ناوه‌ندی “ویڵسن” له‌ وڵاتی ئه‌مریكا وێبینارێكی له‌ژێر ناوی “گرفتی دژواری بایدن له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی” به‌ڕێوه‌ برد

ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ 13ی ژانویه‌ی 2021ی زایینی، ناوه‌ندی “ویڵسن” له‌ وڵاتی ئه‌مریكا وێبینارێكی له‌ژێر ناوی “گرفتی دژواری بایدن له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی” به‌ڕێوه‌ برد. ئه‌م سمیناره‌ ئانلاینه‌ له‌ درێژەی زنجیره‌ پڕۆگرامه‌كانی په‌یوه‌ندیدار به‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌ڕێوه‌ چوو كه‌ ته‌رخان كرابوو به‌ هاوكێشه‌ سیاسییه‌كانی نێوان ئیداره‌ی نوێی ئه‌مریكا و كۆماری ئیسلامی كه‌ باسی له‌ داهاتووی ڕێككه‌وتنامه‌ی ناوه‌كی ئێران ده‌كرد و تێیدا هەریەک لە بەرێزان “جێیمز جێفری” نوێنه‌ری تایبه‌تی ئەمریکا بۆ كاروباری سووریا، “ڕۆبین رایت” نووسەر و گۆشەنووسی “نیۆیۆرکێر”، سه‌رۆكی ناوه‌ندی ویڵسن و چه‌ند كارناس و ڕاوێژكاری سیاسی بەشدار بوون.. شایانی باسه‌ هاوڕێ “خه‌بات ئیبراهیمپوور” وه‌ك بەرپرسی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی حیزب له‌ ئه‌مریكا لەم وێبنیاره‌دا بەشدار بوو.
لەو وێبینارەدا باس لەوە کرا کە‌ ده‌وڵه‌تی “بایدن” كارێكی یه‌كجار سه‌خت و دژواری له‌ پێشە‌ و جارێکی تر گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ رێككه‌وتننامه‌ی ناسراو به‌ به‌رجام زۆر زەحمەت‌. هاوکات باس له‌وەش‌ كرا کە ده‌وڵه‌تی نوێی ئه‌مریكا ئیزن نادا حكومه‌تی كۆماری ئیسلامی ده‌ستی به‌ چه‌كی ئه‌تۆمی ڕابگا. سه‌باره‌ت به‌ بژاردەی هێرشی سەبازی بۆ سه‌ر ئێران، بەشذاران پێێان وابوو کە ‌ئه‌مه‌ په‌یوه‌ندی به‌ كرده‌وه‌ و دژكرده‌وه‌كانی ئێرانەوە هه‌یه‌ و ئەگەر کۆماری ئیسلامی هەروا درێژە بە زیاتر پیتاندنی ئۆرانیۆم بۆ چەکی ناوەکی بدات، ئه‌وه‌ ئه‌گه‌ری ئەوە هەیە ئەو بژاردەیە زۆرە‌، به‌ڵام دەگەڵ ئەوەشدا ده‌وڵه‌تی بایدن به‌نیازی وتووێژه و له‌ هه‌مانكاتیشدا زیاتر سنوورداركردنی چالاكییه‌كانی ناوه‌كییەکانی ئێرانه‌.
حیزبی دێموکراتی کوردستان- کومیتەی ئەمریکا

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*