتنه‌کانی پێوه‌ندیدار به پرسی کورد، زۆر سروشت و تایبه‌تمه‌ندیی به ناسیۆنالیزمی کورد به‌خشیوه و له‌ژێڕ ڕێبه‌رایه‌تیی حیزبی دێموکراتی کوردستان و که‌سایه‌تیی به‌رز و له‌خۆبوردووی پێشه‌وای نه‌مردا، کولتوورێکی سیاسی و نموونه‌یه‌ک له ئیراده‌ی نه‌ته‌وه‌یی بۆ نه‌وه‌کانی دواتری گه‌له‌که‌مان به‌جێ هێشتووه که بۆ هه‌موو کورد سه‌رچاوه‌ی ئیلهام و مایه‌ی ستایشه.
* کۆماری کوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌وه که پێش هه‌موو شتێک به مانای خۆسه‌لماندنی سیاسیی کورد به‌ڕووی ده‌ره‌وه‌یدا بوو، به‌شی زۆری هێز و وزه‌ی بۆ کارکردن له‌سه‌ر خۆی و به‌ستێنی نێوخۆی ته‌رخان کرابوو و ئه‌وه‌نده‌ی سیاسه‌تی ده‌کرد، ئه‌وه‌نده‌ش کاری له‌سه‌ر فه‌رهه‌نگ و فه‌رهه‌نگسازی ده‌كرد. کۆماری کوردستان یه‌که‌مین ئه‌زموونی مۆدێرنی کورد بوو که له‌ودا بنه‌مای وه‌فاداریی سیاسی، فه‌لسه‌فه‌ی هاووڵاتیبوون بوو، و هاوکات له‌گه‌ڵ دانانی بنیاته‌کانی ده‌سه‌ڵاتی نه‌ته‌وه‌یی، په‌ره‌پێده‌ری به‌هاکانی کوردایه‌تیی پاک و شارستانه‌تی و لێبورده‌یی و وه‌خۆگرتنی فره‌چه‌شنییه‌كانی نێو کۆمه‌ڵگە و یه‌کانگیریی خه‌ڵک و بژارده‌ی سیاسی بوو.
* ئه‌زموون و سامانی ڕه‌مزیی کۆماری کوردستان ته‌نیا بایه‌خی مێژوویی نیه، به‌ڵکوو بۆ ئه‌مڕۆ و ئایندهی بزوتنه‌وه‌ی کوردیش به‌تایبه‌تی له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان ههوێنبهخش و ڕێنیشانده‌ره.
* کۆماری کوردستان ڕه‌مز و ده‌سکه‌وتی هه‌موو نه‌ته‌وه‌ی کورده، به‌ڵام شانازیی دامه‌زراندنی کۆمار له‌پێشدا بۆ حیزبی دێموکرات ده‌گه‌ڕێته‌وه. هه‌ربۆیه‌ش چاوه‌ڕوانیی خه‌ڵکی کوردستان بۆ هه‌ڵگرتن و به‌جێگه‌یاندنی په‌یامی کۆمار له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان پێش هه‌موو لایه‌ك له حیزبی دێموکراته.
Be the first to comment