خالید عەزیزی: کێشەی گەورەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەوەیە هەتا ئێستا کێشەی ئێرانی لە “بەرجام”دا پێناسە کردوە

پێوەندییەکانی ئێران و ئەمریکا بەرەو کوێ دەچن. دەوڵەتی نوێی ئەمریکا لە هەمبەر ئێران‌دا چ سیاسەتێک دەگرێتە بەر؟ لەو ماوەیەدا چەند هێرشێکی سایبێری کراونەتە سەر بنکە ئەتومییەکانی ئێران و چەند تەقینەوەیەکی گوماناوی لەو بنکە سەربازییانەی ڕێژیم ڕووی داوە، هەروەها لە پێتەختی ئێران کەسی دووهەمی ئەلقاعیدە و کاربەدەستێکی گەورەی ئەتومی و پیشەسازیی مووشەکیی ڕێژیم دەکوژرێ، بۆشایی ئەمنیەتی لە ئێران دەرەنجامی چین؟ پرسی کورد لە ئێران و ناوچە لە کوێی هاوکێشەکان‌دایە. ئەمانە و چەند پرسیارێکی دی تەوەری سەرەکیی وتووێژی ڕۆژنامەی “کوردستان”ن لەگەڵ کاک خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان.

  

کاک خالید لە واشنگتۆن چی ڕوو دەدا؟ میراتی تڕامپ چیی بەسەر دێ و ئایا شتی نوێ بەڕێوەیە یان هێلە گشتییەکانی سیاسەتی ئەمریکا لە پێوەندی لەگەڵ ئێران‌دا لەجێی خۆیان دەمێننەوە؟

پێشێنەی تێک‌چوونی پێوەندییە ئاساییەکانی نیوان ئەمریکا و ئێران بۆ سەرەتای هاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامی دەگەڕێتەوە و لەوساوە پێوەندیی نێوان ئەم دوو وڵاتە هەوراز و نشێوی زۆری پێواوە. بەڵام بەگشتی لە ئەمریکا متمانە بە کۆماری ئیسلامی ناکەن و کۆماری ئیسلامی وەک حکوومەتێکی تێرۆریست، نامەسئوول و نادێموکراتیک چاو لێ دەکەن کە بەرامبەر بە بەڵێنەکان و ڕێککەوتنەکان و چارتێرەکانی مافی مرۆڤ لە دونیادا وەڵامدەر نییە. ئەوە بۆچوونێکە هەم دێموکراتەکان هەیانە و هەم کۆمارییەکان بوویانە و لەوەدا جیاوازییەک لە نێویان‌دا نییە. جیاوازییەک کە هەبێ لە  خوێندنەوەیان بۆ ڕاگرتنی کۆماری ئیسلامی و کەم‌کردنەوەی مەترسییەکانی ڕێژیمی ئێرانە لەسەر ئەمریکا و سەقامگیری و ئارامییە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نیوەڕاست‌دا.

بە هاتنەسەرکاری بایدن تەبیعەتەن کۆمەڵێک شتی تازە دێتە گۆڕێ. بەڵام ئەمریکا وڵاتی دامەزراوەیە. لە تەنیشت کۆشکی سپی و دەسەڵاتی سەرکۆمار، سەنا هەیە، کۆنگرێس هەیە، ڕای گشتی هەیە و سەرکۆماری ئەمریکا ناتوانێ بێ سەرنجدان و گەڕانەوە بۆ ئەو شوێنانە سیاسەت بکا. لە هەمووی ئەوانە گرینگتر ئەگەر هەشتا میلیۆن کەس دەنگیان بە بایدن داوە، بەڵام لە نیوان حەفتا و دوو تا حەفتا و سێ میلیۆن دەنگ بە تڕامپ دراوە. جا ئەگەر وایە، کۆمەڵگەی ئەمریکا دوو جەمسەرییەک بە دوو خوێندنەوەی جیاوازی تێدا هەیە. بۆیە بایدن هەوڵ دەدا لە پێوەندی لەگەڵ ئێران‌دا هاوبەشییەک لەو جیاوازییانە دروست بکا.

تڕامپ لە پێوەندی لەگەڵ ئێران‌دا تەک ڕەهەندی بۆ مەسەلەکان چوو، و زۆرتر گرینگیی بەوە دا بە گوشاری ئابووری ئێران بەچۆک‌دا بێنێ و ناچار بە دانوستان لەگەڵ خۆی بکا و مەرجەکانی خۆی لە پێوەندی لەگەڵ بەرجام و پڕۆژەی ئەتۆمی بەسەردا سەپینێ. لەو بوارەدا لە ڕوانگەی منەوە رەخنەیەک کە لە سیاسەتەکانی تڕامپ دەگیرێ ئەوەیە کە ناوبراو لە دروست‌کردنی کۆدەنگیی نێودەوڵەتی لە دژی ئێران سەرکەوتو نەبوو. هاوبەش و هاوپەیمانەکانی خۆی لە ئورووپا لەدەست دا و تا ڕادەیەکی زۆر دەستی بۆ ڕووسیە ئاواڵا کرد و چینیش دیارە کە لە گۆشەنیگای ئابوورییەوە چاو لە مەسەلەکە دەکا.

بۆیە لێرەدا لەوانەیە بایدن بەدوای ئەوەدا بڕوا کە دۆستان و هاوپەیمانانی پێشووی ئەمریکا کە لە پڕۆژەکانی تڕامپ‌دا وەلا نرابوون، بیانهێنێتەوە نێو گەمەکە و لەو ڕێگەیەوە ئێران ناچار بە دانوستان و ڕێک‌کەوتنێکی بەرپرسانە بکا. لێرەدا دەمهەوێ یەک شت بڵێیم ئەویش ئەوەیە، دەوڵەتان بەپێی بەرژەوەندیی خۆیان چاو لە هاوکێشەکان دەکەن. واشینگتۆن بەپێی بەڕژەوەندیی خۆی و پاراستنی ئەمنیەتی هاوپەیمانانی چاو لە مامەڵە لەگەڵ ئێران دەکا، بەتایبەت لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست. ئێمەش دەبێ لەو گۆشەنیگایەوە هەڵسەنگاندن بۆ ئەم بابەتە بکەین.

بەڵام لەگەڵ ئەوەش‌دا کۆماری ئیسلامی و کاربەدەستانی ئەم ڕێژیمە بە شێوەیەک باس لە گەڕانەوەی بایدەن بۆ “بەرجام” دەکەن.  پێتان‌وایە سەقامگیرییەک لە بواری ئابووری‌دا بۆ ئێران بگەڕێتەوە؟

ڕاستە ئەمریکای قۆناغی سەرۆکایەتیی بایدن ئەمریکای سەردەمی تڕامپ نابێ، بەڵام قەتعەن ئێرانیش زۆر گۆڕاوە. لەڕاستی‌دا ئابڵۆقەی ئابووری لەسەر ئێران، ئابووریی ئەم وڵاتەی تووشی ڕووخانی گەورە کردووە، داڕمانێکی ئابووری و کۆمەڵایەتیی گەورە لە گۆڕێ‌دا هەیە کە کێشەی لەنێو دەسەڵاتیش‌دا دروست کردووە. جا ئەگەر وایە ئێران ئەمڕۆ ئێرانی سەردەمی ئۆباما نییە و لە کەوتنە سەودا لەگەڵ ئەمریکا زۆر زۆر لاوازترە. ئێران لە هەلومەرجێکی زۆر خراپ‌دایە، ناڕەزایەتییەکان لە ئێران پەرەیان سەندوە، لەنێو خودی رێژیم‌دا کێشە دروست بووە لە چەندی و چۆنی مامەڵە لەگەڵ ئەمریکا. تەنانەت وەزیری دەرەوەی ئێران زەریف دۆینێ بەجۆڕێک دانی بەوە دانا کە لە تاران کێبڕکێ هەیە کە کێ لە پێش‌دا پێوەندیی بە ئەمریکاوە بگرێ. ئێرانێک کە لە پێتەختەکەی خۆی ناتوانێ ئەمنیەت بۆ کاربەدەستانی خۆی دابین بکا. ئێرانێک کە بایەخی تمەن وەک دراوە نیشتمانییەکەی لەوپەڕی لاوازیی خۆی‌دایە. جا ئەگەر وایە با ئەوە بڵێین بە هاتنە سەر کاری بایدێن ئێرانییەکان بەتایبەت ئەوانەی کە لە دەسەڵات‌دان پێیان وانییە دونیا بە مەیلی ئەوان دەچێتە پێشێ، نەخێر. لە واشینگتۆنیش خوێندنەوە بۆ ئێرانی ئێستا دەکرێ. بایدێن یان ئیدارەی نوێی ئەمریکا چاو لەوە دەکا بزانێ ئێران لە چ‌هەڵومەرجێک‌دایە. بۆیە بە باوەڕەی من ئێران لە هیچ بوارێک‌دا لە بارودۆخێکی باشی دانوستان لەگەڵ ئەمریکادا نییە، بە هیچ جۆر.

کاک خالید دەبینین ئەو کۆماری ئیسلامییە کە بۆ وێنە کۆبوونەوەیەکی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی بە مووشەکی بالستیک لە وڵاتێکی دیکەدا کردە ئامانج، ڕۆژ نییە زەبرێکی لێ نەدرێ. ڕاستە زەبروزەنگی ڕێژیم لەسەر خەڵک زۆرە، بەڵام بەردەوام لە هێزەکانی لە سووریە، لە بنکە ئەتومییەکانی لە نێوخۆی وڵات و لە کاربەدەستەکانی دەدرێ. جەنابت چۆنی لێک‌دەدەیتەوە، ئایا بۆشایەکی سیاسی و ئەمنیەتیی گەورە لە ئێران‌دا پێک هاتووە؟

ئەگەر توانایی نیزامیی حیزبی دێموکرات لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بەراورد بکەین، ڕاستە کۆماری ئیسلامی توانای سەربازیی لە ئێمە پترە. بێ‌گومان بۆ کۆماری ئیسلامی ئاسان بوو بە مووشەک هێرش بکاتە سەر سەرکردایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بەڵام ئەو ڕێژیمە لە ڕەهەندی تیکنیکی، نیزامی و ئەمنیەتی لە کێشە لەگەڵ ئەمریکا لە ناوچەکەدا ئەو تواناییەی نییە. لێدان لە قاسم سولیمانی و ئەوەی لەو دواییانە لە بنکە ئەتومییەکانی ئێران و کوژرانی فەخری‌زاد لە تاران ڕووی دا ئەوە دەگەیەنێ کە کۆماری ئیسلامی نەک لە دۆخی هێرشبەری، بەڵکوو لە هەلومەرجێکی باشی بەرگریش‌دا نییە و لەڕاستیدا ئەگەر تووشی کێشەیەک بێ لەگەڵ دونیای دەرەوە، لە ڕەهەندی سەربازی و لۆجستیکییەوە شکێنەرە. دەمەوێ بڵێم کوژرانی قاسم سولەیمانی و هەموو ڕووداوەکانی یەک‌ساڵی ڕابردووی ئێران پرسیارێکی زۆر گەورە و جیدیی لەسەر ئەو سیستمە دروست کردووە و ئەوە هێز و ورەی داوەتە خەڵک.

ڕاستە ئەم ڕێژیمە لە سەرکوتی خەڵک، ئێعدام کردن، ئەشکەنجە، زیندانی کردن و بەئەمنیەتی کردنی کوردستان و لە زۆر بواری دیکەدا زاڵە بەسەر خەڵک‌دا، بەڵام لەو بوارانەدا زەربە پەزیرە و لە دۆخێکی زۆر نالەباردایە. ئەمن پێش‌بینی دەکەم ئەو دۆخە لەنێو خودی دەسەڵات و، سیستەمیش‌دا تووشی کێشە و ناکۆکییان بکا.

ئاکامگیریی من لەو باسە ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامیی ئێستا کۆماری ئیسلامیی سەردەمی ئۆباما نییە و لە دۆخێکی خراپ‌د لەگەڵ دونیای دەرەوە دەدوێ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش هەمووی ئەوانە دەزانن.

کاک خالید زۆرێک لە ڕێبەرانی کورد بەجۆرێک عەتفێکیان بۆ جۆ بایدن هەیە، پێیان وایە دۆناڵد تڕامپ سیاسەتەکانی لە ناوچەدا بە نیسبەت کورد باش نەبوو. جیاواز لە پرسی ئێران جەنابیشت هەروا بیر دەکەیەوە؟ ئەوەی کە ئایا لە سیاسەتی نوێی کۆشکی سپی‌دا کورد وەک فاکتۆرێک سەیری دەکرێ؟

یەکەم، لە واشینگتۆن و لە چەقی هاوکێشەکانی دونیادا کورد وەک نەتەوەیەک یان وەک یەکەیەکی سیاسی بوونی نویە. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان بەپێی ئەو یاسا و ڕێسایانە کە لەنێو وڵاتان‌دا هەیە ڕێک دەخرێن و تەنزیمی ستراتیژیی خۆیان دەکەن. لە واشینگتۆن کە چاو لە عێراق دەکردرێ، پرسی کورد لە چوارچێوەی عێراق‌دا دەبیندرێ. لە ئێران‌دا پرسی کورد لە چوارچێوی ئێران و، لە تورکیە و سووریەش هەروەتر. بۆیە من دەستووری کارێک، یان پلانێک بە گشتی نیسبەت بە پرسی کورد لە هیج جێگایەکی دونیادا نابینم.

دووهەم، بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە کە پرسی کورد لەئارادا نەبێ، کورد لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و لە پێوەندی لەگەڵ پرسی ئەمنیەتی ناوچەدا وەک فاکتەرێک هەیە و نادیدەش ناگیردرێ. بەڵام کە دێیە نێو چارەسەری پرسەکە، چارەسەرەکە هەر لە چوارچێوەی ئەو وڵاتانەدا دەبیندرێ کە کوردیان بەسەردا دابەش بووە. بۆیە واشینگتۆن لە تاران بەپێی بەرژەوەندی و پێوەندییەکانی خۆی لەگەڵ تاران چاو لە پرسی کورد لە ئێران دەکا. یان هەر بەپێی ئەو بەرژەوەندییە سەیری پێوەندییەکانی لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستان یان ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و لایەنەکانی دیکە دەکا. ئەو چاوەڕوانییەش کە جەنابت باست کرد یان ئەوەی ڕێبەڕانی کورد هێندێکیان لەگەڵ جۆ بایدن یان لایەنەکانی دیکە پێوەندییان هەیە و پێی دڵخۆش ئەوەش سروشتییە. هۆکارەکەی ئەوەیە کە پرسی کورد لە وڵاتانی عێراق و سووریە لە هەشت نۆ دە ساڵی ڕابردوودا هێندێک کەوتە نێو مامەلە نێودەوڵەتییەکان و ڕەنگە لەوێ بایدن و ئەمریکا بەدووی چارەسەری تایبەت بە خۆیان بگەڕێن. بەڵام کە باسەکە دێتە سەر ئێران ئەوە ئەرکی ئێمەیە کە وەک حیزبی دێموکراتی کوردستان لە چوارچێوەی، بەرنامەمان بۆ داهاتووی ئێران بە هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و، دەرکی خەباتی مەدەنی لە نێوخۆی وڵات بەتایبەت کوردستانی ئێران و لە ڕەهەندی کرداری و مەیدانی حیزبی دێموکرات لەگەڵ حیزبەکانی دیکەی کوردستان بەجۆرێک هەماهەنگی بکەین و، پرسی خۆمان بۆ ئیدارەی نوێی ئەمریکا و جۆ بایدن باس بکەین. هۆکارەکشی ئەوەیە دێموکراتەکان لە ئەمریکا بەرینتر چاو لە دونیا دەکەن و پێچەوانەی تڕامپ تەک ڕەهەندی سەیری دیاردە سیاسییەکان ناکەن.

ئەمن لام‌وایە لەوێ دەرفەتی زۆرترمان هەبێ بۆ قسەکردن و بڵێین ئێوە کە ئاوڕ لە کێشەی نێودەوڵەتی دەدەنەوە، کێشەی ئێران خۆ هەر کێشەی “بەرجام” نییە، هەر کێشەی ناوکی و مووشەکیی ئەم رێژیمە نییە و “بەرجام”یش لەڕاستیدا کۆماری ئیسلامی وەک کارتێک کەڵکی لێ وەردەگرێ. پێیان بڵێین باشترین ڕێگا ئەوەیە کە لە تەنیشت ئەم بابەتانە، سەرنج بە خەبات و تێکۆشانی خەڵک لە نێوخۆی وڵات بەتایبەت خەبات و جموجۆڵی مەدەنی و مافخوازی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بدەن.

بەڵام کاک خالید لەسەردەمی ئۆباماش‌دا ناڕەزایەتییەکان و جووڵانەوەکان لە ئێران هەر هەبوون. هەر لەجێ‌دا، ئەم جموجۆڵە مەدەنییانە لە ئێران و لە کوردستان لە دنیای دەرەوەدا دەبیندرێ؟ کوا وەکوو فاکتەرێک حیسابی لەسەر دەکرێ؟

مادام واشینگتۆن بە تەبیعەتی بەرژەوەندیی خۆی چاو لە پێوەندییەکانی لەگەڵ تاران دەکا، ئۆباماش ڕێک ئەوەی کردووە کە بەخوێندنەوەی خۆیان بەرژەوەندیی بۆ ئەمریکا بووە. هەر سەرکۆمارێک کە لە واشینگتۆن دێتە سەر کار، ڕیزبەندیی پرسەکان دەکا، بۆیە مەسەلەی ئەمنیەتی لە ئێران هەڵسوکەوتی ڕێژیم لە ناوچە لە ئەولەوییەت‌دا دەبێ. ئێمە دەبینین زۆر وڵاتی دیکەش لە دونیادا هەیە دیکتاتۆرین. لەو وڵاتانەدا مافی ژنان نییە، مافی خەڵک نییە، دێموکراسی نییە، هەڵبژاردنی ئازاد نییە، کەچی ئەمریکا پێوەندیی زۆر باشیشی لەگەڵیان هەیە، بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست. ئەگەر وایە مادام ئەوان ئەولەوییەتەکەیان مامەڵە لەگەڵ ئێران و کۆنتڕۆڵی ڕەفتاری ئێرانە، کەم زەرەر کردنە، زۆر بەداخەوە پرسی مافی مرۆڤ دەخرێتە پەراوێزەوە. بەڵام ئەوە ئەرکی ئێمەیە کە لەو بەشەدا چالاک بین.

ئێمە وەک حیزبی دێموکراتی کوردستان هەمیشە پێمان گوتوون ئەگەر دەتانەوێ ئێران بەرپرس و رێژیمێکی وەڵامدەر بێ، کۆماری ئیسلامی جێگای متمانە نییە. یان دەبێ ئەو حکوومەتە بڕوا بۆ ئەوەی کە بۆ هەمیشە لە شەڕ و کێشەی تێرۆریزم و کێشەی ناوکی و نامەسئوول بوون لە حکوومەتێکی وا ڕزگاریتان بێ؛ یان دەبێ زەمینە خۆش بێ و یارمەتیدەر بن بۆوەی خەبات و تێکۆشانی خەڵکی ئێران بە ئاکام بگا و ڕێژێمێکی خەڵکی بێتە سەر کار. حکوومەتێک کە مەسئوول نەبێ بەرامبەر بە خەڵکەکەی خۆی، ناشتوانێ بەرپرس بێ بەرامبەر بە دنیای دەرەوە. بۆیە ئێمە چ وەک حیزبی دێموکراتی کوردستان و چ وەک ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی لەڕاستی‌دا ئەوە ئەرکمانە و هەر ئەوەشمان بە دەستەوەیە. ئێمە لە پرسی بەرجام و لە کێشەی ناوکیی  ئێران لەگەڵ دونیای دەرەوەدا مەجالی قسەمان نادرێتێ، بەڵام دەبێ پەیتا پەیتا پێیان بڵێین کە چل ساڵە تاقیتان کردوونەوە و بۆشتان دەرکەوتووە کە کۆماری ئیسلامی جێگای متمانە نییە. پێیان بڵێین باشترین ئەهرۆمی گوشار بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەوەیە خوێندنەوە بۆ خەبات و تێکۆشانی خەڵک و مەوقعییەتی ئەوان لە خەبات دژی کۆماری ئیسلامییدا بکەن و لەو پێوەندییەدا خەڵک هیوا و ئومێدی ئەوەی پێ بدرێ کە دنیای دەرەوە کۆماری ئیسلامی تەنیا بە کێشەی “بەرجام” پێناسە ناکا.

ئەوە ئیشکالێکی زۆر گەورە و بەهێزی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بووە تا ئێستا، بەتایبەت لە سەردەمی دۆناڵد تڕامپ‌دا.

سەرەڕای ئەو کەمتەرخەمییەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بەڵام دەبینین کە خەڵک کۆڵیان نەداوە، ناڕەزایەتییەکان بەردەوامن، ڕۆژانە خەڵک دەگیرێ و سزای قورسی ئێعدام بەسەر چالاکانی سیاسی‌دا دەسەپێندرێ. حیزبەکان، بەتایبەتی حیزبی دێموکرات هێشتا هەر ئامانجە و لێی دەدرێ، تێرۆری لێ دەکرێ، مووشەکباران دەکرێ بەڵام کۆڵی نەداوە، پێتان وایە ئەم دۆخە دەگاتە کوێ؟

یەکێک لەو پرسانەی کە لە ڕۆژنامەکان و سۆشیال مێدیای دەرەوەدا دەبیندرێ خەبات و تێکۆشانی خەڵکی ئێرانە. ئەوان دەبینن لە ئێران کە حکوومەتی موتڵەقی نیزامی کۆماری ئیسلامی زۆر بە توندی لە دژی خەڵکەکەی کار دەکا و هیچ مەجالی پشوودانێکیان پێ نادا؛ بەڵام، ئەو خەبات و تێکۆشانە هەیە بۆ نموونە ئەوەی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوو گۆڕانێکی زۆر گەورە بوو کە دنیا بینیی. هەروەها پرسی هەڵبژاردنەکان بوو کە خەڵک بەشدارییەکی ئەوتۆی نەکرد. بەڵام وەک پێشووتریش گوتومە لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا بەداخەوە پەتای کۆڕۆنا لە فریای کۆماری ئیسلامی هات. دەنا خەبات و تێکۆشان و ناڕەزایەتیی خەڵکی ئێران لەڕاستی‌دا دۆخ و هەڵومەرجێکی نوێی دروست کردبوو، کەشی سیاسیی زۆر تایبەت لە ئێران خوڵقابوو و کۆماری ئیسلامیی تەریک خستبۆوە، بەتایبەت دوای ڕیسوایی بەردانەوەی فڕۆکە ئۆکراینییەکە. کەچی کۆڕۆنا گەیشتێ و هەموو شتێکی خستە ژێر سێبەری قورسی خۆیەوە و ئەم پرسەی بە جۆرێک وەپاش خست. لە ئێستادا خەڵک لە کەمتەرخەم و خەمساردیی ڕێژیم‌دا بەجۆرێک بیر لە ژیان و سەڵامەتی خۆیان دەکەنەوە، بەڵام نیزامی کۆماری ئیسلامی ئەولەوییەتەکەی هەر ڕزگاریی ڕێژیمەکەیانە و ئەسڵەن خەڵکی بەلاوە گرینگ نییە. دوو وێنەی تەواو دیار و جیاواز و بەرچاو. جا ئەگەر وایە لە دونیای دەرەوە تێگەیشتن هەیە بۆ خەبات و تێکۆشانی خەڵکی ئێران. خەباتی ژنان و بەتایبەت ئەو خەبات و جموجۆڵە مەدەنییە کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەیە لە بواری ژینگەپارێزی‌دا، لە بۆنە سیاسییەکان‌دا، لە بۆنە نیشتمانی و نەتەوەییەکان‌دا، لە بواری ئەدەبی‌دا و بە بۆنەی جۆراوجۆر کە خەڵک دێنە سەر شەقام، دنیا ئەوانە دەبینێ. دنیا دەبینێ لە دەورانی کۆڕۆنادا کە کۆماری ئیسلامی بەرپرسانە هەڵسوکەوتی نەدەکرد، خەڵک لە خۆیان مایەیان دادەنا، یارمەتییان بە خەستەخانەکان کرد، یارمەتیی یەکتریان دەدا. ئەو خەڵکە پێشتریش لە کاتی هێرش بۆ سەر قەڵای دێموکرات لەسەر هێڵ بوون، لەپێوەندی لەگەڵ پرسی کۆڵبەران لەسەر هێڵ بوون، یانی دنیایەک بواری ئاوا کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەزموون کراوە. دنیای دەرەوە تێ دەگا کە شعوورێکی سیاسیی بەرز لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەیە و، لەسەر پێناسەی نەتەوایەتی و لەسەر شوناس‌خوازیی خۆیان کۆڵ نادەن و هەر لە مەیدان‌دان. ئەوانە لە بەردەوامیی خۆیان‌دا ئەرکی بەردەوامیش دروست دەکەن کە بە خۆشییەوە حیزبی ئێمە لەو بوارەدا ئەوەی لە توانایدا بێ کردوویەتی و هەمیشە پشتیوانی خەبات و تێکۆشانی خەڵک لە نێوخۆی وڵات بووە. بەڵام ئەوە دەبێ بگوازرێتەوە بۆ ئاستێکی گەورەتر و، لە ڕەهەندێکی گەورەتردا ئێمە ڕای گشتی باشمان لەسەری هەبێ.

کاک خالید هەموو ئەم خاڵە بەهێزانە بزووتنەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە حیزبی دێموکرات و بەڕێزتان زۆر پێداگریی لەسەر دەکەن لەجێی خۆی‌دایە، بەڵام خاڵێکیش کە من ئیزن بە خۆم نادەم بڵێم خاڵی لاواز هەیە، ئەویش کێشەی یەکڕیزی لەنێو بزووتنەوەی کوردستان بەتایبەت لەنێو حیزبەکان‌دا وەک پێویستی و پێش‌مەرج بۆ گۆڕانکارییەکان. ئەم کێشانە چۆن چارەسەر دەبن؟ کەی چارەسەر دەبن؟

لە کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب‌دا کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا گیرا، ئێمە لێکدانەوەیەکی گشتی و بەربڵاومان کرد لە دۆخی نێودەوڵەتی، هەلومەرجی ئێران و پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. تەبیعەتەن نەفسی لێکدانەوە هەر بۆ باس و  لێکۆڵینەوە نەبوو. بۆ ئەوە بوو کە بزانین ئێمە وەک حیزبی دێموکراتی کوردستان دەتوانین چ ڕێکارێک و چارەسەرێکمان هەبێ. بۆیە لە قۆناغی یەکەم‌دا ئێمە تاوتوێی دۆخە گشتییەکە لە بواری هەلومەرجی ناوچە و ئێران، توانا و زەرفییەتی دیپڵۆماسی و تواناکانمان لە بوارەکانی دیکە و دەرفەت و هەڕەشە و مەترسییەکانمان کرد. کاتێکیش سەر ڕێگا چارەکان، بەو ئاکامە گەیشتین – دیارە ئەوە هەمیشە باوەڕی حیزبی دێموکرات بووە- کە بۆ ئەوەی لە تەواوی ئەم بوارانەدا قسەمان بڕوا و لە هەمووی ئەم بوارانەدا بە دەنگێکی یەکگرتوو بێینە گۆڕێ و یەک دەنگێکمان هەبێ و کاتێک باسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین کە خەڵک لەوێ هێندە فیداکاری دەکا و، هێندە تێکۆشانیان هەیە و، هێندە قوربانی دەدەن و هێندە لەسەر خەتن؛ تەبیعەتەن دەبێ هەموو حیزبەکانیش بە قەبارەی فیداکاری و، تێکۆشانی ئەوان لەسەر خەت بین و بە هەست بە بەرپرسیارەتییەوە بڕۆینە پێشێ. لێرە چارەسەرەکە دەبێتە یەکڕیزی و یەکگرتوویی.

تا ئەو جێگایەی پێوەندیی بە ئێمەوە هەیە، حیزبی دێموکراتی کوردستان لە هیچ بوارێکدا کۆتایی نەکردوە، بەڵام ئەوە تەواو نییە، هۆی ئەوەیە کە حیزب و لایەنی سیاسیی جۆراوجۆر و بیروبۆچوونی جیاواز هەیە. بۆیە کاتێک لە تەواوەتیی خۆی‌دا باس لەو بابەتە دەکەین، یەکێک لە چارەکان ئەوەیە حیزبی ئێمە چۆن بە هەست بە بەرپرسیارەتییەوە  هەر وەکوو ڕابردوو کار بکا و، لەگەڵ حیزب و لایەن سیاسییەکانی دیکە هاوکاری و هەماهەنگیی هەبێ. بۆ نموونە لەنێو ناوەندی هاوکاری‌دا تێ بکۆشین پڕۆژە و بەرنامەمان هەبێ و ئەو ناوەندە چالاکتر بێ و لە بواری جۆراوجۆردا هەموومان بەیەکەوە کۆدەنگییەکی کوردیمان هەبێ و ئەو کۆدەنگییە کوردییە لە زۆر بواردا بۆ ئێمە بە کار دێ.

دووهەم، هەروەها باس لەوە کرا چۆن حیزبی ئێمە تێ‌بکۆشی لەگەڵ لایەنە ئێرانییەکان یارمەتیدەر بێ دروست‌کردنی تێگەیشتنی هاوبەش لەسەر پرسە گشتییەکانی ئێران و بە هاتنە سەرکاری بایدن و دێموکراتەکان دەبێ بزانین چ مەجاڵێکی دیکە بۆ ئێمە دروست دەبێ.

سێهەم دیسان هەر لەو بوارانەدا چ بکەین ئەو کۆدەنگییە و ئەو ئیجماعە پەیامێکی هاوبەشی تێدا بێ کە لە نێوخۆی وڵات خەڵک خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی دەردەبڕن و دێنە سەر خەت و لە شەقام دروشم دەدەن، ئەو دروشمانە بە سەر دەیان حیزب‌دا بڵاو نەبێتەوە. جا ئەگەر وایە لەو بوارەدا بەخۆشییەوە کۆمیتە ناوەندی پەیامی لە هەمووی ئەو بوارانەدا هەبوو و، دەفتەری سیاسیی ڕاسپاردوە بەدوای ئەوانەدا بچێ و تێ‌بکۆشی جێبەجێیان بکا.

کاک خالید کە باس لە یەکڕیزی دەکرێ خەڵک نەک هەر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بەشەکانی دیکەی کوردستانیش، زوومەکان زوو دەچێتە سەر واقعی دوو لایەنیی حیزبی دێموکرات. ڕوونە ئەولەوییەتی یەکەم لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان یەکڕیزی و یەکگرتوویی دوو لایەنی دێموکراتە و دەشزانم لە کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندی‌دا زۆر بە جیدی باسی لەسەر ئەوە کراوە و، ئێستاش دانیشتنی هەیئەتەکانی دوو لایەنی دێموکرات دەکرێن. ئاخۆ لەو بارەوە شتێکی تازە و هیوا بەخش هەیە باسی بکەن؟

ئەو چاوەڕوانییانەی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، تەواو لە جێگای خۆی‌دایە. من بەش‌بەحاڵی خۆم لە لایەن حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە دەرکی دەکەین و، بە ڕێزەوە لێی دەروانین. تا ئەو جێگایەی پێوەندیی بە حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە هەیە لە چەند ساڵی ڕابردوودا هەمیشە ئەو هەوڵانەمان داوە و پێمان وایە پەنجەرەی بەهێزکردنی یەکڕیزیی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەوەیە کە کێشەی دێموکراتەکان چارەسەر بکرێ. لە ڕابردووشدا هەوڵمان داوە، ئەم پڕۆسەیە هەوراز و نشێوی بووە و تەبیعەتەن دەبێ پشوودرێژ بین. بۆیە لە درێژەی گرینگیی ئەو بابەتە کە پرسی یەک‌گرتنەوەی دێموکراتەکان و یەک‌بوونەوەی ئەم دوو حیزبە پێویستی و زەروورەتێکی گەورەی نیشتمانی و سیاسییە و دەبێ ئاوا چاوی لێ بکەین. ئێمە گوتمان کە هەموو چارەکان لەوەدا دەبینین یەکگرتوویی و دەنگێکی بەهێز هەبێ. بۆیە لەو دواییانەدا و لە درێژەی ئەوەدا ڕێبەریی هەر دوو لا پێکەوە دانیشتنمان هەبووە و ئێستا هەیئەتەکانمان پێکەوە کار دەکەن. خەسارناسیی ئەوەمان کردووە کە لە ڕابردوودا بۆچی نەماتوانیوە ئەو یەک‌گرتنەوەیە جێبەجێ بکەین و ئەوانەشمان هێناوەتە بەر باس. لە ئێستادا ڕێبەریی هەر دوو لا لەسەر خەتین و هەیئەتەکانمان دادەنیشن و تاوتۆی لایەنی جۆراوجۆری پرسە دەکەن کە چۆن دوو لایەنی حیزبی دێموکراتی کوردستان و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانن بەسەر ئەم کۆسپانەدا سەر بکەون. لەهەرحاڵدا بەخۆشییەوە ئیرادەیەک دەبینم لە ڕێبەری هەردوو لادا و مادام ئەو ئیرادەیە هەیە، ئەرکی کۆمەڵانی خەڵکە کە چاوەڕوانییەکانیان بەهێز بکەن و، ئەرکی ئەندامانی هەر دوو لای دێموکراتە لەسەر خەت بن. ئەرکی ئەندامانی ڕێبەریی هەر دوو لای دێموکراتە ئیرادەیان زۆرتر بێ و لەهەرحاڵدا ئێمە بە هاوکاریی یەکتر ئەو بەرپرساییەتیە جێبەجێ دەکەین و مادام ئەوەشمان جێبەجێ کرد، دەبێ لە حیزبێکی یەکگرتووی دێموکرات‌دا ئیلزامات و بەڵێنمەندیی بەهێزیشمان دەبێ و ئەوە دەتوانێ پەیامێکی باشی هەبێ بۆ داهاتووی خەبات و تێکۆشانی ئێمە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

ڕاستە ئەو کارە گرفتی خۆی بووە و لە دانوستانیش‌دا هەوراز و نشێو هەیە، بەڵام ئەسڵ ئەوەیە کە بە هەست بە بەرپرسیارەتییەوە ئەو هەوراز و نشێوانە تێپەڕ بکەین. بەڵام مادام ئەوە چاوەڕوانی و داوای خەڵکە و ئێمە دەبێ جێبەجێی بکەین، هاوکات منیش ئەو چاوەڕوانی و داوایەم هەیە کە خەڵک لە نیوخۆی وڵات لە خەبات و تێکۆشانی خۆیان لە دژی کۆماری ئیسلامییدا یەکڕیزی و هەماهەنگیتان لەبیر نەچێ. ئەوە بەردی بناغەی سەرکەوتنمانە و سەرکەوتنیش هەر بۆ ئێمەیە.

کاک خالید سپاس بۆ کات تەرخان‌کردنت بۆ ئەم دیمانەیە.

سپاس بۆ ئێوەش. ماندوو نەبن

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*